Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

پەڕوپینەی کەشکۆڵی دڕاو بە خمڕێژکردن ناکرێ..بەشی سێیەم

Closed
by April 17, 2008 گشتی

 هه‌ژین……..

08.04.2008


بەشی سێیەمکۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی پارت و ئەرکە نێونەتەوەییەکان

 وەك پێشتر پەنجەم بۆ راکێشا (PKKK) خۆی بە پارتێکی نێونەتەوەیی و ڕاشەکێنەری ئالای نێونەتوەیی کارگەران و سۆشیالیستەکانی جیهان دەژمێرێت و بەم پاگاندانە بێت، لەوانەیە بەمزوانە کۆمیتەی دامەزراندنی نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیونالی) چوار و سێ چارەك ¾.4  راگەیێنن.9

 هەڵبەتە ئەوەمان لەبیر نەچێت، ئینتەرناسیونالی کۆمۆنیزمی کارگەری خەونی کۆچکردوو «مەنسور حیکمەت» بوو، هەرچەندە پاشڕەوەکانی لەبەر ئەوەی کە نەخشەیەکی لەپێشدا ئامادەکراویان نییە یا راستر بڵێین، «مەنسور حیکمەت» بۆی بە میرات بەجێنەهێشتن، لەبیریان کردووە. «مەنسور حیکمەت» ئەوسا (حککع)ی هەر بەو نیازە دامەزراند و خەونی بە چەند کوپییەکی پارتەکەی لەناوچەکەدا دەبینی و لەم پێناوەشدا هیوای بە رابەرانی کۆمۆنیزمی کارگەری- خۆی واتەنی- لە عیراقدا گرێدابوو و وەها تێگەیشتبوو، کە دوابەدوای کوپیکردنی پارتەکەی لە عیراقدا، وەك قارچکی بەهاران لە ناوچەکەدا پارتۆکەی لەوجۆرە سەردەکەن و زیاد دەکەن.10

 لە کاتێکدا کە (حکا) پارتێکی تا رادەیەك جێکەوتە و ناسراو چ لە ئێران و چ لە عیراقدا بە تایبەت بەشە کوردستانییەکەی، «مەنسوری حیکمەت» و فراکسیۆنەکەی لەو پارتەدا کە بەتەواوی کەوتبووە ژێر کارایی تێزەکانی وی، بەمەبستی قوتکردنەوەی پارتێکی تر، کە دەستکردی خۆی بێت و شانازییەکەی بۆ خۆی بگەڕێتەوە، هاتەدەرەوە. ئەوکات وی پێیوابوو پارتێك کە لەسەر ترازی تێزەکانی وی دامەزرێت، بە زووی لە ناوچەکەدا تەشەنە دەکات یا لانیکەم لەناوچەکەدا نیوەبلۆکێك سازدەکات و بەمجۆرە ئەو شانازییە مێژوویەی پێدەبرێت.

 هەرچەندە تا لەژیاندا مابوو، تێزەکانی لەمەر پارت و دەسەڵات و کۆمەڵگە و چۆنیەتی گرتنەدەستی دەسەڵات مایەپوچ دەرچوون و لە ژیانی خۆیدا کەرتبوون و پوکانەوەی پارتی ئۆرجینال (حککا) و پارتی کۆپی (حککع)ی بەچاوی خۆی دیت، بەلام خۆزگە هەنووکە بمایە و ئەم سەرلێشێواوییەی شاگردەکانی بەچاوی خۆی بدیبایە، چونکە هێشتا بوارێك دەما بگەڕێتەوە ناو پارتە سونەتییەکەی (حکا) و ژێر دەواری ناسیونالیزمەکەی کۆمەڵە.11

 ئەمە بۆ وەبیرهێنانەوەیەك بوو، بۆ نیشاندانی هاندەرەکانی کۆپیکردنی (حککا) لە عیراقدا لەژێر نێوی (حککع) و جیاوازی هاندەرەکانی پێکهێنانی (حکککا یان PKKK) لە باشوری کوردستان دا پازدە ساڵ پاش کۆپیکردنی پارتی یەکەم. چونکە ئەوسا بە خەونی زیادکردنی پارتەکانی کۆمۆنیزمی کارگەرییەوە (حککع) دامەزرێنرا، بەڵام وەك پێشتر پەنجەم بۆ راکێشاوە دامەزراندنی (PKKK) بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانە و دانانی هێڵی پاشەکشێیە!

