Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

وه‌رزی بێ کۆتا …‌ دلێر محه‌مه‌د

Be First!
by February 25, 2012 ئەدەب

 

ژێر پێڵاوه‌کانم مه‌مله‌که‌تێکی بێ ده‌نگ نیه‌
پڕه‌ له‌هاواره‌ مردووه‌کانی دوێنێم
پڕه‌ له‌ زه‌نگی ده‌رگا داخراوه‌کانی ئه‌مڕۆو
نامه‌ نه‌کراوه‌کانی سبه‌ینێم ..
هێنده‌ی جوگرافیای هه‌نگاوێك
ته‌لاره‌کان ده‌گه‌نه‌وه‌ باوه‌شم
هه‌وره‌کان سه‌رم ده‌پۆشن
قه‌تاره‌ی به‌ژنی چیاکان ده‌بنه‌ باڵام
من ..
نه‌ مه‌جلیسی بارانێكی پوشپه‌ڕه‌م
به‌حاڵ قسه‌کانی گوڵه‌ گه‌نمم له‌بیرمابێ
نه‌ وه‌سیه‌ته‌کانی گه‌ڵای به‌ر له‌ وه‌رینم
که‌ناره‌کانی ڕۆحم پایز بناسنه‌وه‌
من له‌و وه‌رزه‌ بێ کۆتایه‌م
نه‌ ده‌بمه‌ به‌ربوونه‌وه‌ی هێلانه‌یه‌کی ده‌م باڕه‌ش
تابمبه‌نه‌وه‌ ماڵێکی ئارامتر له‌وه‌ی
ئێواره‌یه‌ك تیایدا کاڵ نه‌بوومه‌وه‌ ..
نه ده‌بمه‌ ‌په‌پووله‌یه‌کی عه‌وداڵ و که‌م ته‌مه‌نیش
تا بمده‌نه‌وه‌ ده‌ست شه‌وێکی ئه‌زه‌لی تر له‌وه‌ی
له‌دایك بووم و تیای نه‌مردم
ئه‌وه‌تا وا
ده‌سته‌کانم له‌ ناو ڕوناکییا خۆیان شاردۆته وه‌‌
ده‌سته‌کانم تاریك تاریك
ناگه‌ن به‌ قه‌راغی جه‌سته‌
ده‌سته‌کانم پڕن له‌ ته‌رمی کۆڵانه‌کانی حه‌زو
پڕن له‌ توانه‌وه‌ی سه‌فه‌ر
پڕن له‌ چه‌پکی ووشه‌ی کوژاوه‌
پڕن له‌ مردنی سنه‌وبه‌ره‌کان
ئێستا ده‌زانن ..
من و گوڵه‌ حاجیله‌یه‌ك چه‌نده‌ گوناحین
من و شکانی شه‌پۆڵێک چه‌نده‌ هاوبه‌شین
من و سێبه‌ره‌که‌م چه‌نده‌ ناکۆکین
من و گۆرانیه‌کی بێ فڕین
چه‌نده‌ پڕین له‌ ئاسمان
چه‌نده‌ وونین له‌ ناو ڕۆحی باران
هه‌موو به‌یانییه‌ك ..
بۆینباخه‌که‌م ملم ده‌کاته‌ نیشتیمانێك تاوان
گیرفانێکی چۆڵ ، قاوه‌ی عه‌شقم بۆتێ ده‌کا
شه‌قامێك ، له‌ژێر لێوی حه‌سره‌ته‌وه‌
به‌خشپه‌ی ترسێکه‌وه‌ ،‌ باسم ده‌کا ..
من هه‌موو ڕۆژێ هه‌ر هه‌مان ئه‌و موعتاده‌ هیلاکه‌م
زمانم ده‌بێته‌ ڕۆژنامایه‌کی درۆزن
شیعرێك خۆی بۆ ڕووت ده‌کاته‌وه‌
خه‌یاڵێك پڕم ده‌کا له‌ماچ
که‌چی ئه‌وه‌ من نیم
من نیم‌ ددانه‌کانم له‌باوه‌شی قاقایه‌ك
سپی ده‌چنه‌وه‌
من نیم ڕووبارێکم له‌ نیگاکاندا ، خوڕه‌ ده‌کا
من نیم شه‌مه‌نده‌فه‌رێك له‌گه‌ڵ حه‌زی خۆیا
هه‌ڵم ده‌گرێ و دامناگرێ
من نیم که‌ پێت ده‌گه‌م …
من نیم که‌ ده‌ستت ده‌گرم ..
من نیـم که‌ ماچت ده‌که‌م ..
من نیم که‌ له‌باوه‌شتا ده‌مرم ..
من نیم ئه‌وه‌ … من نیم
من وا له‌وێم …
له‌ ئۆردوگایه‌کی زۆره‌ ملێ ی هه‌ناسه‌کانما
جانتایه‌کی بێ ئه‌دره‌سم به‌شانمه‌وه‌یه‌
گالیسکه‌یه‌كی ته‌م گرتوو ، خه‌ونه‌کانم ڕاده‌کێشێ
من وا له‌وێم …
ده‌بێ له‌وێ بم و له‌وێش دوا تنۆکی ئه‌وشه‌ڕابه‌ بێ مه‌ستییه‌
بخۆمه‌وه‌ .!
ده‌بێ له‌وێ بم و ..
له‌وێش سه‌رکه‌شییه‌کانی هه‌وه‌سم بدۆزمه‌وه‌
هه‌ر له‌وێشا حه‌قیقه‌تم ..
له‌نامه‌یه‌کی بێ پۆسته‌ ، بنوسمه‌وه‌ ..!
که‌دواجار ناچار ..
هه‌رخۆم بیخوێنمه‌وه‌ به‌ ته‌نیا ..!!

دلێر محه‌مه‌د

Previous
Next

Leave a Reply