Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

هاواری له‌ته‌ گۆزه‌كان … حه‌سه‌ن مسته‌فا

Be First!
by March 20, 2012 ئەدەب

 

گۆزیه‌كی به‌ زه‌خره‌فه‌ نه‌خشێنراوبووم
به‌سه‌رشانی ره‌شپۆشێكا
ده‌چوومه‌ سه‌ركانی‌و
له‌ رێگا وردده‌بوومه‌وه‌ ‌و
به‌ باڵای چیام ده‌ڕوانی.
جارجار به‌دوو ده‌ستی نیانی ره‌یحانه‌ی چه‌پك ده‌كرد‌و
له‌ سینگم ده‌خشان، قه‌ده‌ باریكه‌كانی.
ئه‌وسا، گۆزه‌یه‌كی ده‌م به‌ خه‌نده‌بووم
قاچێكم له‌ نێو ئاپووره‌ی په‌یڤی ساده‌‌و
قاچه‌كه‌ی تریشم
له‌ یاری خه‌تخه‌تانه‌ی سیاسه‌ت جێما
ده‌ست‌و گوێیه‌كم له‌ باخ‌و
ده‌سته‌كه‌ی ترم به‌خشیبوو به‌ هونه‌رمه‌ندێكی ئینتیباعی
تا نه‌خشی دیواره‌ كۆنه‌كانی له‌سه‌ر دروست بكاته‌وه‌.
چاوێكم وه‌ك هێلانه‌ی زه‌رنه‌قووته‌
روو له‌ ئاسمان
چاوه‌كه‌ی ترم، چاوه‌ڕێی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ بازگه‌یه‌كبوو
له‌تێكی دڵم، لای بڵاوكراوه‌كانی شاخ‌و
له‌ته‌كه‌ی تری، دانه‌ دانه‌ ده‌یبه‌خشین به‌ ده‌سته‌كانی هه‌تاو.

تا بۆنی هێشووه‌ قه‌زوانێك نه‌یهاڕیبووم
چه‌ند گۆزه‌یه‌كی خڕیله‌‌و
ده‌م به‌ گۆرانی‌و سه‌ماكه‌ر بووم
ئێستا ورد‌وخاشم
هه‌ر پارچه‌یه‌كم به‌دیار ته‌مه‌نی خۆی دانیشتووه‌
هه‌یه‌ قژی ئه‌و گله‌ییانه‌ ده‌هۆنێته‌وه‌
كه‌ بۆنی ئه‌و هێشووه‌ قه‌زوانه‌ سپی كردوون
هه‌شه‌ له‌به‌رده‌م له‌ته‌ ئاوێنه‌یه‌ك یادگارییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌
هه‌یه‌ ته‌نها له‌ ره‌نگی په‌پووله‌كان ده‌دوێ‌
هه‌یه‌ ته‌نها وێنه‌یه‌كی ره‌شپۆشی دایكی كردۆته‌ گه‌ردانه‌‌و
یاری له‌گه‌ڵدا ده‌كات
هه‌یه‌ ناوی براده‌ره‌ جوانه‌ مه‌رگه‌كانی  ریزده‌كات
هه‌یه‌ ناوی كیژه‌ تازه‌ مه‌مك هاتووه‌كانی گه‌ڕه‌ك ده‌ڵێته‌وه‌
هه‌یه‌ نه‌رمتر له‌ خالقی ده‌چریكێنێ‌
هه‌یه‌ شانازی به‌و وێنه‌یه‌ ده‌كا كه‌ پارچه‌یه‌كی لێ‌ ماوه‌ته‌وه‌
هه‌یه‌ له‌هه‌موو شت زیاتر باسی جوانی سمێڵه‌كانی باوكی ده‌كات
هه‌یه‌ له‌دووری جۆلانه‌كان قووڵ راماوه‌
هه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌كانی عاره‌بانه‌ زیاتر
ده‌ستێكی تریان نه‌گوشیوه‌
هه‌یه‌ ده‌ستێك بۆ كتێبێكی قاچاخ ده‌با
هه‌یه‌ خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ گێمێكی تری یاری
هه‌یه‌ فانۆسی راگرتووه‌ بۆ نه‌نكه‌ مامانه‌كه‌ی
هه‌یه‌ له‌ده‌رزی‌و ده‌زووی دایكی راده‌مێنێ‌
كه‌ پینه‌ی شه‌رواڵێكی بۆ ده‌كه‌ن
هه‌یه‌ نیوه‌ی نامه‌یه‌كی نووسیوه‌‌و لێی په‌شیمانه‌
هه‌یه‌ سوجده‌ی بردووه‌‌و خه‌یاڵی لایه‌كی تره‌
هه‌یه‌ بۆنی یه‌كه‌م فلاشی لێدێ‌ كه‌ به‌ر ده‌م‌و چاوی كه‌وتووه‌
هه‌یه‌ كه‌وانی خستۆته‌ سه‌ر كه‌مانچه‌‌و
نازانێ‌ بیژه‌نێ‌
هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌ ته‌مبه‌ڵه‌كانی ده‌ریانهێناوه‌ بۆ داركاری ‌و
خه‌ونیش به‌ مامۆستایی ده‌بینێ‌.
هه‌یه‌ به‌سه‌ر قه‌براندا ده‌ڕوا‌و شیعری سه‌ر كێلان ده‌خوێنێته‌وه‌
هه‌یه‌ هاواری فریاكه‌وتن ده‌كا، كه‌ نه‌زانانه‌ خۆی خستۆته‌ رووباره‌وه‌
هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له‌ پیاسه‌یه‌كی
سه‌ر خه‌ره‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
هه‌یه‌…هه‌یه‌
زۆرن ئه‌و له‌ته‌ گۆزانه‌
له‌هه‌ر هه‌موویان نایاب تر، له‌تی شادی بوو
ئه‌و میوانه‌ شه‌رمنه‌ی
كه‌ رۆژێك چڵه‌ نێرگزێك له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووی،
ئه‌ویش له‌و رۆژه‌ جێی هێشتم
له‌دوای خۆی نامه‌یه‌كی به‌ ده‌نكه‌ فرمێسكه‌كانی نووسیبوو
مه‌منوونم بۆ دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ت
ده‌بێ‌ بڕۆم
وا له‌ولاوه‌ شووشه‌ گوڵاوێ‌ بانگم ده‌كات،
كه‌ی توانیت خۆ كۆكه‌یته‌وه‌
دڵنیابه‌ دێمه‌وه‌لات.

23/1/2008 ره‌واندز

Previous
Next

Leave a Reply