Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

چەمکى زمان لەنێوان سیستم و جیاوازیدا

Be First!

 

 

 

 

مرۆڤ دواى خۆناسینى لەڕووى مەعریفییەوە، دواى هەنگاونانى لە بوونەوەرەوە بۆ بناس (عارف) و ئامادەبوونى لە دنیاى بیرکردنەوە و زانست و هونەر…  بۆى دەرکەوت ئەگەرچى دوێنێ “تێگەیشتن” بە زانستى مرۆیى و رۆحەوە پەیوەست بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە پارادیمە زمانەوانیەکانەوە دەلکێت.

قەشە (سانت ئۆگستین saint Augstine  354-430ز فەیلەسوفى کاسۆلیکى)  (لێکۆڵینەوەى زمانەوانى) بەسەرەتاییەکى ئایینیەوە بەند کردبوو، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پێیوابوو زمان دەلالەت لە بوونى خودا دەکات، خودا لە ناوەوەى هەموو کەسێکدایە و لە ڕێگاى زمانەوە دەردەکەوێت.  هەڵبەتە بنەماى ئەو تێڕوانینە گشتییە راستەوخۆ پەیوەندى بە (فەلسەفەى سەدەى ناوەڕاست)ەوە هەیە، کۆى ئەو فەلسەفەیەش پشت بە کتێبى پیرۆز (ئینجیل) و دەستەواژەى سەرەتا “وشە” هەبوو، دەبەستێت.  بەو مانایە (ئامانجى لێکۆڵینەوەى زمانەوانى) جیاکردنەوەى قسەى خودایە لە قسەى مرۆڤ. لەو گوتەیەى (ئۆگستین)دا مرۆڤ دەقێکە خودا لە رێگاى زمانەوە (خەلق) یان بەرجەستەى کردووە، بەدیوەکەى دیکە زمان تاقە (ئامرازێکە)  خودا بەو دەقەوە دەلکێنێت. 

بەڵام ئەمڕۆ دەق ئەوەیە، کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە. بۆیە (رۆلان بارت 1915-1980) پێیوایە دەق لەگەڵ خوێنەر دێتە گۆ. دەق قسان ناکات، بەڵکو لە بەرکەوتنى لەگەڵ خوێنەر دێتە قسە کردن.

لێرەدا ئەوەى (ئۆگستین) و (بارت) بەیەکەوە گرێ دەدات تێگەیشتنە لە خودى زمان، بەڵام ئەوەى لە یەکتریان جیا دەکاتەوە خودى “تێگەیشتن” و “بابەتى تێگەیشتن”ە. تێگەیشتن و بابەتى تێگەیشتن “جێگیربوون” و “گۆڕان” لەیەکتریان جیا دەکاتەوە .. دەمەوێت بڵێم ئۆگستین قسە لە بابەتى تێگەیشتن دەکات، بەڵام بارت بە خودى تێگەیشتنەوە دەلکێ. ئەگەر بابەتى تێگەیشتن جەختکردن بێ لە (خالق- دانەر- نووسەر)  بەو مانایەى کە ئۆگستین دەیخاتەوە، ئەوە خودى تێگەیشتن جەختکردن لە (دەق)  بەو مانایەى کە بارت لە (خوێنەر/وەرگر- جیاوازى خوێندنەوەکان) دەیبینێ. 

بابەتى تێگەیشتن هەمیشە جێگیرە، کەچى مەرجەکانى تێگەیشتن لە گۆڕانى بەردەوامدایە و ناکەوێتە سەر بابەتى تێگەیشتنەوە، بەڵکو دەچێتە سەر ئاسۆکانى راڤەکردنەوە! بەمانایەکى دیکە ئەگەر زمان وەک بابەتى تێگەیشتن جێگیربوونى خۆى لە دووتوێى سیستمێکى دیاریکراودا بەرجەستە بکات، ئەوە دەق وەک کۆمەڵێک مەرجى جیاوازى تێگەیشتن، دەکەوێتە سەر تەجاوزکردنى سیستمى دیاریکراوى زمانەوە، دەکەوێتە سەر فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەى جۆراوجۆرەوە، ئیتر لەوێوە دەق بەرەو بوونێکى زێتر دەبێتەوە. هەموو خوێندنەوەیەکى جیاواز، داهێنانى دەقێکى دیکەى جیاوازە. دەقى جیاوازیش فیکرەى یەکگرتووى کۆتائامێزى نێوان دەق و خوێنەر، بابەت و خود.. قبول نییە، وەک چۆن بە تووندى یەکگرتنى نێوان دەق و دانەر رەتدەکاتەوە.

لە پشت قسەکردن لە زمان وەک ئامرازى پەیوەندیکردن و زمان وەک جەوهەرى بوون، زمان وەک (قەوارەیەکى ئاراستەکراوى مەتریال) و (زمان وەک شتێکى رووت و ئازاد).. دوو بیرکردنەوەى جیاواز هەیە، یەکەمیان زمان لە ناونانى شتەکانەوە هەڵدەگرێتەوە، دووەمیان بوونى شتەکان لە چوونە نێو زمان ناس دەکات!! یەکەمیان سیستمێکى دیاریکراو بەڕێوەى دەبات، دووەمیان لەسەر جیاوازى وەستاوە. کەواتە لەنێوان سیستم و جیاوازى، کرانەوە و داخران، دانەر و خوێنەر.. دەشێ پرسیارى سەرەکى لە دەق ئەوە بێ: کاتێک دەق قسان بە زمان دەکات، کێ قسان دەکات، دانەر یان زمان؟ ئایا کەسەکە دەتوانێ بە ئارەزووى خۆى ئەو ئامرازە بەکار بهێنێ، کە زمانە، یان ئەوە زمانە رۆڵى بنەڕەتى خۆى لە کردەى گوزارشتکردندا دەگێڕێ و وەک یارییەک مەرجەکانى خۆى بەسەر قسەکەردا دەسەپێنێ، قسەکەر وەک یاریکەرێک بەکار دێنێ.  

