Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
وەرزى كوشتنى بارزانى

وەرزى كوشتنى بارزانى

Closed

 عەزیز ڕەئووف……
 
 هیچ مانگێك شك نابەین هێندەى مانگى ئازار لێوانلێو بێت لە یادەوەرى بۆ كورد. مانگى ئازار مانگى شكست و هەستانەوە و ڕاپەڕین و تێكشكانەكانى كوردە. لە ڕاپەڕینەوە بۆ هەڵەبجە، لە ئازادكردنى كەركوكەوە بۆ كۆڕەو، لە ڕێكەوتننامەى یازدەى ئازارەوە بۆ ئەنفال، گەواهى ئەو ڕاستیەن كە بەڕاستى مانگى ئازار مانگى شكست و سەركەوتنەكانى شۆڕش و تێكۆشانەكانى كۆمەڵگەى كوردیە. سەربارى یادەوەریە تاڵەكان، مانگى ئازار ئەو مانگەیە كە هەموومان دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشت و ئاشتمان دەكاتەوە لەگەڵ ئاگردا. مانگى یەكەمین ڕۆژى ساڵى نوێى كوردى و مانگى پۆشینى جلو بەرگى كوردیە، بەجۆرێك كە ڕۆحى ناسیۆنالیستى كوردى لەم مانگەدا لە بەرزترین ئاستیدایە.
 سەربارى ئەم شكست و هەستانەوانە، مانگى ئازار مانگى لەدایكبوون و مردنى مەلا مستەفاى بارزانییە. كە ئەوەى مایەى سەرنج و تێڕامانە كە تەنها پارتى یادى لەدایكبوون و مردنى بارزانى دەكاتەوە بەڵام چۆن یادكردنەوەیەك.
 بە ئاستەم نابینى دیراسەیەكى جدى و ئەكادیمیانە بۆ ژیان و هەوڵ و تێكۆشانەكانى مەلا مستەفاى بارزانى بكرێت، بە جۆرێك كە لەپاڵ شتایشدا هەوڵى ئەوەش بدرێت كە بەچاوێكى ڕەخنەوە تەماشاى خەباتى بارزانى بكرێت. نەك هەر ئەمە ناكرێت، بەڵكو لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا كەناڵە ئاسمانیەكانى پارتى و ڕۆژنامەكانیان بەردەوام ستایشى بارزانى و خەبات و تێكۆشانى دەكەن، كە نەمانبینى كەسێك لەو مینەبەرانەوە بە شەرمیشەوە ڕەخنەیەك لە بارزانى بگرێت و لەسەر شكستێكى هەڵوێستە بكات. نەك ئەوە نەكرا بەڵكو كەناڵێكى ئاسمانى وەكو "زاگرۆس" لە ڕاپۆرتێكیدا باسى ئەوەى دەكرد كە ئەو پێشبینیانەى بارزانى هەیبووە تەنها لە پێغەمبەرەكاندا هەبووە.
 ئەم جۆرە لە ستایش و تەرخانكردنى ڕۆژى لەدایكبوون و مردنى سەركردەیەك كە لێوانلێوە لە ستایش و پیاهەڵدان تەنها لە ڕژێمە شمولیەكاندا دەبینین و پیرۆزكردنى هەر سەركردەیەك بێشك لە ستەمكارى و دیكتاتۆریەت نزیكمان دەكاتەوە. كەس نكۆڵى لەوە ناكات كە بارزانى مێژوویەكى لە خەبات و شۆڕشەكانى كوردا داگیركردووە، بەڵام بەڕاستى یادكردنەوەى بارزانى بەم جۆرە لە ستایش و پیاهەڵدان جگە لە كوشتى بارزانى چیدی نیە.
 لە چركەساتى ئیستەماندا كە ئۆفیسەكانى حكومەتى هەرێم لێوانلێوە لە فەساد و گەندەڵى، بێدەنگبوون لێیان و ستایشكردنى پیاوانى شۆڕشى دوێنىَ، جگە لە خۆڵخستنە نێو چاوى جەماوەر چیدى نیە. ئاخر كێ هەیە لە ناوەوە و دەرەوەى ئەم كۆمەڵگەیە نەزانێت كە جەماوەر چەندە لە ئەنجامەكانى شۆڕش نیگەرانە، كەچى پارتە كوردیەكان لەجیاتى هەوڵى ئەوە بدەن نیگەرانیەكانى خەڵك بڕەوێننەوە، بە پیرۆزكردنى یادەكانى پیاوانى شۆڕش مێشكمان پڕ دەكەن.
 بە درێژایى مێژووى شۆڕشى كوردى پیرۆزكردنى سەركردە خەسڵەتێكى دیار بووە و هەر كورد خۆشى باجى ئەم هەڵەیەى داوە. كە شێخ سەعیدى پیران لەسێدارە دەدرێت، ئیدى شۆڕى كورد لە باكور شكست دەهێنێت. كە شیخ مەحمود لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دەستگیر دەكرێت، ئیدى شوێنكەوتووانى تەواو چۆكیان دەشكێت و سەنگەرەكان چۆڵ دەكەن. لەگەڵ لەسێدارەدانى قازى محەمەددا ئیدى كورد ماڵئاوایى لە كۆمار دەكات. كە لە ڕێكەوتننامەى جەزائیردا بارزانى بىَ بەرگرى كردن چیاكانى كوردستان جێدەهێڵێت، ئیدى دەبێت هەموو پێشمەرگەكان چیا جێبێلن، یان ئاودیوى سنورەكان بن، یاخود بە خۆیان و چەكەكانیانەوە تەسلیمى ڕژێم ببنەوە. ئەم خەسڵەتە لە كۆمەڵگەى كوردیدا تەواو بووە بە مۆدێل. تا ئەم چركەساتەش پارتێكى كوردى شكنابەین كە سكرتێرەكەى لە كۆنگرەیەكدا ماڵئاوایى لە پۆستەكەى بكات و بۆ هاوڕێكانى جێبهێڵێت. پیرۆزكردنى سەركردە لەلایەن ئەندامانى هەر پارتێكەوە بێشك كوشتنى ئەو سەركردەیەیە و ئیفلیجكردنى هەوڵەكانى ئەو پارتەیە بەرەو جۆرێكى تر لە خەبات و تێكۆشان.
 بۆ ئەوەى بارزانى وەك سەركردەیەكى گرنگ و مێژووى بزوتنەوەى ناسیۆنالیستى كورد بناسین، پێویستمان بەوە نیە كە ئەم پیاوە چەند فیشەكى تەقاندووە و چۆن لە ئاوى ئاراس پەڕیوەتەوە و بە چ شێوەیەك پێشبینیەكانى لە پێشبینى پێغەمبەرەكان چووە. بەڵكو ئێمە پێویستمان بەوەیە كە بە دیدێكى ڕەخنەییەوە لە ژیانى سیاسى و هەوڵەكانى بارزانى بڕوانین. دەبێت لە ئەنجامەكانى شۆڕشەكەى بڕوانین و بزانین نەوەكانى بارزانى تا چ ڕادەیەك توانیویانە خەونەكانى كەسى یەكەمى شۆڕش بهێننە دى لە خاكیبوون و نزیكبوونەوە لە جەماوەر و سوربوون لەسەر مافەكانى گەلى كورد و یاخیبوون بە مانا ڕادیكاڵیەكەى. بارزانى پێویستى بەوە هەیە كە بە دیدێكى ڕەخنەییەوە لەسەر ژیان و تێكۆشانەكانى هەڵوێستە بكەین، نەك بەو شێوەیەى ڕۆژنامەى خەبات ستایشى بكەین كە لە ژمارەى ڕۆژى چواردەى ئەم مانگەدا " 21" وێنەى بارزانى لە لاپەڕەكانیدا بڵاو كردۆتەوە. كارەساتە كۆمەڵگە لێوانلێوبێت لە نیگەرانى و نەمانى ئینتیماى خەڵك بۆ شۆڕش و ئۆفیسەكانى پڕاوپڕ لە گەندەڵى و كۆمەڵگەیەك لێوانلێو لە یەكسانى، كەچى هەوڵى پیرۆزكردنى سەركردەكانمان بدەین.
 بۆیە لە چركەساتى ئیستەماندا كورد پێویستى بەوە هەیە ماڵئاوایى لەم دۆخە بكات و بە دیدێكى تەواو ڕەخنەگرانەوە لە سەركردە و خەبات و تێكۆشانى كەسى یەكەمى شۆڕش بڕوانێت، ئەگەر نا ئەوا دەبێت چاوەڕێى ئەوە بكەین كە دەسەڵاتى سەركردە تا قیامەت درێژ بێتەوە و هەر هەوڵێكیش بۆ گۆڕین و ماڵئاوایكردن لە سەركردە تەنها بە خوێنڕشتن كۆتایى پێبێت.
  
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.