Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

پێنج شه‌ممه‌یه‌ک باران نابارێت

Be First!
by August 25, 2008 ئەدەب

 
پێنج شه‌ممه‌یه‌ک باران نابارێت
 رەگەز رەشید

 
        پاش  دابرانێكى زۆر،دیسان بڕیارم دا شتێك دەربارەى غەریبیمەوە بنوسم،شتێك دەربارەى موسیبەتى گەورەبوون،شنێك دەربارەى ڕوانین لە پەنجەرە مەئیوسەكەم و ،شتێك دەربارەى گەرانەوەم بۆ ماڵ…
 چ نەگبەتیەكە درەوشانەوەى ئەو هەموو  تەنیاییەو ،چ لەعنەتییەكە ئاشت نەبوونەوەم لەگەڵ ئەو ژیانەى كە كەس بە ماڵى تەنهایم نازانێت..
 سەیركە ئەى ئەوەى بۆت نوسیم(ئێمە گەڕاوەى دلێكى وێرانین)*،سەیر كە چەند زوو هەستمان بە بۆنى غەریبى یەكتر كردو بڕوامان كرد(تەنیا یى ڕەگێكى لە نەگبەتیەوەیە)…
 چەند مناڵانە لە تەنیایمان بێزار بووین و بۆ یەكتریمان نووسى:
 نەگبەتیە هەر خۆم بم…نەگبەتیە هەر خۆت بیت…
 
  
 -1-
 
 ئەمەوێت لەو پەنجەرەیە دوور بكەومەوە
 تكایە با یەكێك بێت و لەو پەنجەرەیە دوورم خاتەوە..
 با یەكێك بێت و بمباتەوە (پێنج شەممەیەك)،
 لە هیچ لەو (پێنج شەممانە)نەچێت و
 پڕى بێت لە گۆرانى..
 
 بایەكێك بێت و بمباتەوە (پێنج شەممە)ى
 بەر لەمردنى (هیوا)و،بەر لە سەفەرى (خواكان)..
 ئەو خوایانەى كە تەنهاییان بەسەر
 پەنجەرەى ژوورى (من)و ماڵى (تۆ)دا بەشیەوە..
 ئوە خوایانەى كە گوناهى تەنهایى خۆیان
 فڕىَ دایە ئێرەو،
 بىَدەنگیان سپارد بە ئەدرەسەكانیان..
 
   بایەكێك بێت و بمباتەوە (پێنج شەممەیەك)،
 لەو ڕابردوانەى
 كە بەشێكم لەبەر باراندا تەڕدەبوو،
 بەشێكى دیكەشم پڕ دەبوو لە ڕەنگى ئێوارە..
 
   با یەكێك هەلمگرىَ و
 بمباتەوە (پێنج شەممەیەك) لەو ( پێنج شەممە)یە نەچێت،
 كە نابارێت بەسەر گەڵایەكدا پێم بڵىَ:
 ئەى (دراوسىَ)
 ئەو هەموو تەنهاییە چى لێدەكەیت..
 نابارێت بەسەر ( ئیوارە)و پێم بلێت:
 (شەو)،من و تۆ دەخاتە بىَ دەنگى و
 كەسیش بە غەمى ئەو بێدەنگیەمان نازانێت..
 
    ئاى كە چ بیرەوەریەك لە نێو
 ئەو ئێوارەیەمدا جىَماوەو
 واى چیم لە دەست چوو!!
 (پبَنج شەممان)..
 هەموو (پێنج شەممان) كە باران دەبارى
 من و گۆرانیەكى تەڕ
 تنۆك تنۆك دەڕژاینە نێو زەردەخەنەوەو
 هەموو دونیا لە ئاوازى فیكەكانمەوە كۆ دەبوونەوە ..
 چیڕۆكى هەموو (پێنج شەممەكانم) 
 وەك بانگى (عەسر) دەرخ بوو..
 ژمارەى هەموو گەڵاكانى و ڵاتم
 وەك ژمارەى رۆژەكانى هەفتە دەزانى..
 بە چاو نوقانەوە
 هەموو ئەو ڕەنگانەم جودا دەكردنەوە
 كە لە زەردەپەڕى ئێوارانمەوە ،
 دەرژانە نێو گۆرانیەكى(داریوش)..
 بیرمە ئێوارەیەك  ڕەنگێك هات و
 هەموو هاوكێشەكانى گەنجیەتیمى پێچەوانە كردەوە
 بۆ ڕەنگێكى پیر،
 كە لە ئینسكلۆپیدیاى هیچ گەڵایەكدا نادۆزرێتەوەو
 سەر بەهیچ مەزهەبێكى جوانى ناكاتەوە..
 هات و ئەدرەسى هەموو یارەكاى لێشاردمەوەو
 پڕى كردم لە گوناهى تەنهایى..
 ڕەنگێك هات و پێى ووتم:
 (لە سكوندا بژى و ماڵت خاڵى بكەرەوە مە عیشق)..
 هات و پڕى كردم لە بىَدەنگى و
 نەیهێڵا بە خواكان بڵێم:
 فرسەتم بە ئەى دۆست
 با ئێوارەیەكى لەو ئێوارانەى 
 كە جورئەتمان كرد لەگەڵ یاردا
 بە (باران) بڵێین (تەڕمانكە)،ئێوارەیەكى دیكە هەڵكاو،
 بە پیاوە (سیاسیەكان) بڵێین:
 دۆڕانتان و دۆڕانتان پیرۆز..
 نەیهێڵا بە (پیرى) بڵێین:
 فرسەتم بە (پێنج شەممەیەك) لەو (پێنج شەممانەى)
 كە جورئەتمان كرد لەگەڵ یاردا
 بە پایز بڵێین (خۆشمان ئەوىَى و،
 بە خواكانیش بڵێین :
 ڕقمان لێتانە،كە ئێمەو پیاوە سیاسیەكانت بە یەك دەست دروست كرد..
 
  – كە تەنهایى هەڵیكرد،
 ئیدى هیچ ئێوارەیەك نایەت بیر لە (یار) بكەینەوە..
 هیچ مەوسیمێك نابارێت (شار) بە ڕوناكى بینین..
 
  تكایە بمبەخشە كە تەنهایم بۆ هەلناگیرىَ و
 بمبورن كە چیدى هاوڕىَ نیم لەگەڵ ئەو كۆڵانانەى
 كە نازانن (گەورەیى گەڵا) لە چیدایە…
 
 -2-
 
 ڕووى پەنجەرەكم
  ئەكەوێتە بەر ماڵى ( ئێوە ) و
 ماڵى ( ئێوە ) پڕە لە بێدەنگى ..
 پەنجەرەى ( پێنج شەممانم ) چەند بستێك
  لە ماڵى ( ئێوە ) دوورەو،
 كەس بە نا بینایى ئەو پەنجەرەیەى ( من ) نازانێت..
 لەبەر پەنجەرەكەم ئەوەستم و
 تێر تێر بە ئاراستەى ماڵى ( ئێوە ) ئەڕوانم ..
 چرایەك ماڵى ئێوە ڕۆشن ناكاتەوە..
 لە پەنجەرەكەمەوە سەیر ئەكەم و
 هەموو شتێك وەك تەنیایم ئەدرەوشێتەوە
 ماڵە تاریكەكەى (ئێوە) نەبێت..
 هەموو شتێك وەك تەنیایم ئەدرەوشێتەوە
 دار گەڵاكەى بەر ماڵى (ئێوە) نەبێت..
 لە پەنجەرەمەوە
 لە پەنجەرەى (پینج شەممانمەوە)..
 وەك پیرترین جادوو باز،
 هەموو سەر زەمینم وەك ئاوێنەیەك لێدیارە
 دەرگا ڕەشەكەى ماڵى ئێوە نەبێت..
 پەردەكە فڕىَ دەدەمەوە بەر پەنجەرەو،
 بە هەموو جوانیەكانەوە سوێند دەخۆم
 ئیدى نەڕوانمە ماڵى (ئێوە)..
 قەلەق هەڵدەكاو،هاوكێشەى تەنیایم
 بە هاوكێشەى سوێند بەتاڵ بوونەوەم تەریب دەكاو،
 نم نم پەردەكە هەڵدەدەمەوە..
 هەموو شتێك وەك تەنیایم ئەدرەوشێتەوە
 ماڵى (ئێوە) نەبێت..
 هەموو شتێك وەك (تەنیایت) ئەدرەوشێتەوە
 دار گەڵاكەى بەر دەرگاى (ئێوە) نەبێت..
 
