Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی كورد بۆ مالیكییە

Be First!
by December 14, 2008 گشتی

 هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی كورد بۆ "مالیكی"یە
 سەنگەر زراری

 sangarzrary@gmail.com

 بەوەدا كە من رۆژانە بە پاس و تەكسی هاتووچۆ دەكەم، لە بەرپرسەكان زیاتر خەڵكی هەمەجۆر و زۆربەی چین و توێژەكان دەبینم و قسە و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەم.
 لێدوانەكانی ئەم دواییەی "نوری مالیكی" سەرۆك وەزیرانی عێراق، ناوەندی سیاسی و سەركردایەتی كوردستانی زۆر توڕە كرد، بەڵام ئایا بەهەمان شێوەی سەركردە سیاسییەكان، خەڵكی سەرجادەش بەم قسانەی مالیكی تووڕەبوون؟ ئەگەر بەڵێ، چۆن و ئەگەر نەخێر، بۆچی؟ با جارێ لەو پرسیارە گەڕێین.
 سەركردایەتی سیاسی كورد، پێكهێنانی فەوجەكانی (ئیسناد)ی لەلایەن "نوری مالیكی" بەتووندی رەت كردەوە و بە (جاشایەتی) و (نادەستووری) لە قەلەمی دا، ئەمە بووەهۆی تووڕەبوونی مالیكی و وای لێكرد كە مالیكی بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات ساڵانێك لە غەریبی لەگەڵ كورد هاوخەبات بوونە و كورد لە حكومەتەكەی ئەو بەشدارن و بێ ئەوەش گوێ بەوە بدات كە حزبەكەی ئەو (حزبی دەعوە)، هاوشانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، لەگەڵ هەردوو حزبی گەورەی كوردی (پ. د. ك) و (ی. ن. ك) لە هاوپەیمانێتییەكی چوارقۆڵی گەورەن لە عێراق، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گرێدا و (وەك خۆی گوتی) بەشێك لەو سەرپێچییە دەستووریانەی خستەڕوو كە كورد لە عێراق ئەنجامیان داوە، "مالیكی" باسی ئەوەی كرد كە لەو شوێنانەی زیاتر لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی كوردین، هێزە كوردییەكان رووبەڕووی هێزەكانی عێراق دەبنەوە و گوتی: "ئەمە كارێكی نادەستوورییە". دەربارەی گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستانیش لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان (كە تا ئێستا مالیكی قسەی لەسەر نەكردبوون). گوتی: "ئەم گرێبەستانە نادەستوورین و پێم سەیرە ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كۆمار تا ئێستا لێیان بێدەنگە". "مالیكی" چەند شتێكی دیكەشی باس كرد و هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر زۆری بۆ بێنن، زیاتریشی پێیە باسیان بكات.
 ئەم گرێبەستە نەوتییانە كێشمەكێشی زۆری ناوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئایا دەستوورین یان نادەستووری؟ ماوەیەك دەمەقاڵییەكی ناڕاستەوخۆی تووند لە نێوان سەركردە كوردەكان و (حوسێن شەهرستانی) وەزیری نەوتی عێراقی، لەسەر هەمان بابەت هەبوو، راگەیاندن و سیاسییە كوردییەكان وا باسی شەهرستانیان دەكرد كە زیادەڕەوی دەكات و كارەكەی ئەوان دەستوورییە، ئەمە بەبێ ئەوەی كاری گرێبەستەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان روون بكەنەوە، بۆیەش (شەهرستانی) لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری لڤین گوتبووی "ئەگەر سەركردە كوردەكان راست دەكەن، گرێبەستە نەوتییەكانیان بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، با رێگە بدەن خەڵكی كوردستان ئاگای لە ناوەرۆكی ئەو گرێبەستانە بێت". دەربارەی ئەوەش كە بەرپرسە كوردەكان گوتوویانە: ئەگەر شەهرستانی راست دەكات، با بیسەلمێنێ كە گرێبەستەكان نادەستووریین. "شەهرستانی" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ ئەوەی بێت لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە بسەلمێنێ و دەڵێت "بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت، وەڵامی ئەو داواكارییەیان نەدامەوە". (لڤین، ژمارە 66، ئایاری 2008)
 بەهۆی ئەو زوڵم و زۆردارییەی كە لەلایەن عەرەبەوە لە كورد كراوە، كورد ماوەیەكی زۆر رقی لە هەموو عەرەبێك بوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەیڵێم كە ئێستا وانییە، ئێستا خەڵكێكی زۆر بەهۆی ئەوەی ناحەقی بەرامبەر كراوە، لە حكومەتی كوردستان رازی نییە و بێزارە، خۆپیشاندانی رۆژانەی چین و توێژە جیاجیاكانی خەڵكی كوردستان شایەتی ئەو قسەیەی منن، لێرەشەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارەی لەسەرەتای ئەم نووسینەدا خستمەڕوو، ئایا خەڵكی ئاسایی سەرجادە بە لێدوانەكانی مالیكی تووڕە دەبن؟ بێگومان لێرەدا وەڵامەكە بە (نەخێر) دەبێت. ئەمەش جێگای خۆشحاڵی نییە، بەڵكو پێویستی بەوەیە دەسەڵاتدارانی كورد بەخۆیاندا بچنەوە، ئێستا خەڵكی وەكو جاران بە حەماسەوە لە مالیكی تووڕەنین، قسە بە عەرەب و حكومەتی عێراقی و مالیكی و شەهرستانی و… ناڵێن بەهۆی ئەوەی دژی كوردن، بەڵكو رۆژانە لە زۆر كەس دەبیستم كە دەڵێن لێگەڕێ باكورد وای لێبێت، ئەوەی هەبێت بۆ گیرفانی بەرپرسەكانە و هیچی بۆ ئێمە نییە، با مالیكی وایان لێ بكات!!
 بێگومان ئەم خەڵكەی ئێمە خائین و خۆفرۆش نین، بەڵكو لەخەفتدا وا دەڵێن و بێزارن لە ژیان و حاڵی خۆیان، بۆیە حكومەتی كوردی پێوستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە.
 لەگەڵ تەكسیەك سوار بووم، شوفێرەكە پێی گوتم: "لێگەڕێ هەر مالیكی بۆ ئەمانە باشە، حكومەتی كوردی، سێ فێڵی تەنها لەمن كردووە كە تاكە كەسێكم و چەند ساڵ پێشمەرگە بووم، یەكەم: پێی گوتم خانەنشین بە، (80%)ی مووچەكەت بۆ دەگەڕێنینەوە.. وانەبوو! دووەم: ئەو شڕە تەكسیەم كڕی تا بژێوی ماڵ و منداڵمی پێ پەیدا بكەم، ئێستا دەڵێن بۆت نوێ ناكەینەوە و دەبێ فڕەی بدەم. سێیەم: كوڕەكەم چەند ساڵێكە تەخەڕوجی كردووە و داینامەزرێنن، تۆ بڵێی چەند كەس هەبێ لەمنی خراپتر بەسەر هاتبێ".
 شوفێرەكە بەتووڕەییەوە تەماشای منی كرد و دەستی هەڵتەكاند و گوتی "مادام ئەوهابی، كو لە ئینتیخابی دادێ دەنگ نادەمە مالیكی و دەدەمە كوردان، خۆ هەر نەبی معاشەكەی بەرێكوپێكی دەدا".
 

Previous
Next

Leave a Reply