Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

نیگایەک لە مەزرای ئاژەڵان

Be First!
by May 25, 2012 گشتی

 


2-2 سڵۆگانی بزنەکان

بزنەکان لە نێو هەموو ئاژەڵەکانی دیکەدا بە نەزان و بێسەوادترین ئاژەڵ لەنێو کۆمەڵگای ئاژەڵاندا دەردەکەون،  هەر لە زووەوە هەرچی هەوڵیان لەگەڵ دەدرێ پیتەکانی نووسین فێر ببن؛ هەوڵەکان بێ مفا دەبن. ”بزنەکان” نە فێر دەبن، نە دەقی یاسا حەوت خاڵییەکەی مەزرای ئاژەڵانیان پێ ئەزبەر دەکرێ، بۆیە بەرازەکان لەهیوابڕانیانەوە بۆ خوێندەوارکردنیان سڵۆگانی ” چوارپا باش و دووپا خراپ” وەک کورتکراوەی یاسای حەوت خاڵی مەزرا وەسەر زمانیان دەخەن؛ تاکو کەڵکی لێ ببینن و بیڵێنەوە.
بزنەکان خاوەنی تێگەیشتن و دیدگایەکی تایبەتی و خودیی نین، گاینلەبەرێکن بۆ لێخوڕین و ئاراستەکردن، لە هەمانکاتدا من بە ترسناکترین ئاژەڵ لە نێو مەزرا دەیاندەمە زانین، چونکە ئەو کردانەی بەرازەکان بە زەبری هێز و دڕیی سەگە پاسەوانەکان بۆیان مەیسەر نابێت؛ بزنەکان بە دەبەنگی خۆیان دەیگەیەننە مەرام. ئەو کەش و هەوا شلەقاو و ناڕەزاییە لەتەقینەی کە ”سکۆیلەر” ناتوانێت ئەهوەنی بکاتەوە، بزنەکان بە کاوێژکردنی سڵۆگانی ”چوارپا باش و دوو پا خراپ” خامۆشی دەکەنەوە.

ئەو سڵۆگانەی بزنەکان بەهۆیەوە ناڕەزایی گیاندارانی دیکەی پێ کپدەکەنەوە، سڵۆگانێکی فرەڕەهەندە. هەر لەسەرەتاوە ئەم سڵۆگانە، سڵۆگانێکە بە هۆی فێرنەبوونی بزنەکان لەلایەن بەرازەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، واتا؛ بزنەکان وەک کارای بەرهەمهێنی ئایدیا و فیکر و بەرزکردنەوەی لە چوارچێوەی بانگەشەو سڵۆگاندا پاسیڤ دەردەکەون و بێ رۆڵن، ئەوان بۆ وێنەدان بە دونیای دوای “شۆڕشی کێڵگە” تاکە گوزارشتیان ئەو دابەشکاری و پۆلبەندکردنەیە کە بەرازەکان لە سڵۆگانێکدا دەیهێننە سەر زمانیان، سڵۆگانی بزنەکان دەنگدانەوەی خواستی بەرازەکانیش لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێت بەوەی؛ نیازمەندانە دەیانەوێت ئاژەڵەکان بە بیری تەسک و تێڕامانی رووکەش و هەڵوێستی رامکراوەوە بەستیان بکەن، دەستەمۆیی بزنەکان دەستەمۆبوونێکی نابەرچاوە، واتا ناکرێ بڵێین لەدوای “شۆڕشی کێڵگە” بزنەکان پەتککراون و باڕەیان لێبڕاوە، بەڵکو بە سڵۆگانێک لغاو کراون کە دەمانخاتە دۆخێکەوە  نەتوانین دڵنیایی بەدەست بهێنین کە ئاخۆ بزنەکان ئازادن یان دەستەمۆ، باڕەیان سەدای بەکەیفی لەوەڕانیانە یان بە سڵۆگانەکەوە هەوسار کراون. هاوکات سڵۆگانەکە هەڵگری هەردوو چەمکی بنچینەیی ”باش” و خراپ”ـە. پێودانگی بزنەکان لە بە باش زانینی چوارپا و خراپ ناساندنی دووپا لە پاسیڤبوونیان لەبەرهەمهێنانی سڵۆگانەکەوە دەکەوێتە  ژێر پرسیارەوە، بزنەکان خاوەن گوزارشتێکی تایبەت و پەسندییەکی خوازراو نین تاکو بتوانن پۆلبەندی شتەکان لە چوارچێوەی باش و خراپ دا بکەن، ئەوان بە پێودانگی بەرازەکان چوار پێ و دوو پێ لە ” باش” و خراپ” پۆلبەند دەکەن بەبێ ئەوەی بتوانن بۆ خودی خۆیشیان تەفسیرێکی رازیکەریان پێبێت، ئەوە پێودانگ و دەرەنجامگیریە تێگەیشتنی بزنەکان نییە بۆ باش و خراپ، بەڵکو باڕەی بزنەکان سەدای خواستی بەرازەکانە بۆ هەموارکردنی ئاژەڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانیان.

