Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

نیشتمـــــــــان

Be First!
by October 1, 2010 ئەدەب

 

نیشتمانه‌که‌م وه‌ك و هه‌رمێ
هه‌موو ساڵێ، به‌بێ خاك  و بێ باخه‌وان
سپی سپی وه‌ك فرمێسکێ،
له‌ ناو دیده‌ی دارێکه‌وه‌ دێته‌ ده‌رێ
به‌ بێ ڕه‌وڕه‌وه‌ی هیچ بایه‌ک،
بێ دایه‌نگای هیچ به‌هارێ،
بێ جۆلانه ی‌ هیچ جۆگه‌یه،‌
پیده‌که‌نێ و به‌ پێکانی خۆی ده‌گه‌ڕێ
نیشتمانه‌که‌م هه‌موو ساڵێ،
به‌ هه‌تیووی گه‌وره‌ ده‌بێ و
به‌ تینوێتی سه‌وز ده‌بێ و
گه‌ڵای گه‌نجی له‌سه‌ر ئه‌نێ….
به‌ڵام حه‌یفێ!!!!
که‌ عاشق بوو،
مه‌مکی خڕ بوو، تامی کردو لێوه‌کانی پر بوون له‌ ئاو
تۆڕی ڕه‌شی بۆ دائه‌خرێ و
له‌ به‌رچینه‌دا دیل ئه‌کرێ..
هه‌ر به‌ دیلی به‌ حه‌ربه‌یه‌ك شه‌ق شه‌ق ده‌کرێ و
بۆ به‌ر سه‌رکرده‌کان ده‌برێ،
هه‌ر له‌وێشدا  قاژ قاژ ده‌خورێ و
خۆش خۆش ده‌مرێ و
بێ گۆڕ ده‌کرێ و به‌ شه‌هیدیش ناناسرێ!!
**       **     **        **
نیشتمانه‌که‌م وه‌ك وگه‌نمێ،
هه‌موو ساڵێ که‌ برسێتی په‌ڵه‌ی دا
له‌ شه‌رمانا، سه‌ری له‌ خاك ده‌چه‌قێنێ و
به‌ بێده‌نگی  له‌وێ ده‌زێ..
به‌ پێی په‌تی….
بێ پاسه‌وان ..
بێ باران و به‌ بێ مامان
له‌ کرۆکی کرماوی و له‌ ناو زۆڵه‌گیاکانه‌وه‌
به‌ قاچاخی دێته‌وه‌ ده‌ر و له‌سه‌ر یه‌ك قاچی ده‌وه‌ستێ!!!
ده‌بێته‌ کچه‌ قه‌سیل و گه‌ردانه‌ له‌ ملی ده‌کا
به‌ڵام حه‌یفێ،
که‌ چاوی ڕه‌شت به‌ ئاسمان و لێویشی که‌وته‌ پێکه‌نین
هه‌ر به‌ سه‌وزی،
نیوه‌ی قژو
نیوه‌ی  ڕۆح و
نیوه‌ی ده‌ستی هه‌ڵئه‌پاچرێ!
نیوه‌که‌ی دی له‌ قاچه‌وه‌  پێوه‌ند ده‌کرێ و
له‌ ده‌می کوڵه‌ داسێکا
به‌ره‌و هۆڵی ئیعدام ئه‌برێ
له‌وێشه‌وه‌ دڵڕه‌قانه‌‌
به‌ ئاشی گێلیا ئه‌کرێ و
به‌شه‌هیدیش حساب ناکرێ
**    **      **      **
نیشتمانه‌که‌م وه‌ك شاژنێ
به‌ چاوی سه‌وز و
لێوی سوور و
قژی زه‌رد و
پێستی سپی ئه‌ناسرێ..
به‌ یه‌که‌مین ژنی دنیا وه‌سف ده‌کرێ
له‌ بۆنه‌و ئه‌هه‌نگه‌کانا ،
به‌سه‌ری ئه‌و
به‌ چاوی ئه‌و
به‌ ڕۆحی ئه‌و
به‌ دڵی ئه‌و
به‌ سینی سوێندی پێ ئه‌خورێ!
هێنده‌ له‌ دڵا شیرینه‌،
وێنه‌کانی له‌ باڵی پاسه‌وان ئه‌درێ
به‌ زنجیری ئاڵتونه‌وه‌ به‌ ملی ماڵانا ئه‌کرێ
له‌ هۆڵی کۆبوونه‌وه‌دا به‌ چوارچێوه‌ی چه‌پڵا ئه‌کرێ
له‌ پشت سه‌ری سه‌رۆکه‌کانیشه‌وه،‌
وێنه‌کانی وه‌ک تاقانه‌ هه‌ڵئه‌واسرێ
ئه‌م ژنه‌ هێنده‌ نازداره،‌
له‌سه‌ر قایشی تفه‌نگه‌کان وێنه‌ ئه‌کرێ..
له‌سه‌ر مشتی تفه‌نگه‌کان هه‌ڵئه‌کۆڵرێ..
به‌ڵام حه‌یفێ!!!
هه‌ر به‌ لوله‌ی ئه‌و تفه‌نگه‌ نه‌گریسانه‌،
شه‌هید ده‌کرێ و
شه‌هیدیشی پێ ناگوترێ …
**     **     **      **
نیشتمانه‌که‌م وه‌ك داره‌وه‌ن،
هه‌موو ساڵێ
جه‌سته‌ی نه‌رمی شه‌ق شه‌ق ده‌کرێ
له‌ ناو هه‌ر زامێکی قوڵا
ڕێچکه‌ خوێنی ڕه‌نگ بنێشتی لێ ئه‌‌چۆڕێ و
له‌ ئێوارانی ئازادیا
بۆ بێتاقه‌تی ئه‌هه‌جورێ!!
هه‌موو ساڵێ ته‌نکه‌ ڕیشه‌که‌ی هه‌ر به‌ بۆڵ،
له‌ کۆڵان و گه‌راجه‌کان ئه‌فرۆشرێ
ئه‌وه‌ش به‌ سوتفه‌ مایه‌وه‌، سپی ده‌بێ
ده‌نك ده‌نك به‌ ته‌زبیحی ئه‌بڵه‌ق ئه‌کرێ و
وه‌ک مه‌دالیای ئازایه‌تی
به‌ ملی جه‌لادێکا ئه‌کرێ!!
نیشتمانه‌که‌م هه‌موو ساڵێ که‌چه‌ڵ ده‌کرێ و
لاق و ده‌ستی ده‌فرۆشرێ
هه‌موو ساڵێ تفه‌نگی ڕه‌شی پیا ده‌کرێ و
کۆتره‌ ووشه‌ی تیا ئه‌کوژرێ
ئیتر بێ سه‌ر.. بێ ده‌ست و قاچ
به‌ بێ خوێن و بێ هه‌ناسه‌،
به‌ ده‌می ته‌وره‌وه‌ ده‌مرێ
به‌ شه‌هیدی ژماره‌ دوویش وه‌رناگیرێ

عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
به‌هاری  2010  ده‌ربه‌ن

Previous
Next

Leave a Reply