Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پارتی  سۆسیالست  دەیەوێت  هەموو ئەوانەی  لەگەڵ  ئانرات  تاوانبار بوونە بداتە  دادگا

پارتی سۆسیالست دەیەوێت هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئانرات تاوانبار بوونە بداتە دادگا

Closed
by December 21, 2008 جینۆساید

 
 پارتی  سۆسیالست  دەیەوێت  هەموو ئەوانەی  لەگەڵ  ئانرات  تاوانبار بوونە بداتە  دادگا
 
 چاوپێكەوتن  :  عەلی  مەحموود  محەمەد  , بە هاوكاری  كاك  یونس  گۆران

 
 كریستا ژنە پەرلەمانتار  لە زۆر  بۆنە و  خۆپیشاندانی  كوردەكان  ئامادەیە  ,    تاكو  ئەو باسی  ئانراتی  لە پارلەمانی  هۆڵەندا  نەهێنایە  ڕۆژەڤەوە , ئەم پیاوە  تاوانبارەمان  نەناسیبوو , منیش  لە  ڕێگەی  ئەمەوە  ناوی  ئەو پیاوەم  بیست ,  یەكەم  كەس  بوو  لە مینبەری  پارلەمانەوە داوای  دادگایی ئانراتی   كرد  , لێرەوە  لە هەواڵی  كریستاوە  لە پارلەمان  ڕاگەیاندنی  كوردی  باسی  ئانراتی هێنایە ناو ڕۆژنامەكانەوە  , كە ڕۆژنامەنووس كامەران ئەحمەد  سلێمان ڕاپۆرتەكەی  كردە كوردی .  ئانراتیش  لە  ڕێگەی  چاوپێكەوتنە  تەلەفزیۆنیەكانییەوە  خۆی  خستە  داوی  دادگاوە و  بەڵگەی  تاوانباری   دا بە   دەستەوە .
  "پرۆفایل : لە 15-9-1974 لە فریزلاند  لە دایك بووە , زانستی  سروشتی خوێندووە , 5 ساڵ  یاریدەدری  پەرلەمان بوو , 5 ساڵیشە ئەندام پەرلەمانە لەسەر لیستی پارتی سۆسیالست . بەرپرسی لیژنەی بەرگرییە لە پارلەمانی هۆڵەندا ,  هەروەها  داد  و  لە بەشی بیناسازیشە " .
 
 پ : سەبارەت  بە دانی چەكی  كیمیاوی  لە لایەن هەندێك  كارخانەی  هۆڵەندییەوە , قسە و  باسەكان  لەمڕۆژانە گەرمن , ئایا لە پارلەمان لێكۆڵنەوە  كراوە  لەسەر  ئەو دۆزە  ؟.
 وەڵام :نەخێر لێكۆڵینەوە  نەكراوە لە پارلەمان , فرانس ڤان ئانرات  یەك تاكە  كەس بوو دادگایی كرا  , پارتی سۆسیالست " ئێس پەی "  دەیەوێت ئەوانەی دیكەش بدرێنە دادگا  , كەوا  بەشدار بوونە  لەو  تاوانە  .
 ئەو كاتەی  ئانرات دەژیا و كاری  دەكرد و كیمیاوی  دەدا بە عێراق , كابینەی  حكوومەت ئیجرائاتی لە دژی  نەكردووە , لە ساڵی 1983 ەوە زانیویانە  كەچی فرۆشتنی  چەكی كیمیاویان بە عێراق  قەدەغە  نەكردووە .
 لە ساڵانی 1982  و 1983  وەزیرێكی  سەر بە پارتی   VVD  وەزیری  دەرەوەی  هۆڵەندا بوو , ئاشكرا بوو  عێراق  دژ  بە  ئێران چەكی  كیمیاوی  بەكار  دەهێنێت  , كەچی  نەیویست  قەدەغەی بكات ,  كە  وەك  پارتی سۆسیالست  ئێستا  داوا دەكەین ,  ئەو پارتانە  ناهێڵن  ئەو  شەخسانە  بدەینە  دادگا . لەم  داوایەدا  پارتی  چەپی  سەوز  لەگەڵمانە , وەلێ  پارتی  كار  نایەوێت  .
 لەو  كاتە  باڵوێزی  هۆڵەندا  لە عێراق وتی  :  ئەم چەكانە  دژ  بە گەلی  عێراقی  بەكار دەهێنرێت , بۆ  زانین لە ساڵی  1982فریس  بۆلكستاین وەزیری دەرەوەی  هۆڵەندا  بوو , كە سەر بە پارتی   VVD یە . ئەم  پیاوە  چووە لای  سەدام و تەوقەی  لەگەڵدا كرد .
 لە ناو عێراقەوە  هەواڵ   دەهات  كە  ئەم چەكانە دژ  بە گەل  و ئێران  بەكار  دەهێنرێت ,  كەچی  وەزیری  ناوبراو  سەفقاتی  دەكرد  بۆ كۆمپانیاكان , ڕاستە  هۆڵەندا زیرەكە لە بازرگانی , وەلێ  جار جارە  لە پێناو قازانج  چاو دەنوقێنن  . لە  ئەبریلی  1984 حكوومەتی هۆڵەندا  بڕیار  دەدات  قەدەغەی  ناردنی  چەند  مادەیەك بكرێت بۆ  عێراق  . فرانس  ڤان ئانرات  بۆیە  حوكمدرا چونكە  دوای  ئەو بڕیارە  مادەی  ناردبوو بۆ عێراق , چونكە پێشتر بڕیاری وا لە ئارادا نەبوو كە ناردنی  چەكی كیمیاوی بۆ  عێراق  قەدەغە بكات .
 پێش  3  هەفتە فایلێك  ئاشكرا بوو , ناوی  كۆمپانیا  هۆڵەندییەكانی تێدا هاتووە بە دانپێنانی  خودی سەدام حوسێن , كە مادەی  كیمیاویان  داوە بە عێراق . سەدام  یارییەكی  ژیرانەی  دەكرد  , وای نیشان  دەدا كە دەیووت : ئێوە من تاوانبار  دەكەن بە  شتێك  كە خۆتان داوتانە  پێم ,  ئەو لیستە  لەوانەی  هەڵەی تێدا  هەبێت  , وەلێ  دانپێنانی  خودی  سەدامە .
 پ :  خودی  سەدام  , یان  دەزگایەكی  سەر بە  سستەمەكەی ؟.
 وەڵام  : نازانم , لەوەیا  تەئكید  نیم . با  بێینەوە  سەر هۆڵەندا و نەچینە  سەر نێونەتەوەیی  , مەڵخەمی  تاوانباركرا  بە ناردنی  بڕێكی بچووك  دوای  ئەو بڕیارە  .
 پ : چۆن  زانرا  بڕەكە بچووك  بوو ؟ .
 وەڵام  : دوای  ساڵی 1984  یەك  وەجبەی  دیكەیان  ناردووە , وەجبەی  تریان  نەناردووە , كەی  بی ئێس  هیچی  نەناردووە , بۆیە  حوكم  نەدرا  , ئێستا  دەمەوێت  باسی شتێكی دیكە  بكەم و پێویستیم  بە هاوكارییە , ئەویش  بەڵگەنامە لەسەر  ئەم كۆمپانیایانەی  چەكی  كیمیاویان  ناردووە  بۆ عیراق .
 پ  :  یارمەتی  چیت  دەوێت ؟.
 وەڵام  : لە عێراق  دادگایی دەكرێت  , ئەوانەی  تۆمەتبارن  بە دانی چەك  قەول وایە بانگ بكرێن  بۆ دادگا ,.
 پ : كێ  بانگیان دەكات ؟.
 وەڵام  : دادگا  .
 ئەوەی من  دەمەوێت لە ئەرشیف  فاكس و  وەرەقە هەیە , پێویستە دادگای  ئێراقی  زانیاریمان  بدەنێ هەرچییەكیان  لایە .
 پ  : ئەوان  مامەڵە لەگەڵ  دەزگای  فەرمییا  دەكەن , وزارەت  بە نموونە .
 وەڵام : با بیان  دەنێ , باشە . من  لێرە  لە ڕێگەی  ئەم  ڕۆژنامەیەی  ئێوەوە  داوا  لە هەموو لایەك  دەكەم كە چی  لە ئارشیفیانە ,  هەر  شتێك  هەیە تایبەتە  بە كۆمپانیا  هۆڵەندیەكان بۆمان  بنێرن ,  تاكو  ئێمە بتوانین  ئەو كۆمپانیایانە حوكم  بدەین . ئەو كەسانەی پەیوەندییان  بەو  كۆنتراكتەكانەوە  هەبووە لەو كاتە با بیان  دۆزینەوە , كەڵك  لە زانیارییەكانیان  دەبینین ,  ئەوانەی  ئەو زانیاریانە  دەبەخشن  حوكم نادرێن  .
 پ : ئایا پێت  وا نییە ئەم كارە پێویستی  بە هاوكاری  هەموو كورد دەبێت  لە هۆڵەندا ؟.
 وەڵام : بەڵێ پێویستیم  بە هەموو   هاوكارییەك هەیە . بەڵام  لە ئانرات  كە خۆی دانینابوو بە تاوانەكەیدا  , ئاسایی  بوو بە ئاشكرا  كار  بكرێت  , وەلێ  لێرە  وا نییە  , ناتوانرێت  بەو شێوەیە  كار بكرێت .
 پ : چۆن بیستت  ئانرات گەیشتۆتە هۆڵەندا ؟.
 وەڵام  : لە  ڕێگەی  تەلەڤزیۆنەوە , كەناڵی  ئەین فەنداخ .
 پ :  كە زانیت  چیت كرد ؟.
 وەڵام :پێشتر  ناویم  بیستبوو , ناوی   دەهاتە پێشەوە , كە بینیم هاتە  سەر تەلەفزیۆن  , یەكسەر  دەستمان  بە ئیجرائات  كرد .
 پ : ئەو ئیجرائاتانە چی  بوون ؟.
 وەڵام : دوای ئەوە  یەكسەر هاتم لە پەرلەمان  داوام  كرد  كە ئەم مرۆڤە  پێویستە دادگایی  بكرێت .
 پ :  نازانیت  بەروارەكەی  كەی بوو ؟.
 وەڵام : نەخێر  نازانم لە یادم نەماوە .
 پ  :  كێ  داوای لێت  كرد  , ئەم هەنگاوە بنێیت ؟.
 وەڵام : كەس داوای لێم  نەكرد  , بۆخۆم  كردم . ئەو تاوانبار بوو بە ناردنی چەكی كیمیاوی بۆ عێراق  , بەس تێناگەیشتین بۆ  مخابەراتی  هۆڵەندی دەیان پاراست , هەر  ئەمەش بوو وایكرد  حكوومەت تاوانبار  بكەین  . كابینێتی  ئەوات نایە ویست  هیچ  بكات , چونكە  دەیووت دۆزەكە كۆن  بووە , دۆنەر  وەزیر داد  بوو لە پارتی سی دی ئای  . وەزیری  داد  دەیووت :  كۆن  بووە , بەرژەوەندی ئابوورییە ,  منیش  وتم : نابێت ئەوە  شتێكی مرۆڤانەیە , خەڵكی كوشتووە , یارمەتی  سەدامی  داوە ,  هەموو  كات  لەسەر  ئەوە قسەم  دەكرد  .
 پ  : وەك  لە دادگا  هەموو  گوێبیستی بووین  بە بەڕێزیشتەوە  ,  كە  چاوپێكەوتنی  تەلەفزیۆنی  ئانرات  لەگەڵ  كەناڵی تەلەفزیۆنی " نێت  ڤێرك  " بووە  سەرچاوەی  بە دادگایی  گەیاندنی  ئانرات  , كە  فرێد  تەیفن  بەو كارە هەڵسا ؟.
 وەڵام  :   فرێد  تەیفن  بەرپرسیارێتی  لە  ئەستۆ بوو ,  بەڵگەنامە  كۆ بكاتەوە ,  ئەو  لەناو  دادگا  بوو , داواكاری گشتی بوو . تا  لە پارلەمانەوە گڵۆپی  سەوز هەڵنەكرایا  بۆ  دادگاییكردنی  ئەو نایتوانی  هیچ  بكات . دەزانین  ئەو كاری زۆری  كرد  , هەردووكمان  ڕۆڵمان هەبوو , ئەمە ڕاستە .
 پ  :  دەتوانین بڵێین  حكوومەتی  هۆڵەندا خۆی  ئانراتی  دایە  دادگا؟.
 وەڵام :  حكوومەتی  هۆڵەندا  دوای  ئەوە قایل بوو , كە پارتی سۆسیالست  پاڵەپەستۆی زۆری كرد  بۆ بە دادگایی  گەیاندنی , كەچی  ئێستا هۆڵەندا  دەڵێت  سەیركەن  ئێمە چەندە مرۆڤایەتین  هاووڵاتی خۆمانمان  دادگاییكرد .
 پ  :  ئایا  ئێس پەی  لە بۆچوونێكی  مرۆڤایەتییەوە  ئەمەیكرد  , یان  كەسێك  , لایەنێك  كاریگەرییان  لەسەری  دانا بۆ  ئەوەی  ئەم هەنگاوە بنێت ؟.
 وەڵام : ئەم  هەموو پەیوەندییە  باشەی هەمان  بوو لە گەڵ  كورددا ,  ئەو هەموو  ئازارەی  بە كورد  گەیشتبوو ,  وایكرد  ئەمكارە بكەین . ئەگەر  من وەك  پەرلەمانتارێك  بزانم  ئەم تاوانە  كراوە  چۆن  ئەبێت  بێدەنگ  بم  بەرامبەری ,  ئەمە باشترین  كار بوو بیكەم بۆ كورد , خۆم  دەبوایە بمكردایە , بە قسەی  كەس و هیچ  لایەنێك  نەمكردووە . ئێمە  وەك  پارتێك  هەست بەوە ناكەین بۆ  پارت  كارێك  بە قازانجە و باشە ئەوسا بیكەین ,  بەڵكە  ئێمە بۆ   مرۆڤایەتی  ئەمكارەمان  ئەنجامداوە . دەبوایە  هەر بمانكردایە ,  ئەمە باوەڕمانە .
 سەیركەن مۆگابی  دژ  بە گەلەكەی كیمیاوی  لە وڵاتەكەی  بەكار هێناوە , ئەمە  وا  دەكات  ئیجرائات  وەربگرم  لە  دژی , مەسەلەكە  كورد  نییە , مەسەلە لێرە مرۆڤایەتییە ,  ئێستا  بیر لەوە  دەكەمەوە و پرسیاری  ئەوە دەكەم  , ئایا  كێ كیمیاوی  داوە  بە مۆگابی ؟  , جارێكی دیكە  بەڵگە  هەیە كە دەڵاڵی  هۆڵەندی داوییەتی  ,  بۆیە  بە قسەی  هیچ  كەس  و لایەنێك  ئەو كارەم نەكردووە , ئەو  كارە  لە باوەڕو  ویژدانەوە بووە .
 پ : ئەی  بەرامبەر  تاوانبارانی  دی  , ئەوانەی  ڕاستەوخۆ  دەستیان  لە تاواندا هەبووە ؟.
 وەڵام  :  لێرە سیستەمی  ئێف  یەك  هەیە , بزانن  ئەوەی  تاوانی كردووە , ئەوە لێكۆڵینەوەی تایبەتی  بۆ  دەكەن ,  بە پێی  ئەو یاسایە  ئەوەی خۆی  تاوانبار  بێت  , ئەوا وەچەكانیشی  لە  مافی  بوون بە هۆڵەندی بێبەری  دەبن , ئەمە  خراپە , مناڵ  نابێت  باجی  باوكی  بدات . لە جەنگی  جیهانی  دووەم  زۆر  هۆڵەندی   بەشدارییان كرد  لە تاوانەكانی هیتلەر  , كە  باوكەكان  حوكمدران  ئەوەندە  بۆ منداڵەكان  بەس بوو ە باوكیان سزا دراوە , ئێستا  پێویستە وا  بێت  , مناڵەكان  بۆ  دەبێت  لە گەڵ  باوكیان  سزا بدرێن .
 لە  كۆتاییدا  ئێوە  دەتوانن  زۆر  هاوكاریمان  بكەن  , وەك  چۆن  لە دادگای  ئانرات  ئەو فاكسەی  هێناتان  لەسەر  ئەو , كاریگەری زۆری  لەسەر حوكمدانەكەی  هەبوو , سزاكەی قورستر  كرد ,  ئێستاش  پەیداكرنی  بەڵگەنامە  گرنگە  بۆ  كارەكان  .
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.