Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

هه‌نگاوێکی تر به‌ره‌و کۆنترۆڵ

Be First!
by October 15, 2010 گشتی

له‌سێ مانگ پێش هه‌ڵبژاردنی( 25 ــ 7 ـ 2009) و له‌نوسینێکم دا  ، له‌ چه‌پته‌ری دووه‌می ئه‌و بابه‌ته‌دا ، باسی ئاسۆی مۆنۆپۆلک کردنی جۆرێکی ده‌سه‌ڵاتم کردبوو له‌لایه‌ن سه‌رۆکی حیزبێکه‌وه‌ ، به‌پیاده‌کردنی سیستمی سه‌رۆکایه‌تی له‌هه‌ڵبژاردنی ناوبراودا له‌وێدا ئه‌له‌ند و به‌ره‌به‌یانی پێشبینیه‌کم ئاماژه‌ پێ دابوو ، تاده‌گات به‌ ئه‌م ڕۆژه‌ی ئێستا ، که‌ فه‌سڵه‌کانی تری هه‌ژمونگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حیزبه‌ی تیاده‌نوسرێته‌وه‌ ، بۆیه‌ ده‌مویست  سه‌ردێڕی نوسینه‌که‌شم له‌ ڕسته‌یه‌کی ناو ئه‌و چه‌پته‌ره‌وه‌ هه‌ڵبژێرم به‌ ده‌سته‌واژه‌ی (چه‌ند قه‌زون بخون به‌گوێزێک ده‌تان گرمه‌وه‌) ، بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌و باسه‌دوپات ناکه‌مه‌وه‌ و پاش تێپه‌ڕ بونی نزیکه‌ی ساڵ و نیو به‌سه‌ر پێشبینی ئه‌و نوسینه‌دا ، لێره‌دا رێچکه‌ی نوماکراوی نوسینه‌که‌ ته‌واوده‌که‌م و (خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌لینکی  تێبینی و له‌ دامێنی ئه‌م بابه‌ته‌دا ، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و نوسینه‌مان ) ((*)).

{ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ، بۆچی ، ده‌ خوازێت له‌نێو په‌ڕله‌مان دا ،
به‌زۆرینه‌ی   ساده‌ی(50+1) یاسای پێکهێنانی لیژنه‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان تێ بپه‌ڕێنێت؟!! }

له‌ هه‌ڵبژاردنی( 25 ــ 7 ــ 2009) دا سه‌رۆکی پارتی ، توانی به‌بێ گرێ و گۆڵ( سیستمی سه‌رۆکایه‌تی)  تێ بپه‌ڕێنێت ، دواتریش زۆر به‌چاکی لێ ڕازی بونی خۆیه‌وه‌ لێی ده‌رچێت .
به‌ڵگه‌ی ڕازی بونه‌که‌ی به‌جۆرێکه‌ ، که‌ له‌زوربه‌ی بۆنه‌ ی پێویست و ناپێویست دا ،  ژماره‌ ڕێژه‌ی ( 70 % ) ده‌نگده‌رانی  به‌ده‌ستهاتووی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌  ده‌داته‌وه‌ به‌چاوی نه‌یاره‌کانی دا و ، کردویه‌تی به‌ بنکه‌ی بڕیارو هه‌نگاوه‌کانی خۆی و حیزبه‌که‌ی .

چۆن سه‌رۆک و حیزبه‌که‌ی سود له‌ و پێگه‌یه‌ وه‌رده‌گرن ؟

سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراو توانی خۆی له‌ژێر نیرو لێپرسینه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان به‌ئاسانی ده‌ربهینێت ، به‌ بی به‌رهه‌ڵستیه‌کی ئه‌وتۆ و به‌خشکه‌یی ((سیستمی سه‌رۆکایه‌تی)) سه‌پاند به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری هه‌ڕیمه‌که‌دا ، ( هه‌رچه‌نده‌  به‌رهه‌ڵستیه‌کی  ژێر لێو ، یان ده‌نگێکی شه‌رمنانه‌ی لیستی تازه‌سه‌رهه‌ڵدراوی بزوتنه‌وی گۆڕان له‌و بواره‌دا هه‌بوو ، به‌ڵام له‌به‌ر ده‌ڵه‌مه‌یی و نه‌مه‌یوی بزوتنه‌وه‌که‌ له‌وه‌نده‌ زیاتری پێ نه‌کرا ، مه گه‌ر لا به‌لا ، ئاره‌زویه‌کی  نیشان دابێت  بۆ  که‌ندیده دژبانانه‌کانی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ، وه‌کو به‌ره‌هه‌لستیه‌کی نێگه‌تیڤانه‌ ، له‌وانه‌ که‌سایه‌تی له‌خۆبوردوی وه‌کو (دوکتۆر که‌مال میراوده‌لی) که‌ ده‌نگێکی به‌رچاوی له‌ چاو تازه‌ئه‌زمونی کاری سیاسی خۆی دا ، به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ سه‌رخه‌رمانی ‌دانپیانانێک به‌ناڕاسته‌وخۆیی  له‌ سه‌رئه‌و سیستمه‌ ی که‌ سه‌رۆکی پارتی زۆر به‌خورتی بۆ خۆی قۆست بویه‌وه‌ ).