هەڵبەتە قسەکردن لە (زمان) بێکۆتاییە! لەبەرانبەر ئەوەشدا قسەکردن لە بارەى دانەر یان نووسەر قسەکردنە لە پانتاییەکى دیاریکراوى زمان. مەبەستم لە خودى نووسەر وەک شێواز نییە، چونکە وەک (جاک لاکان 1901-1981)  دەڵێت شێواز خەسڵەتى خودى کەسایەتى نییە، بەڵکو نەسەقێکى کۆمەڵایەتییە، کۆى ئەو نەسەقە کۆمەڵایەتییەش بەپێى تێگەیشتنى زمان، یان لە فەشەلى تێگەیشتن دروست دەبێت، چونکە هەمیشە نووسەر پێش ئەوەى خودى خۆى بدۆزێتەوە، دەکەوێتە نێو بوونى زمانەوە. بەڵام بەر لەوەى قسان لە خودگەرى و شێوازگەرى بکەم. هەوڵدەدەم ئیشکالییەتى زمان وەک تەنیاییەکى گەورە بۆ تێگەیشتن، لە رێگاى جیاوازى نێوان زمان و ئاخاوتن، زێتر روون بکەمەوە: زمان لاى (فردینارد دى سوسێر 1857-1913) دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، سیستمێکە یان تۆڕێکە لە ئاماژە، بابەتەکەى هەڕەمەکییە، یاسایەک دەستى بەسەرداگرتووە، تەنها لە رێگاى تێگەیشتن لە تەواوى سیستمەکەوە نەبێ، ناشێ تێیبگەین. بە دیوەکەى دیکە سەربارى ئەوەى زمان سیستمە، بەڵام جیاوازییشە، چونکە ناشێ لە رەگەزەکانى زمان بگەین، تەنها لە رێگاى بەراورد لەگەڵ رەگەزێکى دیکەى جیاواز نەبێت. بۆ نموونە ناتوانین ماناى وشەى (دوژمن) بزانین، تەنها لە رێگاى بەراوردکردن بە وشەى (دۆست) نەبێ. دەشێ ئەو دوو رواڵەتە تەرجەمەى سەر (فۆرمى گشتى) و (جولەى جیاواز) بکەین.  بەڵام ئاخاوتن (کلام) روودانى زمانەوانى راستەوخۆیە، واتە گوتنى کەسەکانە. بەڵام قسەکردن لە ئاخاوتن لاى سوسێر کورتى دێنێ و سوسێر زێتر بایەخ بە سیستم دەدات و تاڕادەیەک ئاخاوتن وەلا دەنێت.  لێرەوە جەختکردن لە زمان، بەو مانایەى کە یاساو رێساى تایبەت بەڕێوەى دەبات، دەمانخاتە نێو چوارچێوەیەکى دیاریکراوەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا (سیستمى زمان)ى سوسێر هەموو زمانە، هەموو تێگەیشتنە، ئایا جیاوازییەکان و تەجاوزکردن و دەرچوون لە چوارچێوەکان، یان فەشەلى تێگەیشتن دەکەوێتە کوێى زمانەوە؟

وەک دەزانین گوتارى (مەرگى نووسەر) بارت ساڵى (1968) نووسیویەتى و ئەو گوتارە پشت بە گوتەکەى (ستیڤن مالارمێ 1842-1898 Stephane Mallarme) دەبەستێ، کە دەڵێت: زمان قسان دەکات نەک نووسەر، نووسین گەیشتنە بەو پنتەى کە زمان دێتەگۆ نەک من. هەڵبەتە ئەو گوتەیەى مالارمێ بەو مانایە نییە، کە زمان گشتێکە لە تەنیاییەکى گەورەدا! بەڵکو بەو مانایە دێ، کە زمان بەش بەش دەبێ، چونکە هەڵگرى جیاوازییە. لێرەوە ئەگەر قسە لە جیاوازییەکان بکەین، کەواتە ئەوە بڕوا نەبوونە بە جیاوازى کەوا دەکات تێڕوانینى ئۆگستین بۆ زمان خۆى لە تێگەیشتنى ئەوانیدیکەدا نەبینێتـەوە، بەڵکو لە تاقانەیى بابەتى تێگەیشتنەوە دەربکەوێت، لەسەر ئەو بنەمایە دەیەوێ بیسەلمێنێ کە زمان گشتێکە لە تەنیاییەکى گەورەدا! 

بەڵام دەق لاى بارت لە جیاوازییەوە خۆى بەرجەستە دەکات، یان ئەو کاتە دێتە ئاراوە، کە (داهێنەر) یان نووسەر هەموو پەیوەندییەکانى بە نووسینەوە دەپچڕێت. پچڕانى ئەو پەیوەندییە دەلالەت لە کەوتنى سیستم و جیاوازییەکى دیکەى زمان دەکات! لێرەوە ئیتر زمان نە گشتێکى جێگیرە و نە موڵکى نووسەرە، بەڵکو نووسین پێگەیشتنى ئەو خاڵەیە کە زمان وەک جیاوازى تێیدا دەجولێتەوە، نەک من. هەر لەوێشەوە گوتن بەش بەش دەبێت و دانەر وەک پەیکەرێکى بچووک دەمێنێتەوە، دەقیش لە غیابى دانەر و گەیشتن بە (خوێنەر/وەرگر)ەوە بەردەوام خۆى بونیاد دەنێتەوە. 

