Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پارتایەتی و جاشایەتی دوولەتی یەک سیستەم…!

پارتایەتی و جاشایەتی دوولەتی یەک سیستەم…!

Closed
by November 8, 2010 گشتی

جاشایەتی، بە زمانی خۆماڵی بە کاری کەسێک دەگوترێت کە لە بەرانبەر پارەدا چەک بۆ دوژمن و دژ بەرەی گەل هەڵدەگرێت. وگەرچی ئەو کارە لە جیهانی سیاسەت و بەتایبەتیش لە قۆناغی ئازادیخوازی و خەباتی چەکداری و بەگشتی سەردەمەکانی جەنگدا برەو پەیدا دەکات و لە ناو هەموو گەلان و گشت شۆڕشە کۆن و نوێیەکاندا هەبووەو هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نەبۆتە بابەتێکی زانستی سیاسەت و وەک لایەنەکانی تری ئەم زانستە لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی تۆکمەی لەسەر نەکراوە. بەڵکو پتر لەچوارچێوەی دیرۆک، ئەدەبیاتی سیاسیی، کتێب، فیلم، و بوارەکانی تری لەمجۆرەدا سەقامگیر بووە.
جاشایەتی چەمکێکە واتای چەمکەکانی تری وەک: نۆکەرایەتی بێگانە، بەکرێگیراوی، ئاڵقەلەگوێ بوون، خیانەت و هیتریش لەخۆی دەگرێت و لەدیرۆکی هەرەکۆنی مرۆڤایەتیدا دەتوانین گەلێک ڕووداو، و کاریگەریی نۆکەرایەتی و بەکرێگیراویی لە ڕەوتی ڕووداوە گەورەو بچووکە سیاسی و سەربازییەکاندا ببینینەوە. بۆنموونە دیرۆک ئاوا باس لەڕووداوێکی ساڵی ٢٣٩ پێش زایین دەکات: (سوپا بەکرێگیراوەکان شاری کرتاژیان١ ئابڵوقەدا سەروەختێک کەشاری ئۆتیکا دروشمی جیابوونەوەی لەکارتاژ بەرزکردەوە، کارتاژ داوای یارمەتی لە هیرودوم ساراکوزی و رۆم کرد. بەڵام ڕێبەری بەکرێگیراوان هەوڵەکانی رۆمی ڕەتکردەوە.)٢
هەروا ئەمڕۆ جاشایەتی ڕەهەندێکی جیهانیشی بەخۆیەوە گرتووەو کۆمپانیای گەورەو زەبەلاحی وەک بلاک واتەر(BLACKWATER) پەیدابوون کەلەشەڕەکانی ئەفغانستان و عیراق بەناوی:(private military company)  بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتانە بەشدارییان کرد کە لەلایەن ئەمەرکاوە بەکرێگیرابوون. ئەو کۆمپانیایەو هاوشێوەکانی خاوەنی هەزاران جەنگاوەری بەکرێگیراون کە کارەکانیان هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە پێی دەڵێین جاشایەتی.
بەڵام جاشایەتی لە دیرۆکی نوێی نەتەوەی کورد بەکاریگەریی گەورەی لەسەر ڕەوتی سیاسییدا بابەتێکی زۆرگرنگە کەتێڕامان و لێکۆڵینەوەی پێویستە. و باسکردن لەم چەمکەو دیرۆک و هۆکاری پەیدا بوون و ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانی وەک بابەتێکی زانستیانە بەتەواوەتی پشتگوێ خراوەو تەنیا لەچوارچێوەی دروشم و خیتابێکی سیاسی کاتیی تایبەت بەقۆناغێکی کورتخایەن گیری خواردووە.
جاشایەتی بەپێی تێڕوانینی ئەمڕۆیی ئێمە یانیش جاشایەتییەک کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی بەتوندی لەناو ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمەدا هەیە، دیرۆکەکەی هێندە کۆن نییەو دەگەڕێتەوە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول. گەرچی چ وەک واژەو چ وەک چەمکیش پێشتریش هەبووە. بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول ڕەهەندی وای پەیداکرد کەتائەمڕۆش بەردەوامە باشترە لانیکەم لەم باسە کورتەدا لەوێوە دەست پێبکەین.
هەر لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە، جاشایەتی بەقورسی بوو بە بەشێک لە تابلۆی سیاسیی کوردستان. ئەوانەی کە ئەوکاتەو ئێستاش لەناو خەڵکدا یان لانیکەم لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە بەجاش ناودەنران، نەدەچوونە ناو پێناسەی بەکرێگیراو، یان ئاڵقەلەگوێ.. چونکە لەپاڵ پرسە مادییەکاندا، چەندان پرس و بەرژەوەندی تری عەشیرەتی، سیاسی، ئایدیۆلۆژی…لە بەرفراوانبوونی بازنەی جاشەیەتیدا کاریگەربوون.
بەگشتی دەتوانین بڵێین جاشایەتی دو ئاستی لەیەک جیاوازیی هەیە. یەکەم: ئاستێک کە بەگروپی بچوک بچوک و تەنانەت تاکەکەس سنووردارە. کەئەمانە تەنیاو تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکی مادی و دەستکەوتێکی ئاسانی پارەوسامانەوەن. ئەمانە بەشی هەرەزۆرییان لەخەڵکانی پلەنزمی کۆمەڵایەتی بێکارو بێ ناونیشان، گۆشەگیرو دوورەپەرێز پێک دێن. دووەم: گروپی گەورە، وەک بەشی زۆرینەی عەشیرەتێک، پارتی سیاسی، ڕەوت، و دیاردە… ئەمەش بە پێنج قۆناغدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەکەم: سەرەتای شەستەکان یەکەمین گروپی جاش، ئەوانە بوون کە لەپرس و بەرژەوەندی خێڵایەتییەوە کێشەیان لەگەڵ عەشیرەتی بارزانیدا هەبوو. ئەمانەش وەک: لۆلانییەکان، هەرکییەکان، زێبارییەکان، سوورچییەکان… ئەو عەشیرەتانە پاش ئەوەی دیتیان بەرژەوەندییە مادییەکانیان و پێگەی کۆمەڵایەتییان لەلایەن عەشیرەتی بارزانییەوە لەمەترسیدایەو بارزانییاکان سەرکردایەتی ڕەهای خۆیان بەسەریاندا سەپاند، پەنایان بردە بەر ڕژێمی عیراق و چەکی دژایەتی کۆچکردوو مەلامستەفاو شۆڕشی ئەیلولیان هەڵگرت.
قۆناغی دووەم: ساڵی ١٩٦٦-١٩٧٠پاش درووستبوونی کێشەی سیاسی و تەنزیمی و جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی بەسەرکردایەتی کۆچکردوو ئیبراهیم  ئەحمەدو بەڕێز جەلال تاڵەبانی  لە پارتی و شۆڕشی ئەیلول. و پەڕینەوەیان بۆ لای ڕژێمی ئەوکاتی عیراق. ودرووستبوونی دووباڵی ناسراو بەجەلالی و مەلایی. و پێکهێنانی چەندان هێزی چەکدار بەپاڵپشتی ڕژێمەکانی ئەوکاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشی ئەیلول.
قۆناغی سێیەم: ساڵانی ١٩٧٢-١٩٧٥مۆرکردنی پرۆتۆکۆلی بەرەی نیشتمانی لەنێوان حزبی بەعس و حزبی شیوعی عیراق و پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی_عسکەریی دژی شۆڕشی ئەلول. لەم ڕێکەوتنەدا کاریگەریی یەکیەتی سۆڤیەتی ئەوکاتە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی ئەمەریکا_ئێران_ئیسرائیل، بەشێوازێکی بەرچاو لەئارادابوو. دوای ئەو ڕێکەوتنە هێزەکانی حزبی شیوعی چەکی ڕژێمی بەعسیان هەڵگرت و دژی شۆڕشی ئەیلول کە بە پشتیوانی ڕژێمی شای ئێران شەڕی هەڵگیرساندەوە دەجەنگان.
