Skip to Content

Monday, November 29th, 2021

پڕۆژه‌که‌ی مام جه‌لال و قه‌یرانه‌کانی ناو یه‌کێتی!‌…..حه‌مه‌ غفور

Be First!
by February 1, 2009 گشتی

 پڕۆژه‌که‌ی مام جه‌لال و قه‌یرانه‌کانی ناو یه‌کێتی!‌
 حه‌مه‌ غفور

 پڕۆژه‌که‌ی به‌ڕیز مام جه‌لال به‌ چه‌ند ده‌لیل که‌ دواتر ده‌ستیان له‌سه‌ر دائه‌نێم، هێنده‌ی دانپیانێکی ڕاشکاوانه‌ وه‌ له‌ هه‌مان کاتدا ناچاری به‌یان ئه‌کات‌‌ له‌ژێر گوشاری ناڕه‌زایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ری‌و بێزاری گشتی‌و سه‌راسه‌ریدا به‌ حه‌قیقه‌تی دیارده‌و نه‌خۆشی به‌ربڵاوی گه‌نده‌ڵیدا له‌ کوردستان، له‌سه‌ر زاری سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه، هه‌رگیز له‌ ناو چوارچێوه‌ی مێتۆدو پلاتفۆرمێکی سیاسی عه‌قڵانی‌و مانیفێستێکی پراتیکیدا به‌ مه‌به‌ستی سنووردانان بۆ کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی یان هه‌نگاوێک له‌پێناو چاکسازی‌‌و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌ شارستانیه‌کاندا جێگای نابێته‌وه‌. هه‌رچه‌ند ئیعتراف به‌ زه‌نب‌و خه‌تا خۆی هه‌نگاوێکی ئیجابیه‌، به‌ڵام دانپیانانی به‌ڕیزیان به‌ مه‌ترسی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا بۆ هێوڕکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ڕه‌ساو بڵندی جه‌ماوه‌رو پاساودانی خه‌تاو تاوانه‌که‌یه‌، نه‌ک وه‌ستانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا. قه‌تماغه‌ی ئه‌ستوری ئه‌و زام‌و برینانه‌ ئه‌کولێنێته‌وه‌ که‌ گه‌نده‌ڵی‌و ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگانه‌و میلیشیایی‌و خزمخزمێنه‌و واسته‌کاری‌و به‌رتیلخۆری ‌ساڵانێکه‌ له‌ ویژدان‌و هه‌ست‌و نیستی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستاندا هه‌ڵیکۆڵیوه‌. مام جه‌لالیش به‌ هه‌مان نه‌غمه‌و ئاوازی گه‌نده‌ڵکارانی حیزبی‌و حکومی، خوێنی شه‌هیدانی کردۆته‌ مه‌عیارو حکومه‌تی هه‌رێم به‌ به‌ری ڕه‌نج‌و خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌و یه‌کێتی‌و پارتی دائه‌نێت. سه‌رنجی ئه‌م ده‌سپێکه‌ی پڕۆژه‌که‌ بده‌ن: 
 
 "له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌ستێوه‌رنه‌دان له‌ كاروبار و ئیش و فه‌رمانی یه‌كتر و چه‌سپاندنی حوكمی قانون و نه‌هێشتنی واسیته‌و مه‌حسوبیه‌ت و خزم خزمێنه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ری ره‌نج و خه‌باتی پڕ له‌فیداكاری پێشمه‌رگه‌ و حزبه‌ شۆڕشگێڕه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و خوێنی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانه‌."(خه‌ت هی منه‌). ئه‌م تێڕوانینه‌ بۆ حکومه‌ت، بۆ چه‌سپاندنی حوکمی قانون‌و بۆ جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له‌ حکومه‌ت، که‌ له‌م پاراگرافه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاتووه‌، خۆشی پێشه‌کی‌و هه‌ره‌ گرنگترین ده‌سپێکی پرۆژه‌که‌ی مام جه‌لاله‌، که‌ زۆر به‌ ڕوونی له‌و ده‌ربڕینانه‌ی من هێڵم به‌ژێریاندا کێشاون، نه‌یتوانیوه‌ یان نه‌یویستووه‌ خۆی له‌و وێنایه‌ ده‌رباز بکا که‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م حیزبانه‌و خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌یان‌ هێنده‌ پیرۆزو به ‌بایه‌خ بن لای مام جه‌لال که‌ سه‌رچه‌شمه‌ی هه‌ر ده‌سکه‌وتێک بن به‌ ئه‌زمونی ئێستاشیانه‌وه‌، ئیتر کێ ئه‌توانێ به‌ مه‌سئولینی حیزبی‌و حکومی بڵێ پشتی چاوتان برۆیه‌!؟ ئایا لێپرسینه‌وه‌یه‌کی نه‌رم‌و نیانی له‌م چه‌شنه‌ ناچێته‌ ژێر شیعارو په‌رچه‌می ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کانی ناو یه‌کێتیه‌وه‌!؟
 
 مام جه‌لال وه‌کو حه‌کیمێک هاتوه‌ پرۆژه‌یه‌کی خستۆته‌ڕوو به‌ مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان. دیارده‌یه‌ک که‌ وه‌کو په‌تایه‌کی کوشنده‌ دڵی کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه‌و بۆته‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر بونیادی کۆمه‌ڵگاو ژینگه‌ی شارستانی‌و سه‌روه‌ری یاساو کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. به‌ڵام له‌ کاتێکدا حکومه‌ت‌و سه‌رتاپای دامه‌زراوه‌و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تیی گۆڕاون بۆ ژینگه‌ی له‌بار بۆ ته‌شه‌نه‌و ته‌نینه‌وه‌ی په‌تای گه‌نده‌ڵی‌و خه‌ریکه‌ به‌ ته‌واوی بڕست‌و هێز له‌ خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ر ده‌بڕێ، تۆ بڵێی ئامانجی مام جه‌لال له‌ پێشنیازکردنی پرۆژه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ چی تر بێت، له‌ کاتێکدا خۆی سکرتێری یه‌کێک له‌و دوو حیزبه‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ به‌رپرسی ئه‌وه‌ڵ‌و ئاخری داڕزانی دۆخه‌که‌و ته‌شه‌نه‌کردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵین بۆ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستای له‌م ده‌ڤه‌ره‌؟ په‌تایه‌ک که‌ زۆر ترسناکه‌و ڕاسته‌وخۆ ژیان‌و نه‌شئه‌ی ئاره‌زوی ژیانکردن، ژینگه‌ی ته‌تبیقبونی زیندومانه‌وه‌و پانتایی پێکه‌وه‌ژیان‌و شارستانیه‌ت‌و مه‌وداکانی ئازادی‌و دیموکراسی‌و ئینساف‌و دادپه‌روه‌ری کردووه‌ به‌ نیشانه‌. دیارده‌یه‌ک که‌ ساڵانێکه‌ به‌ربینی به‌ کۆمه‌ڵی کوردستان گرتوه‌و به‌ هه‌زاران شێوه‌و له‌ سه‌دان که‌ناڵه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵکی کوردستان نه‌فره‌ت‌و بێزاری خۆیان له‌ به‌رامبه‌ریدا نیشانداوه‌و ڕه‌تیانکردۆته‌وه‌و ڕیسوایان کردووه‌.
 