چالاکییەکى دیکەى زمان هەیە دەکەوێتە دەرەوەى ئەو تەنیاییە گەورە و گشتگیرە ، دەکەوێتە دەرەوەى ئەو یاساو رێسایانەوە، ئەویش ئەو تێزەیە کە (جان جاک لۆسێرکل) لە کتێبى (تووندوتیژى زمان) ئاماژەى پێداوە، یەکێک لە بنەماکانى ئەو تێزەش عەقڵى ناوەکى “عەقڵى باتینى”یە، کە (سیگمۆند فرۆید 1856-1939) پێیوایە ناوچەیەکى تاریکە لە نێو دەروونى مرۆڤ و ناکەوێتە ژێر رێکخستنى هیچ سیستمێکەوە و غەریزەکانى تێدا بەرەڵڵان {بۆ نموونە خزینى زمان، یان نوکتەکردن: نوکتەکردن لاى فرۆید گەڕانەوەیە، بۆ بێهودەییەکى منداڵانە لەگەڵ زماندا! ئەوەى نوکتە دەگێڕێتەوە “یاریکەرى وشەکان” تووندوتیژییەک بەدژى زمان دەنوێنێ.} بەڵام لاکان وەک فرۆید عەقڵى ناوەکى بە ناوچەى ئاژاوەگێڕى ناو نابات، بەڵکو پێیوایە ناوچەیەکە سیستمێکى ئاوێتە بەڕێوەى دەبات و ئەو سیستمە ئاوێتەیەش وەک زمان لە دەورى دوو تەوەرەدا دەخولێتەوە: خواستن (ئیستعارە)  و درکە (کینایە) . بەمجۆرە تێزەکەى لۆسێرکل دەکەوێتە دەرەوەى سیستمى زمانەوانى سوسێرییەوە و بەلاى ئاخاوتندایە، واتە ئەوەى لە زمان دەمێنێتەوە و دەکەوێتە دەرەوەى یاسا و رێساکانى زمانەوە، ئەو تێزەش بە (پاشماوە- المتبقی) زمان ناو دەبات.

 لۆسێرکل لە بەدواداچوونى ئیستعارە و (پاشماوە- المتبقی)دا پێیوایە ئیستعارە بەرهەمى دەستبەسەراگرتنى (پاشماوە- المتبقی)یە تاکو لە رێگاى بۆماوە بە شییانەییە رستەسازییەکان بگات، ئەو شیانەییە سینتاکسییانەى کە زمان دەکەوێتە ژێر سێبەریانەوە. بەمجۆرە ئیستعارە دەبێتە یەکێک لەو رێگایانەى کە بشێ لەمیانى چەمکى پاشماوە خۆى بۆ قەدەغەکراوەکانى زمان بگێڕێتەوە. ئیستعارە تەجاوزى رێساکانى سینتاکس ناکات، وەک وڕێنە، بەڵکو بەشێوەیەکى رەوا رێسایەک بەکار دەهێنێ بە دژى رێسایەکى دیکە، کە دەکەوێتە ژێر رێساى سینتاکسەوە بۆ نموونە: بۆنى مەرگ، لاى “ئۆدن” یان دەریاى زەمەن، لاى “کیتس” تووڕەیى زستان، لاى “شکسپیر” …. 

زمان قسان دەکات/ من قسان بە زمان دەکەم

 “لە بەر قسان ئاگاى لە خۆى نەماوە” 

کاتێک کەسێک (یان دەق) قسان دەکات، زمان دەیبات، چونکە هەمیشە زمان قسان دەکات!! کاتێ (دەق) قسان دەکات، سیستمى زمان لە قسەکردندا بەرجەستە دەکات…

 هەڵبەتە هەموو نەوەیەک سیستمى زمانى خۆى لەنوێوە دەسازێنێ، بەمجۆرە ئێمە هەموومان میراتگرى (وارسى) فۆرمەلەکەرێکى نادیاریین، بەڵام (کەس) قسان ناکات، قسەکەر لە چوارچێوەى سیستمێکدایە چ لە دەرەوە بێ، چ لە ناوەوە. قسەکەر چارەسەرى ئەو مانایە دەکات، کە دەیەوێت گوزارشتى لێبکات، ئەویش لە رێگاى شیانەى گوزارشتکردنێک، کە زمان ملکەچى دەبێت!

تێڕوانینى ئەمڕۆ بۆ تێزى زمان قسان دەکات، دەرئەنجامى یارییەکى جیاواز و ئازادانەى زمانە، نەک دەستبەسەرداگرتنى قسەکەر بەسەر زماندا. بەدیوەکەى دیکەدا تێزى زمان قسان دەکات، زمان وەک تەنیاییەکى جێگیر و گەورە، وەک تێگەیشتنێکى پەڕگیر بەجێناهێڵێ! بەڵکو زمان لە نێو فرە تێگەیشتنى بزوێنەر و دروستکەر، یان خزین و فەشەلى تێنەگەیشتنیشەوە هەڵدەگرێتەوە. بۆیە وەک گوتمان ئیشکالیەتى ئەو تێزە خودى قسەکەرانن، چونکە لە خودى هەر قسەکەرێکدا نێودژى جیاواز هەیە، بۆ چارەسەرکردنى شیانى ئەو گوزارشتەى کە زمان ملکەچیەتى.. ئەزموونى هەر یەکێک لە قسەکەران لەگەڵ ئەو تەنیاییە بۆخۆى چارەسەرێکى مامناوەندى نێودژییەکەیە.

