Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
وەرزى زیزبوون …. نورى بێخاڵى

وەرزى زیزبوون …. نورى بێخاڵى

Closed
by February 24, 2008 ئەدەب

 بۆ ئەوێك، نایەڵىَ تەنیابم….

 مەستى تا ئەوپەڕى، پڕیەتى لە ژیان و شێتیش لێوانلێو لە حیكمەت
 لات سەیر نەبىَ ئاسمان دەنوشتێتەوە بۆ زەوى
 هەور خێرا و بە راكەوە
 لێوى لە شاخەكان ئەسوىَ
 باران گۆى مەمكى كانیەكان پڕ دەكا لە ئاو
 لات سەیر نەبىَ شەو پۆپەشمینى رەشى خۆى
 دەكاتە بەر جەستەى دونیا
 گەڵا بە حەسرەتى خەزانێكە بۆ وەرین
 گەنم، خۆشى بە سرووەیەك دىَ
 شەقام دڵى بۆ چرپەى پێى دوو عاشق خورپە ئەكا
 لات سەیر نەبىَ كۆڵان
 لە بێدەنگى و خامۆشى بەولاوە
 چارەى ژاوەژاو و هەراى ناوىَ
 باخچە بۆ دەمى كۆترێك دەگەشێتەوە
 كوانوى ئاگرێكى كز سووتاویش
 بۆ شنەیەك لە (با)
 لات سەیر نەبێت نا
 ئاخر بێى ئەو سرووتانە
 ژیان دەبێتە كوتلەیەك لە تۆران
 تابلۆیەك لە مۆنى
 لات سەیر نەبىَ نا
 ئاخر لە كڕنۆشى ئاسمان بۆ زەوى
 شكۆیەك هەیە بۆ مانەوە
 لە هەناسەبڕكێى هەورا
 دەرفەتێك هەیە بۆ گۆڕینەوەى ماچ
 لات سەیر نەبىَ نا
 ئاخر لە تاریكایى هەناوى شەودا
 مانگ نەوایەك بۆ دڵدانەوەى خۆى شك دەبا
 لەوەرینیدا
 گەڵا باوەش بە تەڕێتیدا دەكات
 گەنم بە خەیاڵى سەمایەكەوەیە
 تا لەنجەكەى خۆى بنوێنىَ
 شەقام بەو چرپانە ئاوەدان دەبێتەوە
 كە پڕى دەكەنەوە لە پاكى
 لات سەیر نەبىَ نا
 ئاخر كۆڵانى خامۆش
 نامەكانى دوو دڵدار كەشف ناكا
 چوون دەزانىَ
 عەشق لە بێدەنگیدا دەپشكوىَ
 ژیلەمۆیەكى كز سووتاویش
 بە فووى هەناسەى بایەك رۆحى ژیانى
 دێتەوەبەر
 من تێناگەم ئەو هەموو زیزبوونەت لە پاى چى؟
 تەنیایى بىَ من، دەتباتەوە كوێى ئارامییەكان؟
 توڕەبوونت لە نمەى ئاونگى ئەو نامانەى
 بەدیار چراى چاومەوە بۆم نووسیت
 پاساوێكى نییە
 تۆرانت لە ریتمى خاوى ئەو گۆرانیانەى
 نیوەڕۆیانێك لەژێر سێبەرى داركاژەكاندا
 لێمت دەژنەوت
 مانایەكى نییە
 جگە لە حاڵى نەبوون لە تەجەللاى عەشق
 تۆ بەو هەموو سیحرى رۆمانسیەتتەوە
 بەو نەرمى هەناسە و
 فێنكى دەنگ و
 سەما سەرشێتانەت
 تازە ناتوانى پێدەشتى بیرەوەرییەكانى بەرباران
 بە هەگبەیەكى خاڵى ببڕیت و
 پشت بكەیتە هەموو ئەو دێرە
 شیعرانەى
 بەدیار گوڵێكى سوورەوە
 بەدەم بادەى شەڕابێكى خەستەوە
 بەدەم گۆڕینەوەى تەڕیێتى لێو
 دەمانكردە ملوانكە و لە ملى ئەو ناوەمان دەكرد
 كە بە هەموو شت، تەنها عەشق نەبىَ
 نامۆ بوو
 ئیدى دڵنیام تارمایى ئەو یادەوەرییانە
 بەردیدەى خەیاڵت بەرنادەن
 كە پڕیانە لە ئاوێزانبوون و گۆڕینەوەى هەناسە و
 بۆن بەیەكەوە كردن
 كە پڕیانە لە نەخشى ئەو هێڵە نارنجییانەى لەتاو گەرمى تێك ئاڵان
 بەسەر جەستەمانەوە جێمان هێشتن
 تۆ دەتوانى من بەوەى تر بگۆڕیتەوە
 دەتوانى لە ترسى كزەبایەك رەوەزى رەشى سینگى تۆلازێك
 بكەیتە مەئواى گەرم بوونەوە و
 پڕى كەیت لە هەوەس
 بەڵام..
 ناتوانى خۆشنوود بسرەوى
 ئەوانە دەڵێم و
 قەت بڕوام بە خاوەندارێتى نییە
 ئاخر نە عەشق تاپۆ و
 نە رۆح بە موڵك دەكرىَ
 لە هەموو دابڕانێك بوارێك بۆ گەیشتنەوە بەیەك هەیە
 لە هەموو تۆرانێك بوارێك بۆ ئاشتبوونەوە هەیە
 گەڵا كە درەخت جىَ دێڵىَ
 باوەش بەلاسكى لكی شكاوى درەختێكى نێو جۆگەدا دەكات
 كە باران لە چاوى هەور دەتۆرىَ
 جارجار هێواش و
 جارجارەش بەخوڕ دەبێتە دۆستى خاك
 دیسانەوە هەدا نادا و
 بە حەسرەتە بۆ تیشكى گەرمییەك
 تا لە كەژاوەى هەڵمدا هەڵكشێتەوە بۆ ئاسمان و
 لەگەڵ تەزووێكى سارددا بێتەوە سەر هەیئەتى هەور و
 بە چاوانى ئاشت و ئاشنا دەبێتەوە
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.