Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

پیاسه‌ و شه‌قامه‌كانی ئاسمان …. ته‌یب قادر

Be First!
by January 4, 2011 ئەدەب

له‌سه‌ر پشت ڕاده‌كشێم و سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌م
ده‌بینم له‌ ئاسمانم و خه‌ریكم به‌رده‌بمه‌وه‌
خه‌ریكم به‌رده‌بمه‌وه‌و
كه‌سێك نییه‌ بمگرته‌وه‌و له‌ جێگایه‌كی باشم دابنێ
خه‌ریكم جوێن به‌خۆم ده‌ده‌م و
ده‌ڵێم : بۆچی ئه‌م هه‌موو به‌تاڵیه‌م له‌ گیرفانم خركردۆته‌وه‌و
ناچم چاره‌گێك پیاسه‌ی پێناكڕم ؟
ناچم خۆم به‌ حه‌وشه‌ی سه‌بوری ناڕژێنم و
ده‌ستم ناخه‌مه‌ كه‌ناری سێبه‌رێكی ته‌ڕ ؟
من چیم داوه‌ له‌م هه‌موو ئازایه‌تییه‌ ؟
چیم داوه‌ له‌م هه‌موو باڵاییه‌ ؟
كه‌ من دڵم كه‌شتییه‌كه‌ بێ سه‌ر نشین
قۆریه‌ك چایی و پیاڵه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی شه‌قامه‌كانی ئه‌و به‌ریی ئاسمان
شانه‌یه‌ك بۆ پرچی ئێواره‌یه‌كی تۆخ تۆخ  وه‌ك خۆی
له‌ گیرفانی شه‌وێكدا به‌ قه‌رز وه‌رده‌گرم
زۆرجار قه‌رز شه‌ریف تره‌ له‌ هه‌ندێك كار
وه‌ك چۆن زۆر جار ڕاكردن بۆ شاخ زۆر باشتره‌ له‌ مانه‌وه‌
به‌ ڕووتی خۆمان داپۆشین باشتره‌ نه‌ك به‌ سێبه‌رێك هی خۆمان نه‌بێ
بلۆك بخۆین باشتره‌ نه‌ك په‌نجه‌ی پیاوێكی گه‌نیو
برسێتی بخۆین باشتره‌ نه‌ك په‌نجه‌ره‌ی تاریك و
سه‌یركردنی ژنێك بۆ خۆی ده‌مبا
ئاخر ژن ئاگای له‌وه‌ نییه‌
كاتێ نیوه‌ی قاچی به‌ ڕووتی فڕێده‌داته‌ پێش چاوی پیاو
چ جه‌هه‌نه‌مێك بۆ پیاو درووست ده‌كا
كاتێ نیوه‌ی په‌رده‌ له‌ سه‌ر شاشه‌ی سینگی لاده‌با
چ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی پڕ مه‌رگه‌سات له‌ نێو دڵی پیاو درووست ده‌كا
ژن حه‌ز ده‌كا هه‌موو پیاوانی دونیا كافر بكاو
به‌ دوای خۆیدا بۆ جه‌هه‌نه‌م ڕایان كێشێ
ئه‌وه‌ نیه‌ پیاسه‌ به‌سه‌ر پشتی دڵی پیاودا ده‌كاو
 هه‌تا هه‌موو نوكی تیژی نازی نه‌خاته‌ نێو ناخی پیاو دوو قسه‌ی بۆ ناكا
من قۆرییه‌ك چایی و پیاڵه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی شه‌قامێك و
شانه‌یه‌ك بۆ پرچی ئێواره‌یه‌كی تۆخ تۆخم پێیه‌
ئه‌بێ دوو رۆژ پیاسه‌ی پێ درووست بكرێ ؟
رۆژێك له‌ گه‌نجی و
رۆژێك له‌ پیری ؟
دڵنیام له‌ ئاسمانڕا به‌ر ده‌بمه‌وه‌ و
كه‌سێك نییه‌ بمگرته‌وه‌و له‌ شوێنێكی یه‌ك قیچ باشم دابنێ
بۆیه‌ كه‌شتیی دڵم پێویستی به‌ سه‌رنشینێكه‌

هه‌ولێر 2010

تێبینی / له‌ ژماره‌  250 ی گۆڤاری كاروان بڵاوبۆته‌وه‌ 
http://www.taibqadir.kurdblogger.com

 

Previous
Next

Leave a Reply