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ، له‌به‌رامبه‌ر تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بڕیاره‌دا ، وه‌کو  په‌نده‌ عه‌ره‌بیه‌که‌ی لێ به‌سه‌ر هات بوو  ، له‌ گێڕانه‌وه‌که‌ی دا ، به‌وه‌ی

که‌سی ناچار ده‌ڵێت :
((ماڵم به‌کۆڵی حوشتره‌وه‌ بوو ، ده‌بوایه‌ منداڵه‌کانیشم بناردایه‌ته‌ قوتابخانه‌)) .

ئێستاش ماکی چۆڵی و به‌ره‌ڵایی ئه‌و پاوه‌نه‌یه‌ ، وا به‌م جۆره‌ی ئێستائاگر به‌رده‌داته‌ پوشی خه‌رمانی  ویست و ئازادی میلله‌ت و جه‌ماوه‌رێک ،  ده‌یانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دواوه‌ی زه‌مه‌ن و ده‌یانکاته‌وه‌ به‌ ڕه‌عیه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی تاکڕه‌وی له‌ سیستمه‌ به‌سه‌ر چوه‌کان دا .

به‌هۆی  ده‌ست کرانه‌وه‌ی سه‌رۆکی پارتی به‌ده‌ستهینانی ڕێژه‌ی گوشادو پڕ له‌ فه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی %70 ده‌نگده‌ران ، که‌ به پێی سه‌ره‌نجامه‌که‌ی دیاره‌ به‌شێک له‌ ده‌نگه‌کانی هی دووحیزبه‌که‌ی تری ئۆ پۆزیسیۆن بووه‌ که‌ هه‌ردوو حیزبه‌ ئیسلامیه‌کانن ، چونکه‌ ئه‌وان هیچ ده‌ربڕینێکیان نه‌بوو دژی سیستمه‌ سه‌رۆکایه‌تیه‌ سه‌پێنراوه‌که‌ . ئێستاش ئه‌و توله‌ ماره‌یه‌ ، گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ گه‌ردنی ئه‌وانیش .

هه‌روه‌ها سه‌رۆکی پارتی به‌هۆی لیستی هاوپه‌یمانیه‌وه‌ توانی ده‌سه‌ڵاتی  هه‌ریم بباته‌وه‌ به‌هۆی به‌ده‌ستهینانی ژماره‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ره‌کانیه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئۆپۆزیسیۆن دڵخۆش و گه‌شبین بوو به‌ ڕێژه‌یه‌کی ده‌نگ به‌ده‌ستهێنان له‌چاو خولی پێشوی 2005دا  به‌تایبه‌ت به‌هۆی لیستی تازه‌ په‌یدا بووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ .

به‌ڵام ئه‌و گه‌شبینیه‌ی ئۆپۆزیسیۆن کاتێک کاریگه‌ری مه‌یدانی ده‌بوو ، که‌حیزبی سه‌رۆک و هاوپه‌یمانیه‌که‌ی له‌ڕیگای گه‌مه‌ دیموکراتیه‌کانه‌وه‌ وه‌کو ‌دارده‌ست و ئامرازێک نه‌بونایه‌ ، به‌ ده‌ستی سه‌رۆکی هه‌لبژێردراو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌یه‌وه‌ ، بۆ سه‌روگوێلاک کوتانه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن  و  به‌رته‌سک کردنه‌وی ئازادی ڕاده‌ربڕێن مۆنۆپۆل کردنی ده‌سه‌ڵاتی حوکومه‌ت و سامانی ئابوری ووڵات و میدیای ڕاگه‌یاندن .

که‌دواترین هه‌نگاوی له‌و بواره‌دا ، (( مۆنۆپۆل کردنی یاساکان)) باشترین ناوێکه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ترسناکه‌ی ده‌سه‌ڵات .

