Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

چرایه‌كی تری كۆمۆنیزم و به‌ره‌ی ئینسانیه‌ت كوژایه‌وه‌ !

Be First!
by August 5, 2010 گشتی

تاهیرحه‌سه‌ن

سه‌عات 7.24 ده‌قیقه‌ی ڕۆژی 24/7/2010 , دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یه‌كێك له‌ شۆڕشگێڕترین و جه‌سورترین ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكاری و به‌ره‌ی ئینسانیه‌ت له‌ عێراقدا, له‌لێدان كه‌وت. مه‌رگی ناوه‌ختو ئێجگار زووی (له‌یلا محمد) ی ئازیز وتێكۆشه‌ر كاره‌ساتێكی ئێجگار گه‌وره‌یه‌. به‌مه‌رگی (له‌یلا) , بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیزم و به‌ره‌ی ئینسانیه‌ت له‌ عێراقدا , (شاپور عبدالقادر) ێكی تری له‌ده‌ستدا. به‌ڕاستی ته‌نیا سه‌رسه‌ختی ئێمه‌ ده‌توانێ ته‌حه‌مولی هه‌ڵگرتنی ئه‌م هه‌موو كۆسته‌ گه‌وره‌و ناوه‌ختانه‌ بكات.
له‌یلای ئازیز ته‌نیا 43 ساڵ پێی له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ بوو. به‌ڵام نیوه‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ زۆر كورته‌ی له‌پێناو هوشیاركردنه‌وه‌و ڕێكخستنی كرێكاران وژنان و خوێندكاراندا سه‌رف كرد, له‌پێناو به‌گژاچوونه‌وه‌ی دنیای سه‌ره‌وخوار و نایه‌كسانی سه‌رمایه‌دا سه‌رف كرد. ئه‌و زۆر زوو دركی به‌و ڕاستیه‌ كردبوو, كه‌ خه‌بات وتێكۆشانی ئینسانه‌كان له‌دژی نایه‌كسانی ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی به‌ بێ ڕێكخراو بوون و ڕێكخستنی تواناییه‌كانی ئینسانه‌كان به‌ هیچ جێگایه‌ك ناگات. بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تای تێكه‌ڵاوبوونی به‌سیاسه‌تداو له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا خۆی له‌نێو ڕیزه‌كانی حزبی شیوعی عێراقیدا ڕێكخست . به‌ڵام زۆر زوو په‌ی برد به‌ بۆرژوابوونی كۆمۆنیزمی ڕووسی و حزبی شیوعی عێراقی و ڕیزه‌كانی ئه‌و حزبه‌ی به‌جێهێشت و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێی تریدا (كۆمه‌ڵه‌ی ڕزگاری چینی كرێكار) یان پێكهێنا, كه‌ دواترو له‌ساڵی 1993 دا ڕێخراوه‌كه‌یان یه‌كێك له‌ ڕێكخراوه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پێكهێنانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق بوو.
له‌دوای كه‌وتنی ڕژێمی به‌عس و كرانه‌وه‌ی یه‌كه‌مین فرسه‌تی به‌ئاشكرا كاركردنی كۆمۆنیسته‌كان له‌ساڵی 2003 دا. له‌یلا به‌بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك له‌دیوی ئه‌ودیوی گۆی زه‌ویه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ شاری به‌غدا. تا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیداو له‌په‌نای به‌ره‌ی ئازادیخوازو یه‌كسانیخوازی كۆمه‌ڵگه‌دا ڕابوه‌ستن و خه‌ڵكی به‌كاره‌ساتێك كه‌ جه‌نگی ئه‌مریكا خه‌ریك بوو به‌سه‌ر ژیانی ملیۆنه‌ها ئینساندا ده‌یهێنا ئاشنا بكه‌ن وڕێگای ده‌ربازبوونیان نیشان بده‌ن. له‌ماوه‌یه‌كی ئێجگار كه‌مدا له‌یلا بوو به‌یه‌كێك له‌ ڕووخساره‌ ناسراوو خۆشه‌ویسته‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ژنان وئاواره‌كانی شاری به‌غدا وكه‌ركوك. تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی كه‌ خه‌ڵك حزبی كۆمۆنیستیان به‌ حزبه‌كه‌ی له‌یلا محمد ناو ده‌برد. كه‌م نه‌بوون ئه‌و ژن و لاوو كرێكارانه‌ی كه‌ به‌ده‌نگی به‌رز ده‌یان ووت به‌ڕاستی له‌یلا محمد شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ببێت به‌ سه‌رۆكی عێراق. به‌داخێكی گرانه‌وه‌ نه‌خۆشی پیس و كوشنده‌ی سه‌ره‌تان ڕێگه‌ی پێنه‌دا له‌ مه‌ترسیدارترین و چاره‌نووسسازترین هه‌لومه‌رجی سیاسی عێراقدا ئاڵای نوێنه‌رایه‌تی كردنی كرێكاران وژنان ولاوان وبه‌ره‌ی ده‌سته‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ تاسه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و نوێنه‌رایه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان له‌ كێشمه‌كێشی ده‌سه‌ڵاًتدا بكات.
شێوازی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی وسوخه‌نڕانی تیژ وپێ له‌زه‌وی و لێوه‌شاوه‌یی له‌ خیتابدان و كاریگه‌ریدانانی خێرا له‌سه‌ر گوێگران , سه‌ره‌كیترین تایبه‌تمه‌ندی كاراكته‌ری سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی له‌یلا بوو. هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هاوڕێی گیانبه‌ختكردوو (شاپوور عبدالقادر) ده‌چوو. ئێمه‌ له‌ نێو خۆماندا بۆنی شاپوورمان نابوو به‌ له‌یلاوه‌. له‌یلا له‌ماوه‌یه‌كی كورتی هه‌ڵسوڕانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌شاری به‌غدا توانی ده‌وری به‌رچاو و به‌رجه‌سته‌ی بگێڕێ له‌ ڕاكێشانی سه‌رنجی كرێكاران وژنان وئاواره‌كان بۆ مۆدێلێكی تر له‌ كۆمۆنیزم كه‌ تا ئه‌وكات خه‌ڵك جگه‌ له‌ حزبی شیوعی عێراقی شتێكی تریان له‌ كۆمۆنیزم نه‌دیبوو. له‌یلا ده‌وری به‌رچاوی گێڕا له‌ ڕۆیشتنی ناوو ناوبانگی حزب و سیاسه‌ته‌كانی له‌ نێو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری به‌غدادا. هه‌ر بۆیه‌ به‌توانایی ولێوه‌شاوه‌یی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له‌ نێو باڵاترین ئۆرگانی ڕابه‌ری حزبدا جێگای گرت.
له‌یلا ئینسانێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌ ئیراده‌بوو, هیچ كێشه‌یه‌كی له‌ ئیراده‌ی ئینسان گه‌وره‌تر نه‌ده‌دی, ئه‌و باوه‌ڕی قووڵی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ هیچ كارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای ئینسانه‌وه‌ نیه‌, ئه‌گه‌ر ئینسان خۆی ئیراده‌ بكات و بیه‌وێ به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێ. بۆیه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یزانی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌ له‌ململانێدایه‌, به‌ڵام تا ئاخرین ساته‌كانی ژیانی سه‌ری بۆ دانه‌نه‌واند و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوو كه‌ ئه‌و سه‌ر ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌یدا . ژیان له‌لای له‌یلا ئه‌وه‌نده‌ شیرین وجوان بوو, كه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ بوو ئینسان له‌پێناوی جوانتر كردن و باشتر كردنو ئینسانی تر كردنیدا ژیانی خۆی ببه‌خشێ. پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ و سه‌رحاڵی وڕووخۆشی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ بوون له‌سیماو ڕووخساری له‌یلای ئازیزدا كه‌ هه‌میشه‌ ده‌دره‌وشانه‌وه‌ و بۆ له‌حزه‌یه‌كیش سیماو ڕووخساریان به‌جێ نه‌ده‌هێشت.
له‌یلا ته‌نیا هی ئێمه‌ نیه‌.به‌ڵكو هی هه‌موو ئه‌و ئینسانانه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ربۆ سه‌عاتێكیش ناسیویانه‌و جێگایه‌كی له‌دڵیاندا گرتووه‌ و به‌ مه‌رگی ناوه‌ختی فرمێسكیان بۆ ڕانه‌گیرا ودڵیان ته‌نگ بوو.
چ برینێكی به‌سوێیه‌ ,چرایه‌كی وه‌ها له‌ مێژووی ژیانی شه‌خسی وسیاسیت له‌ناكاوو زۆر زوو بكوژێته‌وه‌ , به‌ڵام هاوكات چ شانازیه‌كی گه‌وره‌یه‌ مێژووی ژیانت هاوڕێیه‌تی وهاوخه‌باتی ئینسانێكی شۆڕگێڕ وتێكۆشه‌رو میهره‌بانی وه‌ك له‌یلا محمدی تێدا بێت.
ئێستا ئیتر له‌یلای ئازیز بۆ هه‌میشه‌ به‌جێیهێشتین, به‌ڵام ده‌رسو ته‌جروبه‌كانی له‌كاری كۆمه‌ڵایه‌تی وڕێكخستن وهێنانه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵكدا, جه‌ساره‌ت وله‌خۆبردوویی  و ڕاوه‌ستاوی ئه‌و, هیوا به‌ ژیان وزه‌رده‌خه‌نه‌ی ڕووخساری شیرینی ئه‌و , بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی و لێمان جیانابێته‌وه‌ .
به‌ڕێز بێت یادی له‌یلا محمد ی هه‌میشه‌ زیندوو
2 ی ئابی 2010

tahirhassan1@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply