Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
وانەی دووهەمی چاڕلی چاپلن بۆ دەسەڵاتدارانی كورد

وانەی دووهەمی چاڕلی چاپلن بۆ دەسەڵاتدارانی كورد

Closed
by March 4, 2011 گشتی

 
چاپلن بۆیە  چووە ناو كاری هونەرییەوە تا هەر كاتێك دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی هێڵی سووریان بەزاند لە فەرمانڕەواییكردنیاندا، ئەو بە هێمنی ئاگاداریانبكاتەوە، بۆیە ئەگەر چاپلن ئەو رێگایەی هەڵنەبژاردایە، ئەستەم بوو بۆ ئەو ، دەسەڵاتداران بێنێتەوە سەر خۆ.
   ئەم بیركردنەوەیەی چاپلن ،هەر بۆ خۆی  نەبوو، ئەوەتا هەر لەو نامەیەی كە لە ساڵی (1963)لە سویسراوە بۆ كچەكەی خۆی (ژیرالدین)ی نووسیوە ،دەڵێت(( (ژێرالدین)، من پێم خۆشە لە دنیای هونەردا هەمیشە ئەستێرەیەکی پڕشنگدار بیت، بەڵام گەر چەپڵەی رێزو ئافەرینی بینەران و چەپکەگوڵی ئاشقانت،فرسەتی هۆشیارییان لێ زەوت نەکردووی،  دانیشە و نامەکەم بخوێنەوە، من باوکی تۆم ئەمڕۆ نۆرەی تۆیە، چەپڵەی ئافەرین ناو بە ناو بتبەن بۆ ئاسمان، بەڵام جار بە جاریش بگەڕێوە سەر زەوی و ژیانی خەڵکی ببینە)). سەیركەن چاپلن دەیەوێت بە كچەكەی بڵێت ئەوە هونەرە تۆی مەزن كردووە ، بۆیە دەبێت تۆش مەزن بیت، پێی دەڵێت دەبێت تۆش لەسەر هەمان  رەوت و بیروبۆچوونی باوكت بە، چونكە تەنها بەم رێگایەوە دەتوانین نیشتمان و گەلەكەمان خۆش بوێت، تا دەسەڵاتدارانیش بزانن و تێبگەن كە هونەر ، شتێكی ئەفسوناوی نییە، بەڵكو چەندە ستاتیكییە، ئەوەندەش نیشتمانییە، چەندە كۆمیدییە،ئەوەندەش تراژییدیە ، دەبێت ئیتر دەسەڵاتدارانیش بزانن كە هونەر  تەواوكەری ژیانە و سیاسەت بێ هونەر لەو شارە دەچێت كە لە شەوانی ئەنگوستەچاودا رێبوارێك لە دوورەوە تەنها گڵۆپە داگیرساوەكانی ببینێت و نەزانێت ئەو شارە چی تێدایە،نەزانێت گەڕەكەكانی ، كۆڵانەكانی تەنانەت خەڵكەكەیشی چۆنن. چاپلن ئەوەی دەزانی بۆیە زۆر بە هونەرییانە دەستی بۆ ئەو  جۆرە كارەی بردو نەمریی بۆخۆی هەڵبژارد.
   ئێمە كاتێك باس لە گەورەیی مۆراڵ و گەورەیی ویژدان و هونەری چاپلن دەكەین، دەبینین لە كوردستانەكەی خۆمان، هونەر ئەوەندە بێ بەها بووە، وەك ئەوەی ئێمە نەتەوەیەك بین بێ هونەر، بێ ستاتیكا، بێ خۆشەویستی ،بێ ویژدان، بێ مرۆڤایەتی، بێ ئەزموون ئەمە چ مەرگەساتێكە، وڵاتێك پڕاوپڕ بێت لە گیرفان پڕكردن و چەوساندنەوەو نیشتمان فرۆشی.
  هێشتا دەنگوباسەكەی هونەرمەند(عومەر چاوشین)نەبڕاوەتەوە،كە لەبەر بێ شوێنی لەناو حەمامی دایرەیەكدا دەخەوت، لەوەش كارەساتتر ئەوەبوو، كاتێ ئەم هەواڵە بڵاوكرایەوە ،نەسەرۆكە زەبەللاحەكانی وەك بەڕێز سەرۆكی هەرێم،بەڕێز سەرۆكی حكومەت،بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان،بەڕێز سەرۆكی كۆمارو زۆر بەڕێز و زۆر سەرۆكی تر كەسیان ویژدانیان موچڕكەیەكی نەگرت، لە بری ئەوان هاووڵاتیانی  كوردستان بە خەمی ئەو هەواڵەدا چوون و یارمەتیان داو، لەو حەمامە رزگاریان كرد، ئەمە تێگەیشتنی سەرۆكەكانی ئەم وڵاتە سووتماكەیە بۆ هونەر. ئەوان تا ئێستاش هونەر بە كەسانی چاوەش تێدەگەن.
  چەند مانگێكی زۆر كەمە كە هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە كە هونەرمەند (ئەحەی سەعە كەڕ)، سێ چوار رۆژ بوو لە ماڵەكەی خۆی لە ناحیەی دارەتووی نزیك هەولێر كۆچی كردبوو ، بەڵام كەس پێی نەزانیبوو، لەبرسانا مرد، بەڵێ لە برسانا مرد، لەكاتێكدا ملیاردێری ئەوتۆ لەم كوردستانە لەماوەی شەو و رۆژێكدا درووست بوون كە خۆیان لە ئاستی ملیاردێرە  گەورەكانی دونیادەدەن.
  ئەزانن من زۆر بەزەییم بە (زەینەدین بن عەلی)دا هاتەوە، كاتێ هەواڵەكان وتیان،بن عەلی (5)پێنج ملیارد دۆلاری بردووە، ئەزانن بۆ بەزەییم پێیدا هاتەوە، بن عەلی كاتێك هاتە سەر دەسەڵات كە سەرۆكەكانی ئێستای وڵاتەكەم، لە كونە شاخەكان بە جووتێ پێڵاوی ئەدیداسی دڕاوەوە بوون، هێشتا نەگەیشتبوونە ئەو هەموو سەروەت و سامانە، دەتوانم بڵێم ئەم سامانەی  كۆیان كردووەتەوە  هەموو مێژووەكەی (10)ساڵێك دەبێت،كەچی هیچ كام لەو سەرۆكانەی وڵاتە وێرانەكەم بە (5)ملیارد دۆلار هەر ئاوڕیش نادەنەوە، مەگەر خوا بزانێ چیان بردووە!! ، ئەمە جگە لەو هەموو زەوی و زارەی خەڵكی  كە دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵێ لەم هەموو دزی و گەندەڵییەدا، هونەرمەندانمان هەن لە حەمامی دایرەكەیان شەو و رۆژ دەكەنەوە،هونەرمەندمان هەن دوای مردنیان لە برسانا ئینجا بە هەفتەیەك  دەسەڵات ئەیبیسێتەوە ، ئەمە چ حكومەتێكە!!( بەقسەی ئەو سەرۆكانە مافی مرۆڤیش لە كوردستان بەرقەرارە!!).
    چاپلن كاتێك باسی گەورەیی هونەری رەسەن بۆ كچەكەی خۆی دەكات،  پێی دەڵێ نەكەی تووشی لەخۆبایی  بیت و خەڵك لە بیر بكەیت، خێرا بگەڕێوە ناو خەڵك، چاپلن راست دەكات چەپڵە خەڵك تووشی لەخۆگۆرینت  دەكات، بەتایبەتی سەرۆكەكانی ئێمە زوو بە چەپڵە لە خۆیان بایی دەبن، هێندە بێ ئاگان ناپرسن ئاخۆ لەدەرەوەی ئەم چواردیواری هۆڵە، خەڵك چی دەكات،ئایا ئەوانیش چەپڵەمان بۆ لێدەدەن!،نا ئەوە ناپرسن و خۆیان بیردەچێتەوە، بەتایبەت لەو كاتانەی بۆنەیەك رێك دەخەن بۆ گوتاری حەماسی ،سەیرم پێ دێت، ناتوانن بەهەردوو چاو بیبینن ،گوتارەكانیان رێك لەو ئۆتۆمبیلە كۆنانە دەچێت كە تاك لایتانەیەو بە خێراییەكی زۆریش لێیدەخوڕێـت تا ئەنجام خۆی لەناو دۆڵێكدا بە تێكشكاوی دەدۆزێتەوە.
  ناچارم بڵێم هۆ سەرۆكەكان ، ئیتر بگەڕێنەوە ناو خەڵك،ئیتر تەنها گوێتان بۆ زوڕناژەن و كۆیلەكانی خۆتان شل مەكەن، ئیتر لە ژوورە داخراوەكانتانا وەرنە دەرەوەو  بڕۆنە ناو گەڕەكە هەژارنشینەكان، كە لە هەر لایە سەیریان بكەیت، ئەم جۆرە گەڕەكانە زۆرن، لە پایتەختەوە تا پیرەمەگروون و لەوێشەوە بۆ گەرمیان و بسووڕێوە بۆ قەرەتەپەو ئاغجەلەرو ….
    لەناو ئەو بورجانە وەرنە دەرەوە، راستە ئێوە ئەی سەرۆكەكان كاتێ ئێوە لەپەنجەرەی نێو بورجەكانتانەوە سەیری ئێمە دەكەن، ئێمە زۆر بە بچووكی دەبینن،بەڵام جارێك وەرن لە شوێنی ئێمەش سەیری خۆتان بكەن، تا تێبگەن خەڵكیش چەندە بە بچووكی دەتانبینێ، ناشێ ئەمە نەزانن سەرۆكە دەسەڵاتدارەكان!!. 
 
شنە پێنجوینی
هۆڵندا، ئارنهێم

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.