 (من دەرک بەوە دەکەم، کە ئەوە منم قسان بە زمان دەکەم، ئەو قەناعەتە بەسەر ئاگاییمدا زاڵ دەبێت، بەڵام کاتێ دەرک بەو قەناعەتە دەکەم -زاڵبوونم بەسەر زماندا بۆ ئاگاییم دەکشێ- و شتێ لە نیگەرانى دەسازێنێ! خزینى زمان، یان دروستکردنى جۆرێک لە ریتم لە کاتى قسەکردندا، یان پەناوپێچ کردن لە دروستکردنى رستەدا… هەموو ئەوانە ئەوەم بیر دەخەنەوە، کە زمان قسان دەکات، هەتا ئەگەر لە باشترین حاڵەتى عەقڵیشدا بم.

زمان لەمیانى مندا قسان دەکات! وشەکان دەبنە خاوەنم، دەمکەن بەهى خۆیان: راستە من خاوەنى دەنگەکانم (دەنگەکان لە دەمى من دەردەچن) بەڵام یەکێکى دیکە قسان دەکات، خوا، یان هیچ کەسێک، یان زمان؟! هەڵبەتە نێودژى ئەو چارەسەرییەى کە تاک پێى هەڵدەسێت بۆ قسەکردن، زۆر لەوە قوڵتر و ئاڵۆزترە کە بۆ یەکەمجار بەرچاو دەکەوێت! چونکە من بۆ ئەوەى قسان بکەم، پێویستە لە دوو نێودژى خۆم رزگار بکەم: یەکەم، زمان وەک قەرارەیەکى مەتریال دەستلێدراو. دووەم، زمان وەک شتێکى رووت (ئەبستراک)، بێ ئەوەى قەوارەیەکى ماددى دەستلێدراوى هەبێت. 

لێرە بۆ (سوسێر) و سیستم و جیاوازى، یان “فۆڕمى گشتى” و “جولەى تایبەتى” دەگەڕێنەوە؟! لەلایەک زمان رێگایەکە بۆ تەعبیرکردنى تاکانە و”جولەى تایبەت”  لەلایەکى دیکە دامەزراوێکى کۆیە و رێگا بە ماناى کۆ “فۆڕمى گشتى” دەدات؟! ئەو دوو نێودژییە، واتە کاتێ من قسان دەکەم و کاتێ ئێمە چارەسەرییەکەى دەزانین، لە چوار تێزى جیاوازدا قسەى لێکراوە:

 زمان ماددییە (مەتریال):

پرسیارى سەرەکى لەو تێزەدا ئەوەیە ئایا زمان لە دەنگدا خۆى حەشار داوە،  یان وڵاتى عەقڵ بە پێى “سیستمێکى رووت” دەنگ دەخاتەوە؟!

زمان بوونێکى ماددى هەیە، وشەکان لە جەستەى من هەڵقوڵاون و وشەى ئەوانیدیکە دەیانبڕێ، ناشێ لێى رابکەین، زمان قەوارەیەکى ماددى هەیە، نەک لەبەر ئەوەى یاسا و رێسایەکى مەتریالى بۆ قسان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەى وشەکان هەمیشە هەڵگرى هەڕەشەن بەوەى کە دەگۆڕێن بۆ هاوار، هەر لەوێشەوە قسەکەر پێگەى تووندوتیژى خۆى هەیە. زمان رێگا بە تەعبیرکردنى تاکخوازانە دەدات. بەدیوەکەى دیکەش دامەزراوێکى کۆیە و رێگا بە ماناى دەستەجەمعى دەدات.

زمان رووتە (ئەبستراکە): 

زمان شتێکى رووتە (مجرد)ە. زمان وەک شتێکى رووت، لە دەرەوەى جەستەدا خۆشى لە ئازاد بوونى خۆى وەردەگرێ، بەوەى کە پاشاى هەموو کۆیە لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا.. راستە لایەنى ماددى بوونى زمان شتێکى بەرچاوە، شێوەى کتێبى رستەسازى، کە تۆزى لەسەر نیشتووە، بەڵام بەو مانایە زمان ئەوە نییە، کە لە جەستە دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەوە، بەڵکو ئەو قەوارەیەیە، کە دەچمە ناوییەوە بۆ ئەوەى لە رێگاى خزینەکانى خۆمەوە ببمە تاکێک لە تاکە جیاوازەکانى کۆمەڵەى زمان.  لە کۆتایى ئەو دوو تێزەوە دەتوانین بڵێین زمان (رووت و ماددییە) لە هەمان کاتتدا.

زمان جولەى تایبەتە (تاکئامێزە):

کەسى قسەکەر بەو مانایەى کە تاکێکە ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت. “چۆمسکى” دەڵێت: من قسە بە رستیەک دەکەم، کە بەر لە من کەس قسەى پێنەکردووە، چونکە من رێزمان بە رێگاى تایبەتى خۆم بە کار دەهێنم. هەڵبەتە یاسا پارێزگارى لە خاوەندارێتى تاک دەکات و سزاى قسەدزەکان دەدات. (مارتن هایدگەر 1889-1976) لە زەرادەشت واى گوت، دەڵێت: من زارێکم نییە بۆ گوێیەکانتان. 

هەموو قسەکەرێک نووسەرە، نەک لەبەر ئەوەى کۆمەڵێک رێساى گشتى بە کار دەهێنێ، بەڵکو لەبەر ئەوەى دەنگى تاکێکە و بە رێگاى تایبەتى خۆى دەبێتە خاوەنى زمانى خۆى.

زمان فۆرمێکى گشتییە (موڵکى گشتییە):

ئەوەى من لە قسەکردن بە خاوەندارێتى هەڵدەستم، بە راستى موڵکى گشتییە. زمان فۆرمێکى کۆمەڵایەتى هەیە، ئەو مانایەى، کە بە کارى دەهێنى، سەرەڕاى شێوازى تایبەتى من و بەر لەوەى مۆرکى “من”ى پێوە بێت، موڵکى کۆیە. من ناتوانم شتێ بڵێم تەنها ئەوە نەبێ، کە یاسا و رێساى زمان رێگام پێدەدات. من فیکرەکانم دەخەمە بۆتەى زمانێکى کۆمەڵایەتیەوە، ئەوەى کە ئازادیم کۆت دەکات. قسەکەر ناتوانێ هیچ بڵێت، تەنها ئەوە نەبێ، کە هەڵوێستى مێژوو، یان ئەو سەردەمە رێگاى پێدەدات، کە تێیدا دەژیت. ئەو لە میانى نەسەقێکى کۆمەڵایەتى قسان دەکات.

ئیشکالى تێزەکان:

تێزى یەکەم و دووەم لەگەڵ سێیەم و چوارەم هاودژن. دوو نێودژى دیاریان هەیە، بۆ ئەوەش دەبێ بکەوینە لاى تێزیک و ئەویدیکە پشتگوێ بخەین. ئەوەش دەمانخاتە نێوان دوو شیانەى دووەم و سێیەم (واتە زمان رووتە و تاکئامێزە) لە هەمان کاتتدا. هەروەک بەرەو رووى دوو شیانەى دیکەمان دەکاتەوە ئەویش یەکەم و چوارەم (واتە زمان ماددییە و جەماعییە) لە هەمان کاتتدا.

یەکەم، زمان رووت و تاکئامێزە:-

زمان رووتە.. مرۆڤ بەر لەوەى بیر بکاتەوە لەسەریەتى بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکى شاعیرانە  لە ماڵى زماندا نیشتەجێیە. ئەوە زمانە قسان دەکات، بیرکردنەوەى مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵى زمانەوە.  بەڵام ئایا کەسى قسەکەر چۆن ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت، واتە بە شێوازى خۆى دەدوێت!!

لە سەرەتا ئەو تێزە پێمان دەڵێ زمان سروشتیە، زمان فەزایەکە لە ئازادى، ئازادیش خودى بوونە!! بە دیوەکەى دیکە ئەگەر ئازادى بوونى نەبێ “جیهان دەکەوێتە بەندەوە”  داهێنان بوونى دەکەوێتە تەگەرەوە، تاک ناتوانێ ئیبداع بکات، هەر لە رێگاى ئازادییەوە دەتوانن بەو تەعبیرەى (هۆڵدرین) بگەین، کە زمان گوڵى دەمە. 

(بوون) لاى هایدگەر راستەوخۆ پەیوەندى بە ئاگاییەوە دەکات، یان بە مانایەکى دیکە بە تێگەیشتن لە ئازادى!! ئێمە بە ئاستە جیاوازەکانى ئاگاییمانەوە دەچینە نێو ئازادى تا خۆمان رووناک بکەینەوە، بەو مانایەش ئازادى بەهایەکى گەورەى لە دەرکەوتنى بووندا هەیە، بوونیش لە رێگاى بەرزترین ئاستى ئاگایى بە (بوون) دەگات! 

کەواتە داهێنان کەشفکردنى بوونە، لە رێگاى ئاگاییەوە. حەقیقەتى بوون جگە لە حیکمەتى داهێنان و جەوهەرى ئازادى شتێکى دیکە نییە. کۆى ئەو فیکرەیەش قەرزارى چەمکى خەیاڵى زمانەوانییە. خەیاڵى زمانیش بە مانا جەوهەرییەکى شیعرە، لێرەوە زمان قسان دەکات، پارێزگارى کردنە لە سروشتى ئەسڵى شیعر.

  وەک ئاماژەم بۆ کرد، لە خودى هەر قسەکەرێکدا نێودژى جیاواز هەیە، خزینى زمان، یان دروستکردنى جۆرێک لە ریتم لە کاتى قسەکردندا، یان پەناوپێچ کردن لە دروستکردنى رستەدا… هەموو ئەوانە بیرمان دەخەنەوە، کە زمان قسان دەکات.

 کەواتە ئەگەر لە بارەى تاکئامێزى، یان زمان گوڵى دەمە، وەک ئەوەى کە شێواز بەپێى تێگەیشتنى زمان، یان لە فەشەلى تێگەیشتن دروست دەبێت، هانا بۆ ((ژیل دۆلۆز Gilles Deleuze 1926-1995)) بەرین، ئەو دەڵێت: هەر شێوازێک بۆ خۆى زمانێکە، فرە زمانى لە قسەکەر کۆ دەکاتەوە. بۆ نموونە: تۆ وەک باوک شێوازێک دەدوێیت، وەک کاسبکار شێوازێکى دیکە… بەو مانایەش قسەکردن لە پارچە پارچەکردنى زمان، پرۆسیسەکردنێکى (بریسەئامێزە) ئەو فرە زمانى و هاوئاهەنگییە مەرجى بنەڕەتى زیادەڕۆیى شیکردنەوەیە.. تۆ رۆژانە قسە دەکەیت بە چەندین شێواز (یان وەک دۆلۆز دەڵێت بە چەندین زمان)

دووەم، زمان مەتریالى و جەماعییە:

زمان ماددییە، چونکە دەنگە. جگە لەوە دەنگ قابیلى ئەوەیە بێتە هەڕەشە. زمان لە چوارچێوەى ئایکۆنەکانییەوە خۆى دەردەخات. ئێمە پابەندین بە زمانێک، کە لە رێگاى دایکەوە یان بە مانا (ئۆگستین)ییەکەى لە رێگاى خواوە بەرجەستە دەبێ (زمان تاقە ئامرازێکە خودا بە مرۆڤەوە دەلکێنێت) ئەو تێزە لە ناونانى شتەکانەوە رێگا بە زمان دەدات، بێتە دەرەوەى بوون! کەواتە کە خوا ناوەکان فێرى ئادەم دەکات، ئەو کاتە زمان بەرجەستە دەبێ و ئەو کاتە زمان ملکەچى چوارچێوە وێنەییەکان دەبێ! 

