Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

هاوڕێم بیلال: ڕاپه‌ڕینی نان، دیكتاتۆری تونسه‌كه‌ی تۆی وه‌ده‌رنا..

Be First!
by January 16, 2011 گشتی

 

  نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك زیاتره‌، له‌ وڵاتی تونسی عه‌ره‌بیدا، خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی سه‌رشه‌قام و كوچه‌و كۆڵانانی گوندو شاره‌كان ده‌ستپێكردو و دواجار شێرانه‌ گه‌یشته‌ پایته‌خت و به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م ته‌نییه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ قوربانی و بریندارانی لێكه‌وته‌وه‌و گه‌نج و پیر، پیاوان و ژنان.. جوتیارو كرێكارو مامۆستاو كارمه‌ندانی فه‌رمی و نافه‌رمی به‌شدارو هاوكارو هاوڕاو خۆپیشانده‌رو راپه‌ڕیوو و شۆڕشگێڕ بوون..
  هه‌موویان پێكه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك ده‌وست و یه‌ك چاو و یه‌ك ده‌م هاواریان گه‌یانده‌ عه‌رشی عه‌زیم، خوێنیان و دڵ و جه‌سته‌یان خستبووه‌ سه‌ر له‌پی ده‌ستیان و بێگوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خودی و دونیایی، بێترس و بێپه‌روا، شه‌و و رۆژیان پێكه‌وه‌ گرێدا، به‌م سه‌رمای زستانه‌ تووشه‌و به‌ برسێتی و تینووێتی به‌رامبه‌ر گولله‌و فیشه‌كی چه‌كه‌ گه‌وره‌و دڕنده‌كانی دیكتاتۆره‌كه‌ی تونس كه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵ و زیاتریش ده‌بوو، بیست ساڵبوو ئه‌و دیكتاتۆره‌، وڵاتی سیخناخ كردبوو له‌ گه‌نده‌ڵی و دزین و جه‌رده‌یی، بیست ساڵ و زیاتریش بوو وڵاتی تونسی دیل و زیندانی پڕببوو له‌ بێده‌نگ كردن و قه‌ده‌غه‌كردنی ئازادی و یاساغكردنی بیروڕای ئازاد ده‌ربڕین و هه‌قبێژی و راستگووتن..
 بیست ساڵبوو، له‌ تونسی سه‌وزدا،  گوڵی سووری ده‌ست كچانی تونس زه‌ردو ژاكاوو وه‌ریو بوو..
  بیست ساڵبوو له‌ تونسی سه‌وزدا، دروستكردنی حزبێكی دیكه‌ی غه‌یری حزبی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ تونسی سه‌وزدا، زه‌ردو سیس و لاواز خۆی ده‌نواند.. وه‌كو چۆن براده‌ره‌ تونسییه‌كه‌م له‌ وڵاتی هۆڵاند ناوبه‌ناو پێیده‌ووتم: ” كاكه‌ حه‌مه‌ ئێمه‌ش وه‌ك ئێوه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین، دیكتاتۆرمان هه‌یه‌، ئێمه‌ش وه‌كو ئێوه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین گه‌نده‌ڵ و دزو درۆزن و بوغرامان هه‌یه‌، وڵاتمان سیخناخه‌ له‌ واسیته‌و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تی تونس لێوانلێوه‌ له‌ خزم خزمێنه‌و هه‌ركه‌س بۆ خۆی و فه‌رهودو ماشینه‌وه‌ی خێربه‌ره‌كه‌تی سامانی وڵات..
   ئێمه‌ش وه‌كو ئێوه‌ ناتوانین دوو قسه‌ی هه‌ق و ڕاستوڕه‌وان له‌سه‌ر رۆژنامه‌و سایته‌كان بنووسین و راستی ڕووداوه‌كان بۆ خه‌ڵكی هه‌ژارو نه‌خوێنده‌وار شیبكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ دوای دوو-سێ ڕۆژ ده‌ماندۆزنه‌وه‌و له‌ زیندانی ڕه‌ش و ئینفرادی توند ده‌كه‌ن.. كه‌سوكاریشمان به‌ هه‌ڕه‌شه‌و له‌سه‌ر كار لابردن سزا ده‌ده‌ن.”….
  هاوڕێ تونسییه‌كه‌م ناوی بیلال ئه‌لغه‌ندور بوو، زوو زوو پێیده‌وتم: ” گوێبگره‌ سه‌ید محه‌مه‌د ئه‌لكوردی/ وڵاتی تونسمان پڕییه‌تی له‌ بێكارو هه‌ژارو بێلانه‌و كرێچی و نه‌خۆش و نه‌خوێنده‌وارو ئالووده‌ به‌ مادده‌ی هۆشبه‌رێك كه‌ ده‌سه‌ڵات و خزمانی زه‌ین ئه‌لعابدینی دیكتاتۆر خۆیان ده‌یانفرۆشت و ده‌یانگه‌یانده‌ ده‌ستی گه‌نجه‌ كوڕ و كچه‌كانی پایته‌خت و شاره‌كانی تونس و دووچاری ده‌ردو په‌تای كوشنده‌یان ده‌كردن و ماڵوێران و سه‌رگه‌ردان و ئاواره‌ی كۆڵانه‌ بێبه‌زه‌ییه‌كانی نیشتمانیان ده‌كردن و دواجاریش پۆلیس و پیاوانی ده‌سه‌ڵات گاڵته‌یان پێده‌كردن و ده‌یانكردنه‌ مه‌زه‌ی شه‌وانه‌ی خۆیان و تووشی له‌شفرۆشی و ده‌ڵاڵیی كاری خراپه‌و به‌دیان ده‌كردن”….
  ئه‌مڕۆ منیش به‌و هاوڕێ تونسیه‌م ده‌ڵێم:” سه‌ید بیلالی ئاواره‌ی هه‌نده‌ران و هاوخه‌مه‌كه‌ی من/ ئه‌مڕۆ خه‌ونی دێرینه‌ی تۆو هه‌زاران و ملیۆنانی وه‌ك تۆ هاته‌دی، براده‌رو هاونیشتمانانی شۆڕشگێڕو پاڵه‌وان و ئازاو نه‌به‌ردت، به‌ نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك دیكتاتۆره‌ ڕه‌ش و لمۆز شوومه‌كه‌ی له‌ تونسه‌ سه‌وزه‌كه‌ت وه‌ده‌رنا، هه‌رچه‌نده‌ قوربانی و بریندارانی پێشكه‌شكرد، به‌ڵام سه‌رفرازی و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی بۆ نیشتمان ئه‌و قوربانییه‌ی ده‌وێ‌، سه‌ربه‌زی و شكۆداری وڵاته‌كه‌تان خوێنی ده‌وێ‌ و ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌كانتان هه‌ر له‌ یه‌كه‌م چركه‌ی ڕاپه‌ڕنی نانه‌وه‌، له‌ ده‌موه‌ختی كوڕه‌ گه‌نجه‌ ده‌ستگێڕه‌كه‌وه‌ كه‌ پۆلیس ته‌نگی پێهه‌ڵچنی و ئه‌ویش نه‌وتی به‌خۆیدا كردو ویستی خۆی بسووتێنێ و نه‌یانهێشت، هه‌تا درێژبوونه‌وه‌ و گه‌یشتنی به‌ پایته‌خته‌ جوانه‌كه‌تان، بوو به‌ ئاگرو گڕو مه‌شخه‌ڵی سووتاوی نانی برسی گه‌یانده‌ كۆشكی دیكتاتۆر و به‌ چه‌ند رۆژێكی كه‌م وه‌ده‌ریناو بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه‌..”
  هاوڕێم بیلالی تونسی: ئه‌مه‌ كۆتایی دیكتاتۆرییه‌ت و تاكڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌، له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵات و رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا، كه‌ حوكمی قێزه‌ونی هیتله‌رانه‌ی توندی نیشتمان ده‌كه‌ن.. ئه‌و به‌رپرسانه‌ی خواناناسن و بێویژدانانه‌، به‌ زه‌بری ئاگرو ئاسن حوكمی فاشییانه‌ به‌سه‌ر میلله‌تێكی نه‌خوێنده‌وار و هه‌ژاردا ده‌سه‌پێنن.
  ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی هاوشێوه‌ی زه‌ینه‌لعابدین، رۆڵی باوك و برا نابینن و عه‌داله‌ت و دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ناچه‌سپێنن، یاسا مه‌تاتی و لاستیكی لێده‌كه‌ن و به‌پێی هه‌واو هه‌وه‌سی خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان سواری ملی ناسك و نه‌رمی نیشتمانه‌كه‌یان ده‌بن، ده‌چنه‌ بورجی عاجی و چاویان له‌ ئاست داخوازی و خزمه‌تگوزاریی گه‌له‌كه‌یاندا كوێرو نابینا ده‌بێت، گوێیان له‌ ئاست هاوارو ناڵه‌ی نه‌خۆش و هه‌ژارو بێكاراندا كه‌ڕ ده‌كه‌ن، ده‌میان پڕ ده‌بێت له‌ وشه‌ی باق و بریق و وه‌عدو گفتی پڕ له‌ درۆ و ده‌له‌سه‌.
  ئه‌م ڕاپه‌ڕینی نانه‌ی تونس، ده‌بێته‌ وانه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگ بۆ میله‌تانی ئه‌م ناوچه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی گه‌ردوون  و ئازایه‌تی و نه‌به‌ردیمان زیاتر ده‌كات، ده‌نگی ناڕه‌زایی و گووتنی وشه‌ی “نا” ده‌خاته‌وه‌ قورگ و سه‌ر لێوی گه‌نج و پیران، ترس و تۆقینیش له‌ دڵی دیكتاتۆران و به‌رپرسه‌ پیرۆزه‌كان و بوغراكاندا زیاتر و زیاتر ده‌كات و نیشتمانیش دیسانه‌وه‌ خوێنی تیادا ده‌ژێته‌وه‌ و لێوه‌كانی پڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ خه‌نده‌ و بزه‌ی به‌یانیان و هیواو ئاوات به‌ منداڵه‌ چاو گه‌شه‌كانی خۆی ده‌به‌خشێت..
  هاوڕێم بیلالی تونسی، مژده‌ بێت و پیرۆزه‌ ئه‌م شۆڕشی نانه‌ی رۆڵه‌كانی وڵاتی تونس به‌رپایان كرد و پیرۆزه‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و نیشتمانی خاڵی له‌ دیكتاتۆر، مردن و سه‌رشۆڕی بۆ دیكتاتۆره‌كانی جیهان و جیهانی عه‌ره‌بی و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ دیكتاتۆراندا وێكدێته‌وه‌و هاوتان.   

 

Previous
Next

Leave a Reply