 چەند تاریكە ئەو ماڵەى (ئێوە)..
 چەند نەگبەتە ئەو پەنجەرەى (من)..
   لە بەر خۆمەوە بە دەنگە نە شازەكەمەوە
 دەست ئەكەم بە گۆرانى و
 Show me the meaning
 Of being alone
 
 تكایە توڕە بەو دەرمكە لە پەنجەرە..
 دەرمكە لە ژوور،
 دەرمكە لە كۆڵان و
 دەرمكە لە شار..
 توڕە بو پێم بڵىَ:
 تۆى پەروەردەى دوا شەڕە گەورەكان..
 تۆى لەدایك بو غەریبى و،
 تۆى پاشماوەى شەوە برسیەكان..
 هۆ تۆى نابیناو
 تۆى كوڕە عەبەسیەكەى غەریبى..
 دووركەرەوەو خۆت بسپێرە بەو ئاسمانە تاریكەى
  كە هیچ ڕەنگێكى تیا نىیە
 بۆ ئاشت بوونەوەت..
 خۆت بسپێرە بەو ئاسمانە پڕ لە حوزن و تاریكەى
 كە تەنیایى لە چوار دەوریا ئەتكىَو
 لە پەنجەرەكەتەوە بڕوانە پێدەشتى غەریبى و،
 چیت داوە لە ماڵى ( من )؟
 تورەبەو بقاڕێنە بەسەر غەریبیم و پێم بڵىَ :
 ماڵى من جێگاى تارماییە ڕەشەكەى تۆى تیا نابێتەوە و
 نەفرەتت بەركەوىَ ئەگەر نەڕۆیت ..
 توڕە بەو  وەك ئەوەى
 هەمو جاران چاو بە هێمنى لێك ئەنێیت ،چاوت لێك نىَ و
 دەرمكە لە مەكتەب..
 دەرمكە لە مناڵیت
 دەرمكە لە ژوور .. دەرمكە  لە مەزهەبە سپیەكان ..
 دەرمكە لەئەڤین و دەرمكە لە شار
 بەڵام تكایە كە ڕۆیشتیت،
 ئاگاداربە ( چاویلكەكەت  نەشكىَ ) !!
 مروَڤ لەو وڵاتەى ( من ) و ( توَ ) دا
 ئەگەر چاویلكەى شكا،
 ئیدى تا دەمرێت بە نا بینایى دەمێنێتەوە ..
 