 ئه‌رگومێنته‌ دژو  ناکۆکه‌کان:
 1- مام جه‌لال که‌ ئێستا سه‌رکۆماری عێراقه‌ چه‌نده‌ کاریگه‌ری داناوه‌ بۆ بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی‌و پاشاگه‌ردانی‌و ژێرپێخستنی یاساو سه‌روه‌ریه‌کانی؟ به‌ڕێزیان هیچ تێبینیه‌کی سه‌باره‌ت به‌ وه‌زعی داغانی عێراق نیه‌، که‌وایه‌ چی پاڵی پێوه‌ناوه‌ له‌ کوردستان ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بخاته‌ڕوو!؟
 2- پڕۆژه‌که‌ بۆ بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نیشتمانیه‌و پارتی به‌ هه‌ند وه‌ری نه‌گرتوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ڕێکه‌وتنی ستراتیژیان مۆرکردوه‌و ساڵانێکه‌ باس له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌ ده‌که‌ن!
 3- وه‌کو له‌ بانگه‌شه‌ی ناو پرۆژه‌که‌دا هاتوه‌، مام جه‌لال به‌مشێوه‌یه‌ داوا له‌ کادرانی حیزبه‌که‌ی ده‌کات مامه‌ڵه‌ی حکومه‌ت بکه‌ن: "هه‌ڤاڵانی خه‌باتگێڕی ی.ن.ك…
 ئێوه‌ چاو و گوێی ی.ن.ك ده‌بن له‌ به‌رامبه‌ر داموده‌زگا و دایه‌ره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌مان، نه‌ك كوته‌كی سه‌رسه‌ریان و ده‌ستێوه‌رده‌ر و خۆسه‌پێنه‌ر به‌سه‌ریاندا. ئێوه‌ پارێزه‌ری قانون و حوكمی قانونن، نه‌ك پێشێلكردنی قانونه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت". هه‌مو که‌س ئه‌وه‌ ئه‌سه‌لمێنێ که‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی هه‌ڤاڵانی به‌رپرسی حیزبه‌کانن، مام جه‌لال چۆن ئه‌توانێ ئه‌م ناکۆکیه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌ که‌ له‌ پڕۆژه‌ تایبه‌ته‌که‌یدا داوا له‌وان ئه‌کات که‌ پارێزه‌ری یاسا بن!؟ کام ئه‌فسانه‌ ئه‌توانێ ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ شیکاری بکات؟
 4- هه‌مو ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ پرۆژه‌که‌دا ڕیزکراون، بابه‌تی باش‌و گرنگن، به‌ڵام گرێی کاره‌که‌ له‌ شوێنێکی تردایه‌؛ گرێکه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ کوردستان ووڵات نیه‌، به‌شێکیش نیه‌ له‌ ووڵاتێک، به‌ڵکو ئۆردوگایه‌کی گه‌وره‌ی چاوه‌ڕوانی ملیۆنیه‌. چاره‌نوسی سیاسی کوردستان هه‌ڵواسراوه‌و نادیاره‌. ئه‌مه‌ گرفتی هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ڤاڵانی مام جه‌لال‌و هه‌ڤاڵانی مه‌سعود به‌رزانیش شوڵیان لێهه‌ڵکێشاوه‌و به‌ زه‌بری میلیشیاکان خه‌ریکی دزی‌و فزی‌و قۆرخکردنی هه‌مو شتێکن به‌ سه‌ره‌وه‌ری یاساو پیرۆزی زانکۆکان‌و سه‌ربه‌خۆیی دادپه‌وه‌ریشه‌وه‌.
 کوردستان له‌ناو گێژاوی سیاسی‌و نادیاری چاره‌نوسی سیاسیه‌که‌یدا، ئه‌بێته‌ مۆڵگای کۆمه‌ڵێک ئوتوریته‌ی پێشمه‌رگانه‌(وه‌کو بووه‌)و له‌ ڕێگای به‌ بارمته‌گرتنی خوێنی شه‌هیدانه‌وه‌، یان به‌هۆی فه‌زڵفرۆشیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی سته‌مدیده‌دا، به‌ نه‌خشه‌و به‌رنامه‌وه‌ ساپۆرتی پاشاگه‌ردانی ده‌که‌ن‌و بایکۆتی هه‌ر هه‌وڵێکی جددیش ئه‌که‌ن له‌ ڕاستای دامه‌زراندن‌و هێنانه‌ئارای دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. مام جه‌لال ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ق له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی گه‌نده‌ڵیدایه‌ له‌ کوردستان، به‌ر له‌ هه‌ر شتێک ده‌بێ بیر له‌ یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی سیاسی کوردستان بکاته‌وه‌. چونکه‌ فیدراڵیه‌ت کرایه‌ په‌نی زه‌مانه‌و پێکه‌وه‌ژیان له‌ عێراقدا نه‌ک هه‌ر مانای نه‌ماوه‌ به‌ڵکو خۆخه‌ڵه‌تاندنه‌. ئه‌وه‌ش له‌ یاد ناچێت که‌ تاڵه‌بانی له‌ چه‌ندین مناسه‌به‌دا به‌ ڕاشکاوی ووتوویه‌تی که‌ هه‌رگیز بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ناکاته‌وه‌. به‌م هه‌ڵوێسته‌شی گه‌وره‌ترین خزمه‌ت ده‌کات به‌ نه‌ش‌و نمای زیاتری دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی. چون هه‌تا به‌مجۆره‌ کوردستان‌و خه‌ڵکه‌که‌ی مایه‌ی مامه‌ڵه‌و سه‌ودای سیاسی بن به‌ده‌ستی ئه‌م دوو حیزبه‌وه‌، زه‌مینه‌و هه‌لومه‌رجی ته‌راتێنی گه‌نده‌ڵکاران‌و ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی فه‌راهه‌متر ئه‌بێت. بۆیه‌ پڕۆژه‌که‌ی به‌ڕێزیان زیاتر لۆکاڵیه‌و ئه‌چێته‌ ناو چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی قه‌یران‌و ته‌که‌توله‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌. دیاره‌ که‌ قه‌یرانه‌کانی ناو یه‌کێتی‌و تاکڕه‌وی به‌به‌ردبوی ناو پارتیش ڕیشه‌یان ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و لێکدابڕانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی نێوان خه‌ڵکی کوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دوو حیزبه‌ به‌ حکومه‌تیشیانه‌وه‌.
 29/1/2009
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply