Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

چی له‌ پشت به‌تیرۆر(یست)كردنی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه‌یه‌؟

Be First!
by September 26, 2010 سەردەشت عوسمان

 

له‌روی زمانه‌وانییه‌وه‌ جیاوازی نێوان ئه‌وه‌ی كه‌ تیرۆر بكرێیت ‌و بكرێیته‌ تیرۆریست به‌ته‌نها پاش‌و پێش خستنی كردارێك‌و زیادكردنی سێ پیته‌، به‌ڵام له‌واقیعدا سه‌روبن كردن‌و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی چه‌مكێكی سیاسی‌و حقوقی‌و ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقیشه‌، به‌وه‌ی له‌ قوربانییه‌وه‌ بكرێیته‌ جه‌لاد، له‌ سته‌ملێكراوه‌وه‌ بكرێیته‌ سته‌مكار، لێره‌وه‌ كه‌سی تیرۆركراو ده‌بێته‌ بكوژ‌و تیرۆریستێك كه‌ ئه‌گه‌ر گروپه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ خۆشیان ته‌سفیه‌ی حسابی له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن ئه‌وا ده‌سه‌ڵات‌و حكومه‌ت هه‌ر ده‌بێت حسابی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نها كه‌سانێك به‌و دوعایه‌ ده‌ڵێن ئامین كه‌ ویژدانی خۆیان كردۆته‌ بارمته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان‌و به‌ نرخی رۆژ نان ده‌خۆن، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت په‌نجه‌ بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و ئاماژه‌‌و دێڕه‌ نه‌نوسراوانه‌ی كه‌ له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هاتوون:
1. تیرۆركردنی كه‌سایه‌تی شه‌هید سه‌رده‌شت‌و رووت كردنه‌وه‌ی له‌و به‌ها جوان‌و مرۆییانه‌ی كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ خۆی له‌پێناویدا به‌كوشتدا. واته‌ ده‌یه‌وێت سه‌رده‌شت عوسمان له‌هه‌موو جۆره‌ سیمبۆڵیزمێك رووت بكاته‌وه‌.سه‌رنج بده‌ن ده‌سه‌ڵاتی پارتی چۆن سه‌یری سیمبۆڵه‌كانی خۆی ده‌كات‌و چۆنیش سه‌یری سیمبۆڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات.
2. چاوترساندنی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان، رۆژنامه‌نوسان‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ بوێر‌و ره‌خنه‌گره‌كان به‌وه‌ی له‌دوای كوشتنیشیان بیانكاته‌ تیرۆریست، قاچاخچی، تلیاك كێش، پیاوكوژ‌و ده‌یان سیفه‌تی نائه‌خلاقیان بداته‌ پاڵا.
3. چه‌واشه‌كردنی رای گشتی ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت ناوه‌ند‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ره‌سمیی‌و ناره‌سمییه‌كان، چونكه‌ گروپی ئه‌نسار ئیسلام ماركه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌‌و بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا ئه‌و گروپه‌دا مانای ته‌كینه‌وه‌ی هاوپشتی‌و هاوسۆزیی ئه‌و نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌یه‌ له‌گه‌ڵا كه‌یسی شه‌هید سه‌رده‌شتدا.
4. سه‌ندنه‌وه‌‌و زه‌وت كردنی پاساو‌و به‌ڵگه‌ی پیشه‌یی‌و سیاسی له‌ رۆژنامه‌نوسان‌و ئازدایخوازان  له‌ به‌رگری كردن‌و بێده‌نگ نه‌بوون له‌ تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك  به‌رگری لێبكات مانای وایه‌ به‌رگری له‌ تیرۆر‌و تیرۆریستان ده‌كات، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نوس بووه‌، ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش ئاشكرایه‌ چی ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا گوێمان لێبوو په‌خشان‌و سیناریۆیه‌كی ستۆك‌و ئیستهیلاكی بوو كه‌ رژێمه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌( به‌رژێمی به‌عسی رووخاویشه‌وه‌) ده‌یان ساڵه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌و تیرۆره‌ گوماناوییانه‌دا هۆنیویانه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یان هه‌ژاندووه‌. هه‌میشه‌ له‌و راپۆرتانه‌دا عه‌لاگه‌یه‌كی زه‌مانه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌یان پیا هه‌ڵبواسرێت.
 ئه‌مڕۆ تیرۆریزمی ئیسلامی ئه‌و شه‌ماعه‌یه‌یه‌ كه‌ رووداوه‌ گوماناوییه‌كانی پیا هه‌ڵده‌واسرێت ئێمه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا‌و له‌ جه‌زائیر‌و میسر بینیمان چۆن ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ به‌گوێی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌شاز بوون‌و ناڕه‌حه‌تی ده‌كردن، ده‌نگی كه‌سایه‌تی ئۆپۆزسیۆن‌و چه‌پ‌و سۆسیالیسته‌كان له‌نێو ته‌پ‌وتۆزی شه‌ڕی تیرۆریزم‌و شه‌ڕشفرۆشی تیرۆریزمدا گۆڕیان گوم كرا، ئه‌مڕۆكه‌ له‌ پاكستان‌و له‌ عێراقیشدا ده‌بینین كه‌ له‌ نێو ململانێی باڵا‌و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كاندا‌و له‌ سایه‌ی چالاكییه‌كانی قاعیده‌‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی دیكه‌دا ده‌یان كه‌س ده‌كرێنه‌ قوربانی‌و ته‌نانه‌ت ته‌سفیه‌ حسابیشی تێده‌كه‌وێت .
مه‌گه‌ر كه‌س هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بكات ئه‌وه‌ به‌ته‌نها قاعیده‌یه‌ چالاكی تیرۆریستی‌و خۆكوژی له‌ شاره‌كانی عێراقدا ئه‌نجام ده‌دات تا باوه‌ڕ به‌وه‌ بكات له‌ ناو پایته‌ختی هه‌رێمدا( كه‌ رۆژانه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت به‌وه‌ی ئارامه‌) گروپێكی تیرۆریستی بتوانێت له‌به‌رده‌م پاسه‌وانه‌كانی زانكۆدا به‌ شه‌ق‌و زۆره‌ ملێ خوێندكارێكی رۆژنامه‌نوس بفڕێنن‌و دواتر تیرۆری بكه‌ن؟؟ 
له‌ راستیدا ئه‌و راپۆرته‌ كاری بنه‌ماڵه‌ی سه‌رده‌شت‌و رۆژنامه‌نوسانیشی سه‌ختتر كرد به‌وه‌ی ده‌بێت له‌مه‌ودوا به‌پاڵا خواستی ئاشكراكردنی تاوانبارانی تیرۆركردنی سه‌رده‌شته‌وه‌ داوای گێڕانه‌وه‌ی كه‌سێتی مه‌عنه‌وی‌و حورمه‌ت بكه‌ن بۆ شه‌هید سه‌رده‌شت.

 Hasan0156@yahoo.com 

 

Previous
Next

Leave a Reply