بە دیوەکەى دیکەش زمان جەماعییە، چونکە ئەو زمانەى من بە کارى دەهێنم، موڵکى کۆیە. کەواتە من لە رێگاى یاسا و رێساکانى زمان، کە خودا و کۆ لەسەرى پێکهاتوون، یان ئەوەى هەڵوێستى مێژوویى لەسەرى راهاتووە، دەتوانم قسان بکەم.

لێرەدا ئەگەر حەقیقەتى زمان لە ناوەکانەوە، یان بە مانایەکى دیکە لە زمانى (دایک)ەوە ملکەچى چوارچێوە وێنەییەکان بێ و دواجار ئەو چوارچێوە وێنەییانە یاسا و رێسایەک بەڕێوەى بەرێت، ئەوە داهێنان لە سەر نێودژى نێوان پاکێتى دایک و پیس بوونى دایک دێتە بەرهەم. بەو مانایە زمان ئەوە نییە کە لە جەستە دەردەچێ و دەچێتە نێو جەستەیەکى دیکەوە، بەڵکو ئەو قەبارەیەیە کە دەچمە نێوى، بۆ ئەوەى ببمە تاکێک لە تاکەکانى ئەو کۆمەڵەیە کە پێى دەڵێن زمان. لێرەوە کۆمەڵەى زمان جۆرێک لە هاوئاهەنگى نێوان زمانەکان دەنوێنێ، ئەوەش بەکارهێنانێکى (ولفسە)یانەى فۆرمەلەکردنى دەقى ئەسڵى زمانە. کەواتە زمان بەردەوام لەسەر لادان و خزین خۆى راست دەکاتەوە، لە بەکارهێنانى خوازەى دایکەوە قسان دەکات. 

دوو بۆچوون:

بە کورتى زمان بەردەوام بە دوو کردار هەڵدەسێ (پارێزگاریکردن) و (پیسکردن) هەر لە رێگاى ئەو دوو کردەیەشەوە زمان گەشە دەکات (Development) و پێشدەکەوێت. ئەگەر پارێزگاریکردن لە رووتى زمان دیدێکى گشتى و بەڵگە نەویستى خەیاڵى وشە و وڕێنەى هەرائامێز بنوێنێ! ئەو دیدە هاوگونجانێکى ناجێگیر لە نێوان تاک و کۆ دروست بکات و دواجار بەکارهێنانەکان ئەوە بێ، کە بە شێوەیەکى گشتى دەکەونە بەر چاو.

 ئەوە پیسکردن دەکەوێتە دووتوێى زیادەڕۆییەوە، هەمیشە لەسەر خوازەى دایک خۆى نوێ دەکاتەوە.

لێرە لە نێوان پارێزگاریکردن و پیسکردن، دەشێ بڵێین زمان بە مانا جەوهەرییەکەى شیعرە!!  کەواتە لە زماندا شتێک نییە پێیبگوترێت واقیعى زمانى جێگیر، بەو مانایەش (پاشماوە)ى لۆسێرکیل، یان جیاوازى سوسێر و لادان و خزینى زمان ناوێکى دیکەیە بۆ جێگیرنەبوونى ئەو واقیعە. 


عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

——————————————————-

سەرچاوە و پەرواوێزەکان:

  – زمان (Language) لة بوارى زمانةوانييةوة ثيَكهاتةيةكة، خؤى لة درووستكردنى ثةيوةندى نيَوان مرؤظةكان هةلَدةطريَتةوة. ئةو ثةيوةندييانة دةتوانن بة شيَوةى قسة، نووسين، خؤيان بنويَنن. (ئيجون، جين، مباني زبان شناسي، ترجمةي محمد فاضل، مؤسسة انتشارات نطاه، تهران 1380، ص 167. 15-18/ 59-69).. زمان جطة لة دروستكردنى ثةيوةندى، لة داهيَنانة ئةدةبى و فيكرى و زانستى و فةلسةفييةكان كارى ثيَدةكريَت. (مارتينة، مارتینه إندره، مباني زبان شناسي عمومي، ترجمةي هرمز ميلانيان،انتشارات هرمس، ضاث اول،تهران 1380. 1380، ص 9-10).

  – ئؤطستين لة جيهانى فرة كلتورى ئيمثراتؤرى رؤمانى لة دايكيَكى باوةرِ مةسيحى و باوكيَكى بىَ باوةرِ لة ئةفريقياى سةروو، شارى تاطاستة (Thagate) واتة (ئةهراس)ى جةزائيرى ئيَستا ضاوى بة دنيا هةلَيَناوة. زمانى فينيقى زانيووة و ئاشنايى بيرورِاى سامييةكان بووة، لة (9) سالاَن ثةيرِةوى ئايينى (مانةوى) كردووة و هةر لةو ريَطايةشةوة كلتور و شارستانيةتى ئيَرانى كؤنى ناس كردووة، ئةدةبياتى يؤنانى و رؤمانى خويَندؤتةوة و شارةزايى لة بةرهةمة شيعرييةكانى (فيَرجيل) هةبووة، لة تةمةنى (30) سالَيدا هةر لة شارى (تاطاستة) دةبيَتة مامؤستاى رةوانبيَذى، بةلاَم دواتر ئةو ثيشةية واز ليَدةهيَنىَ و لة سةر دةستى (ئةميرؤزا) لة تةمةنى (32) سالَى واتة 387ز باوةرِ بة ئايينى مةسيحى دةهيَنىَ، ضونكة ثيَيواية هونةرى رةوانبيَذى بة ماناكانى راستى ناطةيةنيَت، ئةويش لةويَوة كة ئةفلاتوون دةلَيَت هونةرى رةوانبيَذى راستى ثيَضةوانة دةكاتةوة و دةيشيَويَنىَ و ناتوانىَ بة يةقينمان بطةبةنيَت. هةلَبةتة كؤى ئةو قسانةى ئةفلاتوون بة دذى سؤفيستةكان دةكةويَتةوة. ئؤطستين لة سالَى 395ز بة ثلةى (ئةسقةف) دةطات. لة تةمةنى (76) سالَيدا واتة سالَى 430ز كؤضى دوايى دةكات.

ئؤطستين لة مانةوييةت كة ثيَشةواكةيان (فاستؤس) بوو، فيَرى ئةوة دةبىَ كة يةزدان لة ويَنةى رؤناكيدا ببينيَت، هةلَبةتة رؤناكى بة مانا ماتةرياليةكةى ئاطر، ثاشان ثةيرِةوى لة ريَبازى ئةفلاتوونى نوىَ كردووة، لة ذيَر كاريطةرى (ثلؤتين- قوتابى ئةفلاتوونى نوىَ) تيَدةطات كة خودا نوورة، بةلاَم بة مانا رؤحى و مةعنةوييةكةى، نةك ماتةرييةكةى. ئةفلاتوونى نوىَ دةلَيَت: مرؤظ ناتوانىَ لة ريَطاى زانين بة راستةقينةى هيض شتىَ بطات. ضونكة زانست تايبةتة بة شتة مةتريال و تيَثةرِةكان. 

  – لة كتيَبى (دى مايسترؤ) ئؤطستين دةلَيَت: زمان بةلَطةى بوونى خوداية، خودا لة دةروونى مرؤظ داية و لة ريَطاى زمانةوة دةردةكةويَت. برِوانة: سالار عوسمان، هيَرمينؤتيكا، ليَكؤلَينةوة، ض1، 2011، دهؤك، ل26.

  – فةلسةفةى سةدةى ناوةرِاست لة ئايينزاى كاسؤليكى و فةلسةفة ثيَكهاتووة، شيَوةيةكى لاهوتيانة و ئايينيانةى هةبووة و لة خزمةت كةنيسةدا بووة، بؤ تيَطةيشتن لة باوةرِ ثةنايان بؤ عةقلَ دةبرد. بةلاَم ليَرةدا عةقلَ دوو ماناى هةية: يةكيَكيان عةقلَى مرؤظة و سنوردارة و شتى كةم دةرك دةكات و راستى نابينىَ. ئةويديكة عةقلَى ئيشراقيية بريتيية لةو  نوورةى لة خوداوة ديَت و شتةكان بؤ عةقلَى مرؤيى رؤناك دةكاتةوة. وةك ضؤن دةشىَ بة (فةلسةفةى كاسؤليكى) ناوى ببريَت، ضونكة زؤرينةى ئةو كةسانة كاسؤليكى بوون. (راسل)ى فةيلةسوف دةلَيَت: فةلسةفةى كاسؤليكى لة سةردةمى ئؤطستين تا ريَنيسانس دةطريَتةوة، ليَرةدا ئؤطستين بة سةرةتاى ئةو فةلسةفةية دادةنريَت.

  – – ئةو بيركردنةوةية زمان هةر تةنها وةك ئامرازى طةياندن ناس دةكات.

  – بةو ماناية هةموو دةقةكان لة ثيَناو دةركةوتنى خالق- دانة- نووسةر كار دةكةن.

  — بةو مانايةى كة لة ريَطاى ئةويديكةى خويَنةرانةوة بةرةو (بوون) دةبيَـتةوة.

  – عنف اللغة، جان جاك لوسيركل، ترجمة وتقديم/ د. محمد بدوي، النظمة العربية للترجمة، بيروت، ط2، 2006، ص7.

  – ه.س.ث. ل113، ل14.

  – دةتوانين زمان وةك سيستم لاى هةر يةك لة (ليظى ستراوس و ئةلتؤسيَر و بةشيَكى لاى لاكان و بارت..) بدؤزينةوة. وةك ضؤن زمان وةك جياوازى لاى هةر يةك لة (فؤكؤ، دريدا، ليوتار..) دريَذ دةبيَتةوة.

  – ه.س.ث. ل8.

  – خواستن بريتيية لة بةكارهيَنانى وشةيةك بؤ دةربرِينى مانايةكى ديكة بيَجطة لة ماناى دروستى وشةكة، بة مةرجىَ ثةيوةندى نيَوان ماناى دروست و ماناى خواستراوى وشةكة ويَكضوو بيَت، دةبىَ نيشانةيةكيش هةبىَ كة ئيَمة مةبةستمان لةو وشةية مانا خواستراوةكةية نةك دروستةكة.