قۆناغی چوارەم: ساڵی ١٩٧٩-١٩٩١ کە جاشایەتی شێوازی سیستەمێکی گەلێک فراوانی بەخۆیەوەگرت کە دەیان فەوجی بەناو خەفیفە و دەیان هەزار جاشی لەخۆی گرت. لەوێدا چەندان عەشیرەتی گەورە. ئاغاو زەویدارو کەسایەتی ناوداری کۆمەڵایەتی و تەنانەت خاوەن بڕوانامە… چوونە ناو ئەو سیستەمەوەو ئەمانە بوونە سەرەنێزەی زۆربەی پەلاماردانەکانی دژی هێزەکانی پێشمەرگە و شاڵەوەکانی ئەنفالیش بە پاڵپشتی ئاشکرای ئەو هێزانە ئەنجامدران. هەبوونی شەڕی نێوان عیراق و ئێران لەوکاتەدا برەوی زۆری بەو سیستەمە بەخشی.
قۆناغی پێنجەم: ساڵی ١٩٩٦ڕێکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕژێمی بەعس، بۆ دەرپەڕاندنی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لەهەولێرو هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر هێزەکانی یەکیەتیدا لەتەواوی کوردستاندا. لەو ڕێکەوتنەدا هێزەچەکدارەکانی عیراق بە پاڵپشتی تانک و تۆپخانەی فراوان لە پاڵ چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتنە ناو هەولێرو بوو بەسەرەتای شەڕێکی بێ وێنەی خوێناوی لە نێوان پارتی و یەکیەتیدا.
دەبینین ئەمانە هەموو تا ئاستێکی زۆر وەک یەکن و ئەگەر جاشایەتی بن هەموویان هەن و ئەگەر نەشبن هیچکامیان جاش نین. بەڵام هەموولایەناکان ئەوەی خۆی ئەنجامیداوە لەخانەی جاشایەتی دەری دەهێنێت بەڵام هی بەرابەرەکانی بەجاشایەتی بێ غەلوغەش ناودەبات.
بەووردبوونەوەیەکی کەمێک قوڵ بەو قۆناغە دیرۆکیانەی باسمانکرد، دەبینین جاشایەتی سیستەمێکەو بەشێکی جیانەکراوەی سیستەمی پارتایەتی و عەقڵییەتی سیاسی کوردەو ئەم عەقڵیەتە تا ئەمڕۆش گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووەو هەرکات هەل و مەرجی خۆی بۆ بڕەخسێت وەک جاران خۆی دەردەخاتەوە. چونکە هۆکاری پەیدابوونی جاشایەتی وەک گروپی کاریگەر، لەهەموو قۆناغەکاندا ڕەخساندنی هەلومەرج و خوڵقاندنی فاکتەرەکانی لەلایەن هەردوو بەرەدا، واتا بەرەی جاش و بەرەی باشدابووە. ئەو فاکتەرانەش بەپلەی یەکەم دەگەڕیتەوە کەموکوڕی ناو سیستەمی پارتایەتی. کەئەمەش لەچەندخاڵی سەرەکی خڕدەبێتەوە:
١- دیکتاتۆری، وتاکڕەوی و نەبوونی ئازادی و قبوڵنەکردنی بیروڕای جیاواز. کە ئەمانە هەمیشە خەسڵەتی پەیوەستەی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە هەموو قۆناغەکانیدا بووەو لەبەرانبەر بیروڕای جیاوازو ڕەخنەو ناڕازیبوونەکاندا کاردانەوەی توندو نکوڵی کردن و سڕینەوەی بەرانبەرەکەی بەدواوە بووە. و لەم دۆخانەدا کاتێک بواری ژیانی سیاسی و چالاکینواندن بەشێوازی هێمنانە لەلایەنەکان گیراوە، ئەو لایەنانە پەنایان بۆ دوژمن بردووەو پێیانوابووە پاراستنی ژیانی ئەو حزب یان ڕەوت و بزووتنەوانە ڕەوایی بەوەدەبەخشێت بچێتە پاڵ لایەنێک کەلەلایەن زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکەوە بەدوژمن ناسراوە.
٢- نەبوونی سەربەخۆیی و بڕیاری سەربەخۆ. زۆربەی هەرەزۆری کاتەکان بزووتنەوەی کورد یان تاکتاکی پارت و ڕەوتە سیاسییەکان، یارمەتی مادی و مەعنەوییان لەجێگایەکی دەرەکی وەرگرووە. بۆ نموونە جڵەوی شۆڕشی ئەیلول، بەتایبەتی قۆناغەکانی کۆتایی، لەدەست ئێران. و شیوعییەکان، تا ئۆردوگای بەناو سۆسیالیزم مابوو لەدەست سۆڤیەت. و یەکیەتی نیشتمانی کوردستانش نۆرەی بەهەر چوار دەوڵەتی داگیرکەریی کوردستان کردووە. ئەمەش وەک ئاکامێکی حەتمی بەرژەوەندی جیاوازی خوڵقاندووەو یانیش لەمە گرنگتر کورد لەناوخۆیدا شەڕێکی کردووە کە هی خۆی نەبووەو لەدەرەوە بۆی کراوە بەئەرک و پێی ڕاسپێردراوە.
٣- بەکارهێنانی جاشەکان وەک تاکتیک: لەساڵەکانی کۆتایی حەفتاکان و دوای درووستبوونەوەی شۆڕشی نوێ. سیستەمی جاشایەتی بوو بەشێکی دانەبڕاو لەسیستەمی پارتایەتی. بەو واتایەی کە هەر یەکێک لەپارتە سیاسییەکان بۆ لایەنگری خۆی دەگەڕا لەناو جاشەکاندا. ئەمە تا سنوورێک ڕەوابوو. ئەو سنوورەش ئەوەبوو کە هەوڵبدرێت سوود لەتوانای جاشەکان و ئەو بوارەی لەبەردەستیاندایە وەربگیرێت. و بەڕاستیش زۆر جار جاشەکان کاری پێشمەرگەو ڕێکخراوەکانی ناوخۆی سەربەو حزبەی ئەو لایەنگیری دەکرد ئاسان دەکرد. بەڵام ئەم کارە بەدیوێکی تردا بە چەپەڵترین و ناڕەواترین شێواز بەڕێوەدەچوو. چونکە جاشەکانی سەربەلایەنێک تەنیا خۆیان لەو لایەنە نەدەگەیاندو بۆلایەنەکانی تر زۆر دڕندانە ڕەفتاریان دەکرد. بۆ نموونە تەحسین شاوەیس کارئاسانی بۆ پارتی دەکرد. بەڵام پێشمەرگەو لایەنگرانی یەکیەتی و شیوعی و سوسیالیستی لەتو پەت دەکرد. یان جاشی واهەبوو پەیوەندی بە پتر بە پارتێکەوە هەبوو. لەوانە بۆ نموونە هەباسی بایزی باڵواغا، لەیەک کاتدا پەیوەندی بە پارتی و شیوعی و سۆسیالیستەوە هەبوو. کە ئەو پەیوەندییە زوو لەگەڵ حزبی شیوعیدا پچڕا چوونکە چەند چەکداری حزبی شیوعی کە بەو پەیوەندییەیان نەدەزانی چەند سەر مەڕی هەباسیان بردو لەسەر ئەمە پەیوەندییەکە پچڕاو پاشان زۆر بەتووندی دژایەتی حزبی شیوعی و یەکیەتی کردو زۆریش زیانی پێگەیاندن. هەروا بەهەمان شێوە یەکیەتیش پەیوەندی بە جاشەکانی بیتوێن واتا کوڕەکانی عەباسی مەمەنداغاوە هەبوو. بەواتایەکی تر ئەو ڕەفتارەی جاشەکان دژی لایەنێک دەیانکرد لایەنەکانی تر زۆریان پێخۆش بوو. و یانیش لە باشترین حاڵەتدا باکیان پێنەبوو. واتا پارتە سیاسییەکان بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ، هەمان کاری جاشایەتیان ئەنجام دەدا..! و یانیش جاشەکان کاری حزبەکانیان ئەنجامدەدا.
٤- زۆربوونی لایەنگر: لەتەواوی قۆناغەکاندا، زۆربوونی لایەنگر بەلای هەموو حزبەکانەوە ئامانجێکی گرنگ بووە کە ئیتر هێندە گوێنەدراوەتە ئەو بایەخانەی لەوپێناوەدا پێشکەش کراون. ئەمەش وایکردووە، کە خەڵکانێکی زۆر تاوان دژی لایەنێک بکەن و پاشان لای لایەنێکی تر پەناگە ببیننیەوەو لەئارامی و ئاسایشدا بحەوێنەوە. بەگشتی تاوانباران هیچ ترسی سزاو لێپرسینەوەیان نەبووەو بەئارەزووی خۆیان لە نێوان بەرەی گەل و دژی گەلدا سەفاومەروایان بووە. ئەمە نەک تەنیا جاش بەڵکو دزو بکوژان یان کەسانێک کاریان بەهیچ خەباتێکدا نەبوو بەڵکو بۆنموونە ژنیان هەڵدەگرت و لای حزبێک بێ هیچ کێشەیەک دەگیرسانەوە. بەواتایەکی تر بەلای حزبەکانەوە ئەوە گرنگ نەبووەو نییە کە ئەو کەسەی دێتە پاڵی کێیەو چ جۆرێکەو لە (CV) یەکەیدا چی نووسراوە، بەڵکو هەمیشە ئەوە گرنگ بووە کە ژمارەیەکی تر بچێتە سەر زۆربوونی لایەنگرانی. بۆنموونە ساڵی ١٩٨٢ کۆمەڵە جاشێک بە سەرکردایەتی تاوانبارێک بەناوی عەبدوڵا ماویلی هاتنە ناو حزبی شیوعی و ئەوکاتە من پێشمەرگەی حزبی شیوعی بووم. یەکیەتی بەو کارە زۆر تووڕەبوو چوونکە ناوبراو دەستی بەخوێنی چەندان پێشمەرگەی ئەوان و لایەنەکانی تر سووربوو. ئەوان داوایان کرد حزبی شیوعی ئەو جاشەیان ڕادەست بکاتەوە، یان لانیکەم وەرینەگرێت. بەڵام حزبی شیوعی ڕەتیکردەوەو لەئەنجامدا شەڕێکی سەخت لەنێوانیاندا ڕووی داو منیش بەشداری ئەو شەڕە پڕ شەرمەزارییەم کردو لە ئاکامدا نزیکەی دە پێشمەرگە لەهەردووک لا کوژران. عەبدوڵا ماویلیش لەلایەن یەکیەتییەوە گیراو ئیعدام کرا. حزبی شیوعی ئەو پرەنسیپەی بەلاوە گرنگ نەبوو کە هێزێکی شۆڕشگێڕ نابێ داڵدەی تاوانبارێک بدات و نێوانی خۆی لەگەڵ هێزێکی تری هاوپەیمانی لەبەر خاتری جاشێک تێک بدات. و بایەخی خوێنی دە شەهیدیش پێشکەش بکات. کەچی ئەوەی بەلاوە گرنگ بوو کە بۆچی بۆ یەکیەتی ڕەوایە داڵدەی جاش بدات بۆچی بۆ حزبی شیوعی نا. و ئیتر دیرۆکی بزووتنەوەی سیاسی کورد پڕیەتی لەچەندان نموونەی لەمجۆرە. جێگای گوتنە کە زۆربەی زۆری ئەو جاش و تاوانبارانە کە دەهاتنە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی لایەنە جۆربەجۆرەکان لەلایەن ڕژێمی عیراقەوە دەنێردران و ئەرکی ئاژاوەگێران و کۆکردنەوەی زانیاری و بەگشتی گەیاندنی زیان بەبزووتنەوەکەیان پێ دەسپێردرا. هەموو لایەنەکانیش ئەمەیان دەزانی. کەچی خۆیان لە ڕاستی گێل دەکردو تەنیا بەوەندە مەست و دڵخۆش دەبوون کەچەند جاش هاتونە ناو ڕیزەکانیانەوە.
٥- داپۆشینی هەڵە بەهەڵە: هەر هێزێک کاری جاشایەتی کردبێت یان لەبن باڵی لایەنێکی بێگانەدا دژایەتی لایەنێکی خودی کردبێت پاساوێکی ئامادەی هێناوەتەوە کە چما فڵانە لایەنە پەیوەندی بەفیسارە لایەنەی ترەوە هەیە..؟ کەواتە بۆمنیش ڕەوایە بۆخۆپاراستن لەبن باڵی لایەنێکی تردا بحەوێمەوە. حزبی شیوعی لە حەفتاکاندا ئەو پاساوەی دەهێنایەوە کە پارتی نۆکەری ئێرانە. پارتیش نۆکەرایەتی ئێرانی پێ کارێکی زۆر ڕەوابوو. و دەیگوت شیوعیەکان نۆکەری ڕژێمی عیراقن.. و لە ١٩٩٦دا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆوەو پارتی دەیگووت یەکیەتی نۆکەری ئێرانەو پێی ڕەوابوو کە بە پاڵپشتی بەعس هەولێر لەیەکیەتی بستێنێتەوە. و لە دژایەتی و کێشەی نێوان هێزەکانی پارچەکانی تری کوردستانیشدا لەگەڵ پارچەیەکی تردا هەمان لۆژیکی داتاشراو دووبارەدەکرایەوە. دیموکرات و پارتی، پکک و پارتی، یەکیەتی و پکک… ئیتر هیچکات و ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ لایەنێک وەک پرەنسیپێکی نەگۆر باوەڕی بەوە نەهێناوە کە دەستتێکەڵ کردن لەگەڵ هێزێکی بێگانەدا دژی هێزێکی خودی لەهەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا حەرامەو پەنابۆبردنی خیانەتە.
٦- لۆژیکی خەڵەتاندن: لەهەر ڕەفتارێکدا کەهەر لایەنێک ئەنجامی دابێت  وپەیوەندی نامەشروعی بە دەوڵەتێکی بێگانەوە بەستبێت کە چووبێتە خانەی جاشایەتییەوە هەمیشە لۆژیکێکی خۆخەڵەتاندن و خەڵکی خەڵەتاندن بەکار هاتووە. یەکیەتی نیشتمانی لە سەرەتاو ناوەڕاستی هەشتاکان دانووستاندنی لەگەڵ ڕژێمەکەی بەعس دەستپێکرد. و شەڕی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تر ڕاگەیاندو شەڕە خوێناویەکەی پشتاشانیشی لێکەوتەوە. کەچی لۆژیکی ئەم کارە ئەوە بوو کە کاک نەوشیروان مستەفا دەیگووت: پێویستمان بە حەسانەوەیە. یان پارتی دیموکراتی کوردستان لەپاڵ سووپای داگیرکەری ئێران شەڕی بێئەمانی خۆی دژی حزبی دیموکراتی ئێران ڕاگەیاندو زیانێکی گیانی ومادی و مەعنەوی یەکجار زۆریان بەو حزبەو بەگشتی بزووتنەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاند، کەچەندان ساڵی خایاند. پاساوەکەش هەمووی ئەوەبوو کەتەرمی کۆچکردوو مەلامستەفایان هێناوەتەدەرێ. یان لەئێران تودەیی و چەپەکان دەگیران و ڕاودەنران و ئیعدام دەکران، حزبی شیوعی عیراقیش لەئێراندا بارەگاو ماڵی حزبی و پەیوەندی ئاشکرای هەبوو. بەهانەکەش ئەمەبوو کە: ئەی چی بکەین..؟!! لەحاڵیکدا هیچکام لەو حزبانە ناچار نەبوون کە حەتمەن دەبێ ئەو ڕەفتارو هەڵوێستە ناڕەواو چەوتانە بگرنەبەرو ئەڵتەرەناتیڤی تر هەمیشە لەئارادابوون. بەڵام غروری عەشیرەتگەریانەو عەقڵییەتی تۆڵەسەندنەوەو زهنیەتی تاکڕەویانەو ناوچەگەریانە و سڕینەوەی بەرانبەرو هەڵخەڵەتان بەچەک و پارە… نەیدەهێشت بیر لەو ئەلتەرناتیڤانە بکرێتەوە.
