Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

هه‌ردووجه‌نابی سه‌رۆک

Be First!
by November 21, 2010 گشتی

 

 

شه‌وی 12/11/2010   بۆجارێکی تر مام جه‌لام بوه‌وه‌ به‌سه‌رۆک کۆماری عێراق،بوونه‌وه‌ی کوردێک به‌سه‌رۆ کۆماری عێراق وه‌ک سۆزو عاتیفه‌ بۆهه‌مووخه‌ڵکی کوردستان مایه‌ی خۆشحاڵی ده‌بێت،به‌ڵام  به‌چوونه‌ده‌ره‌وه‌مان له‌خانه‌ی سۆزو عاتیفه‌ ده‌کرێت ئه‌م جاره‌ خه‌ڵکی کوردستان چ داواکارییه‌کیان  هه‌یه‌ له‌هه‌رکه‌سایه‌تیه‌ک که‌  له‌وپله‌وپایه‌دا بێت

 به‌پێی بڕگه‌کانی ده‌ستوور کاروسه‌لاحییه‌تی   پۆستی سه‌رۆک کۆمار دیاریکراو و تاڕاده‌یه‌ک سنورداره‌ ،به‌ڵام نه‌ک ده‌شێت به‌ڵکو ئه‌رکه‌ که‌  مام جه‌لال له‌ خوولی نوێی سه‌رۆک کۆماریدا ئه‌م جاره‌یان قه‌ره‌بووی  چوارساڵی ڕابردوو بۆخه‌ڵکی کوردستان بکاته‌وه‌،ئه‌م  ده‌ورانه‌ چیتر خۆسه‌رقاڵکردن نه‌بێت به‌کێشه‌لاوه‌کییه‌کانی عیراق و چیدی نه‌بێته‌ هۆی  فراوانبوونه‌وه‌و چڕکرنه‌وه‌ی دبلۆماسییه‌تی عێراق ڕوه‌وجیهانی عه‌ره‌ب   له‌سه‌رده‌ستی مام جه‌لال وچیدی ناکرێت وه‌ک سه‌رۆک کۆمارێکی عه‌ربی بیر بکاته‌وه‌،گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی ده‌ڵێت ‌ (سه‌رۆک سه‌رۆکی هه‌مووعێراقییه‌کانه‌ و ده‌کرێت به‌و ئاراسته‌یه‌دا کاربکرێت)؛؛ ئه‌ی  ئێمه‌  ئه‌م  هه‌موو شه‌ڕه‌سیاسییه‌ بۆ له‌سه‌ر ئه‌م پۆسته‌ ده‌که‌ین  ئه‌ی گه‌ر ئه‌و پۆسته‌  خزمه‌تێکی مه‌عنه‌وه‌ی و مه‌بده‌ئی له‌کێشه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان  نه‌کات خه‌ڵک بۆ له‌هه‌موو کوردستان ئاسمان بکاته‌ ئاگر و ئاهه‌نگی خۆشی، ده‌کرێت  کوردێکی سه‌رۆک کۆمار له‌عێراقدا به‌پێی سه‌نگ وقورسایی خۆی  ته‌مسیل و نوێنه‌رایه‌تی کوردی بکات ،ئه‌ی ئێمه‌ناڵێین  ئه‌وپۆسته‌ ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌ک حیزبی وئینتیخابی.  چوارساڵی ئاینده‌  وه‌ڵامی  ڕه‌خنه‌گیرییه‌کی فراوان  یان ده‌ستکه‌وته‌کانی خولیکی نوێی سه‌رۆکایه‌تی  مام جه‌لال ده‌بێت له‌عێراقدا ، ئومێدده‌که‌م ئه‌م نوسینه‌ له‌ڕه‌شیبینی وکورتبینییه‌وه‌ نوسرابێت و ده‌ستکه‌وت ومه‌ئمورییه‌تاکانی تاڵه‌بانی ببینین  تاله‌وه‌ی بکه‌وینه‌ ناو گێژاوی له‌ده‌ستدانی ده‌ستکه‌وته‌کان

