Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

پارتی له‌به‌رده‌م ئازادی نوسین و ڕه‌خنه‌دا

Be First!
by August 20, 2010 گشتی

 

جگه‌له‌وخوێندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چاودێران و نه‌یارانی سیاسی بۆژێرخانی عه‌قڵییه‌تی سیاسی پارتی  ده‌کرێت،وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ باڵه‌خانه‌یه‌که له‌سه‌رپاشماوه‌کانی داروپه‌ردووی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و هێزه‌ کۆنه‌پارێزه‌کانه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات .به‌ڵام بۆخۆی پارتی وه‌ک هێزێکی سیاسی به‌درێژایی 64 ساڵ  له‌ناوگه‌مه‌سیاسییه‌کاندا توانیویه‌تی مانۆڕی سیاسی بکات  وته‌مه‌نی خۆی بۆئه‌مڕۆدرێژبکاته‌وه‌ ئه‌ویش به‌و ڕایه‌ڵ و فاکته‌رانه‌ی ڕژێم وحیزبه‌سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وناچه‌که‌  له‌سه‌ری وه‌ستاون .

به‌دانپێدانانی  نه‌یاران و خودی کادێره‌ ده‌ستڕویشتوه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی پارتی، ئه‌م حیزبه‌ به‌هۆی ململانێکانی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ له‌ ده‌یه‌ی نه‌وه‌ته‌کانی ڕابردوودا  توانی خۆی له‌به‌رامبه‌رهێزه‌سه‌ره‌کییه‌کانی کوردستان فۆرمات بکاته‌وه‌ وکۆمه‌ڵێک حیزبۆکه‌و  نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بۆ حیزب ببات، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر هه‌نگاوی  گۆڕانه‌سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کوردستان به‌هه‌مان مێنتالیتێتی سیاسی و وهه‌مان ناوه‌ڕۆکی ساڵانی شه‌ست وحه‌فتاکان کاری  سیاسی ده‌باته‌ پێشه‌وه‌ و نه‌یتوانیوه‌ سود له‌ونوێبوونه‌وه‌یه‌ ببینیت که‌شانس وهه‌لومه‌رجه‌سیاسییه‌که‌ی کوردستان وناوچه‌که‌  بۆی ڕه‌خساندووه‌ ،ئه‌مه‌ش ده‌ستخستنه‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌که‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌سیاسییه‌ که‌ناتوانێت له‌گه‌ڵ ڕه‌ووتی ڕووداوه‌کان هه‌نگاوی ڕێالیستیانه‌ به‌قه‌زانجی تازه‌بوونه‌وه‌ی پارتی بۆئاینده‌و  په‌شیمان بوونه‌وه‌  له‌ دوێنێی هه‌ڵه‌کان هه‌ڵگرێت.

ئه‌مڕۆ پارتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ وخۆی وه‌ک هێزی یه‌که‌م وڕه‌وتێکی دیموکراسی ته‌عریف ده‌کات،  به‌ڵام له‌ڕاستیدا له‌به‌رده‌م قه‌یرانی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئازادی دایه‌، به‌دوورکه‌وتنه‌وه‌ی  زیاتری له‌جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک که‌شتییه‌که‌ی له‌نگه‌ری گرتووه‌، گه‌روازله‌مێژوو بێنین وچاوی خۆمان له‌هه‌ڵه‌مێژوویه‌کانی ئه‌م حیزبه‌ بنوقێنین که‌ده‌ورانه‌سیاسییه‌که‌ به‌سه‌ریداهێناوه‌ و تێیدا که‌وتۆته‌ نێو چه‌ندان ته‌ڵه‌زمه‌ی ئیقلیمی، ته‌نها له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دامه‌وه قسه‌یه‌ک بکه‌ین له‌م  حه‌وت ساڵه‌دا  ئه‌م حیزبه‌ هه‌نگاوی زۆر هه‌ڵه‌ی ناوه‌ بۆخودوورخستنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئاڵوگۆڕه‌سیاسییه‌کانی  کوردستان و عێراق،به‌رده‌وام به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆلی گۆڕانه‌کان وتموحی ئازادییه‌کانی خه‌ڵک  سه‌وڵی چونه‌پێشه‌وه‌ی لێداوه‌،ئه‌مه‌ش  وای کردووه‌ هه‌میشه‌  پارتی بکه‌وێته‌ به‌رده‌م گێژوڵوکه‌ مه‌ن  و مه‌ترسیداره‌که‌ی
ڕای گشتی خه‌ڵکی کوردستان و میدیای ئازاد. ئه‌ویش به‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌خۆی له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌گرتن ڕابێنێت وله‌چوارچێوه‌ی  ئه‌وپه‌روه‌رده‌یه‌ بێته‌دره‌وه‌ که‌له‌ڕابردوودا خۆی پێ په‌روه‌رده‌وگۆشکردووه‌

ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2005 له‌سه‌رووتارێک که‌له‌30 دێڕتێپه‌ڕی نه‌ده‌کرد، ئه‌م حیزبه‌ که‌مالی سه‌یدقادری به‌ 30 ساڵ زیندانی  خسته‌زیندانه‌وه‌،به‌ڵام دوایی به‌هۆی فشاره‌ده‌ره‌کییه‌کان و که‌مپینه‌ هه‌مه‌جۆره‌کان  پارتی ناچارکرا به‌ئازادکردنی  خاوه‌نی ووتاره‌که‌، پارتیش وه‌ک فڕێنه‌ری که‌مالی سه‌یدقادرله‌ ڕۆژنامه‌و ناوه‌ندی میدیاکانی جیهان ناسێنرا ئه‌مه‌ش زه‌ره‌رێکی گه‌وره‌ بووله‌ناو ناوبانگی کورد بۆهه‌موان .

ڕۆژی 21/7/2007 سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ له‌شاری که‌رکوک تیرۆرکراوه‌ ،ڕۆژی 4/5/2010  سه‌رده‌شت عوسمان له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان   ڕفێندرا و تیرۆرکرا.ده‌ستی  تۆمه‌تبارییه‌کان بۆ ئه‌م  حیزبه‌ درێژکرا به‌ڵام تائه‌مڕۆ( پارتی نه‌یتوانیوه‌ یان نه‌یویستووه‌ ) کار له‌سه‌رپرۆسه‌ی دادگایکردنه‌که‌ بکات وئه‌ستۆپاکی خۆی له‌م مه‌له‌فه‌بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، ،‌ هه‌رله‌هه‌ناوی ئه‌و توڕه‌ییه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌دوای خۆیداهێنا  18/5/2010  به‌یاننامه‌یه‌کی  شه‌ڕفرۆشتنی دژ به‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاوکرده‌وه‌ خه‌ریک بوو خه‌ڵکی کوردستان نزیک بێته‌وه‌  له‌لێواری شه‌ڕێکی ناوخۆیی وسه‌پێنراو.

 له‌سه‌رڕاپۆرتێکی   ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ له‌سه‌ربه‌قاچاغبردنی نه‌وت ڕۆژی 25/7/2010  پارتی داواله‌سه‌رڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌و خاوه‌نی بابه‌ته‌که‌ تۆمارده‌کات و داوای بڕی یه‌ک ملیاردۆلارقه‌ره‌بووده‌کات ،که‌ قه‌باره‌ی ئه‌م قه‌ره‌بوکردنه‌ له‌مه‌هزه‌له‌یه‌کی سیاسیی به‌ولاوه‌ هیچی ترنیه ،جگه‌له‌پێشێلی یاسای کاری ڕۆژنامه‌وانی

ڕۆژی  5/8/2010 ڕۆژنامه‌ی خه‌باتی زمانحاڵی پارتی دیموکرات   به‌یاننامه‌یه‌ک  بڵاوده‌کاته‌وه‌ و ده‌که‌وێته‌ ململانێ له‌گه‌ڵ گۆڤاری لڤین له‌سه‌رچاوپێکه‌ووتنێک که‌گۆڤاره‌که‌ له‌گه‌ڵ عیرفان قانعی فه‌رد سازی داوه.
ناوه‌ڕۆکی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ هه‌رچیه‌ک هه‌بێت وهه‌ر ئازاردانێکی بۆپارتی تێدابێت ناکرێت پارتی له‌سه‌رئه‌م که‌م چیکه‌ڵدانه‌ییه‌ به‌رده‌وام بێت وله‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی هه‌ربیروڕایه‌کی جیاواز  په‌ناببرێته‌ به‌رخه‌نجه‌ره‌که‌و له‌کالانی ده‌ربهێنرێت، ئه‌مڕۆ ئه‌م حیزبه‌ سه‌دان ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و بڵاوکراوه‌ی هه‌یه‌،هه‌زاران نووسه‌رو ڕۆژنامه‌وان له‌و حیزبه‌ پارووی چه‌ور  وبه‌سته‌ دۆلار وه‌رده‌گرن ئیدی ده‌کرێت پارتی خۆی ڕابهێنێت  له‌م که‌ناڵانه‌وه‌  ململانێکانی خۆی بباته‌پێشه‌وه‌،  نه‌ک هاندانی لایه‌نگران بۆدژایه‌تیکردنی گۆڤاری لڤین  و هێنانه‌ئارای  ناسه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی .

سه‌ره‌ڕای ته‌واوی تێبینی و ڕه‌خنه‌ و ڕوانینه‌کانمان له‌سه‌ر کاره‌کانی عیرفان قانعی فه‌ردو دیکۆمێنته‌کانی،که‌به‌چ مه‌رام و به‌چ ئاراسته‌یه‌ک ده‌یه‌وێت میژوو بنوسێته‌وه‌،سوکایه‌تیکردنه‌ به‌نه‌ته‌وه‌ی کوردو کارێزماکانی یان هه‌ڵدانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت،که‌ئه‌وه‌ش ئاینده‌ی کاره‌که‌ ولێکۆڵینه‌وه‌بێلایه‌نیه‌کان بڕیارده‌ری ده‌بن،به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌ومانایه‌ نیه‌ که‌له‌به‌رامبه‌ر شێواندی مێژووی نه‌ته‌ووه‌ونه‌به‌ردییه‌کانی به‌سانایی ته‌سلیم به‌ڵێکۆڵێنه‌وه‌کانی قانعی فه‌ردببین   .
پارتی له‌به‌رده‌م ڕێگه‌وقۆناغیکی هه‌ستیاردایه‌،پرسیاره‌که‌ئه‌وه‌یه‌ ئایا پارتی   به‌سه‌ره‌تایه‌کی نوێ  ده‌ستپێده‌کات وئه‌زموونێکی سیاسی نوێ بۆململانێکانی  دێنێته‌ مه‌یدان (به‌ئازادی ووتن وبیروڕاده‌ڕبڕین)ڕازی ده‌بێت   یان درێژه‌دان به‌ چاوسورکردنه‌وه‌ ته‌سفییه‌کردن.که‌ئه‌م خۆسه‌پاندنه‌ش بۆ ئه‌مڕۆی کوردستان وخواستی ئازادییه‌کانی خه‌ڵک قبوڵناکرێت و پارتییش زۆرترین  باجی بێ متمانه‌یی سیاسی وڕێکخراوه‌یی له‌سه‌رئاستی ناوخۆ  و جیهانی ده‌ره‌وه‌ی به‌رده‌که‌وێت .

فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید
faraidun_73@hotmail.com

ئه‌م ووتاره‌  له‌ژماره‌  655  ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

 

Previous
Next

Leave a Reply