٧- شەڕەکانی ناوخۆ: لەدوای ساڵی ١٩٧٩ بەملاوە جاشایەتی بەجۆرێک پەرەی سەند کەبوو بەدیاردەیەکی فراوان و هیچ شارو شارۆجکەیەکی کوردستان نەمایەوە کەسەدان و هەزاران جاش لەخۆی نەگرێت. سەرۆک جاشی واهەبوو ژمارەی جاشەکانی لەتەواوی پێشمەرگەکانی یەکێک لە حزبە سەرەکییەکان زۆرتربوو. جاشایەتی ئیتر وەک جاران هێندە عەیب و سەرشۆڕيی نەبوو چونکە بەدیوێکدا هەروەک کاری پێشمەرگایەتی وابوو. حزبەکان بەردەوام خەریکی پیلانگێڕان و کوشتن و لەناوبردنی پێشمەرگە و بەرتەسککردنەوەی بواری چالاکییەکانی یەکتربوون. و هەرپێشمەرگەیەک دەهاتە شاخ سەرەتا مێشکی بەدژایەتیکردنی لایەنێکی تری خۆیی ئاودەدرا. ئیتر ئەو بڕوایە لای گەلێکان درووست دەبوو کە ئەگەر ئەرک هەر کوشتنی پێشمەرگە بێت جیاوازی نێوان شار کەجاش دەیکات و شاخ کە پێشمەرگەدەیکات چییە..؟
سەبارەت بەپرسی خۆبەستنەوەو حەوانەوە لەبن باڵی ڕژێمێکی داگیرکەرو پێشکەشکردنی بایەخە قورسەکانی، تەنیا بەیەک پارچە سنووردار نەبووەو بەڵكو هەروەک ئاماژەمان پێکرد، پەڕیوەتەوە بەشەکانی تریش. شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی و پەکەکە، یەکیەتی و پەکەکە… هۆکارە سەرەکییەکان ئەوە نەبوون کە ڕادەگەیەنران. بەڵکو ئەو بایەخە بوو کەلەبەرانبەر یارمەتی و پشتگیریی ئەو دەوڵەتانەدا دەبووایە پێشکەش بکرێت. لەهەر بۆنەیەکیشدا ملکەچانە دەیانگووت: چی بکەین بێ پاڵپشتی دەوڵەتێک خەبات بەڕێوە ناچێت..!! بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان قارەمانانە سەلماندیان کە بەڵێ بەبێ یارمەتی دەوڵەتێکی بێگانەو تەنیا بەپشتبەستن بەگەلی خۆت زۆر باش دەتوانی بەو پەڕی لێوەشاوەییەوە خەبات بەڕێوەبەری و موعجیزە بخوڵقێنی. هەربۆیەش سیستەمی جاشایەتی بەو شێوازەی لەباشووری کوردستان ئاوێتەی سیستەمی پارتایەتی بووە، لەباکوور هەبوونی نییەو کلیلی چارەسەریی گشت هەڵەکانیشیان هەرلەدەست خۆیاندایە.
ئەمڕۆش کە بە ڕواڵەت لەباشوری کوردستاندا سەردەمی جاشایەتی بەسەر چووە دەبینین ئەو زهنیەتە بە فۆرم و شێوازی تر هەر لەئارادایە. بۆ نموونە لەڕاپەڕینە بەشکۆو دیرۆکییەکەی ١٩٩١ ڕۆڵی جاشەکان لەسەرخستنی ئەو ڕاپەڕینەدا نکوڵی ناکرێت. و دەگوترێت: هەر جاشێک لەسەرخستنی ئەو ڕاپەڕینەدا ڕۆڵی هەبووبێت شایستەی لێبووردنەو بەکردەوەش ئەو لێبووردنە ئەنجامدرا. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی تائاستێک ڕەوایە. بەڵام دەبێ لێرەدا پلەبەندییەکیش هەبێت. جاشێک کەتەنیا ناوی جاش بووەو تاوانێکی ئاشکرای بەسەردا نەسەلماوە ناکرێ لەگەڵ ئەوەدا کەدەیان و ڕەنگە سەدان پێشمەرگەی شەهیدکردبێت و چەندان تاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدابێت لەیەک خانەدابن. هەروا ناکرێ جاشێک کەلەگشت تاوانەکانی ڕژێمی بەعسدا بەدڵ و بەگیان بەشداریی کردبێت و تەنیا لە ساتەکانی کۆتایی سەرکەوتنی ڕاپەڕیندا بەناچاریی پەڕیبێتەوە بەرەی گەل لەگەڵ یەکێکی تردا کە هەرلەسەرەتای ڕاپەڕینەوە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووبێت، بخرێنە تای تەرازوویەکەوە. هەروا لەمەش گرنگتر لەپەیوەندی بەو بابەتەوە پێویستمان بە لێکۆڵینەوەو تەفسیری واتای لێبووردنە. لێبووردن لەجاشێک تەنیا دەبێ بەو مەبەستە بێت کە ژیانی خۆی و خانەوەدای پارێزراو بێت و تۆڵەی لێ نەسەنرێتەوە. نەک ئەوەی لەگەڵ کەسێکدا کەدیرۆکی خۆی و خانەوادەی بریتی بووە لەقوربانیدان بەرابەر بێت. و لەمەپتریش دەسەڵات و فەرەمانڕەوایی پێ ببەخشرێت. هەروا لێبووردن دەبێ تەنیا لەخودی کاری جاشایەتی بێت نەک لەتاوانەکانیش. ئاخر ئەگەر من خانەوادەکەم بەدەستی جاشێک لە ئەنفالدا لەناو چووبێت بەچ مافێک دەسەڵات لەوەکالەتی من لەو جاشە خۆشدەبێت..؟ ئەی مافی یاسایی من بۆ کوێ چوو..؟ کەواتە دەبێ میکانیزمێک هەبێت کە ئەم کێشەیە یەکلاکاتەوە. واتا بێ تاوان و تاوانبار، تاوانباری گەورەو تاوانباری بچووک، جاش و سەرۆک جاش… لەیەک جیاکاتەوە ئەو میکانیزمەش تەنیا دەتوانێ  دادگابێت. بەڵام گرفتەکە لەشوێنێکی ترە. پارتە سیاسییەکانی کوردستان ناتوانن هیچ جاشێک نەک هەرسزا بدەن بەڵکە لێکۆڵینەوەیەکی سادەشی لەگەڵ بکەن و تەنانەت وردترین حسابێک بۆ ڕابردووی بکرێت. چونکە لێپرسینەوە لەجاشایەتی  لێپرسینەوە لەڕابردووی خۆیە. و کاتێک لایەنێک ئەو جاشەی کاتی خۆی سەربەو بووە با لەگەڵ لایەنێکی تر یان گەل، تاوانیشی ئەنجامدابێت حەسانەی پێ ببەخشێت، لایەنەکەی تریش هەمان کار ئەنجامدەداتەوە. هەربۆیە کاتێک تاوانبارێکی وەک قاسماغا دەخوازێت بێتەوە کوردستان نیشتەجێبێت، لە بارودۆخی کوردستان و هەڵوێستی حزبەکان و سیستەمە سیاسییەکە ڕادەبینێت. بەواتایەکی تر چونکە سیستەمی پارتایەتی هەمان سیستەمی جاشایەتییەو لەیەکتر جیاناکرێنەوە.

پەراوێزەکان:
١- کرتاژ، هەمان تونسی ئەمڕۆییە کە بەعەرەبی پێێدەگوترێت قرطاج.
٢- بڕوانە واژەی (مزدور) لە فەرهەنگی فارسی ویکیپیدیا، کەلە ڕوونکردنەوەی ئەم واژە فارسییەدا کەبەواتای بەکرێگیراو دێت ئەم نموونەیەش هێنراوەتەوە.

دارا مەحمود
darachimen@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.