 لێرەدا بەم پێشەکییەوە دەمەوێت بچمە سەر سەرنجاندنی نێونەتەوەیی بوونی (PKKK) و دەرخستنی ئەرکە نێونەتەوەییەکانی ئەم پارتە نەوزادەی فێرگەی کۆمۆنیزمی کارگەری.

 کۆمیتەی ئامادەکاری پارت دامەزرا، پاش ئەوە پارت دامەزرا، هەروەك دامەزرانی فەرمانبەرێك لە فەرمانگەیەکدا. بالێکی یا ڕێکخراوێکی پارتی دایك بە خشکەیی و بەبێ جیابوونەوە یا ماڵئاوایی لە پارتی دایك، بە پارتی نەوزادەوە پەیوەست بوو. ئەم کارەش زۆر بە ئاسانی، هەروەك ئەوەی من پێنووسەکەم لەم گیرفانم بخەمە ئەو گیرفانم. بەلام  کۆمیتەى دەرەوەى ووڵاتى حزبى کۆمۆنیستى کریکاریى کوردستان پێکهات! لەوە دەچێت ئەوانی تر لە هاوڕایان دامەزرابێت و ئەم لە ڕاجیاوازان پێکهاتبێت! وەك دەزانین دامەزراندن، لەسەر 100%ی هاورایی دادەمزرێت، بەلام پێکهاتن، لەسەر ڕێککەوتنی ناکۆکەکان لەسەر مامناوەنجی خواستەکان پێکدێت.

ئه‌م حزبه‌ حزبێکی ئه‌نته‌رناسیۆنالیسته‌‌، ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ خه‌سڵه‌ته‌ بناغه‌ییه‌کانی ئه‌م حزبه‌یه‌ که‌ له‌پێناو به‌هێز کردنی هاوپشتی نێونه‌ته‌وه‌یی چینی کرێکار‌ خه‌بات ده‌کات‌. 12

بابزانین ئەم پارتە ئینتەرناسیونالیستە (نەك ئەنتەرناسیونالیست)، ئەرکە نێونەتەوەییە-کانی لە راستای چینی کارگەر لە سەرتاسەری جیهاندا چین و چی خستۆتە دەستوری کاری کۆمیتەکەی دەرەوەی.

ئەم کۆمیتەیە وەک یەکێک لە ڕیکخراوە محەللیەکانى حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان13

بەمپێیە ئەرکی نێونەتەوەیی (PKKK) وەك پارتێکی ئینتەرناسیونالیست، لە ئاستی ئەرکی کۆمیتەیەکی نێوخۆیی یا ناوچەیی (مەحەلی نەك محەللی) خۆی لە کوردستاندا داناوە. هەرچەندە ئەگەر لە بەکارهێنان و تێگەیشتنیان لە ئینتەرناسیونالیزم لە نووسینەکەیاندا (ئه‌نته‌رناسیۆنالیست) دەردەکەوێت، کە رابەرەکانی کۆمۆنیزمی کارگەری چەندە بەتەنگ سۆشیالیزم و سەنگەرە جیهانییەکانیەوە دەچن. لەگەڵ ئەوەشدا هەر جێی خۆیەتی لەو بارەوە هەندێك مشتومریان لەگەڵ بکەین.  پاشان دەکرێت بزانین کە بۆ چه‌ کۆمیتەی دەرەوە وەك کۆمیتەیەکی ناوخۆیی یا ناوچەیی کاردەکات؟ خۆ ئەگەر ئەم کۆمیتەیە کۆمیتەی پارتێکی بۆرژوازی بوایە، ئەوا لانیکەم، رێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو پارتەی ئەرکی دەبوو. خۆ ئەگەر کۆمیتەی دەرەوەی پارتێکی ناسیونالیستی نەیار بوایە، ئەوا راکێشانی هاوپشتی جیهانی بۆ پرسە ناسیونالیستییەکانی ئەرکی دەبوو!

ئەرکى خۆى بەوەداناوە کە سەرجەم چالاکى وهەڵسوورانەکانى حزب لە ئاستى ریکخراوەیى و کۆمەڵایەتىدا لەدەرەوەى ولات ریکخراو و سەپەرشتى بکات وبەم هۆیەشەوە ببێتە چوارچێوەیەکى سیاسى و کۆمەلایەتی بۆ کۆکردنەوە و ریکخراوکردنى هەلسووراوانى کۆمۆنیست و رابەرانى بەشە جۆربەجۆرەکانى نارەزایەتى پیشکەوتنخوازانە خەڵکى کوردستان لەدەرەوەى ووڵات.