 ( 3 )
 كە بێهودەیم هەڵى كرد ،
 ئیدى دەبێت هەموو جارىَ
 بیر لە ( ڕەوشت*) بكەمەوە بێت هەڵم گرىَ و
 بمباتەوە ماڵ ..
 وەرە هاورىَ گیان
 وەرە بمبەرەوە ماڵ ..
 وەك جارى جاران دەستم بگرەو پێم بڵىَ:
 كە خەڵك بۆگەن بوون ،
 نە بە كردنەوەى پەنجەرەكەى ( تۆ ) جوان دەبنەوە و
 نە بە خوێندنەوەى نامەكانى ( باران ) پاك دەبنەوە..
 وەرەو وەك جارى جاران دەستم بگرەو
 سۆلفێجى تەنیایم بۆ شەرح كە.. 
 یەكە یەكە ڕۆژانى ئەڤینم بۆبخوێنەوە ..
 دەستم بگرەو پڕم لە چاوەڕوانى ..
 دەستت دەگرم و پڕم لەگریان ..
 هێدى هێدى وەك جارى جاران لە ژورەكەى خوَت دامنىَ و،
 ئەو تەمە مەسڕەوە كەپەنجەرەى ژورەكەتى
 شاردوَتەوە لە ( شەڕ ) ..
 وەك جارى جاران
 سەخافەتى زانكۆو،
 تەسلیم بونى ئاوازەكانى بارانت بە موحازەرەكان
 بۆ بگێڕەرەوە ..
  وەرەو لە ڕێگادا هەمو شتێكت  بۆ دەگێڕمەوە ..
 پێت دەڵێم دوورى لە ماڵ چەند پێناسەى هەیەو
 یەكە یەكە ڕۆژانى گریانت بۆ دەگێڕمەوە..
 یەكە یەكە ئەو دەقانەت  بۆ ژمار دەكەم ،
 كەپر بووم لە غەریبى و، 
 پێشت دەڵێم جوگرافیاى ئەو غەریبیەم
 لە پەنجەرەكەمەوە چ مانایەكى هەیە ..
 وەرەوە لەسەرەتاوە، تا ئاخرین خاڵ ،
 هەمو ئەو مێژوەت بۆ ژمار دەكەم
 كە( عەشق ) تەسلیمى بىَ دەنگى كردم و
 دەقە بە دەقە ماناى یاخی بونت بۆ دەگێڕمەوە ..
 وەرە پێم بڵىَ :
 بۆ عەشق لە پەنجەرەوە دێتە ژوورىَ و
 بۆ دەبىَ لە دەرگادا ڕاوى نێین ؟
 پێت دەڵێم :
 بۆ ئێوارە ڕەنگە ئەرخەوانیەكەى دەسپێرىَ بە ( شەو ) !!
 وەرەو پێم بڵێ :
 بۆ دەبێت  مەلیكەكان لە ( شەترەنج ) دا
 تا ئاخرین شەڕ بمێننەوە ؟
 پێت دەڵێم :
 بۆچى جەنگاوەرە عاشقەكان دۆراندیان و
 پیاوە سیاسیەكان تا هەتا هەتایە كورسیان داگیر كرد..
 بیرتە ئەو ئێوارەى لەبەردەم گۆرانیەكى ( فەیروز )دا
 كەوتیتە گریان و گووتت:
 دڵم بەرگەى ئەو ئاوازانە ناگرێت ،
 كە لە ( جەلاد )ەوە دەخزێنە نێو كەمانجەكەمەوە ..
 بیرتە ئەو شەوەى ڕقت لە تاریكى هەڵساو
 قیڕاندت  بە سەر وڵاتداو بۆت نوسیم :
 چ درۆیەكى گەورەمان كرد گوتمان :
 ( شام شەكرە ووڵات شیرین ترە ) ؟!
 وەرە هاوڕىَگیان
 وەرە و توند توند دەستى یاخى بونم بگرەو
 وەك جارى جاران بڕوا بێنە
 كە تازە كەس لێكدەركردنى ئەو سالب و موجەبانە نازانێت ،
 كە پیاوە سیاسیەكان تێكەڵیان كردو
 تازە نە (من)و نە (تۆ)و نە (ئاسمان)
 سەرمان لەو ماتماتیكەى غەریبیە دەرناچىَ و،
 ژیانیش بەو عەبەسیەتە ناچێتە ڕىَ ..
 وەرەو هاوڕێ گیان
 وەرەو مناڵانە دەرمكە لەو تەنیاییەى
 كە هەموو ڕۆژەكانى هەفتە بە (پێنج شەممە) دەبینى و
 هیچ ( پێنج شەممە یەكیش ) باران نابارێت ..
 وەرەو لە ڕیّگادا بەدەم جگەرەیەكەوە،
  هەمو شتێكت بۆ دەگێڕمەوە..  
 وەرەو پێت دەڵێم :
 پەنجەرەى ژورەكەم دیدەنى چ كیشوەرێك دەكاو
 پێت دەڵێم :
 ژمارەى ئەو گەڵایانە بوونە چەند گەڵا،
  كەشەوان بە مەستى ..
  هەمو شەوان بە مەستى لەو دار گەڵایە دەكەمەو
 كە كۆڵانى شاردۆتەوە لە ژوورى ( یار )..
 وەرە هاوڕىَ  گیان
 وەرەو یەكجارى تر تەنها یەك جارى تر دەستم بگرەو ،
  وەك جارى جاران بە دەنگە نارنجیەكەتەوە پێم بڵىَ:
 ( ئەفسوس لەناو شەڕدا گەورە بووین )..
 وەرە بەس ئەمجارە دەستم بگرەو
  مناڵانە دوورم خەرەوە لە پەنجەرە..  
 دوورم خەرەوە لە ژوور ..
 دوورم خەرەوە لە تەنیایى و
 وەرە بمبەرەوە ماڵەوە..
 لە ڕێگادا هەموو شتێكت بۆ دەگێڕمەوە ..
 وەرەو نەفرەتم بەركەوىَ ئەگەر نەیەم ..
 وەرەو نەفرەتت بەركەوىَ ئەگەر نەیەیت .
 
 
 *   *   *   *   *
 
 1- لە نامەیەكى ( ساكار )دا
 2- مەبەستم ( ڕەوشت ڕەشید )ى هاوڕێمە
 
 
 كۆتایى كانونى یەكەمى 2002
 سەرەتاى كانونى دووەمى 2003_سلێمانى_
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply