Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
پرسیار..گومان..خەیاڵ..خۆپیشاندان..بەرەنگاری.. خوێن بۆ ئازادی..!

پرسیار..گومان..خەیاڵ..خۆپیشاندان..بەرەنگاری.. خوێن بۆ ئازادی..!

Closed
by February 20, 2011 گشتی

ئێمە، یاری قوڕینە نیین..!
میژوویەکە دەستەڵاتدارانی بێگانە و خۆماڵی لە سەر خوێن و پشتی ماندووی ئەم میللەتە، قاچ دەخەنە سەر قاچ و جگەرەی عەزمی مەزنی و سەرکەوتنی دەستەڵاتیان دەکێشن..چەندەها ساڵە لە سەر مەتنی کێشە سیاسی و ئابوریەکانی ئەم میللەتە ستەم لێکراوە خۆیان گەورە دەکەن..خۆیان بە دەستەڵات و سەرۆکایەتی دەگەیەنن..وە هەر بە مانەوەی کێشەکانی ئەم میللەتە بێکەسە دەیانەوێت ئەبەدیەتی دەستەڵات و سەرۆکایەتیان بۆ هەزارەها وەچەی دوای خۆیان مسۆگەر بکەن.. وە دەیانەوێت بە ئایدیا و سیاسەتی پوچی خۆیان، ئیرادەی ئەم میللەتە پوچ بکەنەوە .. وە بە هێز و جەبر و زەبری دەستەڵاتیان، دەیانەوێت جەستەی ئەم میللەتە بهاڕن و وورد وورد بکەن.. بە عارەق و شیلەی گیانیان خۆشیان بکەن..وە بەکوشتن و خوێن و سەرکوت و هەڕەشە نەرمیان بکەن..بۆ ئەوەی بیانکەن بە قوڕی دەستکرد..تا چیان بوێت بە خواستی خۆیان لێیان دروست بکەن..!
وە تا ئێستا  هەر دەستەڵاتێکی بێگانە و خۆماڵی،  ئەگەر بە ناوی کورد و کوردستانەوە هاتبێت.. گەر بە ناوی مافی چارەی خۆ نوسینی گەلەوە هاتبێت ..گەر بە ناوی عیلمانیەتەوە هاتبێت.. گەر بە ناوی دیموکراتی و مافی مرۆڤەوە هاتبێت..! گەر بە ناوی ئایین و خوداوە هاتبێتە سەر حوکم،  هەر بۆ چەپاندن و سەپاندن و داگیرکردنی تاکەکانی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، سەری دەرهێناوە و گەشەی کردوە..!، وە بە باوەڕ و نەریت و سیاسەتی وەهمی خۆیان، کەسایەتی و بەهای مرۆیی  مرۆکانی ئەم کۆمەڵگایان بۆ زەمەنێک دەستەمۆ کردوە..! بۆ ئەوەی لە هەموو سەردەمەکاندا بە جیا لە ویست و مەهامی خۆیان..لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی هەڵیانبوەشێننەوە و  بیانگۆڕن و دروستیان بکەنەوە..!
تا هێزی ئەم خەڵکە بەشمەینەتە لە کاتی شەڕەکانیاندا بکەن بە چەک و تفەنگ.. لە کاتی ڕێکەوتن و ئاشتیاندا بکەن بە مێزی گفتوو گۆ و ئیمزاکردن..وە لە کاتی هەڵبژاردن و نەگۆڕینی دەستەڵاتیاندا هەموو میللەت  بکەنە یەک فۆرمی پڕ کراوەی یەک دەنگ و یەک بەڵێ..! وە دەیانەوێت لە کاتی گەندەڵی و دزیاندا، سەرتاپای میللەت بکەن بە ڕۆبۆرت، ڕۆبۆرتێکی بە پڕۆگرامکراو..ڕۆبۆرتێک کە دزی و گەندەڵی و نا عەدالەتی و نا ئینسانی دەستەڵاتداران نەخوێنێتەوە..ڕۆبۆرتێک کە شەو و ڕۆژ بەبێ وەستان پارە و سەرمایە تەنها بۆ دەستەڵاتدارانی سیاسی مشەخۆر و مفتەخۆری چاوچنۆک زیاد بکات..!
لە مێژەوە سارتەر گوتویەتی ( مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی ) منیش لە سەر ئەم بۆچونەی سارتەری فەیلەسوفی چەمکی بون و ئازادی دەڵێم مرۆڤەکانی ئەم میللەتەی ئێمەش وەک میللەتەکانی دیی ژێر سایەی  دەستەڵاتە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان، لە دێر زەمانەوە مەحکومن بە(ئازادی)، بۆیە هەردەم ئامادەن هەموو ڕیگاکانی قوربانی، ببڕن بۆ بەدیهینانی ئازادی..!
بەڵێ مرۆکانی هیچ میللەتێک ئەوەندەی مرۆکانی میللەتی ژێر سایەی دەستەڵاتە کۆنەپەرست و ئایینی و بنەماڵەیی و دیکتاتۆر و گەندەڵەکان مەحکوم نیین بە ئازادی، بۆیە مرۆکانی ئەم میللەتانە هەموو سات ئامادەن گیان و ماڵ و ژیانیان بۆ چراکان و فریادڕەسەکانی سەر ڕیگای ئازادی ببەخشن..! وە مرۆکانی ئەم میللەتانە دوورترین و قوڵترین مێژووی چەوسانەوەی پڕ لە خوێنیان و بۆ ئازادی هەیە و هیچ میللەتێکی دی لە دنیادا هێندەی مرۆڤەکانی ئەم میللەتانە عەشقی ووشەی ئازادی نین..! وە هێندەی مرۆڤی ئەم میللەتانە ووشەی ئازادیان لە دژی دەستەڵاتی بێگانە و خۆماڵی بەرز نەکردۆتەوە و بەکار نەهێناوە..!  چونکە لە هەر میللەتێکی دی ئەم دونیایە، مرۆڤەکانی ئەم میللەتانە زیاتر بێبەش و سەرکوت کراون ..بێماف کراون ..بێ بەها کراون و دەکرێن..!!
کۆمەڵگایەکی ئازاد و مەدەنی و دیموکراتی هەرگیز ناتوانێت دەستەڵاتێکی شێوا و گەندەڵ و نا عەدالەت قبوڵ بکات و ڕٶژەکانی تەمەنی لە گەڵیدا بگوزەرێنێت..! وە هەرگیز ناتوانێت هەستان و بەگژاچونەوە بۆ ئازادی تەئجیل بکات و بسپێرێت بە کاتێکی نادیار..! چونکە هەر کۆمەڵگایەک .. هەر مرۆڤێک ئەو کاتەی هەستی بە کۆیلەیەتی و بەندیەتی خۆی کرد ناتوانێت بۆ چرکەیەک بوەستێت.. هەرکاتێک باڵی  فڕینی ئازادیی بوژایەوە و باڵی گرت، بەبێ وەستان دەدات لە شەقەی باڵ و دەفڕێت و چاوەڕوانی مۆڵەت لە هیچ هێزی ناکات..!
وە هەموو مرۆیەکی هوشیار و ئازاد گەر بتواننێت هەر شتێکی دیکەی ژیانی وەلا بنێ و لە بیر بکات ئەوا هەرگیز ناتوانێت ماف و ئازادیەکانی لە بیر بکات، چونکە دەزانێت لە بیرکردنی ئازادیەکانی، مانای قبوڵکردن و بەردەوامی ژێردەستی و کۆیلەیەتی‌یە..! بۆیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی هەر ئێستا بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گڕیان گرتوە و توڕەن، وە نایەنەوێت لەوە زیاتر لە ژێر باری دزی و گەندەڵی نا عەدالەتی و نا یەکسانی و بێ خزمەگوزاری ژیان بەسەربەرن .. وە نایەنەوێت لەوە زیاتر دەستەڵاتخوازان و پێگەخوازان، یاری بە چارەنوسی ژیانی سیاسی و ئابوری و ئیدارەیان بکەن ..وە دەیانەوێت ئەمجارە بۆ خۆیان ئازاد بن ..وە هەرخۆیان بڕیار لە چۆنیەتی ژیانیان بدەن..وە نایانەوێت هیچ دەستەڵاتخوازێک بۆ جارێکی دی یاری بە ژیانیانەوە بکات..دەیانەوێت ئەمجارە بەهای  ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان پیشان بدەن و نەبنە یاری قوڕینەی دەستی دەستەڵاتخوازە فرسەت تەڵەبەکان..!!
19.02.2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.