Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پیاوێك لەڕەنگى بەفر…!؟

پیاوێك لەڕەنگى بەفر…!؟

Closed
by January 6, 2008 ئەدەب

 سەروەر كەریم…..
 
 ئاونگى بەیانیان
 فەلسەفەى باخچەى پێ یەو ،
 هێماكانى توخمى گوڵ شیكاردەكات .
 گۆرانیەكانى پەروانەو گوڵ ئەزبەردەكات و،
 یاساكانى باخەوانە توڕەكان هەڵدەوەشێنێتەوە .
 ئاى قەدەرى ئاونگ
 هەمیشە خۆر مەرگى تۆى پىَ یەو،
 دەروازەكانى بوونت دادەخا و ،
 سەماى بەیانیانت لىَ زەوت دەكات .
 ئەمێستا تافى مەرگى گوڵاڵەكانەو ،
 دواهەمین ساتى گوشینى سێوەكانە .
 ئیدى خەم باڵاى بەقەد ژیانە و ،
 كەس نامانباتەوە بۆسەرەتا ،
 بۆیەكەمین تامى سێوو .
 یەكەمین گوناهى حەوا .!
 تالەسیزیفى ئەزەلى ڕزگارمان بێت و ،
 سەرابستانى تەمەن بگۆڕین و ،
 دڵى ژەنگرتوى زەمەنى عەشق
 بەڕەنگى بەفر پاكبكەینەوە و ،
 مانایەك بەخەونى بەسەرچوو بدەین .
 ئاى ڕەنگى بەفر .؟
 لەگەڵ وادەى هاتندا
 زاكیرەم دەم باتەوە سەرتاوانى یەكەم ،
 ئەودەمەى فریوى حەوامان خوارد و ،
 ساتە جوانەكانى عەشقمان دۆڕاند …
 ئیدى بەفر ماڵئاوایى لىَ كردین و ،
 سەرى ساڵەكانمان بەتەنهایى سپارد .
 گەڕانەوە هیچ وێنایەكمان ناداتىَ ،
 ئێمە دۆڕاوى دەستى گوناهێكى ئەزەلین و ،
 هیچ خودایەك نەبوە فریاد ڕەسمان ..
 تاساتەكانى ڕەنگى بەفرمان بداتەوە و،
 بمانباتەوە بۆگوشینى یەكەمین سێو و،
 گەیشتن بەحەقیقەتى پاكبونەوەى حەواكان .

 Sarwar_kareem@yahoo.com
 سلێمانى
 25/7/2007
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.