Skip to Content

Tuesday, December 7th, 2021

وه‌رگۆڕان……دارا ئه‌حمه‌د

Be First!
by February 3, 2009 گشتی

 وه‌رگۆڕان‌‌‌
 دارا ئه‌حمه‌د

 
 سه‌ده‌ و نیوێک به‌ر له‌ ئێستا کۆمۆنیزم تارمییه‌ک بوو له‌ ئه‌وروپا ده‌بزواوه‌، ئه‌وا ئه‌وڕۆ بارانێکی به‌رده‌وامه‌ و به‌سه‌ر سه‌له‌به‌ری گۆی زه‌وی داده‌بارێ، له‌ سه‌رێکیان وێنه‌ی لافاوێ بێ په‌روا باخچه‌ی بێبه‌ر و دڕکاویی بۆرژواکان به‌ ره‌گه‌وه‌ راده‌ماڵێ و له‌سه‌رێ دیش وێنه‌ی رووبارێ هێمن و روون باغی تازه‌ داچێنراو و ته‌ڕوبڕی سۆشیالیزم ئاودێر ده‌کا، هاکا هێزی به‌رابه‌ریی و کۆمۆنیستیی هه‌ستنه‌سه‌رپێ و به‌ ده‌ستێک به‌ر به‌ویدی گوڵ بچننه‌وه‌ و به‌ یه‌کسانیی به‌سه‌ر سه‌رجه‌می مرۆڤان بیبه‌شنه‌وه‌.
 
 وه‌رگۆڕانه‌؛ وه‌رگۆڕانی ره‌وتگرتنی ئاشکرابوونی به‌ کرده‌وه‌ی سه‌رتاپای نهێنییه‌کان، ئه‌دی ئه‌وه‌ نه‌بوو تا دوێنێ ئه‌ندێشه‌ و ئه‌فسانه‌ی ئاسمان سه‌رداری سه‌رزه‌وی بوو.. ئه‌وا ئه‌وڕۆ فه‌لسه‌فه‌ی زانستیی به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئاسمانسالاریی و نێرسالاریی له‌ دوڕ چوارلادیواری تاقیگه‌کان باعه‌باعی به‌ ” دۆلی” خست و سه‌رزه‌مینی کۆنه‌پارێزان و چه‌وسێنه‌رانی هێنایه‌ هه‌ژان، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش پێیده‌گوترێ فه‌لسه‌فه‌ی کۆمۆنیستیی .
 
 وه‌رگۆڕانه‌‌؛ وه‌رگۆڕانی ئازادبوونی هۆشی مرۆڤ و هه‌ڵفڕینی به‌ره‌و په‌ڕپه‌ڕه‌که‌ی ئاسمان، ئه‌دی ئه‌وه‌ نه‌بوو تا دوێنێ واده‌زاندرا ئاوه‌زی مرۆڤ به‌خششێکه‌ و له‌سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ پێیده‌به‌خشرێ.. ئه‌وا ئه‌وڕۆ ئاوه‌زی زانستیی له‌ لایه‌ن خودی مرۆڤه‌وه‌ ئاوه‌ز ده‌به‌خشێته‌ هاوڕێ (رۆبۆت) و ده‌ینێرێته‌ که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک و له‌و دووراییه‌ڕا نهێنییه‌کانی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و ئه‌واندیمان بۆ ده‌نێرێته‌ سه‌رزه‌وی، ئه‌و ئاوه‌زه‌ش پێیده‌گوترێ ئاوه‌زی کۆمۆنیستیی.
 
 وه‌رگۆڕانه؛ وه‌رگۆڕانی ئاوزینگدانی سه‌رمایه‌داریی و ئازادبوونی کۆمۆنیزم و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ هه‌نگاونان، ئه‌دی ئه‌وه‌ نه‌بوو تا دوێنێ وا ده‌زاندرا هه‌ژاریی و زه‌نگینیی و چه‌ساوه‌ و چه‌وسێنه‌ر هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر ده‌شبێ.. ئه‌وا ئه‌وڕۆ رامیاریی ئاوه‌زی زانستیی به‌پێداگرتن له‌سه‌ر بێ‌چه‌ندوچۆنیی رووخانی سه‌رمایه‌داریی و هه‌ڵسووڕانی چینی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان بۆرژواکانی ناچارکردووه‌ رێ بده‌ن بنه‌مایه‌کی پته‌وی ئابووریی و که‌لتووریی بۆ ئاواکردنی کۆمه‌ڵگای سۆشیالیستیی دابمه‌زرێ و خۆشیان به‌ره‌و پۆپه‌ی به‌جیهانییکردنی سه‌رمایه‌ هه‌نگاو بنێن و له‌ کۆتاییشدا به‌ ته‌کانپێدانێکی سۆشیالیستییانه‌ کۆتایی به‌ دوا کۆمه‌ڵی چه‌وسێنه‌ری مرۆیی بهێندرێ، ئه‌و رامیاریی هزره‌ش پێیده‌گوترێ رامیاری هزری کۆمۆنیستیی.
 
 وه‌رگۆڕانه‌؛ وه‌رگۆڕانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک، سه‌ده‌ی زێڕینی به‌ نرخترین سه‌رمایه‌ی جیهان، سه‌ده‌ی سه‌رفرازیی مارکسیزمی هه‌رده‌م له‌گه‌شه‌نه‌وه‌ستاو، سه‌ده‌ی به‌رانگژبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌، سه‌ده‌ی هه‌ستانه‌سه‌رپێی کرێکاران و ژنان و سه‌رجه‌می چه‌وساوان، سه‌ده‌ی پاشه‌کشه‌ و له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی و ته‌شه‌نه‌کردنی کۆمۆنیزم.
 
 هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و وه‌رگۆڕانه‌ سه‌راپاگیرییانه‌.. جیهانبینیی مارکسیزم به‌ سوودوه‌رگرتن له؛‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی مێژووی بزاڤی کۆمۆنیستیی و کرێکاریی و .. هه‌ڵسه‌نگاندن و  بزووتن و کرده‌وه‌کانی له‌ژێر تیشکی ره‌خنه‌یه‌کی زانستییانه‌ و .. ده‌ستنیشانکردنی لایه‌نه‌ گه‌ش و خامۆشه‌کانی و .. وه‌لانانی چه‌مک و کارکرده‌ نامۆ و له‌کارکه‌وتووه‌کانی و .. په‌یدۆزکردنی ئاراسته‌ و رێوشوێنی تازه‌ که‌ بگونجێن له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کانی سه‌رده‌م و ره‌وتی خه‌باتگێڕانه‌ی ئه‌وڕۆ، به‌ کورتیی و به‌ راشکاویی.. به‌ خستنه‌ڕووی لادان و راستڕه‌ویی و سه‌رلێشێواویی بزاڤی کۆمۆنیستیی رابردوو و کۆتاییهاتن و له‌کار‌لککه‌وتنی رێبازه‌ رامیاریی و رێکخراوه‌ییه‌که‌ی و .. به‌ دانه‌دوواوه‌ی چه‌مک و کارکردی ”پارت” و ”دیموکراسیی” و ”دیکتاتۆریی پڕولیتاریا” و … تد یه‌کبوون و یه‌کێتیی کۆمۆنیسته‌کان به‌ له‌بارترین تاکه‌ هۆی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان ده‌زانێ بۆ خولی خه‌باتی ئێستای کۆمۆنیسته‌کان. 
 
 dara@emrro.com
 

Previous
Next

Leave a Reply