Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نووسەر و  ئیشكردنى  دى

نووسەر و ئیشكردنى دى

Closed
by May 14, 2008 گشتی

 عومەر جەلال…..
 
 نووسین جیهانێكى تایبەت و سرووتێكى جوداى پێویستە بە بەراوورد لەتەك هەر كار و ئیشێكى بەردەوامى رۆژانە,كارى نووسین لەهەناوى خۆیدا مانایەكى گەورەى لە بەرپرسیاریەتى هەڵگرتووە كە نزیك بوونەوە لێى هەندێ سات لە نزیك بوونەوەى مەرگ دەچێت بە دیوە قەشەنگەكەیدا,كەسێكى وەك (ئالان رۆپ گریە ) جیهانێكى دى ئەفراند لەدەرەوەى كار و پیشەى ئەندازیارى كشتوكاڵى و زۆر جار سەرزەنشت كراوە بەوەى بكەوێتە دواى كارى كشتوكاڵى و رێگاى ئەدەب جێ بهێڵێ ,بەسەدەها بیرمەندو نووسەرو رۆمان نووس هەیە بە درێژایى مێژوو بەدەر لەكارە ئەدەبییەكەى چەندین كارى دى كردووە و هەرگیزاو هەرگیز نەبووەتە رێگر لەهەمبەر جیهانە ئەدەبییەكەیدا ,ئەشێ فاكتەرێكى بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كە بۆ بەردەوام بوون لەژیان و دابین كردنى پێداویستییەكانى رۆژانەى و بژێوى ژیانى  هەوڵى ماندوو كردنى جەستەش بدرێت.
 هەرچەندە لەم سەردەمەدا ئەستەمە نووسەر بتوانێت لە رێگاى بڵاوكراوەكانییەوە بژێوى ژیانى دابین بكات چ جاى ئەوەى هەنووكە دۆخى نووسەرى كورد لە ئاستەنگدایە ,ئەگەر تەمەنى خۆى تەرخان بكات بۆ نووسین ئەشێ نەتوانێت ژیانى بە سادەیی بەسەر ببات ئەمە لە لایەك و لە لایەكى دى زیانى گەورەى ئەدەبیی دەبێت بۆ هزرى نووسەر كاتێك دەیەوێت بۆ ماوەیەكى زۆر لە كارى ئەدەبی دوور بكەوێتەوەو رێگاى دى بۆ كارى دى هەڵبژێرێت هەرچەندە لە نووسەرێكەوە بۆ نوسەرێكى دى دەگۆرێت.
  زۆر جار باس لەوە دەكرێت نووسەرانى تاراوگە خۆشبەخت و بوارى زۆریان هەیە بۆ نووسین و خوێندنەوە ,
 نووسەرانى كوردستانیش لە ژیانێكى دۆزەخیدا دەژین , هەندێ جاریش پێچەوانە دەوترێت بەهۆى كارو پێداویستییە سەرەتاییەكان لە تاراوگە بوارى كەم دەبێت بۆ نووسین و خوێندنەوە و نووسەرانى كوردستانیش بەهۆى نەبوونى كار و دەست بە تاڵییەوە زۆرترین كاریان لە چایخانەوشوێنە گشتیەكاندا بە فیرۆ دەدەن و بوارى زۆریان هەیە بۆ نووسین و خوێندنەوە , من تەواو پێچەوانەى ئەو دوو وتەیەم بەرابەر بە نووسەر دەوترێت , ئەوەى كە لەسەر نووسەرە سرووتێكى تایبەتمەند بۆخۆى دادەنێت و كات و شوێنى نووسین جودایە لەكاتى كارى دیكە و شوێنى دیكە,نووسەرگەلێكى جیهانى هەیە كە هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتەوە پرۆتیستۆى كراوە كەچى بووەنەتە ناسراوترین نووسەرەكانى جیهان وزۆر نووسەریش هەژارى وبێ شوێنى نەبووەتە رێگر لە ئەفراندنى كارە ئەدەبییەكانى ,دیوێكى دیكەى ئەفراندن ئەوەیە كە لە پشت نەگریسییەكانى ژیان و نەبوونییەكانەوە بتوانیت تێكستى نەمر بەرهەم بهێنى  .
 كام نووسەرى جیهانى هەیە هەموو ژیانى لە خۆشگوزەرانیدا بووبێت ؟ ئەوەى هەژارى و راكردن لە نیشتمان و ئازارى رۆژانە بە نووسەرى دەبەخشێت بۆ رەنگدانەوەى لە نووسینەكانیدا هەرگیز ئاسوودەى و خۆشبەختى ناتوانێت ئەو كەشەى بۆ فەراهەم بكات,دەكرێت بپرسین ئایا مەرجە نووسەر ژیانى لەنێو ژوورێكى تەنیادا بەسەر بەرێت بۆ ئەفراندنى كارەكانى ؟ یان كاتێكى كەم بۆ نووسەر دەتوانێت زۆرترینى ئەو ساتە دەست بەتاڵییانەى بۆ پربكاتەوە؟
 یەكێك لەو كاریگەرییانەى كە بۆ نووسەر پێویستە بۆ بەردەوام بوونى لە نووسین (گەڕانە) بە وڵاتانى دیدا,نكۆڵى لەوە ناكرێت (خوێندنەوە ) دەتوانێت كۆمەكت بكات بەو ئەندازەى گەڕانە ,وەلێ ئەوەى  لە رێگاى پراكتیكەوە دەبینرێت  دیوێكى جوداى هەیە لە تیۆرى یان بەمانەیەكى دى ئەگەر خوێندنەوە پەیوەستى بە رۆحەوە هەبێت ئەوا گەڕان دیوێكى دیكەى خوێندنەوەیە بە مانایەكى دى,بۆ وێنە لەم چەند ساڵەى دوایدا بە تایبەت لەنەوەدەكانى سەدەى رابوردوودا ئەو نووسەرانەى لە مەنفا دەژیان و دەیاننووسی ئاكتیڤ تر بوون لە  نووسەرانى كوردستان لە روانگەى نووسینەوە,واتە پۆلێن كردنى نووسەر بە پەیوەستى كارى دیكەوە مەرج نییە زیانى ئەدەبی لێبدات بەو ئەندازەى كە نووسین كات و سرووت و ئەتمۆسفێرى خۆى هەیە.
 
 
omerjelal@yahoo.com
   
  
 
 *لە هەفتەنامەى رەخنەى چاودێر ژمارە (115)  بڵاوبووەتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.