  – دركة ئةوةية كة راستة و راست ناوى شتىَ نةبةى، بةلَكو بضى ناوى شتيَكى ديكة ببةى، كة ثةيوةندى بة ماناى يةكةمةوة هةبيَت، بؤ ئةوةى لةو مانا باسكراوةوة بؤ مانا مةبةستةكة بضيت. بؤ نموونة: طؤران دةلَيَت: بة سوريَكى تر ئةستيَرةى ئينسان طرِ  قةومى كؤنى خستةوة جةذنى ئاطر… ليَرة (ئةستيَرةى ئينسان طرِ) دركةية بؤ زةوى، ضونكة هةر زةويية مرؤظ لةسةرى دةذى.

  – يان:- زمانى قسةكردنى نيية. قسةكانى نةخشى بةردة: واتا (هةرقسةيةكى كرد ديَتة دى، ضونكة ليَكدانةوةى زؤرةو دنيا ديدةية). لةو بارةوة كؤمةلَيَك ئيديؤمى ديكة هةية، وةك (زمانى بةربووة) (قسة بةردةداتةوة) (قسةى سوارة) (قسةى ليَناخواتةوة) (وةستاى قسانة) (قسة قسة ديَنىَ).. بؤ زيَتر شارةزايى برِوانة:- ئيديؤم لة زمانى كورديدا- جةلال مةحمود عةلى سوبحان، بةرطى 1،2،3، بةريَوةبةرايةتى ضاث و بلاَوكردنةوة، سليَمانى 2012.  لة زمانى كوردى وةك ئيديؤم (idiom- عبارة اصطلاحية) بةكار دةهيَنريَت. زمانى كوردى لة ضوار دياليَكت (dialect- لهجة) ثيَكهاتووة: دياليَكتى كرمانجى باكور، دياليَكتى كرمانجى ناوةرِاست، دياليَكتى كرمانجى باشوور، كرمانجى طؤران.  

  – بةلاَم زمان قسانم ثيَدةكات، زمان ريَطام دةدات ثيَطةى بةرامبةر (المخاطب) بم، واتة لةو حالَةتةدا (منى قسةكةر) منيَكة زمان بؤى دةطيَرِيَتةوة و منى بؤ طيَرِةوة قسان دةكات لة بابةتيَك كة زمان بةسةريدا سةثاندوويةتى. ليَرةدا زمان وةك بطؤ منى بؤطيَرِةوة دةكاتةوة بة منى بطؤ، واتة منى بطؤ ئةوةى زمان دةيلَىَ دووبارة بؤ ئةويديكةى طويَطر دةطيَرِيَتةوة.

  – توتى-بةبةغاش خاوةنى دةنطة؟!

  – “كارلَ كراوس” دةلَيَت: نووسةر ئةو كةسةية، كة دةيةويَت ثاكيَتى بؤ ئةو (لةشفرؤش-زمان-دايك)ة، بطةرِيَنيَتةوة زمان لةسةر ثةيوةندييةكى ئابرِووبةرانة، بةلَكو ثةيوةندييةكى بكوذانةى نيَوان نووسةر و زمانى دايك ثيَشكةوتنةكانى خؤى دةنووسيَتةوة. نووسةر لةسةر دايكى دةنووسىَ و بةدذى ئةو هةلَدةسىَ، بؤ ئةوةى لة نيطةرانى كاريطةرييانةى دايك رزطارى بيَت. ئةوة”كارل كراوس”ى زمانناسة وةك لةشفرؤشيَك لةبارةى زمانةوة قسان دةكات، ثيَيواية زمان لة ريَطاى (خوازةى-استعارة- دايك:- واتة بةكارهيَنانيَكى ديكة بؤ ئةو مانايةى، كة دايك دايهيَناوة) ثيَشدةكةويَت، زمانى دايك، لةو نيَودذييةى نيَوان دايك و لةشفرؤش مانفيَستيَكى ديمة بؤ نيَودذى يةكةم (واتة دايك) دةدؤزيَتةوة.. بؤ زيَتر شارةزايى برِوانة:- جان جاك لوسركل، عنف اللغة، ترجمة و تقديم: د. محمد بدوي، المنظمة العربية للترجمة، بيروت- لينان، ط 2 ايلول 2006. ص 413.

  -لة نيَوان زمان وةك جولةى تاك و زمانى جةماوةر، ئتماذة بة زرةدةشتى نيتشة دةكةين، ئةو لة نيَو حةشامةتدا طوتةيةك ثيَشكةش دةكات و تيَيدا بانطةشةى مرؤظى بالاَ دةكات، بةلاَم خةلَكةكة ليَى تيَناطات، ضونكة ئةو بة زمانى تايبةتى خؤى قسان دةكات، طويَضكةى ئةوانيش لة ئاستى ئةو قسانة نين، لة ئةنجامدا زةردةشت دةلَيَت: ئةوان لة من ناطةن، من زاريَك نيية بؤ طويَيةكانيان.

  – ليَرةدا حالَةتى شاعيرانة راستةوخؤ ثةيوةندى بة جيَ”ير نةبوونةوة دةكات، واتة سةفةركردنى بةردةوام…

  – (لاكان دةلَىَ: وةهم سروشتيَكى زمانى هةية).

  – رةزا بةراهةنى دةلَيَت: زمان ئازاد كةن، جيهان ئازاد دةبىَ. زمان بخةنة بةندةوة، جيهان دةكةويَتة بةندةوة. برِوانة:- رةزا بةراهةنى، خولياى نووسين، وةرطيَرانى لة فارسييةوة ئةمين طةرديطلانى، دةزطاى تويَذينةوة و بلاَوكردنةوةى موكريانى، ضاثى يةكةم 2008، ل1، 15.

  – عنف اللغة، ص 216، 217، 218.

 

Previous
Next

Leave a Reply