مه‌سعودبارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ یاسای ژماره‌ (2)ی ساڵی(2006) به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه، بۆیه‌  ڕۆژی 11/11/2010   خه‌ڵکی کوردستان که‌مپینیان به‌ڕێخست به‌ناوی سه‌رۆک ئیمزای مه‌که‌ ‌‌،به‌پێی یاساناس وچاودێرانی سیاسی پرۆژه‌یاسای خۆپیشاندانه‌کان که‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌رداوه‌ و ڕه‌وانه‌ی لای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کراوه‌ ،یه‌کێک له‌بڕگه‌ مه‌ترسیداره‌کانی ئه‌وپرۆژه‌یاسایه‌  به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادی خۆپیشاندانه له‌کوردستان،ته‌نها نمونه‌و کاڵایه‌ک که‌خودی مه‌سعودبارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم له‌کۆڕوکۆبوونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وسه‌رمێزه‌کانی گفتوگۆکان  گره‌وه‌ی سیاسی له‌سه‌رده‌کات و وه‌ک کارتێکی سیاسی ڕای ده‌کێشت وشانازی پێوه‌ده‌کات ئه‌و ئه‌زموون تروسکاییه‌ له‌ئازادی  که‌به‌رهه‌می قوربانی و ئیراده‌ی  خه‌ڵکی کوردستانه‌ ، ئیدی له‌پای چی خه‌ڵکی کوردستان که‌مپین وهه‌ڵمه‌تی ئیمزاکۆکردنه‌وه‌ به‌ڕێ بخه‌ن به‌ناوی سه‌رۆک ئیمزای مه‌که‌.ئێ خۆی خه‌ڵکی کوردستان له‌هه‌رناڕه‌زایه‌تی وڕێپێوانێکی جه‌ماوه‌ریدا که‌له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا ئه‌م 19ساڵه‌ به‌ڕێی خستووه‌ ،بۆمافه‌سه‌رتاییه‌کانی وه‌ک ( ئاو،کاره‌با،،موچه‌،نیشته‌جێبوون،کار، ئازادی نوسین وڕاده‌ڕبڕین) بووه‌ نه‌وه‌ک بۆئاڵوگۆڕی سیاسی و له‌ته‌خت ده‌رپه‌ڕاندنی ده‌سه‌ڵات

گه‌ر به‌ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم   نه‌توانرێت ناڕازایه‌تی ده‌ڕبڕینی   جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک بۆمافه‌سه‌رتاییه‌کان بێته‌سه‌رشه‌قام تا به‌مۆڵه‌ت وه‌رگرتن وفلته‌رێکی پۆلیسی دا  نه‌ڕوات، ئیدی  ئه‌مه‌ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی پانتایی ئازادییه‌کانی خه‌ڵک ومافی مرۆڤه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی   که‌هه‌مووڕۆژێک به‌میدیای جیهان وشانده‌ دبلۆماسییه‌کان ‌ ده‌ڵێین کوردستان نمونه‌یه‌که‌ له‌ئازادی ؛؛؛؛

 ڕۆژانێک کورد خه‌وی به‌وه‌ ده‌دی که‌ سه‌رۆک و سه‌رکرده‌یه‌کی له‌مه‌حفه‌ل و کۆبونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا بناسرێت و پێشوازی لێبکرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ کورد له‌جیاتی یه‌ک سه‌رۆک  دووسه‌رۆکمان هه‌یه‌ ،مام جه‌لال  سه‌رۆک کۆماری عێراقه‌ له‌به‌غدا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ له‌کوردستان،ئه‌مه‌ش دوور له‌وه‌ی بخرێته‌  نێو دوکه‌وانه‌وه‌ و  وه‌ک ته‌نز وه‌ربگیرێت یان خوێندنه‌وه‌ی ته‌لخی بۆبکرێت و مامه حه‌مه‌یی پێوه‌بکرێت،خه‌ڵکی کوردستان زۆر له‌وه‌ زیاتر ماف وئه‌رکیان له‌ودووکه‌سایه‌تییه‌ ده‌وێت که‌ئه‌مڕۆله‌ومه‌ئموریه‌ته‌دان ،نه‌وه‌ک به‌پاڕانه‌وه‌و که‌مپین به‌ڕێخستن دوابکرێت  سه‌رۆک ئیمزای یاسای خۆپیشاندان مه‌که‌  یان  سه‌رۆک کۆمار  ئه‌جنده‌ی ئه‌م خوله‌ی سه‌رۆک کۆماریت وه‌ک سه‌رۆکی عێراقێکی عه‌ره‌بی مه‌به‌ره‌پێشه‌وه‌،به‌ڵکو عێراقێک که‌ کورد تێدا به‌شداری سه‌ره‌کییه ،که‌واته‌ هه‌ردووجه‌نابی سه‌رۆک خه‌ڵکی کوردستان ‌زیاترله‌گفتار کرداریان دوه‌ێت

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 680  ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی گۆشه‌ی هه‌ناسه‌   بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

 

فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕشید
faraidun_73@hotmailcom

Previous
Next

Leave a Reply