Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
پەیامی دەنگەکان بۆ جەماوەری کوردستان

پەیامی دەنگەکان بۆ جەماوەری کوردستان

Closed
by February 25, 2011 تایبەت

 

بەڕێزان! دەنگەکان وەک یەکێک لە کەناڵە گرنگەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژگارێک دامەزرا، کە ڕەوشی ڕاگەیاندنی کوردی بە هۆی شەڕی حزبە کوردییەکان و تیرۆری هێزە کۆنزێرڤاتیڤەکان لە خراپترین مێژووی خۆیدا چەقی بەستبوو. دەنگەکان هەوڵی دا پەنجەرەیەکی گەورە بە سەر کۆمەڵگه‌ی داڕووخاوی کوردستاندا بکاتەوە، بەو مەبەستەی بوار بۆ هەموو ئەو چاوە ڕەخنەییانە بڕەخسێنێت، کە دەیانویست درزێک بدۆزنەوە، تاکو لێیەوە بڕواننە ئەو تاریکی و نەهامتییانەی ئەقڵی خێڵەکیی حزبە کوردییەکان و هێزە دینییەکان دایانهێنابوون. دەنگەکان هەر لە سەرەتاوە بووە کەناڵی ئازادی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی مێدیای حزب دەرگای لەسەر بەرهەمەکانیان دادەخست. دەنگەکان دەرگای خۆیی بۆ دەکردنەوە و بێ هیچ مەرجێک دەنگی ئەوانی دەگەیاند. دەنگەکان ئەگەر مەرجێکی هەبووبێت، هەر ئەوە بووە، کە وتوویەتی دەبێت زمانی نووسین بۆ ئاکتیڤکردنی بیری ئازاد، ئەقڵی ڕەخنەگرانە و دامەزراندنی دیاڵۆگ ئاڕاستە بکرێت، نەوەک بۆ شکاندنی ڕۆحی تاک. دەنگەکان لە هەموو ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئازادیی مرۆڤی ئێمە کراون، بێدەنگ نەبووە و هەڵوێستی خۆیی بە ڕوونی پێشان داوە. ئەمڕۆیش کە کچان و کوڕانی ئازادیخواز ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ئەوا دەنگەکان نەک هەر داخوازییەکانیان بە ڕەوا دەزانێت، بەڵکو پشتگیریی تەواویان لێ دەکات. دەنگەکان داوا لە نووسەر و ڕۆشنبیران دەکات لە ڕۆژگارێکی ئاوادا زیاتر بەرگری لە ئازادیی ڕادەربڕین بکەن.

 ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌نگه‌کان
25-2-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.