چه‌ند په‌ڕه له یادنامه‌یه‌ك … محه‌مه‌د شه‌ریفی
و/ له فارسییه‌وه: بابه‌ك سه‌حرانه‌وه‌رد(تاران)
شه‌ممه
قسه‌یه‌ك نییه بۆ وتن. چی ده‌بێ بگوترێ هه‌تا شتێكمان وتبێ ؟ بێده‌نگی، دایكێكی دڵۆڤانه. خۆشمان بوێت .
یه‌ك شه‌ممه
تازه خۆره‌تاو له پشت چیا هه‌ڵهاتووه . خه‌ریكی نیگاركێشانی ئه‌و گوڵاڵانه‌م كه ئێجگار ته‌مه‌ن كورتن، وه‌ك شنه با كه زوو تێده‌په‌ڕێت ، وه‌ك شۆڵه .
دووشه‌ممه
به منیان وت: وا وێران بووه په‌پووی لێی ده‌خوێنێ.
راستیان ده‌وت. چۆڵ و هۆڵ بوو. شتێكم وه‌بیر نه‌ماوبوو، هه‌ستم ده‌كرد له كاتدا نووقم بووم و زه‌ریایه‌ك له سوێرئاو به سه‌رمدا ده‌ڕژێت. خۆزگه ئاخ ده‌متوانی زه‌ریا بنه‌خشێنم. باوه!باوه! ون بوون چ ژانێكی گرانه. خۆزگه هه‌میسان ده‌كرا په‌نا ببه‌ین بۆ دارستان.
سێ شه‌ممه
نووقمی ده‌نگه‌كه‌مم. له‌به‌ر ئاوێنه‌دا هۆنه هۆن گریام. وتم:
خۆزگه ده‌پژراین
ده‌نگی وه‌رزێرێ له دووره‌وه هات :
تۆمێ له (با)دا؟
وتم:
ئاخ…
وتی:
با رێحان داچه‌نین.
بۆنی رێحان ته‌واوی ژووره‌كه‌می ته‌نیوه.
وتم:
خۆزگه هه‌ڵئه‌فڕاین.
چوارشه‌ممه
ئه‌م هه‌موو ته‌پ و تۆزه رۆحی داپۆشیوم . هه‌ناسكه هه‌ناسك به ته‌پۆڵكه‌یه‌كدا سه‌ركه‌وتم ، هه‌تا بزانم شاعیران چۆن به شار ده‌ڕوانن. شارێك نه‌مابوو. (با) ده‌سته خۆڵه‌مێشاوییه‌كانی ده‌برد هه‌تا له داوێنی رووباره‌كان وسڵی بات .
به‌ره‌و ژووره‌كه‌م گه‌ڕامه‌وه و له‌سه‌ر په‌ڕه قاقزێكی كایی نووسیم: سۆسن. نووسیم: ڕاژانه . نووسیم: گوڵی یاس. نووسیم: داری ئه‌مبه. نووسیم: ئه‌سپیدار. نووسیم: باران.
ژووره‌كه‌م بوو به دارستانێكی دڵگر و ره‌نگین. (با) هه‌ڵی كردبوو و هاشووهووشی هه‌رمانی ژیان، گیانی منی ده‌هه‌ژاند. هه‌ڵفڕینی باڵنده‌كان هانی ده‌دام كه منیش هه‌ڵفڕم. هه‌ستم ده‌كرد به سه‌ره‌تای خۆم گه‌یشتووم.
پێنج شه‌ممه
له قه‌راخی په‌نجه‌ره دانیشتووم و بارانم لێده‌بارێ. وه‌ك تاقه دارێك كه باڵنده‌كان لێی هه‌ڵفڕیون. منداڵێ وتی:
ئه‌و شوێنه كه لێی دانیشتووی ، جێگای فریشته‌كانه.
وتم:
ئه‌من مستێ خۆڵه‌مێشم.
وتی:
برۆ بۆ گۆشه و قه‌راخێ ، ره‌نگه به كۆتایی خۆت بگه‌یت.
وتم:
ئه‌و قره‌باڵغییه ئا له‌و دووره بۆ چییه؟
وتی:
پێشمه‌رگه‌كان له پێده‌شتن. ئه‌وان قسه‌ی زۆریان بۆ وتن هه‌یه.
وتم:
دڵم ته‌نگه، ئاخ .
وتی:
له‌گه‌ڵ گوڵاڵه‌كان یه‌ك ده‌گرنه‌وه.
ئه‌وسا كه ڕوانیم ، ئه‌و منداڵه هه‌ر خۆم بووم . وه‌ك په‌ڵه هه‌ورێكی په‌شێواو كه بۆ هه‌ر لاوه ده‌گریا.
هه‌ینی
كچێك وتی:
ده‌ره‌وه، كات ، تێكڕا به چه‌شنێكی دی تێده‌په‌ڕێت .هه‌ست بكه ئه‌م كاكێشانه چلۆن هه‌ڵده‌سووڕێت ؟ ئه‌م ئه‌ستێره بازنه‌ییانه له نێوان یه‌كدی بۆ كوێ ده‌رۆن ؟ ئاخۆ ئێمه فڕێ دراوین یاخود خودا به بوونی ئێمه شادومانه؟ جیاوازی نێوان مه‌ڕ و مرۆڤ چییه ؟ ئێمه به‌رخۆله له یادچووه‌كانین؟ هیچ كاتێ چاومان نه‌بڕیوه نێو چاوی یه‌كتر تا به یادی ئه‌زه‌ل بكه‌وین. دوایین بیره‌وه‌ری من ، رۆژێكه كه خودا له شه‌یتانی ده‌پرسییه‌وه و ئاسمان پڕ بوو له هه‌وره گرمه.
وتم:
ئێوه‌م ده‌وێت.
وتی:
دڵم له شوێنێكی تر جێهێشتووه .
وتم:
چاوه‌كانتان ؟
وتی:
دوو باڵنده بوون كه هه‌ڵفڕان .
وتم:
به ته‌نیا له‌دایكبوون ؟
وتی:
بگری .
ئاسمان نمه نمه فرمێسكی ده‌ڕشت. كات بۆنی خاكی پیرۆزی به خۆوه گرتبوو. باوه! باوه! ون بوون چ ژانێكی گرانه. خۆزگه هه‌میسان ده‌كرا په‌نا ببه‌ین بۆ دارستان.
شه‌ممه
قسه‌یه‌ك نییه بۆ وتن . چی ده‌بێ بگوترێ هه‌تا شتێكمان وتبێ ؟ بێده‌نگی، دایكێكی زۆر مێهره‌بانه . خۆشمان بوێ.
ژێده‌ر:
ماهنامه ادبی دنیای سخن، شماره 75، صفحه 104 و 105، سال 1374، تهران