Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

چه‌ند شیعرێكی ره‌سوڵ یۆنان

Be First!
by April 11, 2012 ئەدەب

 

1
ماڵه‌ چكۆله‌ كرێكه‌ی من
به‌ پاڵ دیواری دۆزه‌خه‌وه‌یه‌!
شه‌وان كابووس ده‌بینم
ده‌بێت پاره‌یش بده‌م
بۆ ترس و
ته‌نیایی و
خه‌فه‌ت
یادی به‌خێر ماڵه‌ باوان!
یادی به‌خێر چۆله‌كه‌و داره‌ چرۆ كردووه‌كان!

2
ژیان پیاسه‌كردنه‌ له‌ رووناكیدا
سه‌یركردنی نانه‌
له‌سه‌ر مێزی رۆژ
دره‌وشانه‌وه‌ی ئاوه‌كان و
بزه‌ی ماسیگرانه‌
ئه‌م شاره‌ چكۆله‌یه‌
به‌ تۆوه‌ چه‌ند جوانه‌
خۆر
له‌ په‌نجه‌ره‌ دارینه‌كه‌ی تۆوه‌ هه‌ڵدێ.

3
رۆژگارێك
چیاكانت پێك ده‌گه‌یاند
مرۆڤه‌كان و
دڵه‌كان
به‌ڵام ئێستا…
ئاه ئه‌ی پردی رووخاو!
ئێستا ئیتر
ته‌نها هه‌وره‌كان ده‌توانن
به‌ سه‌رتا تێپه‌ڕن!

4
كه‌س نه‌هاتبووه‌ پێشوازی
ئاوێنه‌كه‌ی گیرفانی ده‌رهێناو
له‌ ئاوێنه‌كه‌دا به‌خۆی پێكه‌نی و
دواتر گریا…

5
رۆژێك چیا سه‌هۆڵینه‌كان ده‌هاڕن و
ده‌یپڕژێننه‌ سه‌ر دنیا
ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ بیرده‌چێته‌وه‌
به‌ جۆرێك وه‌ك بڵێی هه‌رگیز نه‌بووه‌..

6
نه‌ به‌ دۆزه‌خ
نه‌ به‌ فیرده‌وس
ته‌نها بیر له‌ قه‌رزه‌كانی ده‌كاته‌وه‌
پیاوی نه‌دار
له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا.

7
شوان به‌رخه‌ ونبووه‌كه‌ی
له‌ زه‌مهه‌ریری به‌فرسازدا ده‌دۆزێته‌وه‌
ده‌كه‌وێته‌ گریان
شارییه‌كان
پیشانی یه‌كتری ده‌ده‌ن و
پێده‌كه‌نن!

8
هه‌ستێكی باشم هه‌یه‌
هه‌مووشتێك رێكوپێك ده‌بێت
تۆیش دێی و
زاری تاریكی با ده‌درووی
هاتنی تۆ
واتا كۆتایی ره‌نج و رۆژانی ره‌ش
هاتنی تۆ
یانی سه‌ره‌تای رۆژێكی نوێ.

9
تۆ له‌ مندای
وه‌ك وێنه‌ی مانگ له‌ گۆمدا
له‌ مندای و
دوور له‌ سێره‌ی من
به‌شی من له‌ تۆ
ته‌نها ئه‌م شیعره‌ ئه‌ویندارییانه‌یه‌ و
ئیتر هیچ.
ده‌وڵه‌مه‌ندێكی هه‌ژارم!
وه‌ك باندارێكی بێ پاره‌
من ته‌نها ئاوێنه‌ی تۆم…

10
گه‌ر تۆ نه‌بوویتایه‌ من ته‌واو بێكار بووم
كارێكم نییه‌ له‌ دنیادا
جگه‌ له‌ خۆشه‌ویستی تۆ.

11
سه‌رزه‌وییه‌ دووره‌كان جوانن
پراك
ئه‌سته‌نبوڵ
ئه‌مستردام… و
تۆیش
وه‌ك سه‌رزه‌مینه‌ دووره‌كان جوانی
دووری جوانه‌
نزیك مه‌به‌ره‌وه‌ خۆشه‌ویستم!

12
كاتێك ئه‌و دێت، من ده‌ڕۆم
وه‌ك خۆر و سێبه‌ر
كاتێك من دێم
ئه‌و ده‌ڕوات
وه‌ك پاییز و په‌ڕه‌سێلكه‌
ئه‌مه‌یش یاریی ئه‌به‌دییه‌
نه‌ كه‌سێك ده‌یباته‌وه‌و
نه‌ كه‌سێك ده‌یدۆڕێنێ.

13
نه‌ به‌خاتری شیعر
نه‌ به‌ خاتری جۆرێكی تر نووسین
ماڵه‌كه‌ی من
بۆ دوو كه‌س چكۆله‌ بوو
هه‌ربۆیه‌ ته‌نیا مامه‌وه‌!

14
نان
ئاو
په‌نجه‌ره‌ی رووه‌و خۆر و
جارجارێ زه‌ماوه‌ندێك
خودا
چ پێناسه‌یه‌كی هه‌یه‌
له‌ كۆڵانه‌ هه‌ژارنشینه‌كاندا.
15
هه‌تاو دوژمنمه‌
هه‌ور دوژمنمه‌
كامێرا دوژمنمه‌
فۆتۆگرافه‌ر دوژمنمه‌
له‌ هه‌موو وێنه‌كاندا
تۆ سپیی
به‌ڵام من ره‌شم
گه‌ردوون و مرۆڤه‌كانی
رێككه‌وتوون
تا من له‌ تاریكیدا بژیم!

16
كه‌ مناڵ بووم
هه‌میشه‌ له‌ باخه‌ گوێزه‌كاندا ده‌خولامه‌وه‌ و
ده‌سته‌كانم
بۆنی گوێزیان لێده‌هات
بێگومان گه‌وره‌ نه‌بووم
سمۆره‌كان
خه‌ونه‌كانم كون كون ده‌كه‌ن.

17
هه‌موو شتێك ته‌واو بوو
سه‌ركه‌وتییه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌و رۆیشتی
ئێستا ده‌بوو له‌ شارێكی دوور بیت
له‌دڵی مندا چی ده‌كه‌یت…

http://www.parsianforum.com/showthread.php/127473-%D9%85%D8%AC%D9%85%D9%88%D8%B9%D9%87-%D8%A7%D8%B4%D8%B9%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D8%A7%D8%B2-%D8%B1%D8%B3%D9%88%D9%84-%DB%8C%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%86


له‌ فارسییه‌وه‌: جه‌بار سابیر

Previous
Next

Leave a Reply