Skip to Content

Sunday, June 20th, 2021

پیاوێکی خۆڵاوی بە سەر قاڵیچەی سولەیمانەوە

Be First!
by December 21, 2012 ئەدەب

 

 

 

بە سوغرە گرتوومی. لە ڕابوردووەکەی ناگەم. لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەچێ، دەقاو دەق چەشنی باوە گەورە خەڵفاوە سێو خۆرەکەی سولەیمانی میرم. لە سەرگوزەشتەکەی ئەوەندەم لە سولەیمان بیستووە کە پێی گوتم:

” لەو دوور دوورەوە، لە وڵاتی مرۆڤە خۆڵاویەکانەوە دێ. خۆڵ سەرتاپای جەستەی تەنیوە. پێلووەکانیشی بە خۆڵ سواغ دراوە. گوێچکەکانیشی لێوانلێون لە خۆڵ. بە ئاستەم دەبیستن. نابینی جل و بەرگیشی نوقمی خۆڵە؟ ڕێک چەشنی پەیکەرێکی سازکراولە لمی قەراغ زەریا. کە گەیشتە لات و پێی نایە سەر پشتت، لە لاقە خۆڵاویەکانی گازندە مەکە و سەر خۆتی مە‌هێنە، ئەوە خۆشەویستی منە و ماندووێکی بە سەد جێ کۆڵەواری کەژە ڕێیەکی سەغڵەتە و جێگای مەرحەمەت و بەزەییە”         

 

ناوچاوانێکی چەتوون و ڕدێنێکی مام ناوەندی پەشمینە و بۆز، سیما لەڕ و لاوازەکەی نەخشاندووە. لە سەرووی بارستایی گۆناکانیەوە دوو چاوی زیت و کارتێکەر و بەسام بەدی دەکرێ. قژ و ڕدێنی تێکهەڵکێش بوون و پەلکەکەی چەشنی بۆز مارێکی قوڵ  بە دەوری ملیا پاپۆکەی داوەتەوە. ئاشکرایە کە تەمەن دار و بە ئەزموونە و بێ وچان و کۆڵنەدەرە. بڕیارم  وابوو بێجگە سولەیمان،کەس نەتوانێ پێم ڕێخشکێنێ و سواری نەدەمێ، بەڵام بێ قسەیی ئەوم پێ ناکرێ و لە حاست فەرمانیدا ملکەچ و دەستەمۆم. فەرمانی کەسێ کە نوێنەری خودابووە لە سەر گۆی زەوی و حەدەم و حەشەم و دێو و درنج و تەنانەت پەلەوەرەکانیشی لە ڕەهێڵدابوون، نێزیک بە ڕێژەی کۆی دەسەڵاتی خوداوەندی مەزن. لێم پرسی:

ڕەنگە تۆ بەختەوەر ترین مرۆڤی سەر ڕووی دونیا بی کە توانیووتە بنیشێیتە پشتی قاڵیچەی سولەیمان و خولیای سەفەری زەمەنت بێ؟ ئەکرێ بپرسم: بەرە و کوێ؟

 

قسە کردنەکەم سەرنجی  ڕانەکێشا، چاوێکی بە سەرتاپای کۆڵەوار و لە خۆڵ ڕاچووی خۆیدا خشکاندەوە و بە دڵپڕییەوە گوتی:

بەرە و داهاتوو.

بۆ داهاتوو؟

 

ڕەنگە تەقینەوەی کڵپەی گریانێک، بووبێتە تاکە پێویستیەک تا هەناوی بسرەوێ.

 

لە تاو ڕابوردوو!

 

 لە سەفەرەکانم لە گەڵ سولەیماندا بیستبووم کە”ڕابوردوو، سەکۆی هەڵدانی داهاتووە. لە سەر پێگەی ڕابوردووەوەیە کە خەونەکانی داهاتوو باڵە فڕە ئەبن. لە ڕووبەرگی  ڕابوردووێکی ئەنجن ئەنجندا، واژۆی داهاتووێکی زەخمار و کۆڵەوارتر دەنەخشێندرێ!”

 

ماوەیەکی درێژ بوو چیتر چیرۆکە دووپاتکراوەکانی سولەیمان نەیاندەبزواندم و بێ تاقەتیان کردبووم. دەرفەتێکی باش بوو مرۆڤە خۆڵاویەکە بە چیرۆکەکانی خۆیدا بچێتەوە و ڕێگای سەفەرمان کورت بکاتەوە. داوام لێ کرد پێش ئەوەی سەفەری داهاتووی دەست پێبکات، ئاوڕێ لە ڕابوردووی بدەینەوە. پێمل نەدەبوو، وەکوو ترسێ لە شوێن کەوتووێ هەیبێ، بەردەوام نکۆڵی لە گەڕانەوە دەکرد. پتر سەرنجم  ڕاکێشرا تا ئەو  ڕابوردووە شاراوەیەی ببینم کە نەیدەویست جارێکی دیکە بچێتەوە سەر وەختی. لە ئاکامدا و دوای ململانێیەکی دەستە و یەخە و خۆماڵیانە بە قەناعەتم گەیاند کە”شاردنەوەی ڕابوردوو، مانای کوژانەوەی فانۆس و گوم کردنی زاریچەی گەرووی داهاتووە.” لە ناچارییا ملی دا، بێ سێ و دوو  لووتم وەرسووڕاند و ڕووەو ڕابوردوو و بە تەوژمەوە خۆم کردەوە بە گەرووی زەمەندا. گەڕاینەوە بۆ ساتەوەختەکانی زوو: 

دوور و نزیک لە بەرزاییەوە ڕوانیمانە ڕووبەری زەوی، باشتر ورد بووینەوە، تەرمی مرۆڤێکمان بینی بە سەر شانی کەسێکەوە،بە هەناسکە هەناسک و ورد و هێور، بێهۆ و لە خۆڕا بە دەوری خۆیدا  وەردەسووڕا، ماندوویی  لە هەنگاوەکانیەوە دەچۆڕایەوە. لە سوارەکەم پرسی:

ئەمانە کێن؟

 

 قەتارەی وشە دەرهاتووەکانی زاری، لە قینەوە گلابوون:

 

دوو برای نابرا! یەکیان ئەوی دیکەیانی داپڵۆسیوە و بێ بەزییانە  کوشتوویەتی. ڕەنگە ئێستا لە شاردنەوەی تەرمەکەیدا بێ. دەستەوەستان و بێ چارەیە.  هەڵگری جل و بەرگێ پڕ بە باڵای کورتە باڵای مرۆڤایەتی، پڵیتە و سووتەمەنی کۆنە چرای تەم گرتووی مێژوو !

 

تێی نەگەیشتم، هەستم کرد برینە قووڵەکانی سەر وڕێنەیان خستووە. سەرەتاکانمان بە جێ هێشت، بە ئاقارێکدا تێپەڕین گەردەلوول و تەمتۆمانێکی گرژ بوو، چوارچێوەی خانووەکانی ئاوەدانییەکەی لە گێژەنی خۆیدا ڕاپێچ ئەدا. زات و زریقەی پۆلە مرۆیەکی ماڵ وێران بوو کە لەوبەرەوە دەکەوتە بەر گوێ. نێزیک کەوتنەوەمان کردەوەیەکی ژیرانە نەبوو. دەمزانی سوارەکەم بە خۆڵ گوێ ئاژەن بووە و گرمە و لرفەی گەردەلوولەکەش دووقاتیەتی. بە دەنگی بەرز نەڕاندم:

 

ئەم خەڵکە بۆ وایان بە سەر دێ؟

 

ئەویش وەک ئەوەی من کەڕ بم تا توانی دەنگی بەرز کردەوە، بە جۆرێ کە ڕەگی لاملی وەکوو کرمێکی ئەستوور هەڵماسی و کەوتە بەر تیری ڕوانین:

 

ئەم هۆزە فەرمانەکانی خودایان پێشێل کردووە و کەوتوونەتە بەر پەلاماری بە تەوژمی ڕق و غەزەبەکەی. خودا بۆ ئاماژە دانی ئیرادە و نیشان دانی حیکمەتی خۆی، لە ڕێگەی نوێنەرێکی خۆیەوە لەم ناوچەیەدا، حوشترێکی لە کەلەکەی شاخە بەردینەیەکەوە  هاوردەی دونیا کرد و گیانی پێ بەخشی. فەرمانی بە هۆزەکەشدا ئەم نیشانەیە بپارێزن و نەخەڵەتابن ئازاری پێ بگەیەنن. بەڵام هۆزەکە ئەم فەرمانەیان نەخوێندەوە و کەوتنە پەلاماردانی حوشترە و سەریان بڕی و لەت و لووشیان کرد و بۆ شێویان، گۆشتاویان لێ ساز کرد. ئەوەتا بۆ ئەو کردەوەیان کەوتوونەتە بەر غەزەبی خوداوەند و دەبێ سزای تاوانەکەیان بدەنەوە.

 

هەستم کرد تا لەو ئاقارە تێدەپەڕین و بەرە و پێش دەچووین، مرۆڤە خۆڵاویەکەی سوارم زیاتر دەپەشۆکێ و بێ ئۆقرەتر دەبێ، دەستێ لە ناخیەوە بەرگری لێ دەکرد کە ڕووە و پێش بچێ، ڕەنگە بەرە و پیری کارەساتێکی مەزن، بەرە و تابلۆیەکی هەردەم زیندووی هاوقەدی مێژووەکەی خۆی. لەم سەر و بەندەدا بوو کە پڕینچکەی یەکەم دڵۆپم وێ کەوت. چاوم هەڵێنا، هەورم لە ئاسماندا بەدی نەکرد، سەرم سوڕما ئەم دڵۆپە ئاوە لە کوێوە ئێمەی گرتووەتەوە. بە چواردەورمدا دوووور لە ئاسۆم  ڕوانی، هیچ پەڵە هەورێکی بەجێماوی پاش بارانم  نەدۆزییەوە. سوارەکەم بە قامک ئاماژەی پێدام بڕوانمە خوارمەوە. “جەلەل خالەق!” زێیەکی لە زەریا چوو، لە ناوەندیەوە شەقی بردووە و لۆیەکانی تا ژێر زگمان  هەستاونەتە سەر پێ! من تا ئەم کاتە دیمەنی وام نەدیتووە، هەیبەت و  قەڵافەتەکەی لەرەی لە دڵم نا. لە ناوەندی کەرتەوە بووی زێکەدا  کۆمەڵێک خەڵکی ڕەش و ڕووت، بە هەڵەداوان و گیان لە سەردەست، لە پەڕینەوەدا بوون. لەو بەری زێکەوە لەشکرێکی پڕ چەک و چۆڵێش بە ئەڕڕابە و جبەخانەوە وەدوویان کەوتبوون. پاش ئەوەی جەماوەرە ڕەش و ڕووتەکە تێپەڕین و دوا کەسی سوپاکەش پێی نایە ناوەندی زێکەوە، دوو لۆی لە دیوارچوو  و  بەرزەوەبووی ئاوەکە، برووسکە ئاسا یەکیان گرتەوە و ناڵە و شریخەکەی بە دەیان پێ ئێمەی پەرتەوازە کرد. دوای قەیرێ ئەم قیامەتە هێور بووەوە و دەتگووت ئەو زێ لە زەریاچووە لە مێژساڵە نە بای دیتووە و نە بۆران. رووبەرێکی پڕ لە شەپۆلۆچکەی مەند و ئارام. جار ناجارێ زێکە، تای لە دار سازکراوی ئەڕڕابەیەکی نووقم بووی، لە قووڵایی خۆیەوە دەردەهاویشتە دەرەوە. دەتگوت نە لەشکرێ بوونی هەبووە و نە شەقاربوونێکی ئاوا مەزنیش. تەمێکی غەریب و نامۆ ئەو ناوچەیەی داگرتبوو. لە مێشکما پرسیارەکان، بۆ دەربازبوون پاڵە پەستێویان بوو. ڕووم کردە پیاوە خۆڵاویەکە، کە ئێستا بە هۆی پڕژە بارانی ڕووداوەکەوە بۆنی خۆڵی پاش بارانی لێ دەهات و بە نیاز بووم پرسیاری لێ بکەم کە وشەکانمی لە گەروومدا قەتیس دا:

ئەم ڕووداوەش مۆرکی نافەرمانی خوداوەندی پێوە دیارە و ئاڵقەیەکە لە زنجیرەی ئاڵقەکان و بەسەرهاتەکانی مێژوومان. ئاوێنەی دەقا و دەقی یاخی بوون و لە بەرانبەریشدا، کەوتنە بەر پەلاماری تەوژمی ڕق و تووڕەیی خوداوەندی مەزن. سەرکردەی ئەو لەشکرە دیعایەی خوداوەندی دەکرد و هەستابوو بە کوشتن و بڕینی نێردراوی خودا و دەستە و تاقمەکەی لەم ناوچەیەدا. ئەمە بووە هۆی دەرکەوتنی ئیرادەی بە هێزی خودا و سزادانی تاوانبارەکان و بە دیمانەکردنی ئەم ڕووداوە مەزنە بۆ وەچەکانی داهاتوو.

 

کە پاش ماوەیەک لە داڵانی زەمەنەوە و بە سەحرایەکی قاقڕدا تێپەڕین، لە ناوچەیەکی هەرە شاخاوی و ڕووبەرێکی چیمەنی مەخمەڵ ئاسادا گیرساینەوە. هێشتا ملە و لووتکەی چیاکان ئاسەواری زستانێکی تووشی پێوە دیار بوو. پاشماوەی ڕندووە بەفرەکانی زستانی ڕابووردوو. لە دامێنەکاندا دارستانی پڕ لە جریوە و تریوەی باڵندەکان، تەژی لە چاوگ و کانیاو و ڕووبارەکان، لێوانلێو لە گوڵ و پەپوولە و وزەوزی هەنگ و مێشە جۆراوجۆرەکان.تابلۆ فەڕشێ،  پێکهاتوو لە سەدان ڕەنگی سروشتی، بەرگیراو لە گۆشە نیگایەکی بەهەشتی وەعدە پێدراوی خوداوەند. هەروا کە مەحوی تەماشای دیمەنە رازاوەکانی سەر ڕێی سەفەرەکەمان بووین، لە زێیەکی خرۆشان کە بە درێژایی تەمەنی بوبووە گەردنبەندێکی  پێچاوپێچی  ڕۆچوو بە ناخی چیاکاندا تێپەڕین. پاش بە جێ هێشتنی چەند چیا و لا باسک، بە سەر وێرانەیەکی ئاوێتە بووی گڕ و دووکەڵ و خوێندا کەوتین. بە دەوری شاردا خەندەقێکی بازنەیی بەدی دەکرا. تا چاو حەتەری دەکرد لاشەی بێ سەر و ئەنجن کرا و شێوێندراوی پیاو و منداڵ. بە زەحمەت  بتوانیبا تەرمی بێ گیانی ژنێکیان تیدا بدۆزیتەوە، ئەگەری ئەوە دەکرا کە بە تایبەت ژنەکانیان دەستچین کردبێت. خۆم پێ ڕانەگیرا و لە پیاوە خۆڵاوییەکەم پرسی:

ئێرە کوێیە؟

 

تنۆکێک فرمێسک ڕێچکەیەکی لە گۆنا خۆڵاویەکەیدا شۆردەوە و بە ڕوومەتیا هەڵخلیسکایە خوارەوە و شوێنەواری جێ هێڵا:

ناوچەیەک لە کوردوستان، پاوە!

بێ شک دەبێ نافەرمانییەکی گەورەیان کردبێ؟

نا لالۆ! هێشتا فەرمانیان وەرنەگرتبوو تا نافەرمانی بکەن!

 

ئەمجارەیان گومانم نەما کە پیاوە خۆڵاوییەکە بە ڕاستی تووشی خەفۆکی بووە و لە وڕێنە کردندایە. جا چۆن گەڵێ هێشتا فەرمانیان وەرنەگرتووە و دەرفەتی نافەرمانیان پێنەدراوە ئاوا بە تووندترین شێواز کەوتوونەتە بەر قین و غەزەبی خوداوەندی عادڵ و ڕەحمان…؟!

لە سەر داواکاری پیاوە خۆڵاوییەکە ئەو ئاقارە پڕ لە گڕ و خوێنەمان جێهێڵا. ڕوومان کردەوە دامێنی ئەو زنجیرە چیایەی پێیدا تێپەڕیبووین. با، بەرامەی خۆڵی ناوچەکانی بەر لە خۆمانی هاوردە دەکرد. ئاشنا بوو. نیگام گوازرایەوە بۆ سەر و چاوە خۆڵاویەکەی سوارەکەم. قرتەی ددانی بە قەتارە دەهات. لەرینەوەی لەشی لە سەر پشتم هەست پێ دەکرا.

 “بای بەرزایی ساردە، دڵ و ناخ دەگرێ”

 بێ ئۆقرەییەکی قووڵ بە ڕووخساریەوە دیار بوو یا ڕەنگە سامێ…

 چاومان چەقییە سەر جەماوەرێ، لە ناو دڵی چاڵێکی هەڵکەندراودا. لەو لاترەوە کۆمەڵێکی دیکەش ئاخێندرابوونە ناو دۆڵێکی دەستکردەوە. تا دەچووینە پێش تاقمێکی نوێمان دەهاتە پێش چاو، بە ژن و پیاو و پیر و لاوەوە. پێم سەیر بوو ئەم مرۆڤانە هۆی چیبووە خراونەتە ناو ئەم چاڵە دەستکردانەوە. لە ناویاندا سەرنجم چووە سەر زارۆکێ کە داپۆشەکەی، بەرگێکی شینی ئاسمانی بوو، تۆپە لاسقەیەکیشی خستبووە بن باخەڵی، چڵمن و چڵکن و زیتەڵە. لە تەنیشتیەوە پیاوێ بە ناو چاوانێکی چەتوون و ڕیشێکی مام ناوەندی بۆز، هەڵتروشکابوو، بە بەزەییەوە نازی کەزیەی منداڵەکەی ئەکرد. لە ناکاو، لەو دیو بارستایی و کۆگا خۆڵە هەڵدراوەکانەوە، مەکینە گەورەکان هورووژمیان هێنا و کەوتنە پڕکردنەوە و تێکردنەوەی چاڵەکان. لە یەک ئان و ساتدا قیامەت بەر پا بوو. ئەو کەسانەی دەیانویست گیانیان بدەن بە کۆڵیاندا و دەرباز ببن و نەکەونە ژێر لافاو و هەرەسی گڵ و خۆڵەوە، ئەوا بە تیر و گوللەی جەندرمەکان دەپێکران. تەمتۆمانی خۆڵ و  قریشکەی مناڵ و شریخەی تفەنگ و هاڕەهاڕی مەکینەکان تا عەڕشی ئەعلا ڕۆیی و پەڕەی گوێی ئاسمانیهێنایە لەرە. خۆڵ زاری مناڵەکەشی ئاخنی و لە زریکەی خست. لە پیاوە خۆڵاویەکەم پرسی:

ئەی تاوانی ئەمانە چییە؟! ئایا فەرمانی خودایان پێشێل کردووە؟!

لەو دیو سیما خۆڵاوییەکەیەوە، کڵپەی هەناوی پژمی و دای لە پڕمەی گریان. دوای قەیرێکی زۆر گوێم لێبوو بە دەیان جار لە ژێر لچیەوە دووپاتی دەکردەوە کە:

نازانم، بڕۆ لە خودی خودا بپرسە!

نازانم، بڕۆ لە خودی خودا بپرسە!

نازانم. بڕۆ لە خودی خودا بپرسە…

 

دواتر بەوەم زانی کە خۆڵی سەر جەستەی سوارە خۆڵاوییەکەم هەمان تۆز و خۆڵی ناو چاڵە دەستکردەکان بووە.

ڕزگار لوتفی

Previous
Next

Leave a Reply