Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

وێنه‌ی ده‌ریا به‌ ده‌نووكی باران

Be First!

(1)
چاوم به‌لقی بارانه‌ هه‌ڵواسراوه‌
ئه‌وه‌ی رووده‌دات هه‌رچی بێت
به‌ر خاك ده‌كه‌وێ‌ وه‌كو ئاو
شین هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌ وه‌ك ده‌ریا.
(2)
ده‌ریا شین شین
به‌ دنیا پێده‌كه‌نی
به‌ر له‌وه‌ی مرۆڤ ببارێ‌.
 (3)
قژت تنۆك تنۆك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بێده‌نگی چاوم
له‌شكری باران ناز ده‌كا
به‌رده‌بێته‌وه‌ نێو ده‌ریا.
(4)
ده‌ریا جگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی باران
هه‌میشه‌ له‌ سه‌فه‌ردایه‌.
(5)
له‌نێوان باران و چیا
رۆڵی خۆمان له‌ بیابان ده‌ستنیشان كرد.
(6)
منداڵه‌كه‌م هه‌میشه‌ ده‌مده‌كاته‌وه‌
له‌به‌ر باران نا
له‌به‌ر فیلمه‌ كارتۆنییه‌كان.
 (7)
مرۆڤ له‌ باران راده‌كا
به‌ڵام ئه‌وه‌ ترسی ناوێ‌
ترس ئه‌وه‌یه‌
نه‌گه‌ینه‌ ئاو.
(8)
گه‌ڵاكان ده‌وه‌رن
وێنه‌ی باران له‌ تاقیگه‌ ده‌شۆنه‌وه‌
به‌هار ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.
 (9)
نیازی بینین له‌ ده‌ریا به‌تاڵ ده‌بێ‌
تێگه‌یشتن له‌ ئاو
هه‌موو ئه‌وانه‌ با ده‌یبا
 (10)
یه‌كه‌مجار
 نموونه‌م به‌باران هێنا
ئێستا وه‌ك ده‌ریا جمه‌م دێ‌ له‌ بێده‌نگی.
(11)
وێنه‌ رووته‌كانی باران له‌سه‌ر گه‌ڵا هه‌ڵفڕیووه‌كان ده‌كێشم
به‌ مه‌رجی چوونه‌ نێو ده‌ریا.
(12)
باران واقیعێكه‌ له‌ خه‌یاڵ
با ده‌ینه‌خشێنێ‌
به‌ دوو چاوی كوێر.
(13)
گێڕانه‌وه‌كانی ده‌ریا هه‌مووی خوازه‌یه‌
ده‌شێ‌ وه‌ك بوون به‌ره‌و شێتی
قومار له‌سه‌ر باران بكه‌ین.
(14)
ئاو به‌پێی باران دێ‌
پێچه‌وانه‌ی با ده‌كه‌وێ‌.
(15)
ئه‌و خه‌ڵكانه‌ به‌هۆی ترس كۆبوونه‌وه‌
وه‌كو ده‌ریا شه‌پۆل ده‌ده‌ن.
(16)
حه‌قیقه‌ت وزه‌ی زمانه‌
پێش مێژووی نووسین ده‌كه‌وێ‌
حه‌قیقه‌ت وزه‌ی زمانه‌
دوای مێژووی نووسین ده‌كه‌وێ‌.
(17)
له‌ باخی ته‌ڕی شه‌و ده‌خولێمه‌وه‌
ده‌ست به‌ گه‌ڵای كاڵی مانگدادێنم
له‌بری قژت
(18)
ئه‌گه‌ر نیازم پیاسه‌ بێ‌
ده‌بێ‌ ئاوڕ له‌ ته‌پوتۆز نه‌ده‌مه‌وه‌
وه‌ك كێشه‌ی ژینگه‌
له‌ ئاو بڕوانم.
 (19)
باران له‌ چیا ناز ده‌كا
له‌ شار سه‌رخۆشه‌
كه‌س ئاگای له‌ كه‌س نییه‌.
(20)
ده‌مه‌وێ‌ ئه‌مڕۆ زمانی شار بدورمه‌وه‌
به‌ ده‌نوكی با
 (21)
هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌ وه‌زش دوا ده‌كه‌وم
وه‌ك نوێژكه‌رێ‌ خه‌و حیكایه‌تی بۆ بكا.
(22)
ده‌م ده‌كه‌یته‌وه‌
باران ده‌بارێ‌
له‌و ده‌مه‌وه‌ خۆشم ده‌وێیت
ده‌گاته‌ ترۆپك ده‌ریا.
(23)
كچه‌كه‌م هه‌میشه‌ پرسیار ده‌كا
من په‌رییه‌ك له‌ خه‌و ده‌بینم
له‌بری وه‌ڵام
خۆم به‌ لافاو ده‌گرمه‌وه‌.
(24)
ویستم بچمه‌ لای پزیشك
گوتیان
ژیان مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه‌
هه‌فته‌ی پێنج رۆژ وه‌رزش ده‌كا.
 (25)
به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بكه‌مه‌وه‌
وه‌ك سه‌رخۆشێ‌ به‌لادادێم
به‌ر له‌وه‌ی ده‌م بكه‌ینه‌وه‌
ئاو ده‌مانبا.
(26)
وێنه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌گرم
له‌ ته‌ك گه‌ڵا به‌جریوه‌كانی مانگه‌شه‌و
دوای وێنه‌ی ئاو
له‌ خۆكوشتن
(27)
به‌ گیرفانی ئاو
قه‌رده‌كانی سه‌ری مانگ ده‌ده‌مه‌وه‌.
(28)
شه‌ڕی باران هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ده‌ریا نییه‌
به‌ڵكو له‌نێو درزه‌كانی سه‌رهاتی خۆی
به‌ با ده‌دا.
 (29)
خێزانه‌كه‌م وه‌ڕسی خۆیان
به‌ من پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌
منیش وه‌ڕسی خۆم به‌ باران.
 (30)
خه‌و ده‌مباته‌وه‌
باران وه‌ك گۆزه‌ی سه‌ره‌وخوار
رامده‌ژه‌نێ‌.
(31)
به‌یانیان كه‌ خه‌و ده‌ستم ده‌كاته‌وه‌
به‌ره‌و ئاو نا
به‌ره‌و هیچ و پووچی دنیا
به‌لادادێم .
هه‌ولێر/شوباتی 2012

Previous
Next

Leave a Reply