وه‌ستان له‌سه‌ر نا ژیان و سه‌فه‌ره‌کانی خوا
وه‌ستان له‌سه‌ر نا ژیان و سه‌فه‌ره‌کانی خوا
((ئیشێک له‌سه‌ر قوبادی جه‌لیزاده‌ی شاعیر))
حسێن ئه‌حمه‌د-فه‌ره‌نسا
قسه‌کردن له‌سه‌ر خودا و کۆی بونیاده دینییه‌کان به بێ پشت قایمی به‌کۆمه‌ڵێک تێزی فیکری و فه‌لسه‌فی، ئه‌کرێت مایه‌پوچ و مه‌ودا کورت بکه‌وێته‌وه. به‌و پێیه‌ی ئاین وه‌ک نێردراوێکی ئیلاهی، جۆرێکه له‌په‌یوه‌ندی ناووه‌وه‌ی مرۆڤ به‌به‌شه نادیار و غایبانییهکانی گه‌ردوونه‌وه، وه فه‌لسه‌فه وه‌ک پنتێک بۆ خستنه ئیشی پرسیار‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌رده به‌په‌رده‌ی بهشهتاریکهکانی دونیا و دین و ئیزافه کردنه‌وه‌ی ڕۆحیه‌تی گه‌ڕان به‌شوێن مانا و نۆرمی ئاینیدا ئاماده‌یی هه‌یه، له‌هه‌ر به‌شێک له به‌شه‌کانی ئایندا فیکر و فه‌لسه‌فه مرد، دواجار به‌شی هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئاینیش لهجوڵهدهکهوێت. هاوکات یه‌کێک له ئه‌رکه هه‌ره گرنگ و زیندووه‌کانی فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌یه، ئیش له‌ناو زوڵمه‌ت و دههیلیزهناوهکییهکانی مرۆڤدا ئه‌کات و ئه‌بێته فیلهترێکی عه‌قڵی بۆ پاڵاوتنی حه‌قیقه‌ت. هه‌ر بۆیه ئاین به کۆی ئهویهقین و بیر و باوه‌ڕه موتڵهقانهدهژی که فیکر له‌ڕیگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه به‌رهه‌میان ئههینێت. بۆیه ئه‌کرێت فه‌لسه‌فه گومان کردن بێت له له‌زۆرینه‌ی چه‌مک و به‌هاو ماناشارهوه و دیاره‌کانی گه‌ردوون، تا حه‌قیقه‌ت و گه‌شتن به دۆگمێکی ڕه‌ها له‌ناوه‌وه‌ی ئینساندا به‌وردی داڕێژێ. هه‌ر بۆییه فه‌لسه‌فه دێت تا ئاین له وه‌همێکی قوله‌وه بگوازێته‌وه بۆ لۆژیک و سنورهعهقڵییهکانی مرۆڤ، به‌دیوێکی تردا هه‌وڵی فه‌لسه‌فه له‌مانا دینییه‌که‌یدا ئه‌وه‌یه، زۆرینه‌ی مانا دیار و نادیاره‌کانی ئاین و په‌یامه ئیلاهییه‌کان شیده‌کاته‌وه و له ڕییه‌وه بڕێک له حه‌قیقه‌ت ئه‌کاته موڵکی خۆی. کۆتاجار ئه‌کرێت له ڕیگه‌ی تهئهمولاتێکی فه‌لسه‌فییه‌وه بگه‌ینه ئه‌وباوه‌ڕه‌ی که دین پرۆسه‌ی دروست کردن و گواستنه‌وه‌ی خودایه‌کی تاقانه‌و سهنگیولیه نییه به ته‌نها، به‌ڵکو دین ئیش له‌سه‌ر دروست کردنی زیاتر له خوایه‌ک و زیاتر لهئایدۆلۆژیایهکی موته‌عالی ده‌کات، به‌و واتایه‌ی خودا له دینی ئیسلامدا هه‌مان ڕۆڵی خودا له دینی مه‌سیحی و یه‌هودی و زه‌رده‌شتی دا ناگێڕێت، به‌ڵکو په‌یام و عه‌قده دینییه‌کان واده‌که‌ن خودا له‌هه‌ر زه‌مان و چاخیکدا خه‌سڵه‌تی خواهانه‌ی بگۆڕێت. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ده‌رئه‌نجامێکی ڕوون که دین خودا ئهخولقینێ و مرۆڤ ئاین ده‌کاته هیزی ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه دژی خۆی. به‌هه‌مان ده‌ربڕینی کریشنا مورتی، ئینسان بۆ ئه‌وه‌ی خودایه‌ک و ئاینێک و ئایدۆلۆژیایه‌کی کوشنده دروست بکات، ئازادی خۆی ئه‌فرۆشێت، وه به‌هه‌موو هیزی خۆی ئازادی بریندار ئه‌کات و مانایه‌ک پاشه‌که‌وت ناکات بۆ سه‌ربه‌ستی ڕه‌ها .
هاوکات، ئه‌کرێت بنوسین؛ مرۆڤ به سروشت ئازاده، وه‌لێ گواستنه‌وه‌و داگرتنی ڕۆحی خۆیی و ئازادی خۆی بۆ ناو شار‌و خولقاندنی زیاد لهکۆمهڵگایاک و زیاد له زمانێک و زیاد له نیشتیمانێکی جیاواز واده‌کات زۆرینه‌ی ئاینه‌کان بینه‌ده‌ره‌وه و کۆی ئایدۆلۆژیاکان به‌رهه‌م بێن. چونکه عه‌قده کۆمه‌لایه‌تییه‌کان واده‌که‌ن، مرۆڤ له هه‌یکه‌لێکی ئازاده‌وه بگۆڕێت بۆ زیندانییه‌کی بچکۆله.
بههێمایهکیتر، مرۆڤی سروشتی ئازاده زیاد له خودایه‌ک و زیاد له‌نیشتیمانێک و زیاد له زه‌وییه‌کی هه‌بێت، هاوکات که پێکهاته‌ی شارده‌ست پێده‌کاو ماڵ ده‌بیته ئامانج، ناچاره به‌وه‌ی که‌سێک ، پێغه‌مبه‌رێک، ئاینێک، بیروباوه‌ڕیکی دابڕاو‌و هه‌ڵبژیرێت وڕێبه‌رایه‌تی بکات، سونورێک له‌نێوانی خۆیی و ئه‌وانی دیکه‌دا داڕێژێ، خه‌تێکی ئه‌خلاقی به‌هێز له به‌رده‌م نیشتیمانی خۆیی و نیشتیمانی ئه‌وانیدیکه‌دا، مه‌نزڵی خۆیی و مه‌نزڵی ئه‌وانی دیکه‌دا، وه هه‌یکه‌ڵی خۆیی و هه‌یکه‌لی ئه‌وانی دیکه‌دا بکێشێت. به‌ڵام له سروشتدا هه‌موو ئه‌م ته‌فسیرانه بۆ مرۆڤ پێجه‌وانه ده‌بێته‌وه، چونکه مرۆڤی سروشتی، بوونهوهریکه ئه‌ژی، به‌لام تموحی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ئیش ناکات، ناجهنگێک بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی که‌سێکی دیکه بخاته مه‌ترسییه‌وه، مرۆڤی سروشتی، وه‌ک نیاندێرتالهکان، ئه‌ژین بێ ئه‌وه‌ی بیر له خاکێکی جیاواز بکه‌نه‌وه، بیر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تاکه‌که‌سی وایان لیبکات ململانێ بکه‌ن، هه‌ر به‌م ته‌رحه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد نه‌بێت ئاین دروست ئه‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ژیان و عه‌شق و سه‌رمایه‌کانی نه‌که‌ویته مه‌ترسییه‌وه یاسا ئه‌خاته ئیش، وه کارده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی دیوار دروست بکاو له‌ڕێیه‌وه خۆی له کۆمه‌ڵگا داببڕێت . چونکه ماڵ یه‌که‌مین ئاماژه‌ی مرۆڤ خۆیه‌تی به زیندان و کۆیله کردنی خۆی له‌ژێر حوکمی عه‌قڵدا. دواجار عه‌قڵ و ده‌ربازبوونی ئینسان له گه‌مژه‌یی واده‌کات، ئیدی ئازاد نه‌بێت، کۆیله‌یی به‌رهه‌می عه‌قله، عه‌قڵه واده‌کات ده‌رگا هه‌بێ و دیوار به‌رز بکرێته‌وه، عه‌قڵ شه‌ره‌ف دروست ده‌کاو بیرکردنه‌وه‌ی عه‌قڵانییه واده‌کات له‌نێو ماڵ و کۆمه‌ڵگا و نیشتیمانهکاندا کۆیلهبین. به‌ڵام له‌ڕیگای ماڵه‌وه مومکینه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سروشت، چونکه مرۆڤی شارنشین هه‌موو سروشتی خۆی گواستۆته‌وه نێو ماله‌که‌ی، دواجار له‌ڕێگه‌ی ماڵ و دیوار و ساختومانهکانهوه ئه‌گۆڕێت بۆ شه‌خسیاتێکی ئیدیال و ده‌گاته‌وه به ته‌بیعه‌تی خۆی. وه‌لێ ئه‌مجاره‌یان به ئیدێیه‌کی جیاواز، وه به‌عه‌قڵیه‌تێکی دیکه‌وه ده‌ست له جه‌معیه‌ت به‌ر ئه‌دا و به‌ته‌نیا سروشتی خۆی دووباره ده‌کاته‌وه، به‌ته‌نها له‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا دێوانه‌یی خۆی ئه‌پێوێت، عه‌وره‌تی ڕوت ئه‌کاو مه‌سره‌فیکی زۆر له به‌رهه‌م هێنانی سهخافهتدا ئه‌کات. هاوکات مرۆڤی نێو ماڵ و مرۆڤی سروشت هه‌مدیس و به‌مانایه‌کی دیکه ئه‌کرێت کۆنتراستێکی عه‌قڵی دروست بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌ساسیاتی کۆیله‌بوون. چونکه بیرمان نه‌چێت، مرۆڤی ناوسروشت مرۆڤێکه خۆی خوا بۆخۆی به‌رهه‌م دێنی و خۆی داهاتوی خۆی به‌مانا غهیبانییهکهی ڕه‌ت ئه‌کاته‌وه و فڕکی ئه‌دات و وه‌ری ده‌گرێته‌وه بێئهوه زۆری له‌سه‌ر بێت. به‌ڵام مرۆڤی ناو ماڵ به‌مانا شارییه‌که‌ی ناتوانێت له‌مه‌یاندا ئازاد بێت، چونکه شواو ئیختیاره‌کانی نائاماده‌ن. کێشه‌ی مرۆڤی ناوماڵ ئیشکالی ههڵبژاردنییهتی به فۆرس(هێز) وه له‌ڕیگه‌ی زه‌بری کۆمه‌ڵگاوه ئه‌شێ له‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا ڕه‌عیه‌تێکی ته‌نهابێت و به‌ده‌ر له خودا و ئاین و ئینتیمای بۆ پێغه‌مبه‌ران، ئه‌کته‌رێکی دیکه‌ی لێده‌ر نه‌یه‌ت. لێره‌وه مرۆڤ ئه‌بێته کۆیله و ڕه‌عیه‌ت و شکسته‌ی ده‌ستی خۆی و ئیدی وه‌ک کۆیله لێده‌خوڕێت، وه‌ک ڕه‌عیه‌ت بیر ئه‌کاته‌وه و وه‌ک ئیسکلاڤێکی بچکۆله به‌ر دونیادهکهوێت. ئه‌گه‌ر پرسیار له‌ئازادی و گه‌شتین به ڕۆحێکی ئازاد له‌خه‌تی هه‌ڵبژاردن و شواتاکه شه‌خسییه‌کانه‌وه بێت، ئه‌وا له‌نێو شاردا ئه‌م ئیختیاره به‌شێوه‌یه‌کی دیار‌و به‌ربڵاو زه‌ره‌ری لێده‌که‌وێت، چونکه ئیشی یه‌که‌می شار داخستنی شواو ئیختیاری ئهندیڤیدوێله ، دواجار په‌یوه‌ندییه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هێزێکن تا ئازادی مرۆڤ و گه‌شتنی به ڕۆحێکی ڕه‌ها نه‌گاته ئه‌وسه‌ری خۆی. هه‌ر به‌م جۆره ئاین وه‌ک بزاوتێکی ڕۆحانی که له‌مرۆڤه‌وه دیتهدهرێ، له‌شاردا بار ئه‌کرێت له ته‌قوای جیاواز، له ئینتیمای لێک نه‌چوو و له‌زیندانی گه‌ووره که ویژدان ڕکێف ده‌کات و بیرکردنه‌وه و ته‌ئه‌مولات له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و تیکسته ئاینییه‌کان بزمار ڕیژدهکا و لۆژیکی خود خوازی و دونیاخوازیش قوفڵ ئه‌دات. دواجار بۆ ئه‌وه‌ی ئاین ئیش بکات، لهئیماژی موسافیرێکی گه‌وره‌دا خۆی نمایش ده‌کات، عه‌ردی نوێ و کولتوری تازه تاقیده‌کاته‌وه، وه له‌فۆرمێکی ویژ‌دانیدا ده‌گات به ئههلهکانی دیکه‌و خۆییان وه‌ک تاکه فریاد ڕه‌س بۆئاشکرا ده‌کات. به‌ڵام کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره ئه‌وه‌یه خودا له ئایندا کزبکرێت، خودا له‌ئایندا سه‌فه‌ر بکا و له ئایندا بچیته قولایی مرۆڤه‌کانه‌وه، وه دواجار ماڵی هه‌میشه‌یی خودا له‌ئایندا ببێته زیندانێکی خه‌مناک. چوون به‌م جۆره له گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی خالیق به‌ناو ڕیستێک له ناجۆری و ناته‌بایی ڕۆحی‌دا ، ئیشی خودا له‌ئایندا ئه‌بێته فاکتێکی مردوو، فاکتێکی تۆقێنه‌ر و هه‌ندێک جاریش به‌ره‌و به‌ربه‌ریه‌تێکی قووڵ ته‌شه‌نه ده‌سێنێت.( مه‌به‌ست له ئاینی سیاسییه) به‌و ڕاییهی ئه‌وه‌ی له ئایندا هه‌یه دریژ بونه‌وه‌ی بیمه له‌سه‌ر ئاستی خوێن و کڕنوش بردن بۆ هێز. به‌دیوێکی تردا ئیشی ئاین ئه‌وه‌یه له‌ڕێگای جههانمهوه بهوهێزهمان بناسێنێت که‌مرۆڤ والێده‌کات سهربۆسهنگی بچوکی خۆی داخات، خۆینزمکاتهوه تاهه‌موو قورساییه‌کانی گه‌ردوون و مه‌له‌کوت و ئهفلاکهکان هه‌یه بکه‌ون به‌سه‌ریدا .به‌ڵام خودا ناچیته ناو هیچ یه‌ک له‌و گه‌مه خوینینانهی له نێوان ئاین و ئینساندا ئیش ده‌کات. به‌م پێیه گه‌ر خودا له‌ڕیگه‌ی ئاینه‌وه خۆی بگوازیته‌وه نیو جیهان بینی مرۆڤ، ئیدی خودا‌ش له خه‌لیقه‌ت ئه‌که‌وێ و ئه‌بێت بخولقینرێت. ئه‌بێت دروست بکریته‌وه و سه‌رله‌نوێ خۆی مانیفێست بکات. به‌و قه‌ده‌ره‌ی هه‌وڵی هه‌ره گه‌وره‌ی ئاینی ئه‌کتوێل به‌رای من گواستنه‌وه‌ی خودا نییه بۆناو ڕۆح و به‌شه ئاساسسیهکانی مرۆڤ، به‌ڵکو کوشتنی خودایه له‌نێو یه‌کبه‌یه‌کی ئه‌و جهههنمانهدا کهنامیهرهبانییهکی ده‌گمه‌نی لێده‌که‌ویته‌وه و خودا ده‌گۆڕیت بۆ دیکتاتۆرێکی غمگین. دواجار ئاین ناتوانێت خودا له مردن ڕزگار بکات، کاتێک نه‌بێت کهجههانم و عه‌زابه ڕۆحییه‌کانی مرۆڤ ئه‌مرن. هاوکات ئه‌کرێت بڵێین هیچ شتێک له‌وه ترسناکتر نییه له‌ڕیگه‌ی ئاین و ده‌سته‌و تاقمێکی ئاینییه‌وه ماڵ بۆ خودا دروست بکرێت و مرۆڤ خودی خۆی نه‌کات به ماکانێکی جاوید بۆی، به‌و پێیه‌ی ئه‌رکی مرۆڤ نییه دیوار و ساختومان بۆ خودایه‌ک دروست بکات که ته‌نها له دڵدا ئه‌ژی و له ناوه‌وه‌ی مرۆڤدا ئه‌گاته پله‌ی خۆی. به‌هه‌مان ته‌فسیر خودا ئه‌بێت له سینگی مرۆڤدا بێت، هه‌رکاتێک خودا له‌سینگی مرۆڤ هاته‌ده‌رێ و ته‌سلیم بوو به ئایدۆلۆژیایه‌کی جه‌هانمی که دین به‌رهه‌می ده‌هینێت، ئیدی خودا ئهکوژیتهوه. ئیدی ماڵی خۆی بارده‌کا و له‌دۆخێکی کهسیفدا ئه‌نێژرێ . دواجار خه‌ونی دروست کردنه‌وه‌ی ماڵ خه‌ونی ههڵچینین و به‌رزکردنه‌وه‌ی خشتبهخشتی زیندان و کۆیلهگا کوشنده‌کانه، کاتێک ماڵ ئه‌بێته پاڵپسشتێکی به‌هێز بۆبه‌ستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک و ئههلێک و گروپێکی لۆکال به‌یه‌که‌وه، شێوازێک له به‌ستنه‌وه و که‌پت و بچوککردنه‌وه‌ی شتێک بۆ چواردیوار، بێڕاده بهردونیا ئه‌که‌وێت. هاوکات ئه‌مجۆره له‌ماڵ ، جۆریکه له زیندان و کۆیلهگا به‌مانا ئازاده‌که‌ی. ماڵ زیندانێکی ئازاده. ته‌نها شتێک مرۆڤ و خودا و کۆی لایه‌نه دیار ونادیاره‌کانی گه‌ردوون لهپێدهخات، خودی زیندان نییه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه ئازادی له زینداندا پراکتیزه بکه‌ی. چونکه مرۆڤ ده‌توانێت کۆیله‌بێت و بهرهوڕهعیهت گایه‌ک ڕینوینی بکرێت، وه‌لێ به‌ستنه‌وه‌ی ئازادی بهکۆیلایهتییهوه کوشنده‌یه. خودا ماڵی ناوێت، به‌ڵکوو به‌شی ئه‌وێت، به‌شیک که له‌خودی مرۆڤه‌وه دێته ده‌رێ و ده‌چیته‌وه بۆ ئه‌و. لایه‌نێک که مرۆڤ که‌رت ئه‌کاو له‌سه‌ر خوا خۆی دابه‌ش ئه‌کات، له‌خوادا خۆی نوێده‌کاته‌وه و خوا به‌رهه‌م ده‌هێنێ و ئه‌بێته به‌رهه‌می خوا. وه‌لێ ئاین ئه‌مه ناکات. چونکه یه‌که‌مین هه‌وڵیی ئاین بۆ ته‌به‌نی کردنی کۆمه‌ڵگاو چاندنی خۆی لهناوڕۆحی تاک‌تاکی مرۆڤایه‌تیدا خه‌می گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی ئیلاهی و بهشهنادیار و دیاره‌کانی خودا نییه بۆ ناو دڵ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ک نه‌عره‌ته‌یه‌کی جههانهمی و شۆکێکی قورس له‌سه‌ر ویژدان و عه‌قڵ و زه‌ینی کۆمه‌ڵگاکان خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، دواجار له‌ڕێگای زه‌خره‌فه‌یه‌کی وههمیشهوه دائه‌به‌زێ و هێزی خۆی له‌ناو کۆی ئیمانزهدهکاندا ئهنستالێ ده‌کات. ئیشده‌کات بۆ ته‌فروتوناکردنی عه‌قڵ و کوێرکردنی به‌شه‌ریه‌ت له‌سه‌رئاستی فیکر و ته‌ئه‌مولات و قوڵبونه‌وه ناوه‌کییه‌کانی خۆی. خودامان بۆدێنێ و فێرمان ده‌کات ڕێز لهجههانهم و خوێن و ئاشوبهتاڵهکانی بگرین و سه‌ربۆ هێز و قامچییه‌کانی داخه‌ین، له‌کاتێکدا خودا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاگر و وه‌حشه‌ت و خوێن بکوژێنێته‌وه، خودا هه‌یه بۆئه‌وه‌ی ده‌سکاری بهشهئاژهڵییهکانی دونیا و دۆزه‌خه ترسناکه‌کانی کۆی به‌شه‌ریه‌ت بکا، خودا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی عه‌زاب هه‌ڵبگرێت و میهری له‌جێ دا‌نێت، جه‌نگ هه‌ڵبگرێ و ته‌بایی بخاته شوێنی. ئیشی خودا و مه‌به‌ست و بوونی خودا لهههربارو دۆخ و سیتواسیۆنێکدا ئه‌وه‌یه، مرۆڤ بهبهرایی و عاتیفهقووڵهکانی خۆی سه‌رسام کات. وا‌بکات جگه له‌فیکری جوانی و به‌رهه‌می ناوازه و عاتیفه‌ی په‌تی بۆ خودا، خه‌یاڵێکی جیاواز له‌سه‌ردا لول نه‌خوات. هه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌یه که‌خودا ئه‌هێڵێته‌وه و له‌ناو زه‌مه‌ن و چاخ و سه‌رده‌مه‌کاندا جێگۆڕکێی پێده‌کات. وه‌لێ ئاین و ئاین ڕه‌وان جگه لهبهتاڵکردنهوه و شیواندنی فۆرم و وینه‌ی خودا له‌زه‌ینی مرۆڤدا ئیشێکی دیکه‌یان نه کردووه، دواجار نه‌یان توانیوه خودا واده‌ربخه‌ن که مانه‌یه‌کی هه‌یه بۆڕیز و حورمه‌ت و په‌رستن، نه‌ک وه‌ک شۆک و جه‌هانم و ترسه‌کانی له عه‌زاب ده‌ربکه‌وێته‌وه. ئاین دێت تا خودا له‌ناو ڕه‌نگێک و له‌نێو بینینێک و لهنێوتێکستێکدا دیلکات، بینینی ده‌رگایه‌ک و ئاسمانێک و قامچییه‌ک جیاواز له‌کۆی ههمهڕهنگییهکانی گوردوون ، واده‌کات خودا سونورێک و خه‌تێک و تهیمانێک گه‌وره‌یی دیاری بکات، دواجار هیچ شتێک خودا ناکوژێ سنوره‌کان نه‌بێت. هه‌ر بۆیه یه‌کێک لهوتێکسته دهگمانانهی که سه‌ره‌نجی منیان گرت، تێکستێکی قوبادی جهلیزهدهی شاعیربوو به ناوی (مزهگهوت ماڵی خودایه) که ده‌کرێت کۆمه‌ڵێک پرسیاری شیعری له‌ناو جیهانبینی خوێنه‌ردا بته‌قێنێته‌وه، کۆمه‌ڵێک مه‌عریفه‌ی شاراوه کهلهقولایی هه‌ر دێڕیکیدا ئاگایمان به‌ره‌و خۆی وه‌رده‌چه‌رخێنێت. دیاره ماوه‌یه‌کی درێژه من چاوه‌ڕیی ڕه‌خنه‌ی کوردیم ده‌ستێک بۆ ئه‌م ده‌قه شیعرییه‌ی قوبادی جه‌لیزاده راکێشێت، وه‌لێ ئه‌سه‌فێکی زۆرم خوارد که‌که‌س نه‌بوو ئه‌م تێکسته لهبههامردووهکانی ده‌ق ڕزگار کات. چونکه ئه‌م تێکسته ئه‌وه‌نده‌ی تێکستێکی ڕه‌خنه‌یی و فیکرییه، ئه‌وه‌نده بهرتهلی عاتیفه و ئیحساسی عاشقانه ناکه‌وێت. ئه‌گه‌رچی نوسینی ئه‌مڕۆی کوردی مۆدێلیکه له‌سه‌ر ئاستی ته‌ریق کردنه‌وه‌ی ئاگایی و ڕوانینی تاک بۆدهق ، وه مۆدێلی دێڕی بێبه‌رهه‌م و درێژکردنه‌وه‌ی خه‌یاڵ و سروشێکی بیماره که‌به‌ناوی شیعره‌وه دیت. به‌ڵام ئه‌شێ هه‌ندیک مۆدێل نه‌بن و له‌ڕیگه‌ی شیعره‌وه هۆشیاری خوینه‌ر خه‌به‌ر بکه‌نه‌وه. چونکه ئه‌رکی شاعیر پێش هه‌موو شتێک راوه‌شاندنی ئاگایی و جولاندنی فیکری خوێنه‌ره‌کانییه‌تی. وهدهقی سه‌رکه‌وتوو ده‌قێکه زیاد له ته‌فسیرێک و زیاد له‌کێشه‌یه‌کی فیکری و ئینسانی ته‌رح ده‌کات. هاوکاتیش که مانا‌و کێشه‌ی شیعری لای شاعیر ئه‌بێته مۆدێل و دائه‌به‌زێت بۆفۆرم و ئیقاعی هاوشێوه، ئیدی شیعر بهئفلیجی دێت و به ئیفلیجی ماڵئاوایی ده‌کات. بۆیه ئیشی شاعیره شۆڕشگێر بێت، وه به‌ده‌نگی خۆی دوور له ده‌نگه‌کانی دیکه هاوار بکات، به‌هێزی خۆی دوور له جه‌بری ئه‌وانیتر شه‌ڕی نوێ و جه‌نگی تازه بنێته‌وه. ئه‌بێت شیعر هه‌ڵگری سۆراخێکی فیکری بێت بۆ که‌شف کردنی مه‌کان و نیشتیمان و ئهودههلیزهغهمگینانهی که واقیع له‌خۆیدا مانیفێستیان ناکات. به‌چه‌شنێکی دیکه ئه‌بێت تێکست له‌ئاستی ڕوداودا هێزی خۆی نمایشبکا و ئه‌بێت ببێته دیارده، هه‌رکاتێک ئه‌م جۆره له‌شیعریه‌ت کورتی هێنا، ئیدی شیعر هیچ نییه جگه لهتفکردنهوهی یه‌کتری و لێخوڕینی مۆدێلێکی سواو کهجهخارو خه‌می قووڵ به‌جێده‌هێڵێت. هه‌ربۆیه (مزگه‌وت ماڵی خودایه)ی قوباد ئه‌کرێت ببێته یه‌کێک لهوتێکسته ده‌گمه‌نانه‌ی خاوه‌نی بونیادێکی شیعرییه و ده‌کرێت به‌جۆرێک له نوێگه‌ری فیکری وێنابکرێت. به‌وپێیه‌ی ئه‌م تێکسته‌ی قوباد ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کات، مرۆڤ و ستراکتورهفیکرییهکانی مرۆڤ به‌جۆرێکی ئاماده له‌ئاین و گروپهدینییهکان بێته‌ده‌رێ، وه جیابوونه‌وه و سێپاراسیۆنی مرۆڤ له دین، هه‌وڵێکی جیدییه بۆدۆزینه‌وه و ڕیفۆرمی خودا له‌ناو خۆیدا. به‌مانایه‌کی دیکه،مرۆڤ له‌م تێکسته‌ی قوبادی جه‌لیزاده دا زیاد له کۆششێک و زیاد له‌خه‌ون و ڕوئیایه‌کی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئاین، خودا و ده‌رچونی خودا لهمهنزڵ و مه‌کانی خۆی که‌شف بکات. بهئیماژێکی تر له‌م تێکستهشیعرییهی قوباد دا چرکه‌ی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاین و ماڵئاوایی کردنی خودا له ماڵ، چرکه‌ی لێکترازان و جیابوونه‌وه‌ی ئینسانه له ئاین، دواجار به ماناکه‌ی پاسکال بۆیه‌ر که له‌کتێبی(ئه‌وکاته‌ی مرۆڤ خودای خولقاندبوو)دا ئه‌نوسێت ؛ ئاین هیچ نییه جگه لهدهردێکی عه‌قڵی که‌خه‌ڵکی لێ ئه‌خوڕێت بۆ ده‌رخستنی کۆی ئهوکۆنسێپته دینیانه‌ی که تاراده‌یه‌ک له یه‌ک ده‌چن. ئه‌شێ ئه‌م چه‌ند دێره‌ی پاسکال بۆیه‌ر له‌تێکستی( مزگه‌وت ماڵی خودا) دا زۆر به‌ڕونی ده‌ربکه‌وێته‌وه، له کاتێکدا له‌ناو دێڕبهدیری ئه‌م شیعره‌دا خوینه‌ر ئهولێدانه یه‌ک له‌دوای یه‌کانه ئه‌زموون ده‌کات که له خودا و ئاین و کۆی بونیاده غه‌یبانییه‌کان ئه‌درێت،
هه‌ر بۆیه ئه‌م ده‌قه ڕه‌خنه‌ی قورس دژی دین و بونیاده ئاینیه‌کان به مانا سیاسییه‌که‌ی به‌رز ده‌کاته‌وه. به‌هه‌مان ته‌فسیر ئه‌م ده‌قه دێت تاخهونی به‌ستنه‌وه‌ی خودا به ماڵه‌وه بکات به‌یه‌کێک لهوخهنه سواو ته‌قلیدیانه‌ی که‌مرۆڤی ناخودا ده‌یانبینێت. چونکه له‌م تێکسته شیعرییه‌ی قوباد دا، ماڵ کۆی به‌هاکانی ون ده‌کا و خودا لێیه‌وه سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و نادیارانه ئه‌ڕوات، بۆیه مرۆڤ له نه‌بوونی ماڵ و گه‌ڕه‌کیک بۆ نیشته‌جێکردنی خودا تییدا توشی جۆرێک له عوقده‌ی نه‌فسی ده‌بێت، وه نائومیدی به‌جۆرێکی تاریک ئه‌گاته هه‌وای خۆی. هه‌ر بۆیه قوباد له‌م تێکسته‌دا ته‌نهایه و ناهیوا به‌ره‌و ڕوی خودا غار ئه‌یاو به‌ر ئهوتێکشکانه یه‌ک له دوای یه‌کانه ده‌که‌وێت، که ده‌کرێت هه‌ریه‌کێک له‌نه‌بوون و نادیاری خودادا ئهزمونیکات. بۆیه ئه‌نوسێت؛
سه‌دان جار هاتم و له‌ده‌رگای مهڵهکهتم دا‌و له‌وی نه‌بووی!!
ئه‌ی له‌کوێی خودای من… ئه‌ی له‌کوێی؟
که‌س نییه ئه‌وه‌نده ماڵه‌که‌ی جیبێڵێت.. که‌س نییه!
بێم له کوێ بت بینم…
به‌په‌له‌م خودایه.!! ،
لێره‌دا نائومیدی قوباد نائومێدی عاشقێکی بێ ئه‌ندازه بیمارمان پێده‌ناسێنێت، که به‌شوێن ده‌رچوون و دیارنه‌مانی ئهڤیندارهکایدا ئه‌که‌وێته سه‌رچۆک، هه‌ر بۆیه قوباد شیکایه‌تی له ده‌ست دین به‌مانا سیاسییه‌که‌ی و ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ش هه‌یه که دین لێده‌خوڕن و به‌ش به‌به‌شی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. دواجار وه‌ک ڤیکتۆر هۆگۆ باوه‌ڕی وابوو به‌کۆی ئاینه جیاوه‌زه‌کان بێت، جه‌هانم وجودێکی په‌تی هه‌یه و خودا‌ش جگه له برژێنهرێکی نابه‌خشنده شتێکی دیکه نییه، بۆیه به‌قه‌ولی ڤیکتۆر هۆگۆ قوبادی شاعیر ئه‌خوازێت به ڕه‌هایی ئه‌وه بڵێت : ئه‌وه خودا نییه برژێنهرێکی گه‌وره‌یه و کار له‌سه‌ر سوتاندن ئه‌کات، به‌ڵکو ئه‌وه مرۆڤ و به‌رهه‌مه ئاینییه‌کانه واده‌که‌ن خودا جگه لهدڕندهیهکی کێو نشین سهنسێکی دیکه وه‌رناگرێت. وه‌کچۆن فرانسوا کاڤانا له‌کتێبی (هانی زه‌رد) دا ئه‌ڵێت: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به جه‌هانم نییه، ناچێته جههانهم. له‌م دێره‌دا ئه‌توانین قوباد و خه‌ونه کانی قوباد بۆ دۆزینه‌وه‌ی خودا له‌وه‌دا که‌شف بکه‌ین، که نیگه‌رانی غیابی خودایه له‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا و وه ده‌خوازێت بهلۆژیکێکی په‌تییه‌وه مانا‌و مه‌به‌سته‌کانی خودا له کوژانه‌وه و دیارنه‌مانیدا ئانالیزێ بکات. بۆیه قوباد که‌وتۆته سه‌ر کهڵکهلهیهکی واقیعی پرسی دۆزینه‌وه‌ی خودا و ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ش که خودایان له مه‌کانی هه‌میشه‌ی خۆی تۆراندووه. دواجار بهعهزابێکی ویژدانی و ئه‌خلاقییه‌وه ئه‌پرسێ و ده‌خوازێت به پێچه‌وانه‌ی به‌ختیار عه‌لییه‌وه ببێته شاهیدێکی ته‌نها و ئه‌و ئاشوبانه‌ی پێبڵێت که لهغیابیدا ڕۆژ به‌ڕۆژ ته‌قیونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئیشی به‌ختیار له ده‌قی(گوناهـــ) دا کارکردنه له‌سه‌ر دادگایی کردنی خودا و و ناچار کردنییه‌تی به‌وه‌ی ڕوبه‌ڕوی یاسا ئینسانی و ویژدانییه‌کانی بکاته‌وه، به‌ڵام قوباد ته‌نها ده‌خوازێت که‌شفی کوژانه‌وه‌ی خودا بکات له ماڵ و گه‌ڕه‌ک و نیشتیمان، ده‌یه‌وێت بپرسێت بۆ خودا هێند کهسیفانه خامۆش بووه ؟ دوور له‌وه‌ی بیباته تریبیونالهوه(دادگا). له‌کاتێکدا ئه‌نوسیت: بۆ نایه‌یته‌وه ماڵ؟ ئاوڕێکی زۆر موعهزهبانهیه که له‌خودادا زیندوی ئه‌کاته‌وه، ئه‌کرێت خودا ببیته‌وه ئه‌و گوناهباره غه‌مگینه‌ی کهلهسهفهره کانی دا بۆ پاک بوونه‌وه ئه‌گه‌ڕێت، ئه‌کرێت عاجزبوونی له‌مرۆڤ و دین و ئیمکانی سیاسی به‌ڕاده‌یه‌ک بووبێت که هیچ نه‌یبه‌ستێته‌وه به‌شوێنه‌وه و ناشوێنی خۆی بژی. به‌ڵام قوباد ده‌سه‌لاتی له خودا نه‌سه‌ندۆته‌وه و هه‌میشه باوه‌ڕی بهقودهرت و هیزی خودا بۆ خامۆش کردنی کۆی ناجۆرییه دینی و ئینسانییه‌کان له لوتکه‌دا بووه، هه‌ر بۆیه ئه‌نوسێت؛
بۆ نایه‌یته‌وه ماڵ؟
چوی چی تۆفانێک هێمن بکه‌یته‌وه!
نێلهنێڵی کام دۆزه‌خ بخهوینیت!
له‌سه‌ره مه‌رگا دڵی کام نه‌خۆس ئه‌ده‌یته‌وه!
له‌سه‌ر گۆری کام ئه‌بدی شه‌هیدت، به‌کوڵ ده‌گریت؟!
له‌کوێی خودای من؟
له‌کام باخجه‌ی منداڵاندا به‌نوور، چاوی تاریکی ده‌ڕێژیت/
بوکه‌شوشه ئه‌خه‌یته‌وه ئامێزی منداڵی!
گیرفانی په‌پووله پڕ ده‌که‌یته‌وه له نه‌سته‌له!
له‌م چه‌ند دیره‌ی خواره‌وه‌دا، جه‌هانم و سواربوونی که‌شتی ئاگرین له ناو خودادا نابینین، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی میهرێکی هێند په‌تی ده‌خوینینه‌وه که نه‌سته‌له‌ی منداڵێک و گریانی به‌سه‌ر گۆڕی شه‌هیده‌کانیدا بیر ناچێت، بیری ناچیت چه‌ند که‌ڕه‌ت شه‌نسی دووباره کردنه‌وه‌ی ژیان ببه‌خشیته‌وه به نه‌خۆشه‌کانی خۆی. به‌ڵام لیره‌دا ئه‌گه‌ر بکرێت پرسی کێ نه‌خۆشه ئه‌کتیڤ بکه‌ین، به‌سه‌ر مه‌لایین مرۆڤی بیماردا ئه‌که‌وین. به‌ملیۆن مرۆڤی په‌راگه‌نده و شیواو، مرۆڤی تێکچوو داڕوخاو ، ئینسانی تۆکێ و بریندار‌و عاجز له‌م ده‌قه شیعریه‌ی قوباددا به‌رزه‌ین و هۆشیاری تاک تاکمان ده‌که‌وێت. ئه‌کرێت ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌ین، له‌ئه‌ندامێکی بچکۆله‌ی گروپێکی ئاینییه‌وه تا دهگهتا سه‌رکرده و حوکوم داره‌کانیان خهستهن، له پۆلیسێکی به‌رده‌م نه‌خۆش خانه‌یه‌کی گشتییه‌وه ته ئه‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و حوکم ودهوائیرهکانیان بیمارن، له مرۆڤێکی ئێکسپلۆزیفهوه، تاده‌گاته زه‌رقاوی و بنلادن و یه‌ک به‌یه‌کی ئۆرگانه باڵاکانی حیزب بهرلادانێکی مه‌ترسیداری عه‌قڵ که‌وتون، که‌تییدا هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه ئینسانی و دونیایی و ویژدانییه‌کانیان که‌تۆته ژێر هێڵێکی کووشندهوه، که گشت گه‌ردوونی هه‌ڵکێشاوه له خوێن و له‌عه‌زاب و له دودڵی و نا ژیان.ئه‌شێ خودا له‌مانه ڕه‌نجابێ و درزه‌کانی دڵی زیادبووبن! به‌ڵام ئه‌کرێت بڵێین؛ غیابی خودا لای قوباد غیابی خودا نییه وه‌ک ئافریدهگاه، به‌ڵکو غیابێ میهر و ئهڤینهکانێتی، خودا ئه‌کرێت لێره‌بێت، به‌لام ئه‌ڤین و هێز و جوانییه‌کانی سه‌فه‌ریان کردووه، خودا لیره‌یه به‌لام لایه‌نه سپییه‌کانی لیرهنین، ئه‌وهێزه لیرهنییه که مرۆڤهچهوتاکان راست ئه‌کاته‌وه، ئاراسته‌ی خه‌تی لاردهگۆڕێ وپێچ به جوانیدهکاتهوه بۆلای خۆی، ئاین والێده‌کات له‌ژێر ڕکێفی خۆیدا بێت، نه‌ک ئاین خودا بخاته ژێرهیزوو به‌شه دۆزه‌خییه‌کانی خۆییه‌وه. به‌م ڕوانینه قوباد ده‌خوازێت هاوار بکات، گه‌رانه‌وه‌ی خودا وه‌ک میهر ئه‌کرێت لانیکه‌م ئه‌و شمشیرو بۆمب و تفه‌نگانه دهربهینیتهوه، که له‌ناو یه‌ک به‌یه‌کی لاپه‌ڕه‌ی قورئاندا چینراوه، قوباد ده‌خوازیت شتیک له خودا بینیته‌وه، تا هینده خیانه‌ت له به‌ها و نرخ و سهقلهکانی نه‌کرێت، تا به‌ناوی ئه‌وه‌وه هێرش نه‌کرێته سه‌ر جوانی و لوتی مه‌مک نه‌بڕن. هه‌وڵی قوباد له‌م تێکسته شیعریه‌دا ڕونکردنه‌وه و لادانی نیقابه له‌سه‌ر عه‌بده بۆگه‌نه‌کانی خوا، تێگه‌شتنه له‌و دیراسه دۆزه‌خیانه‌ی به‌ناوی خوداوه نارنجۆک ئه‌ده‌نه ده‌ست منداڵ،کوشتنی کانی حه‌لال ده‌که‌ن، ڕینایهن گوڵ ده‌رگا له‌سه‌ر خۆی باز کات. دواجار قوباد خودا به‌شایه‌نی ئه‌م هه‌موو بێنرخییه نازانێت، بۆیه شیکایه‌ت به‌رز ده‌کاته‌وه و واوه‌یلا به‌دڵی خودادا ئه‌کێشێت.
بیره‌وه، به‌رماڵ خه‌ڵتانی خوێنه، میحراب چنراوه به مردن…
له‌نێوان هه‌موو دوو په‌ره‌یه‌کی قورئاندا شمشیرێکی خویناوی!
له‌نێوانی هه‌موو دوو وشه‌یه‌کی قورئاندا مینێک!
له‌نێوان هه‌موو دوو پیتێکی قورئاندا که‌لله سه‌رێک!
دره‌نگه بگه‌ڕێوه خودای منه!
دره‌نگه!!؟
کۆتاجار ئه‌مه‌وێت بڵێم، بۆ ئه‌وه‌ی له قوباد تێبگه‌ین، پێویسته ده‌رگای سه‌ری بکه‌ینه‌وه، له سه‌ری قوباده‌وه بڕوانین خوێن چۆن دێ و، خیانه‌ت چۆن فوارهداکاته سه‌رزه‌وی، جارێک له ڕێگه‌ی شه‌ره‌فی شه‌هیدێکه‌وه خیانه‌ت ده‌بینین و کۆمه‌ڵگا گوناه بار ده‌که‌ین به‌وه‌ی ده‌رگای له شه‌هیده‌کانی نیشتیمان داخستووه، جارێک له ڕێگه‌ی ژنێکه‌وه ، که ڕێگه به قوباد، یاخود نێرینه‌کانی وڵات نادات شۆڕش گێڕێکی کارامه‌بن و کوته‌ڵ بۆ ئازایه‌تیان داتاشن، دواجار وه‌ک مامهڕیشهیهک پیرۆزبکرێن . جارێکی تریش له ڕیگه‌ی ئاینه‌وه خیانه‌ت له خودا ئه‌کریت و جه‌هانم دائه‌به‌زێته سه‌ر زه‌وی. ئه‌م سێ نوسینه‌ی قوباد شایه‌نی قسه‌و مانای زۆرن، به‌لام من لیره‌دا جێی دێڵم بۆ ڕه‌خنه‌گرێکی جیدی ڕه‌نگه ئه‌ویش قسه‌یه‌کی هه‌بێت…
سه‌رچاوه‌کان
Pascal boyer : et l’homme créa les dieux
Francçois cavanna :le hun blond
Emille, ou de l’education/ jean-jacque rousseau
کریشنا مورتی/ مرۆڤ ئازادی خۆی فرۆشتووه
وه‌رگێڕانی یاسین عومه‌ر
گه‌ڕان بۆ ماناکانی دیکه‌ی شیعر، به‌ختیار عالی
ده‌رباره‌ی عه‌قڵی ئازاد. به‌ختیار عه‌لی 434 435 هاوڵاتی
ده‌قی مزگه‌وت ماڵی خودایه، قوبادی جه‌لی زاده/ده‌نگه‌کان
ماڵێکی لێکترازاو ویژدانێکی بیمار/فاروق ڕه‌فیق
ده‌قی گوناهــ/به‌ختیار عه‌لی، کۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌کانی .