Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

پلانێكی ستراتیژیمان پێویسته‌ بۆ سه‌رژمێری گشتی

Be First!
by September 23, 2010 گشتی

 

وه‌ك هه‌موو لایه‌ك پێئاگادارین نزیكه‌ی مانگێكمان له‌به‌ر ده‌ست ماوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی، به‌مه‌رجێك ئه‌گه‌ر هیچ ته‌گه‌ره‌و به‌ربه‌ستێكی سیاسی بۆ دروست نه‌كرێت، چونكه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ زیاتر له‌ هه‌ولێك له‌ ئارادایه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوای بیانوو پاساوی هه‌مه‌جۆر بۆ ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رژمێریكردن‌و دواخستنی پرۆسه‌كه‌، به‌دوریش نازانرێت هه‌وڵی ده‌ره‌كیش له‌ئارادا بێت بۆ به‌لادابردنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ ئاقارێكدا كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی كوردا نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و سه‌رژمێریكردنه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی سیاسی‌و كۆمه‌لایه‌تی گرنگی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازیه‌ك بۆ گۆرینی نه‌خشه‌ی به‌شێك له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ئایینده‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان‌و پرسی ماده‌ی 140 و پێداچوونه‌وه‌ی به‌ رێژه‌و به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م دوو بواره‌ش واتا بواری سیاسی‌و ئابوری به‌شێكن له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و ستراتیژیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ ئالۆزی باردۆخی سیاسی‌و ئیتنی عێراق ده‌مان گه‌یه‌نێته‌ باوه‌ڕێك كه‌ ئێمه‌ی كورد ئه‌سته‌مه‌ بتوانین كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ململانێ‌و بارگرژی چاره‌سه‌ر بكه‌ین هه‌روه‌ك بینیمان ئه‌وه‌ی له‌و چوار ساڵه‌ی رابردوو رویدا هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌ رووی پێگه‌و هێزو ده‌سه‌لاتیشه‌وه‌ له‌ قۆناغێكی باشتر دابووین له‌ ئێستا، بۆیه‌ ئه‌م سه‌رژمێریكردنه‌ گشتیه‌ ده‌روازیێكه‌ زێرینه‌ كه‌ له‌ رێگایه‌وه‌ بتوانین مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانمان بگه‌رێنینه‌وه‌ به‌ بێ به‌كارهێنانی هێز، به‌ جۆرێك ئه‌م سه‌رژمێریكردنه‌ به‌ها سیاسی‌و یاسایی‌و هه‌تا ده‌رونیه‌كانیشی بۆ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان هیچی كه‌متر نیه‌ له‌و به‌هایانه‌ی كه‌ كورد له‌ دارشتنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا ده‌ستی كه‌وت، چونكه‌ ئه‌م سه‌رژمێریكردن خۆی له‌ خۆیدا جێبه‌جێكردنی به‌شێكه‌ له‌ ماده‌ی 140 ، كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی كاریگه‌رێكی زۆریان ده‌بێت له‌ سه‌ر ئایینده‌ی پێوه‌ندیه‌كانی حكومه‌تی به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بوونی پلانێكی ستراتیژی‌و زانستیانه‌یه‌ بۆ ئاماده‌كاری له‌م پرۆسه‌یه‌دا، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌ رێگای ته‌رخانكردنی بودجه‌یێكی فراوان‌و خه‌یاڵی ده‌بێت بۆ هاندانی به‌شداریكردنی خه‌ڵكی كوردی گشت ناوچه‌كان‌و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ تا ئێستا نه‌گه‌راوه‌نه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ لایێك، له‌ لایێكی تر ئه‌بێت كورد له‌ رێگای پێوه‌ندی جۆراو جۆره‌وه‌ هه‌وڵبدات كه‌ به‌هه‌ر ئه‌نجامێك بێت ئه‌م سه‌رژمێریكردنه‌ دوا نه‌كه‌وێت هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ رێگای رازیكردنی ئیغراكردنی ماددی‌و سه‌فقه‌ی سیاسیش بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ نایانه‌وێت سه‌رژمێری بكرێت له‌ ئێستادا، چونكه‌ وه‌ك كورد ده‌لێت ماڵی ره‌ش بۆ رۆژی ره‌شه‌، ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی مێژوویه‌ جارێكی تر ناتوانین هه‌رگیز به‌و نرخه‌ی ئێستا ده‌ستمان بكه‌وێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا هه‌لومه‌رجی ده‌وڵه‌تی عێراقی له‌ سه‌رقالبووندایه‌ به‌ چونێتی پێكهێنانی حكومه‌ت، چونكه‌ ئه‌م سه‌رژمێریه‌ یه‌كه‌م سه‌رژمێری ده‌بێت له‌ عێراقدا كه‌ له‌ باردۆخێكدا ئه‌نجام بدرێت كه‌ كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتدار بێت‌و كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ دیسان یه‌كه‌م سه‌رژمێری ده‌بێت كه‌ ئێستاو ئایینده‌ی بونیاتنانه‌وه‌ی هێزو دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات‌و سامانی ده‌وڵه‌تی عێراقی له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێت. ئاینده‌ی پێوه‌ندیه‌كان‌و قه‌باره‌ی مامه‌له‌كردنه‌ ناوچه‌یی‌و ده‌ره‌كیه‌كانیشمان تا ئاستێكی زۆر ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێریكردنه‌، ئه‌وه‌ی من گه‌ره‌كمه‌ له‌م نوسینه‌دا بیلێم بوونی پلانێكی ستراتیژیه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌م سه‌رژمێریه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ شه‌ش مانگ له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ هه‌مان بوبێت، ئه‌گینا ناتوانین دڵنیابین له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی،  هه‌ڵبه‌ته‌ من نازانم ئایا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد پلانێكی پێشوه‌خته‌ی دارشتووه‌ بۆ رووبه‌روبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌له‌ مێژوویه‌، یاخود ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یێكی مێژووی تر ده‌بێت‌و ده‌خرێته‌ ته‌ك ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی به‌درێژای مێژووی سیاسی ئێمه‌ بۆمان ره‌خساون‌و به‌بێئه‌وه‌ی بتوانین سودیان لێوه‌رگرین، ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و سه‌رژمێریه‌ی كه‌ هه‌موومان له‌ چاوه‌روانیداین، له‌ ئاینده‌یێكی نزیكدا.

زوبێر ره‌سوڵ

Previous
Next

Leave a Reply