ئیتر لێرەدا پارتی ئینتەرناسیونالیستی سەیروسەمەرە، ناوەرۆکی ئامانجە ئەنتی ئینتەرناسیونالیستییەکانی کە کورتکراوەکەی دەکاتە (ئەنتەرناسیونالیزم)، دەخاتە ڕوو و بەدیوێکی تردا بۆمان دەخاتەروو کە پارتێکی دوورخراوەییە و مەیدانی کاری نێوان پەنابەرانی بێوەلامە له‌ هه‌نده‌ران. ئەگینا رابەرانى بەشە جۆربەجۆرەکانى نارەزایەتى پیشکەوتنخوازانە خەڵکى کوردستان لەدەرەوەى ووڵات چیدەکەن؟ نارەزایەتی پێشکەوتنخوازانە یا دواکەتنخوزانەی خەڵکی کوردستان وان لە کوردستان، کوردستان لەدەرەوەی ولات نییە و ئەو کوردستانەی ئەوان مەبەستیانە، باشوری کوردستانە و کەوتۆتە باکوری عیراق! بە دڵنیاییەوە بەشە جیاوازەکانی ئەو نارەزایەتییەش هەر لە کوردستانن.

ئەگەر لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم پارتە وەك ئەوەی لە راگەیاندنی کۆتایی کۆنگرە و بەیانی دامەزراندن و راگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوی ولاتدا هاتوون، ئەوا لەناوخۆدا دامەزراندی ڕێکخراوی لاوان و لە دەرەوەشدا ڕێکخراوی پەنابەرانی کورده‌، هەڵبەتە هێشتاکە بەشی کوردستانی له‌ عیراقییه‌که ‌جیانەبووەتەوە لەوە دەچێت لەبیریان چووبێت، هەرچەندە لە ناوەڕۆکیشدا هەر  کوردستان- عیراقییە، وا من لیره‌دا وه‌بیریان دێنمه‌وه‌! 14

ئەگەر کەمێك وردەکاری لە خوێندنەوەی بەیاننامە و کارەکانی پارتی دایکدا بکەین، ئەوا روونتر تێگەیشتنی پارتی نەوزادیشمان بۆ ئینتەرناسیونالیزم دەردەکەوێت. تەنیا ڕێکخراوێك کە پارتی دایك هەیبێت و دیوارەکانی مابن، ڕێکخراوی پەنابەرانی عیراقییە، کە خۆیان بە فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی پەنابەرانی عیراق نێوی دەبەن!15

پەنابەرانی عیراقی پەنابەرانێکن، کە لەیەك ولاتەوە هەڵهاتوون و تائێستاش هەم خودی (حککع) و هەم ناوەندە نێودەوڵەتییەکان عیراق بە یەکەیەکی یەکپارچە دەناسن. کاتێك کە ئێمە بڵێین ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پەنابەران، کە مەبەستمان ڕێکخراوی هەموو پەنابەرانی جیهان بێت، ئەوا دروستە، چونکە ئامانجمان هەموو پەنابەرانن لە هەر ولاتێك و لەهەر رەنگ و لەهەر ئایینێك و لەهەر نەتەوەیەك و لەهەر کیشوەرێکەوە هاتبن. لەم بارەدا ڕێکخراوەکە ئەرکێکی نێونەتەوەیی لە ئەستۆدەگرێت، گشت پەنابەران لە سەرتاسەی دونیادا دەگرێتە خۆی، ئەوا ڕێکخراوێکی ئینتەرناسیونالیستییە، بەلام ڕێکخراوی پەنابەرانی کورد یا عیراقی 100% ناسیونالیستییە و پەنابەرانی کورد یا عیراقی لە پەنابەرانی وڵاتانی تر دادەبرێت، هەرچەندە پەنابەران لە هەرکوێوە هاتبن، هەریەك داخوازییان هەیە و یەك ماف دەیانگرێتەوە. تائێرەش هەرچەندە ڕێکخراوێکی ئینتەرناسیونالیستیش بێت، هێشتاکە نابێتە رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ، تاوەکو هەڵگری ئامانج و تێڕوانینی «هیچکەس لە هیچکوێیەکی ئەم جیهانەدا نایاسایی نییە» نەبێت!16

 بەمجۆرە ئینتەرناسیونالیزم لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمی کارگەرییەوە بە واتای گریدانەوەی کۆمیتەکانی پارتەکانیان لە ولاتانی ناخۆیی (بیانی)دا لە کۆمیتەیەکی گەورەتر یا لە بەناو فیدراسیۆنێکدا ( بەو تێگەیشتنەی ئەان لە فیدراسیۆن)، چونکە فیدراسیۆن لای رابەرانی کۆمۆنیزمی کارگەری واتە کۆمیتەیەکی گەورەی پارتی.

