Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
نە دوو قوتبی و نە لێكترازان…..سالار بابەشێخ

نە دوو قوتبی و نە لێكترازان…..سالار بابەشێخ

Closed
by January 28, 2009 گشتی

 نە دوو قوتبی و نە لێكترازان
 سالار بابەشێخ

 لەدێرزەمانەوە داگیركەر و نەتەوەی ژێردەستكراو، لایەكیان لە پێناوی زێدەخوازی و بەرامبەرەكەی لە پێناوی رزگاری و سەربەستی، لە ململانێیەكی خوێناویدان. هەر لە چاخی شەڕی شیر و كەوانەوە، تا سەردەمی فڕۆكەی جەنگی و چەكی كیمیاوی ئەم پێكدادان و وێرانكارییە بەردەوام بووە. كوردستانی بەش مەینەتیش لەم چوارچێوەیە بەدەر نەبووە و نییە. كوردقڕانێكی زۆرمان لە مێژووی خۆماندا خوێندۆتەوەو بە چاوی خۆشمان بینیومانە. بێگومان شرۆڤەی مێژوو لە گۆشەی رۆژنامەیەكدا ناكرێ و ئەوەی ئەز لەم نووسینەدا مەبەستمە ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە كە باشووری وڵاتەكەمان هەندێك دەستكەوتی نەتەویی دەستەبەر كردووەو پێویستە هەر تاكێكی كورد كە لەهەر گۆشەیەكی سەر گڵتۆپی زەویندا گیرسابێتەوە، پاراستنی ئەم دەستكەوتانە بە ئەركی خۆی بزانێت و بەرامبەر بە كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم گەشەكردنی ئەم كەرتە رزگاركراوەی وڵاتەكەی كەمتەرخەم نەبێت، چونكە تەنانەت دوای ئازاد كردنی باشووری كوردستان و هەڵدێرانی رژێمی بەعسیش، هێشتا لە ناوەندە دیپلۆماسییەكاندا بە ئاشكرا بۆ گەردەنی كورد، شیر لە هەسانی تاكتیك و پیلان دەسون و شۆڤینیستەكان بە فیتی وڵاتانی دراوسێ، رۆژوشەویان سەر یەكخستووە بۆ ئەوەی حكومەت و دەسەڵاتی كوردی لە خاچ بدەن و ئاسەواری نەهێڵن. هاوكات هاوكێشە سیاسییەكان لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا، رۆژنەیەكی بەرەو چارەنووسی كورد كردۆتەوە. سەرەڕای بوونی گەندەڵی و گازاندە و سكاڵای هاووڵاتی لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان، هەرێمی كوردستان و پێگەی كورد لە لای زلهێزەكانی جیهان و لە رۆژهەڵاتی ناویندا بە تایبەتی، بۆتە سەرباسی باسان و حیسابی بۆ دەكرێت.
 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان باڵانسی هاوكێشە سیاسییەكانی لە بەرژەوەندی هاووڵاتی و هاونیشتمانی كوردستانیدا راگرتووە. بارزانی بە بێ ئەوەی پێناسەی داگیركراو و داگیركاری لە بیركردبێت، پێرێ لە بەغدا و دوێنی لە تاران و ئەمڕۆ لە نێو كۆشكی سپیدا سەرۆكی وڵاتان دەبینێت و بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوكێی توركیاش كار دەكات. بەڵام لە ناوخۆدا ئەوەی خەڵكی دڵسۆزی تووشی شۆك و وڕمان كردووە، ئەوەیە كە پەتای پلەوپایەپەرستی، داواكردنی وەزارەتی گرنگ و زیادكردنی میزانییە، چاوچنۆكی و كورسیپەرستی، دەمچەوركردن و بەرتیل و واسیتە، فەسادی ئیداری و ماڵی و. هتد، نەك هەر تەنگی بە دامودەزگای حكومی هەڵچنیوە، بەڵكو لێپرسراوانی حزبەكانیش بە رێژەیەكی نزیك بە گشتی، تووشی ئەم پەتا كوشندەیە بوون.
 جیا لە لێكترازان و جیابوونەوەكانی یەك لە دوای یەكی حزب و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لاقەپانێك لە دەسەڵاتی كوردی لە هەرێمی كوردستان واتە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)یش خەریكە لەم گێژاوەدا نوقم بێ. ئەز بڕوام بە دوو قوتبی نییە كە دوو حزب هەموو دەسەڵاتی سیاسی وڵاتێك دابەش بكەن، پێوەروپێوانەی هێزوتوانای هەر حزبێك، پێگەی جەماوەرییەكەیەتی و یەكێتی لەقەپانی دەسەڵاتدا، هێزەو ئەمری واقعی ئەمڕۆی كوردستانە. هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەموویان پێكەوە پێویستە كار لەسەر ئەم بنەمایە بكەن كە پێگەی جەماوەرییان بەهێز بكەن، چونكە لە ئاكامدا هەر تەنها ئیرادەی میللی و جەماوەرییە كە دوابڕیاردەرە لە سەر پرسە چارەنووسسازەكان. ئەگەر بۆ ماوەیەكیش حزبی دەسەلاتدار بتوانێت ئەسپی بەرژەوەندییە تەسكە حزبییەكانی تاو بدا و سواری ئەم شەپۆلە بێت، ئەوە بێگومان ئیرادەی گشتی بەگژیدا دەچێتەوە و مەودای زیاتری پێنادات. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە هەر لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە تا ئەو مێردمنداڵەی كە فامی خۆشەویستی ئاڵا و نیشتمانی لە لادروست دەبێت، رووبەڕووی ئەم مەترسییانە ببنەوە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو هەموو پیلانگێڕییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەدا، بە وریاییەوە مامەڵە بكرێ.
 پێویستە پێشمەرجی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن، پێناسەكردن و خوێندنەوەیەكی دروست و بابەتییانەی ئەم چەمكە بێت. دەنا ئەگەر بە بیانووی ریفۆرم و بە بێ ئەوەی یەك خاڵ بە ئایدۆلۆژیای حزبی زیاد یان كەم بكرێت، تەنها لە پێناوی گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵاتێك كە بنەمای لەسەر خۆخوازییەكی پەتییە، یەكڕیزییەكان تێكبدرێن، ئەوە نەك پەیكەرەی حزبەكان، بەڵكو دەستكەوتە نەتەوەییەكانیش بە خەسار دەچن.
 ئەوەی خوازراوی خەڵكی كوردستانە، پێكەوە كاركردنە بۆ رزگاری لە بندەستی و چەسپاندنی دیموكراسی و ئازادی و دەستبەركردنی ژیانێكی شارستانی و سەردەمییانە و بە ئاكام گەیاندنی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانە، نەك فڕینی سەروەت و سامانی بەرپرسانی حزبی و حكومی و كێبڕكێ و ململانێی ناڕەوای نێوانیان.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.