Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

چاره‌نووسی ئۆقیانووس

Be First!

شیعری: یانیس ریتسۆس
و: عه‌بدولڕٍه‌حمان فه‌رهادی

به‌نده‌رێكی شه‌وانه‌
رۆشناییه‌كان خنكاوی نێو ئاون
رووخساری بێ‌ یادگاری و وابه‌سته‌
به‌رووناكیی كه‌شتییه‌ دووره‌كان ده‌دڕه‌وشێنه‌وه‌
پاشان نقومی نێو تاریكی گه‌شته‌كه‌ ده‌بن
چارۆگه‌كان به‌ چرای خه‌ونان رووناك دادێن
وه‌ك باڵی شكاوی ئه‌هریمه‌نه‌كانن
سه‌ربازه‌كان خۆیان و كڵاوه‌ ئاسنینه‌كانیان
له‌نێو شه‌وو ئاگری ره‌ژوودان
ده‌ستی زامداری چه‌شنی په‌شیمانی
دوای روودان
***
به‌ندییه‌كان وابه‌سته‌ی پرسه‌
زنجیرێك له‌ گه‌ردنی ئاسۆ
زنجیری تریش له‌پای منداڵان
له‌ ده‌سته‌كانی به‌ره‌به‌یانیش دیسانه‌وه‌
چه‌پكه‌ گوڵه‌كان زنجیر به‌ستن
***
دایه‌.. ئه‌وه‌ كێیه‌ زه‌نگی لازوردی
به‌سه‌ر ئاسۆوه‌ لێده‌دا؟
***
چه‌ند راوچییه‌كی پیر
ئیدی به‌له‌میان نه‌ماوه‌و
بێ‌ تۆڕ ماونه‌ته‌وه‌
به‌سه‌ر كه‌ڤره‌كانه‌وه‌ داده‌نیشن و
قه‌ننه‌ ده‌كێشن
له‌ خه‌می سه‌فه‌رو سێبه‌ر ده‌ڕوانن
له‌ به‌له‌مه‌كان داده‌به‌زین
په‌ته‌كانیش ده‌كه‌ینه‌وه‌
بۆ ده‌ریا گۆرانی ده‌چڕین
ته‌ماشای هه‌وری زیوین ده‌كه‌ین
به‌ته‌ك مانگی به‌هارانه‌وه‌
***
گوێمان له‌ گۆرانیی ده‌ریا بووه‌
ئیتر ناتوانین بخه‌وین
***
ره‌نگه‌كانی سپێده‌ له‌ ئاودا ده‌توێنه‌وه‌
ئاگری خۆراواش به‌سه‌ر شانی نه‌وره‌سه‌كانه‌وه‌یه‌
ئه‌و چاڕۆگانه‌ی به‌ره‌و ناكۆتایی ده‌چن
له‌گه‌ڵ داهاتنی شه‌و ده‌رگاكان ده‌كه‌نه‌وه‌
به‌سه‌ر خه‌وی به‌ردینی ئێمه‌دا ده‌شه‌كێنه‌وه‌
تا ئه‌به‌د ده‌بریقێنه‌وه‌
گۆرانیی ده‌ریا له‌ په‌نجه‌ره‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ڕا دێ‌
باخ ‌و خه‌ونی رووناك وێنه‌ ده‌كا
***
له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌وه‌ شنه‌یه‌كی نه‌رم
رووخساره‌ رووناكیه‌كی بێده‌نگ
له‌ زاكیره‌ی هاوینی سپی
له‌گه‌ڵ شه‌وقێكی شه‌به‌نگیی مه‌یله‌وشین
به‌سه‌ر رووی لووسی دا لاربۆته‌وه‌
***
ئه‌وه‌ كێیه‌ له‌ بانێژه‌ی ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ بانگمان ده‌كا
***
شمشاڵی خۆمان له‌و هێسكانه‌
دروست كردووه‌
كه‌ دوێنی شه‌و سترانبێژی ره‌شه‌با
له‌ حه‌وشه‌كه‌مانی ده‌رهانی
***
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی له‌سه‌ر مردوو ده‌گری
تۆ ئێمه‌ ناناسی
***
ده‌ریا ناگریێ‌
به‌ڵكو پێده‌كه‌نێ‌
***
دڵه‌كانمان ده‌ریای ناسیوه‌
سنووران ناناسی
***
له‌ چه‌ماوه‌ی چیایه‌كی شینه‌وه‌
نه‌وره‌سێك له‌ قووڵایی ئێواره‌
بانگم ده‌كات
***
باخچه‌یه‌كمان له‌كه‌ناری ده‌ریا هه‌بوو
ئاسمان له‌ په‌نجه‌ره‌كانه‌وه‌
ده‌خلیسكایه‌ ناوی،
دایكیش له‌سه‌ر كورسییه‌كی نه‌وی
كێلگه‌كانی به‌هاری به‌ده‌رگاكراوه‌كانی
خانووه‌ سپییه‌كان ده‌چنی
كێڵگه‌كانی به‌هاری به‌ ڕه‌گی دره‌خته‌كانی
سه‌ر رووی گژوگیا ده‌چنی
ئه‌و دره‌ختانه‌ی كه‌ سه‌وزاییه‌كی كراوه‌یان
هه‌بوو
***
ئه‌و ژنه‌ی سنووری به‌ره‌به‌یان و باخچه‌ی كێشا
هه‌پڕوون به‌ هه‌پڕوون بوو
ئه‌و ژنه‌ی سنووری كازیوه‌و باخچه‌ی دیاریكرد
به‌شمشاڵی ئازادیی گوڵ
هه‌لا به‌ هه‌لا بوو
پێرێ‌ یه‌كه‌م په‌ڕه‌سێلكه‌مان ناشت
پاشان منداڵان به‌ ته‌نیایی
به‌دیار په‌نجه‌ره‌ی ئێواره‌ دانیشتن
تا خۆر ببینن
***
ده‌ریا.. ده‌ریا
دایه‌
ده‌ستم مه‌گه‌ینێ‌
له‌ هزرمان.. له‌ رۆحمان.. له‌ خوێنبه‌ره‌كانمان
هه‌ر ده‌ریا
***

سه‌رچاوه‌: ئه‌نته‌رنێت:  www.Jehat.com

 

Previous
Next

Leave a Reply