 ئێستاکە کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین، کە کۆمیتەی دەرەوەی پارتی ئینتەرناسیونالیست لە پێناو چیدا تێدەکۆشێت.

 کۆمیتەى دەرەوەى ووڵات تێدەکۆشیت لەپێناو دامەزراندن و هێنانەکایەوەى رێکخراوێکى جەماوەرى وکۆمۆنیستى تێکۆشەر لەڕاستاى بردنەپێشەوەى سیاسەتەکان و ستراتیژى حزب کەرووى لەهینانەکایەوەى کۆمەلگایەکى ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانە بۆ خەلکى کوردستان.

 سەرەرای ئەوەی کە هەم ئەم پەرەگرافە و هەم سەراپای ئەدەبیاتی کۆمۆنیزمی کارگەری بە زمانی کوردی، لە ڕووی زمانەوانییەوە، وێرانەیە، من لێرەدا خۆم لە راستکردنەوەی هەڵە رێزمانییەکانیان لادەدەم، لەبەر ئەوەی باسکردنی زمان و رۆڵی زمانی خاراو لە ئەدەبیات و هوشیارکردنەوەی جەماوەردا بۆ ڕابەرانی پارتی دایك و پارتی نەوزاد، هێندەی تەنەکەلێدان گوێی لێڕادەگیرێت. چونکە ئەوەی نەتوانرێت نێوی پارتی لەسەر بنووسرێتەوە، بۆ کاسپییەکەی ئەوان خێری تێدا نییە!

 لەسەر ناوەرۆکی پەرەگرافەکە هیچیتر ناڵێم، هێندە نەبێت، کە دەپرسم ئیتر کۆمیتەکە لە دەرەوەی ولاتی ئینتەرناسیونالیستیمان چی دەکات، کاتێك کە ئەوان نە بە ئامانجی گرێدانەوەی خەباتی سۆشیالیستی لە ئاستی جیهانیدا وەك ئینتەرناسیونالیستێك، نە بە ئامانجی راکێشانی هاوپشتی بۆ کێشەی کورد وەك ناسیونالیستێك، پێکیانهێناوە یا دایامەزراندووە؟

 بەم بۆنەیەوە ئیمە بانگەوازى هەموو هەڵسوراوانى کۆمۆنیست وچەپ و ژنان ولاوان و هەموو ئینسانێکى ئازادیخواز دەکەین لەدەرەوەى ووڵات کە بەڕیزەکانى ئەم حزبەوە پەیوەست بن.

 دواجار جێ و کاتی خۆیەتی لێیان بپرسین، کە بۆچی ئێمەی هەڵسوراوانى کۆمۆنیست وچەپ و ژنان ولاوان و هەموو ئینسانێکى ئازادیخواز لە ئەوروپا بە پارتەکەتانەوە پەیوەست بین، لە کاتێکدا کە ئەرك و خەمی ئێوە نە سۆشیالیزم و نە ئازادیخوازی و نه‌ هاوخەباتی ئینتەرناسیونالیستی کارگه‌رانه‌ له‌ جیهاندا؟!

 دوا وتەم وه‌ك پێشنیارێك بۆ ئایەندەی رابەرانی کۆمۆنیزمی کارگەری ئەوەیە، بەرای من ئەگەر بەڕێز «حەکیم کاکەوەیس17، کە کادرێکی ناسراو و تێکۆشەری پارتی سۆشیالیستی کورد (پاسۆك)ە» لەگەڵ ڕێزمدا بۆی، بۆ کۆنگرەی دامەزراندنی (PKKK) و پێکهێنانی کۆمیتەی دەرەوەی پارتی ناوبراویان بانگهێشت بکردایە، ئەوا بەدلنیاییەوە، لەخۆیان سۆشیالیستانەتر و ئینتەرناسیونالیستانەتر راگەیاندن و بانگەوازەکانی دەنووسییەوە و هەم ئەرکە ئینتەرناسیونالیستییەکانی ڕاستر بۆ دیاری دەکردن، هەم لەرووی زمانەوانیشەوە راگەیاندن و بانگەوازەکانتان خاراوتر بۆ دادەڕشتن!

