Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
!نەنکم (کەتان) … جەلال قادر

!نەنکم (کەتان) … جەلال قادر

Closed
by June 2, 2012 چیرۆک

 

لەسەرەتای سالانی حەفتەکان منداڵێکی بچکۆلانە بووم ، لەگەل براو خوشکەکانم لە خانوویەکی بە خشت دروستکراو  لە گەڕەکێکی هەژارنشینی پڕ لە قوڕوچلپاو دەژیاین . نەنکم ( کەتان )ش کارەکەری ماڵە دەومەڵەکانی دەکرد، بە تەنەکە و خشت وکەرتە بلۆک ژوورێکی لە گۆشەیەکی خانوەکەمان دروست کردبوو .
لە سەردەمی  مندالیم بە پرسیارکردن هەموو کەسێکم بێزار دەکرد ، لەبیرمە نەنکم لە گیرفانی سەڵتەکەی شیرینیەکی دەردەکرد و پێیدەدام ، دەیگوت : دەمتداخە چیتر پرسیار مەکە !
وەک لەبیرم بێت پرسیارەکانم دەربارەی ماڵە دەولەمەندەکان بوو . دەمگوت : دەبێ ڕەنگیان چۆن بێت و مندالەکانیان بەچی یاری کەن ؟ هەمیشەش خەیالم لای ئەوە بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان نەنکم لەگەل خۆی بمبات ، بۆ ئەوەی  لە نزیکەوە  بۆنی چێشتی ناو مەنجەڵ کەم .
هەموو بەیانیانێک بەدوای نەنکم (کەتان) ڕامدەکرد و دەگریام ، دەمگوت بمبە لەگەل خۆت . تا ڕۆژێکیان دڵی نەرمبوو پێکەوە سواری (تێمسەکانی ) شار بووین ، چووین بۆ گەڕەکی ( عەرەفە )  کە کەوتۆتە قەراخ بیرە نەوتەکانی شارەکەم .
نەنکم ژنێکی قەلە و بەخۆ بوو  کاتێ ڕێی دەکرد ئەژنۆکانی ئازاریدەدا ، من لەبەردەمی هەلبەزهەلبەز  ڕامدەکرد و دەمڕووانییە ئەو لقە دارانەی کە سێو و پرتەقالەکانیان بەسەر دیواری دەرەوەی ماڵەکان شۆڕ ببوونەوە.
وتم : نەنە ئێرە بەهەشتە ؟
نەنکم وتی : ئەی پێنەگەی …پێمنەگوتی  چیتر پرسیار مەکە!
وتم : نەنە دایکم پێیگوتم  بەهەشت پڕ لە سێو و پرتەقاڵە !
نەنکم وەلامی نەدامەوە ..بەس من و براکانم ئەو خواردنانەی نەنکم بۆ مانی دەهێنایەوە ناومان نابوو (خواردنەکانی بەهەشت) ..چونکە لەمالی ئێمە بە مانگش بۆنی گۆشتمان نە دەکرد ، بە ساڵش جل و بەرگی  جوانمان نەدەپۆشی . جەژن بەجەژن باوکم لە توانای بوو پارە کۆ بکاتەوە و کراسێکی نوێ بۆ براو خوشکەکانم بکڕێ . من نەگبەت بووم هەرچی کراسی برا گەورەکەم هەبوو بۆیان هەلدەگرتم و دەبوایە لەبەری بکەم ، خوا خێری نەنکم ( کەتان ) بنوسێ جار جار کراسی ڕەنگینی بۆ دەهێنام .
لەبەردەم دەرگایەکی مەزن ڕاوەستاین نەنکم شارەزا بوو دەستی بە دوگمەیەکەوە نا دەرگا کرایەوە . یەکەم جارمبوو چاوم بە حەوشە و باخچەیەکی وا فراوان بۆن خۆش بکەوێت . چوار ئەوەندەی ماڵی ئێمە دەبوو وتم : نەنە بۆ دەرگاکەیان ئەوەندە گەورەیە ؟  وتی : کوڕم ئەوە ئۆتۆمبیلی پێ دێتە ژوورێ !
لە باخچەکەیان جۆلانەیەک دانرابوو بەپەلە ڕامکرد تا سواری جۆلانەکە بم کەچی پێم لە فریزی باخچەکە خزا و بەسەردەم کەوتم . خەریک بوو بگریم ، کاتێ نەنکم بینی پەشیمان بوومەوە گوتم گەر بێزاری کەم جارێکیتر نامهێنێتەوە بۆ ئەم بەهەشتە !
نەنکم وتی : کوڕم پەڵە مەکە ئێمە تا ئێوارە لێرەین …
ئێمە تەنیا ڕۆژانی جەژن دەچووین  بۆ سەیران و سواری جۆلانە دارینەکان دەبووین ، کەچی لەم ماڵە هەموو ڕۆژێک سەیرانە ..بۆیە گوتم ئەگەر بگەڕیمەوە ماڵ بەدایکم دەلێم با فیرە نوێژم بکات بەلکو خوا ئێمەش بنێرێ بۆ بەهەشت ..بەو خەیالەش نەوەستام دەمگوت مندالانی گەڕەکش فێرە نوێژ دەکەم تا ئەوانش کۆشکێکیان هەبێت وتێربن لە خواردن و میوە خۆشەکانی بەهەشت !.
نەنکم بینی دەستی کرد بە گیرفانی سەڵتەکەی و کلیلێکی بچکۆلانەی زەردی دەرهێنا و دەرگای ژووری ماڵەکەی کردەوە و چووە ژوور ..منیش جۆلانەکەم بەجێهێشت وبەدوای نەنکم خۆم کرد بە ژوورا .
ناو ماڵەکە هۆلێکی فراوانی لێبوو ، لەناوەڕاستیدا مێزێکی دار ساجی درێژ و پان ، شەش کورسی  بەدەور دانرابوو . بە نەنکم وت : نەنە ئەم ماڵە  لێرە دادەنشن و نان دەخۆن و دەنوون؟
وتی : نا کوڕم ، لێرە نان دەخۆن ، ژووری نوستنیان جیایە!.
لە ژێر پەنجەرەی چێشتخانەکە مەخسەلەیەکم بینی چەند پەرداخێکی شووشەیی گوڵداری لەسەر بوو . نەنکم  دەستیکرد بە شۆرینی پەرداخەکان ، منیش  لە پەنجەرەکەوە دەمتوانی کەپرێک ببینم بە بۆڵە ترێ داپۆشرابوو ، مێزوکورسی قەفەز داری لە ژێرا بوو .
لە بیرمە دایکم دەچوو بۆ ناو زەڵکا و قامیشەلەکانی دەم خاسە هەرچی لقە قامیش و حەیزەران هەیە کۆی دەکردەوە . پاشان بە پەنجەکانی پێی دەیچنی و حەسیری لێ دروستدەکرد ولەسەری دادەنشتینن ، سەبەتەیەکشی دروستدەکرد بۆ نانە ڕەق .
نەنکم دەرگای دۆلابێکی کردەوە پڕ بوو لە میوە و شەربەت . ئنجا  دۆلکەیەک ئاوی ساردی دەرهێنا و پەرداخێ ئاوی ساردی خواردەوە ..نیوەی پەرداخەکەی پڕ لە ئاو کرد و دایە دەستم .
منیش ئاوەکەم خواردەوە  بەلام پەرداخەکە بۆنێکی سەیری لێوە دەهات .
ئێمە لە ماڵی خۆمان بە جامی فافۆن ئاومان دەخوارد ەوە. لە جیاتی دۆلکە شەربەیەکمان هەبوو!.
بە نەنکم وت : نەنە ئەم دۆلابە سپییە چییە ؟
وتی : کوڕم ئەمە سەلاجەیە ، شت بە ساردی ڕادەگرێ !.
ئێمەش لە ماڵەوە لە ژێر نەردەوانەکەمان کوپەیەکمان هەبوو ئاوی بە فێنکی ڕادەگرت!.
ئنجا نەنکم هەڕەشەی لێکردم وتی :  نابێت دەست لە هیچ شتێ بدەیت ..چیت ویست داوا لە من دەکەی. ئەگەر عاقلبیت دوو چوکلێتت دەدەمێ .
دڵی خۆشکردم ..بەچوکلێتێک دەممی شیرین کرد .
ژوور بە ژوور منی لەگەل خۆی گردا ..ژووری خەوی مندالەکان پڕلە بوکەلانە و جۆرەها یاری بوو.    وتم : نەنە من تا ئێوارە لەم ژوورە یاری دەکەم و نایەمە دەرێ .
وتی : نا کوڕم نابێت تۆ دەست لەو یارییانە بدەیت . ئەمانە هەمووی یاری کوڕە گەورەکەیانە ، دایکی بۆ یادگاری  بۆی هەلگرتوون .
بە دیواری ژوورەکە وێنەی مندالێکم بینی وتم : ئەوە نییە نەنە مندالیان هەیە .
نەنکم وتی : نا کوڕم ئەوە وێنەی مندالییەتی ..ئێستا ئەم کوڕەیان گەورە بووە .
وتم : ئەی نەنە بۆ ئێمە هیچ وێنەیەکمان نییە لە ماڵەوە .
وتی : نەمگوت چیتر پرسیار مەکە !
لە بیرمچوو بەلێنم دابوو لەم گەشتەم دەمم داخەم . ئاخر چۆن دەکرێت ئەم شتە سەیروسەمەرانە ببینم و پرسیارنەکەم !.
وێنەکە  وەک لەزگە بە قەد دارێکەوە نووسا بوو ، کوڕەکە فانیلەیەکی شینی خەت سپی لەبەردابوو . هاتە یادم هەمان کراس بوو براکەم لەبەری کردبوو بۆ ڕۆژی جەژن . پێکەنیم .. بۆم ئاشکرا بوو کە براکەشم  کۆنە کراسی ماڵە دەوڵەمەندەکان لەبەردەکات  .
لە ژوورەکانیتر کۆمەلێ وێنەی ئەندامانی خیزانەکە هەلواسرابوو ..یەک وێنە سەرنجی زۆر ڕاکێشام پیاوێک بە دەرپێ قوندەیەکەوە  دەستی بەرز کردبووەوە ،لاموابێ خاوەن ماڵەکە بوو. لە نەنکم پرسی : توخوا نەنە بێزار مەبە ..پێمبلێ ئەم پیاوە لە خوا دە پاڕێتەوە .
نەنکم وتی : نا کوڕم ..ئەوە مەلەوانی دەکات ..نابینی دەیەوێ زەرگ بهاوێتە ناو حەوزی ئاوەکەوە !.
 بۆم ڕوونبووەوە هەموو لێکدانەوەکانم هەڵە ن ، چونکە من لەو ڕۆژەوەی چاوم کردووەتەوە باوکم بینیوە دەست بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە !.
 چوومە نهۆمی خوارەوە لە ژووری دانیشتن تەلەفزیۆنێکی شاشە گەورە دانرابوو . ئێمە نەک لە ماڵ بەلکو لە گەڕەکش کەس تەلەفزیۆنی نەبوو ، دەچووین بۆ چایخانەکان سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد .
لە پشتی تەلەفزیۆنەکە پەنجەرەیکی شەش چاوەی لێبوو . ڕووانیمە دەرەوە حەوشە و باخچەیەکیترم بینی کەوتبووە پشتی مالەکەوە ، ڕامکردە لای نەنکم وتم : نەنە بچمە باخچەکەی پشتەوە ؟
نەنکم وتی : دەرگای پشتەوەم لەترسی تۆ داخستووە نابێت بچیتە ئەو پشتە !
وتم : بۆ ؟
وتی : لەبەرئەوەی حەوزی مەلاوانەکە لەوێیە ، تۆش مەلەوانی نیت و دەخنکێی!
ڕامکردە ژوورەکانی سەرەوە لە پەنجەرەیەکەوە سەیری حەوشەی پشتەوە م کرد ، حەوزی مەلەوانەکە  بە درەخت داپۆشرابوو ئاوەکەی نەرمە شەپۆلێکی دەدا چەند گەلا و شەکرە سێوو پرتەقالێكش وەک بەلەم بە قەراخ ئاوەکەوە لەنگەریان گرتبوو و دەلەریینەوە .
تا قەدەرێ بە دیار پەنجەرەکەوە وەستام ، خەونم بە مەلە کردنی ناو حەوزەکەوە دەبینی .
لە ناکاو بۆنی خواردنێکی خۆش بەر لوتم کەوت ، خێرا دەرپەڕیم بەرەو چێشتخانەکە ،  بە تەقلە لێدان لەسەر نەردمانەکە کەوتمە خوارەوە . دەست وپێم ژان گرتی لە ترسی نەنکم فزەم نەکرد . وەک پشیلە بە ئاسپایی لە بۆنەکە نزیک بوومەوە .
نەنکم دیار نەبوو، منیش بۆم نەبوو دەست لە هیچ بدەم ..لە هۆلی دانیشتنەکە نەنکم بینی ڕووی لە قیبلە کردووە لەسەر هەمان بەرماڵ نوێژی دایکم  ، نوێژ دەکات ..دانیشتم تا لە نوێژ کردن بووەوە ..هەر کە ئاوڕی دایەوە وتم : نەنە ئەی ئەم مالە بەرماڵ نوێژیان نییە ؟
 وتی : نا کوڕم کەس لەم ماڵە نوێژ ناکات !
لە دڵی خۆمدا وتم : کەواتە  لە سەر ئەم زەوییەش خوا بەهەشتێکی داناوە بەس ئێمە تا ئێستا نەماندۆزییوەتەوە ..ئەگەر بگەڕێمەوە گەڕەک بە هاوڕێکانم دەلێم وەرن با بگوازییەنەوە بۆ گەڕەکەکانی بەهەشت ، چیمان داوە لەم گەڕەکە پڕ لە قوڕوچلپاوە .
چوومە چێشتخانەکە لەسەر کورسییەک دانیشتم ..نەنکم وتی : چاو برسی ..(قاپێک پڕ لە برنج و قەیسی بۆ دانام ). دەبخۆ!
نانەکەم لەسەرخۆ دەخوارد بیترس لە براو خوشکەکانم ، چونکە هەمووجارێک نەنکم چێشتی بهێنایەوە براکانم خەدریان لێمدەکرد بەشێکی کەمیان بۆ دادەنام ..ئێستا بە ئارەزووی خۆم وەک کوڕی پاشا دانیشتووم و نان دەخۆم .
نەنکم وتی : خێراکە کوڕم ئێستا خاوەن ماڵ دەگەڕێتەوە  .
نانەکەم تەواو کرد نەنکم دەستی خستە ناو قووتییەکەوە چوکلاتێکی  دامێ ، وتی : بگرە ئەم شیرینیەش لەبەرئەوەی عاقل بوویت ..ئەگەر ئەوانش هاتنەوە هێمن بەو لە شوێن خۆت نەجوولێ و تا پرسیارت لێنەکەن ، دەنگ دەرنەکەیت!.
گوتم : بەسەر چاو نەنەگیان .
دەنگی گڕەی ئۆتۆمبیلەکە هات ، دەرگای حەوشە کرایەوە ئۆتۆمبیلێکی ڕەشی زەبەلاح هاتە ژوور ڕوخساری  ژن و مێردێک بە دیار کەوت .
سەرەتا زۆر ترسام ..سلاویان کرد و ژنەکە نزیکم بوەوە لە باوەشی کردم و وتی : تۆ گۆرانی یا سۆرانی؟
منیش لەشەرما وەلامیم نەدایەوە .
نەنکم وتی : ئەمەیان گۆرانە ..سۆران لەم گەورەترە و دەچێتە خوێندن .
ژنەکە دەستی کردە ناو قووتوە چوکلاتەکە ویستی چوکلێتیکم بداتێ نەنکم وتی : شیرینی مەدەرێ ..لە بەیانییەوە دووجار داومەتێ .
ژنەکە وتی : لێگەڕی با بخوا .
مێردی ژنەکە شەبقەکەی سەری لابرد و خستییە بان سەرمەوە و وتی : سەرت بۆ ئەوەندە بچووکە لەناو شەبقەکەم  ونبووە…پاشان پێکەنی وگوتی : نا ئەوە سەری منە زۆر زڵە .
منیش پێکەنیم ، ترس و شەرمم لەگەلیان ڕەوایەوە .. وتم : چەند مالێکی باشن .
ئنجا کابراکە وتی : میم کەتان نانت داوەتە گۆران ..
نەنکم  وەلامی دایەوە : خەمت نەبێت ئەم منداڵە وەک تۆ نەوسنە و بەشی خۆی خواردووە .
هەستم کرد نەنکم لەگەل خاوەن ماڵەکە وەک دۆست وئاشنا ڕەفتار دەکات  . 
 لە دیار تەلەفزیۆنەکە دانیشتم و گوێم لە گۆرانیەکان دەگرت ، لەزمانی گۆرانی بێژەکە تێنەگەیشتم . دام لە پڕمەی گریان ..گوتیان بۆ دەگری؟   گوتم من لەم گۆرانییە تێناگەم ئەوان بە پێکەنینەوە وتیان : قەینا کوڕم ئەوە بە زمانی تۆ گۆرانی نالێت ! .
بەو مندالییەم بیرم دەکردەوە دەمگوت : چیدەبوو ئەگەر هەموو مرۆڤەکانی دونیا یەک زمان ئاخاوتنیان بکردایە.
کاتێ نان دانرا کوڕە هەرزەکار و کچە کەیان هاتنە ژوور، جانتای مەکتەبیان هەلدایە سەر کورسیەکان ودەستیان شۆری و دانیشتن ، لەگەل دایک و باوکیان بە ئارامی نانیان خوارد .
لە بیرمە جارێکیان دایکم نیسکەوای لێنابوو ، منیش خەزریم و گوتم من ئیلا نیسکەکەی دەستی نەنکم دەخۆم . بە دزی منەوە قاپێک نیسکیان بردە ژووری نەنکم وهێنانەوە .. گوتیان : دە بخۆئەمەش نیسکی نەنە..ئەوەندە جوان خواردم تا ئێستاش خوشک وبراکانم  گالتەم پێدەکەن .
پێش ئەوەی ماڵەکە جێبهێلین بینیم نەنکم هەرچی بەرماوەی خواردن هەبوو بە جوانی خستیە ناو قاپە پلاستیکەکەی ئنجا لە ناو بوخچەکەی پێچایەوە .
لەم کاتە کوڕە هەرزەکارەکەی ماڵەکە تۆپێکی (تۆپی پێی) بە دیاری داپێم ..کە لە ولاتانی دەرەوە باوکی بۆی هێنابوو ..منیش لە خۆشیا تۆپەکەم توند لە باەوش گرت.. دایکی کوڕەکە هات و دووبارە لەباوەشی کردم و چەند دلۆپە فرمێسکێک بە چاوەکانی ڕژانە خوارێ .
لە ڕێگا لە خۆشیا نەمدەزانی چبکە م ئەوەندە پەلەم بوو بگەمە هاوڕێکانی گەڕەک  تا ئەم تۆپە جوانەیان پیشان دەم ..کەمێک دەترسام دەمگوت : زۆر جوانە تۆ بلێی بتەقێ..ئاخر ئێمە بە تۆپی لاستیک یاریمان دەکرد . تەنانەت تیپی گەڕەکش تۆپێکی ئاوا جوانیان نەبوو تا یاری پێبکەن.
لە نەنکم پرسی :  نەنە بۆچی ژنەکە گریا ..
وتی : لەبەرئەوەی کوڕێکی هاوتەمەنی تۆی هەبوو ( دووربێت خوایە ) لە حەوزی مەلەوانەکە خنکا !.
وتم : بەس ئەو ژنە بۆنی دەکردم.. ماچی دەکردم خۆ من کوڕی ئەو نیم ؟!
نەنکم وتی : لەبەرئەوەی ئەو کراسەی بەرت هی کوڕە مردووەکەی  بوو!
وتم : کەواتە خەلکی دەوڵەمەندش دڵتەنگ دەبن؟
نەنکم تووڕە و ماندوو دیار بوو ..وتم : نەنە گیان بەخوا چیتر پرسیار ناکەم …بەس پێم بلێ ئەوە پیاوەی ئەو ماڵە پیشەی چییە ؟
وتی : کوڕم ئەو هەموو تانکیە مەزن و بۆڕییە نەوتانە دەبینی ..ئەو کابرایە بەڕێوبەریەتی !
من بیستبووم لە برا گەورەکەم کە قوتابخانە بەڕێوبەری هەیە ، نەمدەزانی ئەو ئاگرە نەوتەی شەوانە شارەکەمی ڕوناک دەکرد… بە ڕۆژیش پیسی دەکرد بەڕێوبەری هەبێت .. بەلێنمدا بە باوکم بلێم تا ئەویش لە کۆمپانییەی نەوتەکە ئیش بکات ، بەلکو ئێمەش ببینە خاوەن کۆشک و ئۆتۆمبیلێکی سووری جوان !
کاتێک نزیک مال و گەڕەک بوومەوە تۆپەکەم لەژێر فانیلەکەم شاردەوە . خوا خوام بوو کەس نەیبینێ !
بە دزییەوە لەگەڵ نەنکم چووینە مالەوە . برا و خوشکەکانم بەدوام کەوتن وتیان : دەزانین ئەوە تۆپە لە ژێر فانیلەکەت ، دەریخە تا بە زۆر لێمان نەسەندوی .
منیش بە گریانەوە لێیان دوور کەوتمەوە . لەم کاتە نەنکم بوخچەکەی کردەوە  بۆنی چێشتەکە ماڵەوەی پڕ کرد .
برا و خوشکەکانم لە من دوور کەوتنەوە و وتیان : ئەرەوەللا نەنە خواردنی بەهەشتی لەگەل خۆی هێناوە!..
ئەمجارەیان نەچووم بەلای خواردنەکە چونکە هەموو شتێکم بۆ ئاشکرا بوو ..چێشتەکە بەرماوەی ماڵە دەوڵەمەندەکان وکراسەکانشمان کۆنە جلی مردووەکان بوو!
 تۆپەکەم تووند لە باوەش کرد و چوومە گەڕەک تا لەگەل هاوڕێکانم یاری بکەم !.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.