لە دەمێکدا پرس و باسی هەستیار و چارەنوسسازی وەک درووستکردنی ئاشی بایی دێتە ئارا، لەو کاتەدا کە سەرەتای دژایەتی ژێرەوانکێ و رازداری نێوان سنەوباڵ و ناپلیۆن “هەردوو بەرازەکە” سوسە دەکات، ئەو رۆژانەی بەرازەکان بنەماکانی “ئاژەڵایەتی” بنپێ دەخەن و دەقی یاسا حەوت خاڵییەکەی مەزرا دەگۆڕن و لە بەرژەوەندی خۆیان هەمواریان دەکەنەوە، لە سەروبەندی هەڵگێڕانەوەی دەقی یاسای “هیچ ئاژەڵێک ئاژەڵکوژی ناکات” و کوشتنی دەیان ئاژەڵ بە تۆمەتی هەڵبەستراوی بێبنەما، فەرامۆشکردنی دەقی “هەموو ئاژەڵەکان وەک یەک بەرابەرن” و چوونی بەرازەکان بەرەو خەوتن لەنێو پێخەف و خواردنەوەی مەی و جلپۆشینیان، لە دەمی بەخشینەوەی تۆمەتی خیانەت بەسەر ئەم و ئەودا، شوێنگۆڕکێی بەردەوامی دوژمنانی دەرەکی و هەرجارە و بوون بە دۆستی یەکێکیان، فرۆشتنی خۆرد و خۆراکی مەرزا و قاتی و برسیەتی ئاژەڵەکانی دیکە و بەردەوام راگەیاندنی ئاماری درۆیینەی زۆر زەوەندی خۆراک لەلایەن سکۆیلەرـەوە… بەبێ هۆشدان بە هەموو ئەوانەی روو دەدەن بزنەکان لەسەر هەمان ئاواز و ریتمدا هەروا سڵۆگانی “چوارپا باش و دووپا خراپ” دەڵێن و دەڵێنەوە..

بەسەرنجدان لە رەوشی ژیان و چینبەندی نا تەندرووستانەی کۆمەڵگای ئێمە و تێگەیشتن لە بنەماکانی تۆتالیتاریزم دەشێ ئاسۆی ئاراستەبوونی کۆمەڵگای کوردی بەرچاو بخەین. سیستمی تۆتالیتار بە جیاواز لە سیستمی دیکتاتۆری کە هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی دەسەڵاتی تاکحزبی و کۆمەڵگای میلیتاری شێوەی کۆمەڵگا بدات، سیستمی تۆتالیتار زێتر سیستمیکی بی ئەدگار و سیمایە، سیستمێکە ئەستەمە بتوانین لە چوارچێوەی پێناسەیەکدا قەتیسی بکەین. لەراستیدا ئەم سیستمە هیچ کات ناتوانێت کار بە ستراتیژێکی درێژ خایەن بکات، چونکە هەڵوێست و بێدەنگبوون، خائین و دڵسۆز، دۆست و دوژمن لە جێگۆڕکێی بەردەوامدان. ئەو کەسەی بڕیاری هەموو ئەمانەیش دەدات خودی سەرۆکە کە کەسایەتییەکی کارێزمی و حەکیمانەی بێخەوشی هەیە و تا ئەوەی هەڵگەڕانەوە و پاشگەزبوونەوەکانیشی لەلایەن دەزگایەکی زەبەلاحی پڕوپاگەندە و راگەیاندنەوە وەک تاکتیک و زیرەکی پەیپینەبراو شرۆڤە دەکرێ.. لەم نێوەندەدا دەکرێ ترسناکی “بەشێک” لە ئامرازەکانی راگەیاندن لەئێستای کۆمەڵگای کوردیدا وەک لابوری تاقیکاری کیمایی وێنا بکەین کە لابورەکەی کۆمەڵگایە و کەسانێک کە (هانا ئارێنت) لە کتێبی (بنەماکانی تۆتالیتاریزم) بە “هەرچی وپەرچی” ناوزەدیان دەکات وهیچ بەرژەوەندییەکیان نییە وەک کیمیاگەرێکی بێسەواد خەریکی تێکەڵکردنی ماددەکانن؛ کە ئەگەری ترسناک لە هەڵەکردنیان هەیە. ئەم دەزگایانە دەزگاگەلێکن بۆ “وێنەی ئەبستراکت و دەرەهەست” بۆ روونکردنەوەی ئەم چەمکە دەبێ بڵێم؛ وەک چۆن سکۆیلەر”کە بەرازێکی چوکەترە” دەیەوێ کار لەرای گشتی ئاژەڵەکان بکات  و پێشێلی یاسا و هەڵگەڕانەوە لە بنەماکانی “ئاژەڵایەتی” وەک حیکمەتی سەرۆک ناپلیۆن بناسێنێ و وێنای داهاتوویەک بکات کە هەموو ئاژەڵەکان لە کەماڵی خۆشبەختی و مافداریدا دەبن و ئەو رۆژەش هەر نایە! هاوکات لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەک دایە کە هەموویان وا رێبەر ناپلیۆن بناسن کە مانەوەی مەزرا و ئایندەی ژیانێکی باشتر لە ملکەچبوونی هەمووان دایە بە بڕیار و هەڵوێستەکانی، بۆیە دەڵێم کاری ئەم دەزگایانە نیشاندانی وێنەگەلی دەرەهەستە؛ چونکە سەرباری پڕوپاگەندەی بەردەوام بۆ ژیانباشی ئاژەڵەکان و تلانەوەیان لەبرسیەتدا، حیکمەتی سیاسەتەکانی ناپلیۆن و هەڵگەرانەوەی لە یاسای ئاژەڵان. رووپۆشکردنی نەهامەتی و رووی ناشیرینی  رێبەرایەتی سەرۆک دەشارێتەوە و لە شوێنی ئەم راستییە راستییەکی جێگرەوە دادەنێن کە هیچ پەیوەندی بەم دونیایەوە نییە کە هەیە، ئەم وێنە ئەبستڕاکت و دەرەهەستە تا هۆشیاری سەرۆک سەبارەت بەخۆی زیادەرەوی دەکات و کاتێک خۆی لەسەر شاشە و نێو رووپەڕەکانی ئەم دەزگایانەدا دەبینێتەوە وێنە راستەقینەکەی خۆی وندەکات و دەیەوێت ئەم کارێزما شاباڵ و کەنتاورییە بێت کە ئامرازەکانی راگەیاندن و پڕوپاگەندە درووستیان کردووە، ئەم کارێزما دروسستکراوەی  سەر شاشەکان مرۆڤێکە هەڵە ناکات. لەمەوە داینامیکیەتی بەردەوامی هەڵەکانی سەرۆک و خودرەوایی سیاسەتەکانی رێچکە دەگرێ و دەزگاکانی ناچار دەکات ئەم وێنەیەی کە بۆیان درووست کردووە هەر جارە و رەنگینتر نیشانی بدەن، ئەمەش سەرەتای خودئەڤینی”النرجسیە”ی سیستمە سەربارەی ئەو کوشتاری و نابەرابەرییەی لە سایەیدا هاتۆتە ئاراوە.
کاراکتەرەکانی سەرخستنی ئەم پڕوپاگەندانە کێن؟
(هانا ئارێنت) لە کتێبی (بنەماکانی تۆتالیتاریزم) بۆ شێوەدان بە”هەرچی وپەرچی”یەکان دەنووسێت؛ ئەوان کەسگەلێکن بەرژەوەندییەکی ریشەییان لەگەڵ سیستمدا نییە، بەڵکو دەیانەوێ لە سایەی سیستمدا بخۆن.. بۆ ئەمەش دەچنە ژێر باری هەموو مەرجێکەوە کە سیستم بەسەریاندا بسەپینێ، تا ئەوەی ئەگەر بڕوایشیان بەئەو قسانە نەبێت کە دەیانڵێن.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە نەبوونی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و لێکۆڵیار لە هەر بیاڤێکی ژیانئارادا وای کرد ناونیشانی وەک “بیرمەند، پسپۆڕ، شارەزا لە کاروباری…، مامۆستای زانکۆ، رۆشنبیر و چاودێری سیاسی.. تاد” بەسەر –بەشێک و بە رێژەیی- رۆشنبیری بێسەواد و مامۆستای هیچنەزان و چاودێری نابینا دابەش بکرێ و ناوەند و دەزگاکانی راگەیاندن بکەنە سەکۆیەک بۆ وتنەوەی “سڵۆگانەکانیان”. چەندە فەراهەمبوونی دەزگا راگەیاندنەکان بۆ کەسانێکی لەم چەشنە شیاوە بۆ شاردنەوەی خۆیان و کەم تواناییان لەتوێی ناونیشانێکی قەبەدا، هاوکات دەستەمۆبوونی ئەو کاراکتەرانەی کەوێنەدانەوەی بزنە سڵۆگان بێژەکانی مەزران  بە سانایی ببنە شەیپوری حزب و دەسەڵاتی سیاسی؛ ویستێکی ناخەکی ئەم سیستمە سیاسییەیە، ئەم کاکتەرانە نەک هەر کاریان رەوایەتیدانە بەئەو کردە ویاسابەردەریانەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان لەماوەی دەستباڵایی خۆیدا کردوونی، بەڵکو لە هەوڵدان سروشتی کات بخەنە خزمەت رەوایەتیدان بە سەرداری ئەم نۆڕنە لە دەسەڵات بەوەی؛ “رابردوو” دەکەن بە ئارای گیانفیدایی و شۆڕشگێڕی سیاسییەکان و “ئێستا”ش لە سایەی ئەوانەوە فەرهامە و “ئایندە”ش بەندە بە مانەوەی “هەردوو حزبەکە”.. ئەمە کۆجێکتۆی دوانەیە لەگەڵ سڵۆگانی بزنەکان “چوارپا باش و دوو پا خراپ”.

فەرهاد چۆمانی

Previous
Next

Leave a Reply