Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پوختى تێڕامانەکانى چەپێکى عەرەب ……

پوختى تێڕامانەکانى چەپێکى عەرەب ……

Closed
by November 6, 2008 گشتی

 پوختى تێڕامانەکانى چەپێکى عەرەب لە قەیرانى دارایى سەرمایەى جیهانگیردا
 کەریم مروە
 و: محەمەدى مشیر

 پوختى ئەو تێڕامانانەم ،کە لەبوارى زانستى ئابووری و مەعریفەى راستەقینەى پارە و جووڵەکەیەوە زانیاریان کەمە،بەرەو ئەوەم دەبەن هەندێ دەرەنجام بخەمەڕوو، کە رەنگە بەئەندازەى پێویست سەلمێنەرو بەڵگەیان پێ نەبێ، بەڵام تا رادەیەکى بەرفرەترلەسەر بنەماى پڕۆسەى رەسەنى مارکس بەو ئاراستەیەى کە وایلێدەکات زێتر لە گەڵ سەردەم و وەرچەرخانەکانیدا تەبابێت، حەز و خەونى گۆڕان لە ئامێزدەگرن.
 دەرەنجامى یەکەم: ئەوەیە کە یەکانگیرى جیهان یەکانگیریەکى بابەتییە و پێویستە وەک راستییەکى مێژوویى بەدەر لە پۆلێنکارى ئایدیۆلۆژى مامەڵەى لەگەڵدا بکەین. ئەم دانپێدانانە بە یەکانگیرى جیهان ئامانجیەتى وا لە گەلان بکات، بە تایبەتیش بچووکەکان، دەرک بەوە بکەن کە چیتر ناتوانن خۆ لەو ئاڵوگۆڕییانەى لە جیهاندا روودەدەن بە دوور بگرن ، ئیدى چ بەلایەنە ئەرێنییەکانیان بێ، چ بەلایەنە نەرێنییەکانیان بێت لە حاڵى حازردا و بەشێوەیەکى تایبەت. ئەم دانپێدانانە بە یەکانگیرى جیهان وا پێویست دەکات داخراوەکان بچنە دەرەوەى ناسنامە دێرینەکانیان و ئەو دیلییەى خۆیانی تێدا دەئاخنن، وا پێویست دەکات بێنە نێو سەردەم بێئەوەى دەسبەردارى ناسنامەکانیان بن، بەڵام بەمەرجێ دان بەوەدا بنێن کە ئەو ناسنامانە بەردەوام پێویستیان بە کارلێک و کارتێکردن هەیە لە گەڵ ئاڵوگۆڕییەکانى سەردەم و خۆیانى پێ دەوڵەمەند بکەن.
 دەرەنجامى دووەم: بریتییە لەوەى دەوڵەتى نەتەوایەتى هێشتا پێویستى بەوەیە پێگەکانى پتەوتربکات و رۆڵى خۆى وەک رێکخەرێکى ژیان لە وڵاتەکەیدا سەقامگیربکات، بەپێچەوانەى ئەو دەنگۆیانەى دواى هەرەسى ئەزموونى سۆسیالیستى سەریانهەڵدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو زێدەگۆییەى لەمەڕ سپاردنى ئەرکى زیادتر بە دەوڵەت و لەدەرەوەى سنوورى رۆڵەکەى هاتنە ئاراوە، چونکە ئەرکى دەوڵەت بەم مانایەى مەبەستمانە لەوەدا دەستنیشان دەکرێ کە چاودێرى جووڵەى ئابوورى سەرمایەدارى و دڕندایەتییەکەى بکات ، بەتایبەتیش چاودێریکردنى دەستدرێژییە ناڕەواکانى لەسەر رێسا و یاساکاندا،  دەستدرێژییە ناڕەواکانى لەسەر بەراییترین مافەکانى خەڵک. بەڵام ئەم دەوڵەتە لەم سەردەمەى ئێستادا و بەو مەرجانەى کە هەیەتى، تەنانەت لە سایەى سیستەمى سەرمایەدارى باڵادەستیشدا، دەبێ تەنها دەوڵەتى ماف و یاسا و دامەزراوەکان بێت. ئەم ئەرک و رۆڵەى دەوڵەت لە جیهانى هاوچەرخدا بۆیان هەیە رێگربن لە بەردەم ئەو دیاردانەى لە وڵاتانى پێشکەوتوو و دواکەوتووشدا دووبارە دەبنەوە ، وەک تێوەگڵان لە تاوانى رێکخراو، گەندەڵى، دزینى خێروبێرى کۆمەڵگە و هەژارکردنى رێژەیى و رەهاى  زۆرینەى خەڵک و  وێرانکردنى ژینگە و دەستدرێژیکردنە سەر فەزاى دەرەوەى هەسارەکە بێئەوەى ئاکامەکانى ئەم کارانە رەچاوبکرێن. 
 دەرەنجامى سێیەم:  ئەو یەکێتییانەى دامەزراون و ئەوانەى داشدەمەزرێن لە ناوچە جیاجیاکانى جیهاندا پێویستە بگەنە ئاستى بەدەستهێنانى ئەو توانایە کە رۆڵى رێکخەرى ژیانى ئابوورى لە وڵاتەکانیاندا ببینن،بەتایبەتیش جووڵەى سەرمایە،بە هەمان شێوەى  ئەو رۆڵەى کە دەوڵەت لە هەر وڵاتێکدا دەیبنێ و وەک تەواکارێکى رێنیشاندەریش بن لەو رۆڵەى دەوڵەتدا لە سەر ئاستى ئەو یەکێتییانەى خەریکە لە ناوچە جیاجیاکانى جیهاندا دروست دەبن.
 دەرەنجامى چوارەم: ئەوەیە کە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستى بەوە هەیە رۆڵى خۆى وەدەستبهێنێتەوە، کە لە بنەڕەتدا دواى جەنگى جیهانیى دووەم بۆ بینینى ئەم رۆڵە دامەزرا،ئەو رۆڵەش تەنها بە بەرقەرارکردنى ئاشتى و چارەسەرکردنى ململانێکان و دانى ماف بە نەتەوەکان و نەتەوە بچووکەکان و کەمینە نەتەوەکان( تەنانەت مافى بڕیاردانى ئازادانەى چارەنووس) یش،پەیوەست نییە،بەڵکو رۆڵێکە پێویستە لەو ئەرکە بنەڕەتیەش رەتدا و بگاتە چاودێریکردنى سەرمایەى جیهانگەرا تا رێگەى پێنەدات دەستدرێژى بکاتە سەر یاساگشتییەکان لە سەر حسێبى مافى گەلان و ئومەتەکان و مافەکانى مرۆڤ و دانانى یاساگەلێکى پێویست بۆ بەدیهێنانى ئەم جۆرە چاودێریکردنە. ئەم رۆڵەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆڵى حکومەتێکى جیهانى دەچێت بە مەرجێ مافى ڤیتۆ تەنها لەدەست پێنج زلهێزەکەدا نەمێنێتەوە،بەڵکو پێویستە دەوڵەتى گەورەى دیکەش لە وڵاتانى کەناردا، وەکو بەرازیل و هیند و یابان و دەوڵەتێکى گەورەى ئەفریقیاش کە لە بوارى ئەمنى و ئابوورییەوە سەقامگیر بێت ،سەربارى ئەلمَانیا، ئەو مافەیان هەبێت.
 دەرەنجامى پێنجەم: ئەو قەیرانە داراییە تەپێنەرە وا دەخوازێ لەوانەى گۆڕانخوازن لە وڵاتەکانماندا، بەتایبەتیش ئەوانەى چەپن، بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە، هەموو توانایان بخەنەگەڕ تا بەرنامەیەک داڕێژن کەمەبەستى بەدیهێنانى ئەو گۆڕانکارییە بێت. ئەمەش هەوڵێکە وادەخوازێ ئەوەى لە سەدەى رابردوودا وەک دەسکەوتگەلێک بە ناوى سۆسیالیستى هاتنەدى و دواتر لە سەردەستى ئەوانەى ویستیان پڕاکتیکى بکەن لە دەستچوون  گرێبدرێ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەى لە سەردەمى نوێدا و لە سایەى جیهانگیری سەرمایەداریدا روویانداوە، وەک دەسکەوتە زانستییەکان و ئەو کارەساتە ئابوورى و دارایى و ژینگەییانەى ملیۆنها کەس بوونە قوربانیان. بەڵام ئەو هەوڵە پێویستەى ئامانجى گۆڕانە و ئاماژەى پێدرا پێویستى بە پابەندبوون بە واقعیەت و نەبوونە کۆیلەى رابردوو و سۆزدارى بۆ ئەو رابردووە هەیە،پێویستى بە نەچوونە ژێربارى تیۆرکارى سیاسی هەڕەمەکى و نەگرتنەبەرى ئەو رێبازانەى تێکۆشان هەیە کە بەرەو وێرانکردنى ئامانجى مەبەست و ئەو خەونەى مرۆڤایەتى پێیەوە بەندە هەنگاو دەنێن.
 ئەمانە تێڕامانەکانى منن وەک هاووڵاتییەکى عەرەب، ئەو تێڕامانانەى سروشەکەیان لەو قەیرانە داراییەوە سەرچاوە دەگرێ کە جیهانى خستە لێوارى کارەساتێکى مەزن، ئەمانە هەندێ لەو دەرەنجامانە بوون کە لە رێگەى خوێندنەوەم بۆ ئەم قەیرانە و لایەنى کەم کاریگەرییە هەنووکەییەکانى، پوختم کردوونەتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.