Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

هەرەس،شۆڕش!….. کازم قادر

Be First!
by February 23, 2011 گشتی

بەپێچەوانەی درۆ و چەواشەو ڕیاکارییەکانی بۆرژوازیی و قەڵەمە بێشەرم و چڵێسەکانیان،کە مێژوویێکە جاڕی مەرگی شۆڕش دەدەن و وەک ئامرازێکی کۆن و بەسەرچوو بە دونیایان دەناساند،ئەمڕۆ شۆڕش و مەشخەڵی شۆڕشی بەشمەینەتان و تینووانی ئازادیی و ژیانێکی باشترو بەرابەر،لە یەکەم دەرکەوتەو یەکەم چەخماخەیدا هەرەسی بە دوو دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ستەمگەر هێنا.هەموو دونیا گوێی لە هاژەی هەرەس و لە قرچەقرچی شکانی ئیسک و پروسکی پەیکەری دەسەڵاتی دوو دیکتاتۆر بوو کە بەپێچ چاویانەوە دادەڕزان!ئێستا ئیتر پرۆسەیەکە دەبێت و پێویستە هەموو ئەوانەش کە بە ناوهێنانی زاراوەی شۆڕش تەزوو بە گیانیاندا دەهات،ناچارن پێ بە جەرگی خۆیاندا بنێن و لە قسەوباس و نوسین و لێدوانەکانیاندا ناو و چەمکی شٶڕش بهێنن.مرۆڤایەتیی جارێکیتر دەبێتە بکەرو شاهێدی بورکانی شۆڕشەکان،ئیتر زەمین حەوسەڵەی ئەم باری تاوانەی نەماوە،زەمینەو ڕەوایەتیی شۆڕش لە هەناوی ڕەشی ئەم دونیاو سیستەمە نابەرابەرو سەروخوارەدایە، نەک لە سەری بچووک و لە قەڵەمی قەزەمی ئەو کەسانەی بۆ مشتێک زێڕو وردە ئاسن بیانەوێت شۆڕش و تارمایەکەی بە وەهم بکەن.
شۆڕش لە تونس و میسردا ڕوداوێکی ڕەها گەورەیە.گەورەیی ئەو شۆڕشانە تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە دوو دەسەڵاتی سەرکوتگەر ڕوخان،بەڵکو دیوێکیتری کاریگەری ئەو شۆڕشانەو ئەوانەش کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویێکی نزیکدا ڕووبدەن،ڕوودان و نماییش بوونیانە لە پێش چاوی دونیا،شۆڕشن لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای سەرسوڕهێنەری پەیوەندیی و گەیاندن.ئەوەیە کە مرۆڤەکانی ئەوسەری دونیا هەست دەکەن بەشێکن لە شٶڕش و کاریگەریی دادەنێن و کاریگەریی وەردەگرن،فەزای پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی جەرگەی شۆڕش،یەکسانە بە خولقاندنی سایکۆلۆژیی شۆڕشگێڕانە لە تەواوی دونیادا.شۆڕش لە تونس و میسردا ئەوەشی پێڕاگەیاندین کە تەکنۆلۆژیا تەنها ئامرازێک نییە بە دەستی دەسەڵاتدارانەوەو هەر ئەوان کەڵکی لێوەربگرن،بەڵکو لە کات و ساتی خۆیدا دەبێتەوە بە ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بە دەستی خەڵکەوە بۆ وێرانکردن و هەڵتەکاندنی خودی سیستەم.لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤایەتیی لە سەرەتای شۆڕشێکی نوێدایە،شۆڕش لە سەردەمی تەکنۆلۆژیاو یەکبوون و جیهانگیرییدا.
 شۆڕشی نوێ خەسڵەتگەلێگی هەیە کە تەواو جیاوازە لە ئاکام و خەسڵەتەکانی شۆڕشی کلاسیک.ڕوویەکی ئەو جیاوازیانە ئەوەیە کە شۆڕشەکانی کلاسیک هەردەم خوێناویی و توندوتیژ بوونەو بە هەزاران مرۆڤی تێدا کوژراون،بەبێدەنگیی ڕوویانداوە،خاوترو کەم کارییگەرو درەنگتر کاریگەرییەکانی دەرک کراوەو گوازراونەتەوە بۆ شوێن و وڵاتانیترو…تاد.بەڵام بەپێچەوانەی کلاسیک،شۆڕش لە سەدەمی تەکنۆلۆژیادا دەکرێت کەمترین خوێن و دەکرێت هیچ خوێنێکی تێدا نەڕژێت.ئەوەش کە وا دەکات شۆڕشەکان توندوتیژ نەبن ڕوودان و نماییش کردنیانە لە پێش چاوی دونیا،چوونکە تاوان،ئەشکەنجەدان،کۆی کوشتن و کۆکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی،هەردەم بە دزییەوەو لە پشتی دیوارو شوێنە تاریکەکاندا ئەنجام دراون و بەرێوە چوونە.کەم تاوان هەیە بە ئاشکراو بە پێش چاوی دونیاوە ڕوویدابێت،ئەو تاوانە ئاشکرایانەش کە ئەنجام دراون بە پشتیوانیی و پاساوی یاساو دەستورەکان  بەڕیوەچوونە.بەڵام لە سات و فەزای شۆڕشدا(شۆڕشی نوێ)شکۆی یاساو دەستورەکان دەشکێت،نە خەڵکی شۆڕشگێڕ نرخی بۆ دادەنێت و نە خودی دەسەڵاتیش توانای بەرگرییکردنی لێدەبێت.لەم ڕووەوە بەرجەستەترین نمونە درۆ و پاشەکشە یەک لە دوای یەکەکانی حوسنی موبارەک بوو،بەڵام ئاپۆرەی شٶڕشگێڕ و فەزای شۆڕشگێڕانەی شۆڕش،بە بەرزکردنەوەی پێڵاوەکانیان وەڵامی موبارەکیان دەدایەوە.بە مانایێکیتر ئیتر شۆڕش لە تاریکییدا ڕوونادات تا دژە شۆڕش بە ئارەزووی خۆی شۆڕشگێڕان کۆ کوژیی و نوقمی خوێن بکات،بەڵکو شوێنگەی شۆڕش لە سەکۆی شانۆیەک دەچێت کە هەموو بینەرێک دەتوانێت تێبگات،بزانێت و ببینێت چ ڕوو دەدات،لەوەش گرنگتر ئەوەیە دەتوانێت ڕٶڵ بگێڕێت و کارەکتەرێکی ڕەمزیی و نیوە بەرجەستەش بێت کە هیچ هێزێک نەتوانێت ڕێگە لە بەشداریی کردن و ڕٶڵ گێڕانی بگرێت،بە شانۆ بوونی شۆڕش کە یەکێک لە خەسڵەتە نوێیەکانی شۆڕشی نوێیە،فەزایەکی سایکۆلۆژیی دەخولقێنێت کە دەسەڵات و ستەمگەران نەتوانن بە ئاسانیی  دەست بۆ هەموو سەرکوتێک و هەموو ئامرازێکی کوشتن و تۆقاندن ببەن.
لەم ڕوانگەیەوە بە بۆچوونم جارێکیتر لەلایێک بەهاو خۆشەویستییەکی بێوێنە بۆ شۆڕش گەرایەوەو مشتێکی کارییگەریش بە دەمی هەموو ئەوانەدا درا،کە کوێرانە باسیان لە ناشیرینی شۆڕش و توندوتیژییان لە شۆڕشدا دەکرد.لایێکیتریش ئەوەیە پێویستە لە ئاوێنەی شۆڕشی نوێدا کە لە هەردوو شۆڕشی تونس و میسردا بینیمان، جارێکیتر چەمکی شۆڕش و خەسڵەت و بەهاو کارەکتەرەکانی شۆڕش بخرێتە بەرباس و لە ڕوانگەیێکی تیۆرییەوە هەوڵی ناسینەوەو پێناسەکردنەوەی خەسڵەت و زەمینە تازەکانی بدرێت.
بژی شۆڕش.
کازم قادر
22.02.2011

Previous
Next

Leave a Reply