به‌تایبه‌ت ، له‌ سه‌پاندی یاسایه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کورستان . له‌ڕێی ده‌نگدانی په‌ڕله‌مانه‌وه‌ ، به‌زۆرینه‌ی ساده‌ی (50+1) . له‌وێدا ، ‌به‌ئاسانی فراکسیۆنی لیستی هاوپه‌یمانی ، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی بۆ فه‌راهه‌م ده‌بێت  ، له‌ ڕێی کورسیه‌کانیه‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان بێ لایه‌ن نیه‌و سه‌ر به حیزبه‌که‌یه‌ ، له‌ دواندنه‌کانی دا به‌ ڕونی ده‌ڵێت : (( ئێمه‌ حه‌قی خۆمانه‌ لیژنه‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی خۆمان هه‌بێت )) .

له‌دیوێکی دا ئه‌م ده‌ربڕینه‌ ، وادیاره‌ دڵسۆزیه‌که‌ بۆ نه‌ته‌وه‌و هه‌نگاوێکه‌ بۆ ئامانجی به‌رزی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام له‌ ژێر لێوه‌وه‌ ‌بزه‌یه‌کی مه‌کراوی ، هه‌یه‌ .

وه‌کو  عه‌لی ئه‌بو تالیب به‌ موعاویه‌ ئه‌ڵیت :
(( یقول الحق ویراد به‌ الباطل)) ــ ڕاستیه‌ک ده‌ڵیت که‌ چه‌وتیه‌کی له‌ نیازدایه‌ ــ  ، هه‌روه‌ها کاتێک ئۆپۆزیسیۆن داوای رێژه‌ی زۆرینه‌ی ڕه‌هاو  دوو له‌سه‌رسێی ده‌نگه‌کان ده‌کات بۆ پیاده‌کردنی یاساکه‌ ، لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری ناو په‌ڕله‌ما به‌ په‌ستی و نیگه‌رانیه‌وه‌، ده‌ڵێت:
((با ڕێژه‌ی له‌ سه‌دا ، نه‌بێت به‌ پیشه‌ له‌ په‌ڕله‌مان دا)).
له‌په‌ستی و نیگه‌رانیه‌کی وه‌هاوه‌ دژی زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌رسێ ، ده‌زانرێت سه‌ری ئه‌م کاروانه‌ به‌ره‌وه‌ چی خانێک ده‌چیت که‌تیایدا ئابڵوقه‌دان و سڕینه‌وه‌ی که‌مینه‌ تیاجێ به‌جێ ده‌کرێت ، ‌ دیکتاتۆری زۆرینه‌  تیایدا خاوه‌نی ماڵه‌.
یان خاتونی سه‌رۆکی فراکسیۆنی لیستی ده‌سه‌ڵات ، به‌ده‌ربڕینی خۆی ده‌ڵێت ، هه‌موو ئه‌م داوایانه‌ی ئۆپۆزیسۆن ناشه‌رعین ،کێشه‌که‌ خڕ ده‌کاته‌وه ، وه‌کو ده‌ستێکی چه‌ورو په‌ڵۆخ ده‌یسڕێت به‌سه‌ر ته‌نیا لیستێکی ئۆپۆزیسیۆن دا ((**)).

دروست کردنی لیژنه‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ، له‌ڕێگای په‌ڕله‌مان و یاساکه‌یه‌وه‌ بۆ دروست کردنی لیژنه‌یه‌که‌ ، چیتر ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌بێت به‌سه‌ر دوا جومگه‌ی دیموکراتی دا ،  که‌ ئه‌ویش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستاو ده‌ست کردنی به‌ ئاشتی .

له‌ڕێگای ئه‌و یاسایه‌وه‌ ، لیژنه‌یه‌ک ده‌توانرێت دروست بکرێت که‌ سه‌ر به‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ‌بێت یان به‌لانی که‌مه‌وه‌ ڕامکراو ده‌سه‌ته‌مۆی خۆی بێت و له‌وێشه‌وه‌ بتوانن ، به‌پێی مه‌رام وبه‌رژه‌وه‌ندی  حیزبه‌که‌ وه‌ ، ڕێچکه‌کانی  پیاده‌ کردنی هه‌ژمونگه‌ری ده‌سه‌ڵات به‌ڕێبکه‌ن ، به‌وه‌ی کات و نماینده‌کانی   هه‌ڵبژاردن (له‌ حیزب و لایه‌ن و که‌سانی تاک) له‌ژێر بڕیارو به‌زه‌یی ئه‌و لیژنه‌یه‌دا ده‌بێت  به‌پێی گونجانی له‌گه‌ڵ ئه‌جیندای حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار دا ،   له‌شێوازی ( لیژنه‌ی خوبره‌گانی ته‌شخیسی مه‌سله‌حه‌تی نیزام) ی ئێرانی ، که‌ عه‌زڵ و نه‌زڵی کاندی به‌ که‌یفی خۆیان ده‌بێت .

ئه‌گه‌رڕونتری بکه‌ینه‌ وه‌ ، له‌ ڕێگای ئه‌و یاسا سه‌پێنراوه‌که‌وه‌‌ ، لیژنه‌یه‌ک پێک ده‌هێنرێت ،ده‌توانێت هێڵی ئاسنی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ده‌سه‌ڵات پێکده‌هێنێت ، که‌ فارگۆنه‌کانی ‌ لیستی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن ده‌باته‌وه‌ بۆ  به‌رماڵ و وێستگه‌ی تاکه‌ حیزبێک .‌

به‌کورتی شه‌ڕی لوتکه‌ هاتۆته‌ پێده‌شت و سه‌رۆک له‌ زوو تره‌وه‌ مشوری ئه‌م بردنه‌وه‌ی خواردووه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌م کاته‌دا که‌ شه‌رعه‌یه‌تی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌ جیهان دا که‌وتۆته‌ عێراقه‌وه‌  .  عێراقیش چه‌ند مانگه‌ له‌ بۆشایی ده‌ستوری دایه‌ و بووه‌ به‌ بازاڕێکی شێواو بۆ ڕایی کردنی مامه‌ڵه‌  گوماناویه‌که‌ی  حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم .

له‌ئێستاو له‌ عێراقێکی وادا ، که‌ مۆدێلی ده‌سه‌ڵات و کورسی جێی هه‌موو   ماناکانی تری ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی له‌ خزمه‌تگوزاری  پڕ کردۆته‌وه‌ .

له‌ وبارو دۆخه‌دا و به‌سێ پێگه‌ی گرنگ ، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و  به‌تایبه‌ت لایه‌نی پارتی چاک ده‌زانێت  ( بریانی یه‌که‌ له‌کوێوه‌ بخوات ) .

یه‌که‌میان :ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێم وه‌کو  سیستمی سه‌رۆکایه‌تی  .
‌  دوه‌میان  : به‌ ده‌سه‌ڵاتی حوکومه‌تی پێکهێنراوی  خۆیانه‌وه‌ .
سێهه‌میان : به‌ لیستی زۆرینه‌یه‌ی په‌ڕله‌مانیه‌که‌یانه‌وه‌ .

به‌ گه‌مه‌کانی دیموکراتی ، جیاواز له‌ ململانێ جه‌نگه‌ ناوخۆی یه‌ خوێناویه‌کلاسیکیه‌کانی جاران،  هه‌نوکه‌بارێک هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ که‌ فیرده‌وسێکه‌ بۆ هاتنه‌دی خواستی‌ ده‌سه‌ڵاتی تاکڕه‌وی له‌ مێژینه‌یان .
به‌ مۆدێلی مۆدێرنی سه‌رده‌م ، هه‌روه‌کو پێشوتر خستمانه‌ ڕوو ، سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ حیزبه‌که‌یه‌وه‌ له‌ ڕێی ده‌زگای په‌ڕله‌مانه‌وه‌ ، پێمان ده‌ڵیت((***)) :

( چه‌نده‌ زۆر قه‌زوان بخۆن ، من به‌گوێزێک ده‌تان گرمه‌وه‌ !!!!).

12 ــ 10 ــ 2010

saidaraf@hotmail.com

ســـــــــــه‌رنج
ـــــــــــــــــــــــــــ :

((*))
سیستمی سه‌رۆکایه‌تی لای( مالیکی)یان له‌ کورستانی هه‌رێم

http://sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=1642&AuthorID=416

((**))
ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط)

http://www.aawsat.com/details.asp?section=4&issueno=11640&article=590414&feature=

((***))
به‌ناو هێنانی حیزبێک و سه‌رۆکی حیزبێک له‌م نوسیه‌نه‌ی سه‌ره‌وه‌دا  ، ده‌بێت ئه‌وه‌ ڕون بکه‌وه‌مه‌وه‌ من دژی هیچ لایه‌کیان نیم  و نابم ، به‌ڵام به‌ئه‌رکی ئه‌خلاقی خۆمی ده‌زانم به‌رهه‌لستی هه‌موو ڕێچکه و ڕێگه‌هه‌نگاوی حیزب و که‌س و لایه‌نێک بکه‌مه‌وه‌ که‌به‌ره‌وه تاک حیزبی ، له‌بابه‌ته‌کانی حیزبی پێشه‌نگ و پێشه‌وای تاک و ته‌نهاو ، یان ڕووه‌و مه‌نزڵ و هه‌واره‌کانی تاکڕه‌وه‌ی و ئیستیبدادو دیکتاتۆری کاروان به‌ڕێ بکات .

Previous
Next

Leave a Reply