Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هـــیچ بوون

هـــیچ بوون

Closed
by January 4, 2008 ئەدەب

 داستان خەمناك……


 بــڕۆ ۆ ۆ .. دوور .. بــڕۆ  ۆ
 بە بەردەم ژیاندا تىَ پەڕە و
 بۆ مەرگ مەگەڕێرەوە
 بــــــــڕۆ………..
 سەر لە نوىَ پرسیار مەكە بۆ..
  وێڵى تێگەشتن مەبە !!
  ئێرە مەملەكەتێكى سەرتاپا تاریكە و
 تێگەیشتن  قەدەغەیە !!
 بـــــــڕۆ………
 حەز مەكە ببیتە دڵۆپێك ئاونگ و
 لە ناو شەرمى گوڵە زەیتونا
  بە عەشقەوە خەونى پەمەى ببینى !!
 بــــــڕۆ…….
 لە نێوان ئاڵۆزى پرچی لولا
 نهێنى چێژێكى بىَ كۆتایى حەشاربدە و
 لەگەڵ خوێنى قەتیس ماوى جەستەت
 بیكە بە هیواى شەرابى و
 لە بەردەم ئاوێنەى شكاوى  زەمەن
 لێوەكانتى پىَ ماچ بكە …
 بــــــڕۆ……….
 وەك گەردەلولى سەر هەڵگرتوو
 ئەم دەڤەرە جێبهێڵە و
 ئاوڕ لە پێدەشتى  بیر كردنەوە مەدەرەوە 
 كە لێو رێژە لە (هیچی بوون )!!
 بـــــــڕۆ…………..
 مەبەرە گزنگى بەرەبەیان و
 بۆنى بەهار لە نێرگزەوە  وەرمەگرە
  تۆ نازانى لێرە هیچ وەرزێك  بۆنى خۆى نیە ؟؟!!
 بـــــڕۆ………..
 وا جەلادی دۆژەی مەرگ
 وەك گەلە گورگى لەڕ و برسى
  بە بریسكی نیگاتەوە نیشتنە سەرت
 بۆ دواجاریش ناهێڵن نیگایەك لە خۆر  و
 ماچێك لە لێوى زێرینى مانگەشەو كەیت
 بــــــڕۆ………..
 ئێرە نە هەوارێكە بۆ عەشق و
 نە پایزێكە بۆ ژووان
 بەڵكو دۆزەخێكى گرگرتوە
 دەستی دایناسوَری بونە و
  جەستەى هەزارانى وەكو تۆ
 دەبنە ڕەژووى مانەوەى
 ناهێڵن …. نـانـانـانـا…
 لەودیو سنورى عەشقەوە عاشق بیت و
 تێر چێژ لە  فەنتازیاى باڵندەى خەیاڵ ببینین
 ناهێڵن ……..نانانانا
 مۆسیقاش وەك خۆی بببیستین و
  سەمای  عەشقیان لەگەڵ بكەین
 ناهێڵن ………نانانانا
 بەدەم ڕاڤەى كتێبەكانى ئاسمانەوە
 بڕوانینە ڕوخسارى ڕاستەقینەى خودا
 ئەوان فێرمان ئەكەن كە لەو دیو خۆیانەوە
 جگە لە خۆیان هیچ نییە
 بــــــــڕۆ………..هاوڕێم
 لە بىَ مانایی بونەوە هەست بە مانایەكى نوىَ كە
 لە ناو ئارەزووە مردودا بۆ چێژى خودا بگەڕىَ
 ئەستێرەى ڕۆحى ژن بكەرە ملوانكەى  شین و
 لە بەرۆكى هیوای كوژراوەتى بدە..
 بــڕۆ……… بەتوڕەییەوە  بـــڕۆ………
 توڕە بە هێندەى توڕەى من لە خۆم
 بە قەدەر تورەیى خوا لە مرۆڤی گڵاوى ئێستە
 هێندەى توڕەى ئەو شاعیرە توڕەببە
 كە حەز بە خۆكوشتن دەكات
 توڕە ببە هێندەى توڕەیی باوكم لە مردنى دایكم
 هێندەى توڕەیى عاشقێك بە دیار تەرمى دڵدارەكەی
 بـــڕۆ……….. توڕەببە..توڕە..توڕە
 لە بۆشایى نێوان زەمین و ئاسماندا
 ببەرە ئاگرێكى یاخى
 ڕۆژانە سەدان جار گڕ لە باڵات بەر بدە
 تا لە ساتێكى پڕ توڕە بوون
 دەبیتە پشكۆى  خوێناوى و
 لە پرسەى مەرگى هیواتا
 بە  گەرمى و توڕەبونتەوە
 (تف) لە بوونى خۆت دەكەیت و
 ڕاست و چەپى بىَ مانایى
 دەهێنیت بە ڕووى ژیاندا
 بڕۆ…دوور ….بڕۆ
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.