 من لەوە دڵنیایان دەکەمەوە، کە پێویستییان بەم پێشنیارە زۆر دەبێت، چونکە سالانی داهاتوو بینەری تەقینەوەی ئەم پارتۆکەش دەبین و چەند پارتۆکەی تری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش هەموو لەبەر پاراستنی ڕێڕەوەکەیان (ک.ک) و نەهێشتنی کوێربوونەوەی وەچاخی رابەرەکەیان.  هەڵبەتە ئەمە وەك ڕواڵەتێكە بۆ کێشمەکێش و ململانێکانیان، بەڵام لە ناوەرۆکدا شەڕ شەڕی پلەپایە و دەسەلات و گەیشتنە بە پلەی لیدەر و سکرتێر و جێگری سکرتێر و ….. فەرماندان و بەدەستهێنانی چەپلەی لەشکری گەمژانی فەرمانبەرە!

 دواجار هیوادارم ئەندامگەلێك کە بەنیازی خۆیان لە پێناو سۆشیالیزم و ئازادیخوازیدا ڕوویان لەو پارتگەلە ناوە، لەبری هەڵچوونی ڕێڕەو (مەزهەب)یانە، بە چاوێکی رەخنەگرانەوە لە ڕۆڵی دژە شۆڕشانەی خۆیان لە بزووتنەوەکەدا بروانن، چونکە رەخنەکانی من پێش هەموو کەس ئەوان دەگرێتەوە، دڵنیایان دەکەم، رەخنەکانی من کە رەخنەی ڕوخێنەرانەن، لە چەپڵە و هەلهەلە و نوقڵبارانی مێگەل ئەندامانێك دڵسۆزانەترە کە هەمیشە چاوەڕێی ئەوە دەکەن شوانەکانی پارت، گۆچانی ڕێنوێنیان بۆ هەڵبڕن.

 پەراوێزەکان…….

 9- ئینتەرناسیوناڵی یەکەم، یەکێتی نێونەتەوەیی کارگەران بوو. ئینتەرناسیونالی دوو، یەکێتی پارتە سۆشیال-دیموکراتەکان بوو. ئینتەرناسیونالی سێ، ناوەندی بڕیاردانی پارتە مارکسیست- لینیستەکان (سۆشیال-دیموکراتە چەپەکان) بوو. ئینتەرناسیوناڵی چوار و چوار و نیو، ناوەندیی یەکێتی ترۆتسکیستەکان بوون. هەڵبەتە رابەرانی کۆمۆنیزمی کارگەری بەخت یاریان بوو، کە ئەوەشیان دانەمەزراند، چونکە لەگەڵ هەر کەرتبوون و جیابوونەوە و وەردەنانێکدا، دەبوو ئینتەرناسیونالێکیش دامەزرێنن، ئەگەر وابووایە، ئەوا ژمارەی ئینتەرناسیونالەکانیش بە چارەك چارەك ( 4/4.3 هی حککا، 5.0 هی ڕەوتی بۆلشەڤیك، ¼.5 هی بزووتنەوەی بنیاتنان، ½.5 هی ڕەزا مقەدەم ، ¾.5 هی بەهمەن شەفیقی ، 6.0 هی ئیرەجی ئازەرین ، ¼.6 هی کۆریشی مودەریسی، ½.6 حککچع، ¾.6 گروپەکەی نەیسان،  7.0 بەداوە بەر ئەوانە دەکەوت، کە من ئاگام لە جیابوونەوەکەیان نییە)  دەگەیشتە هەژمارێك، کە لە ژمارەی گشتی ئەندامانی سەراپای کۆمۆنیزمی کارگەری واوەتر دەچوو.

 10. نامە نێوخۆییەکانی سەرەتای ساڵی 1993 بۆ ڕێکخراوە چەپەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست، یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کارگەری و سەرنجی کرێکار و –خۆی واتەنی- رابەرانی کۆمۆنیزمی کارگەری عیراقدا.

 11- ئەوکات پێیوابوو (حکا) پارتێکی سونەتی (تەقلیدی)یە، بۆیە ناتوانێت وەلامدەرەوەبێت بە خەباتی پرسەکانی خەباتی کارگەر و سۆشیالیستی لە ئێراندا. لەبەر ئەوەی وی وەك دەسەڵاتخوازێك نەیدەتوانی یا راستر بڵێین نەیدەویست ئەو راستییە بدرکێنێت، کە ئەوە خودی پارتە ناتوانێت، ببێتە بەشێك لە بزووتنەوەی کارگەری و سۆشیالیستی، بۆیە لە هەناوی خۆیدا وەك هەر یەکەیەکی داخراو، بۆگەن دەکات و تووشی پارچەپارچەبوون دەبێت.

 12-به‌یاننامه‌ی ڕاگه‌یاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

http://www.hkkurdistan.org/gshty/kongrayDamazrandn/bayan/bayanyRagayandn.htm

13- ڕاگەیاندنى پێکهاتنى کۆمیتەى دەرەوەى ووڵاتى حزبى کۆمۆنیستى کریکاریى کوردستان

http://www.hkkurdistan.org/gshty/derewe-komite/darawa-komite3-4-08.htm

 14- هەمان سەرچاوەی پێشوو +

 کۆنگرەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرکەوتوانە کۆتاییهات

http://www.hkkurdistan.org/gshty/kongrayDamazrandn/bayan/kotayKongra.htm

 15- International Federation of Iraqi Refugees

http://csdiraq.com/index.php?option=com_content&task=view&id=12&Itemid=26

 16- کاتی خۆی لە کۆبوونەوەیەکی شورای پەنابەرانی کۆلن/ ئاڵمان، بە ئامادەبوونی سکرتێری فیدراسیۆن لە ساڵی 1998دا، پێشنیاری کارکردن بۆ ڕێکخراوێکی جیهانی پەنابەرانم خستەبەردەمیان و بەو بۆنەشەوە داوام لێکردن کە رۆژی شەمەی داهاتوو لە خۆپیشاندانی پەنابەرانی ئەفگانیدا بەشداری بکەین، کە بریاربوو ژمارەیەکی زۆری ئەفگانی بۆ قەسابخانەکانی موجاهیدین و تالیبان رەوانە بکرێنەوە. بەلام کەس نە دژم دوا و نەکەس ئەرێی بۆ کردم، دەتوت تەنەکەیان بۆ لێدەدەم. لە هەمانکاتدا بەخۆیان شیوەنی ناردنەوەی پەنابەرانی کوردی باشوری کوردستانیان دەگێڕا و بەنیازبوون، خۆپیشاندان بکەن و بەتەماش بوون هاوپشتی جیهانی بۆ ئامانجەکەیان رابکێشن. منیش ئەو هۆنراوەم بۆ خوێندنەوە کە دەڵێت " پەلاماری سۆشیالیستەکانیان دا، لەبەر ئەوەی من سۆشیالیست نەبووم، فزەم لێوە نەهات/ پەلاماری ئەندامانی یەکێتییە کارگەرییەکانیان دا، لەبەر ئەوەی ئەندامیان نەبووم، فزەم لێوە نەهات/ پەلاماری یەهوودییەکانیان دا، لەبەر ئەوەی یەهوودی نەبووم، فزەم لێوە نەهات/ بەلام کاتێك کە پەلاماری خۆمیان دا، ئەوکات کەس بەدەم هاوارمەوە نەهات/ … . من لێرەدا تەنیا ناوەرۆکی هۆنراوەکەم گەیاندووە، وابزنم فۆرمۆڵەی هۆنراوەکە جیاوازە.

 17- لێرەدا مەبەستم توانج گرتنە بەڕێز «حەکیم کاکەوەیس» نییە، بەڵکو لەبەر ئەوە نێوی ئەوم هێناوە، کە بەڕێزی کادرێکی دێرینەی (پاسۆك)ە و ناسیونالیزم بووەتە خوێن و لە مولوولەکانیدا دێت و دەچێت. بەڵام هێندەی (PKKK) ئەرکە دەرەوەییەکانی پارتێکی رامیاری لەبیر نەکردووە. هێندەی ئەم پارتەش نێوخۆیی (مەحەلی)یانە بیرناکاتەوە و دڵنیاشم ئەگەر ئەروکە لە ساڵی 2008دا پارتێك چێ بکات، ئەوا ئەرکی کۆمیتە دەرەکییەکەی کەمتر لە ئاستی ئەرکی کۆنسۆلییەك دانانێت، هەروەها ئەرکە نێوخۆییەکانی لە دامەزراندنی ڕێکخراوێكدا بۆ لاوان، کورت ناکاتەوە!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.