Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

چەند شیوەزمانێک، سەرچاوەی بەهایە…

Be First!
by July 8, 2013 زمان

 

 

بە دوا چوون

ئەگەر دوو  زارەوی جیاوازی یەک زمانیش بن ، کە پێوەندییەکی ڕاستەخۆیان پێڤرا نەبێت و ئەو کەسانەی کە پێی دەدوێن لەیەکدی تێ نەگەن، ئیدی وەک دوو زمانی جیاواز دێنە ناسین. شێوەزمانی هه‌ورامی و کرمانجی(یان کە پێی دەوترێ کوردی سەرو)  هێندە لەیەک دوورن  وەکی عەرد و ئاسمان  بەرامبەر یەکتر وان،  ئەگە بەراورد لەگەڵ نیوانی کرمانجی و سۆرانی، یان بەراورد لە نێوان هه‌ورامی و زمانی دەری ئەڤگانی بکرێن، ئەمیشە  لەبەر ئەوەیە کە  لە ڕاگەیاندنەکاندا کاریان پێ دەکرێ و بەکار دێن، بە تایبەتیی لە پاش ئەم بیست ساڵەی دواییدا، دەبیین هه‌ر دوو شێوەزمان (سۆرانی و کرمانجی) ، ئیرۆ تا ڕادەیەکی باش لە یەکتر تێ دەگەن. 

 

ڕەهەندەکانی زمانی ستاندەرد بە بریاری سیاسی

 من لەگەڵ ئەو بیرۆکانەدا نیم کە دەبێژن، دەبێ ئیدی زاراوەیەک بە بریارێکی سیاسی بکرێتە زمانی ستاندەر، گوایا لەبەر ئەوەی کە زمان ناسنامەی نەتەوەییە. لە ڕوی دەروونی، باری کۆمەلایەتی و یەکبوونی کۆمەڵگەوە پێش ئەوەی بریارێکی لەوجۆرە وەرگیرێ، دەبێ تاکەکان خۆیان بەبەشیک لەو گردبوونەی زمانە ستاندەرە بزانن. نابێ ئەوە فەرامۆش بکەن کە  زمانی وەک ئامرازێکی لێک تێگەشتن هۆکارێکە بۆ پێوەندی و دەربرینی هەست و نەست، بروانە سۆشیال سترکتەرو کاریگەری زمان لاپەڕە ١٦٢-١٦٣ سۆسیال کۆگنیشین. بڕوانە سەرچاوەکان). بەهۆی زمانەوەیە کە مرۆکان لەیەکدی تێ دەگەن و خاڵ و ئامانجی هاوبەش لە نیوان خۆیاندا دروست دەکەن. ئەگەر ئەو کەناڵە بڕمێنرێ و دەراوزەکەی دابخرێ، ئیدی ئەو شێوەزمانە کوردیانەی کە هه‌ن هه‌ریەکەیان ئاراستەی خۆیان وەردەگرن و لە دواڕۆژدا دەبنە زمانێکی سەربەخۆ. بۆیە لەیەکدی دوورکەوتنەوە و موتوربەکردنی ئەم یان ئەو شیوەزمانە، زیانی گەورە بە گەنجینەی زمانەوانی نەتەوایەتیمان دەدا. عەرەب بەدەها زاراوە و شێوەزمان دەئاخەفێت و ماسمیدیاکانی بەو کلۆجە دەربرین دەکەن کە دانیشتوانەکانی پێی دەئاخەفن، پێڤرا ئاخەوتن و راگەیاندگەلە، وای کردوە، کە ئەمڕۆ عەرەبێکی مەغریب، بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێش شۆڕشی زانیاری و ئینتەرنێتدا، لەعەرەبێکی عیراق بە ئاسانی تێ دەگا، هەروەک چۆن ئەمڕۆ سۆرانییەک لە کرمانێک تێ دەگا. ئەدی ئێمەی کورد بۆ هەمان هه‌نگاو نەنێن و بواری بەکار‌هێنانی زاراوەکانی دی نەدەین، بەتایبەتی لە ڕاگەیاندەکان! بۆ هه‌ڵەیە لە ناوچەی هه‌ورامان لە پال شیوەزمانی سۆرانیدا، بۆ منداڵەکانی هه‌ورامانیش خوێندن و ڕاگەیاندێکی لۆکاڵی هه‌ورامانی هه‌بێ.

پێچەوانەکەی، زیانگەلە هەمەلایەنەکانی.

کۆسپ دروستکردن و پەراوێزکردنی یەکتر، بەتایبەتی لەڕێگەی بڕیارێکی سیاسییەوە، کۆمەڵێک کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانە: –

وەک ئاژەم پێدا، پاشکشێی دەروونی، کۆمەڵایەتی و دروستبوونی زمانێکی نوێ لە منداڵدانی هەمان زماندا، بۆ نموونە هەورامیەکان ئەگەر ئەو هەستەیان لا دروستبێ کە پەراوێز دەکرێن، ئیدی ئەو بەستەرە دەروونیەیان لەگەڵ سۆرانیدا لا دروست نابێ، دەبینین نیوان نەرویژی و سوێدیش هەمان شت ڕوی داوە.. لە نیوان ئەڵمانیا و نەمسادا، کە هه‌ر دوو گەل زمانی ئەڵمانیش بەکاردەهێنن هەمان کێشەیان هه‌یە و بوونەتە دوو ولات. پەراویزبوون، نەک تەنها لەڕوی زمانەوە، بەلکو پەراوێزکردنی ئابوری بەنموونە، دەبێتە ئەنجامی کێشە گەلێک لە نیوان ئەو گروپەی بالادەستن و ئەو گروپەی بن دەستن. زمانیش بە هەمان شێوە.

 

ئایا زمان سەرچەمەی بوونی نەتەوەیە؟

 ئەگەر بەو جۆرە بوایە (زمان کۆڵەکەیەکی گرنگی بوونی نەتەوە بوایە) دەبوو ئەمریکا ناسنامەی ئینگلیزی هه‌بوایە، ولاتی نەمسا کە بە زمانی ئەڵمانیا دەئاخەفن، خۆیان بە ئەڵمانی بزانیبایە. کەواتە پێوەری زمان بەشێکی گرنگی ناسنامە نەتەوەیی نیە. زۆر لە کوردەکانی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوا و هه‌ندێ کوردی بەغدا، کە زمانی کوردیش نازانن، خۆیان بە کورد دەزانن و بگرە هه‌ستی نەتەوایەتییان زۆر لە هەندێ کوردی ناوشارە کوردیەکان بەرزترە. ئەوە هه‌ستی پێوەستبوونە بە نیشتمانێکەوە کە ناسنامەی نیشتمانی زیندو رادەگرێ، نەک تەنها زمان. زمان یەکیکیە لە گرێبەست و گرێدەرەکانی تاکی نەتەوەیەک بۆ ئەوەی  لە یەکتر تێبگەین، ئامرازێکی فرە جەمسەرە بۆ ئەوەی ئەو پردە گیانی و راتشونێلە لە نیوان مرۆڤەکاندا دروست بکات. زمانی ئامرازی ئاخەفتنە(بروانە نیلسۆن و واڵدمارسۆن لا ٩ -١٤) پردی بەستنەوەی پیوەندییەکانە. ئەگەر ئەو پردە لە نیوان شێوەزارەکانی کوردییەوە، بەهۆی بەکارهێنانیانەوە چی نەبێ، ئیدی ئەو خالە هاوبەشانە دروست نابن بەرەو هه‌ڵکشانی دۆندی زمانی ستاندەر و لە دایکبوونی لە بری پێشرەوتن پاشەکشێ دەکرێ.  ئەگەر ئێمە لەیەکتر تێ نەگەین، ئیدی چۆن بەیەکدی ئاشنا دەبین؟

 

 چەند کەسێتی جیاواز لە نیوان زانینی چەند زمانێکدا

ئەوەی زمانێکی بێگانە دەزانێ، چێژی لێ وەردەگرێ، چونکە لە کۆد و گراما و هێماکانی تێ دەگا. لەم رۆژانەدا ژنێکی خەڵکی شاری( دهۆک)م بینی، ووتی:  ئەو کاتەی کە خوێندگاکان خەریک بوو دەکران بە کوردی و هه‌ندێ وانە سۆرانی بوو، ئیدی کۆڕەکانم لە خوێندن بێزاربوون وازیان هێنا، چونکە تێ نەدەگەیشتن.  ئەو ژنە ناهه‌قی نیە و بۆچونەکەی تەواوە، لە بادینان  لەم بیست ساڵەی دوایی نەبێ، تەنها ناوی سۆرەیان دەزانی و زۆربەشیان گوێبیستی سۆرانی نەبوونە، ئەوە هه‌ورامی و فەیلی هه‌ر وون بوون.  ئێ باشە ئەگەر لەپەنا سۆرانیدا کرمانجیشیان بخوێنایە باشتر نە دەبوو، دەکرێ بۆ قۆناغێکی کاتی تاکو ئاشنا بوونیان بەیەکتر بەوجۆرە بێت. ئەوە کێشە زۆربەی مندالە هه‌ورامیەکانە لە ناوچەی هه‌ورامان، بە تایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییدا کە گرنگە بۆ پەروەردە و فیربوون، ئەگەر بەو جۆرە نە بوایە و زمانی دایک و تەنانەت شیوەزمان بۆ گەشەکەردنی و پرۆسەی فیربوون گرنگ نەبوایا، هه‌رگیز لە سوێد خوێندنی زمانی دایکیان ئاواڵە نەدەکرد لە پەنا خوێندنی زمانی سوێدیدا. کەواتە پێ دەچێت ئەو بەرێزانەی کە پتر خەمی زمانی ستاندرەی کوری دەخۆن، خەمەکەیان لە بەر تیشکی توێژینەوە و بوچونی زانستیدا نەبێ. ئەوە کێشەی منداڵە کوردەکانی باکوری کوردستانە کە یەکسەر دوای یەکەم قۆناغی سەرەتایی پەروەردە، بەڕوی فێربوونی تورکییەکی ڕەق لە خوێندگەکان دەبنەوە، بێ ئەوەی زۆربەشیان بچنە داینگەوە، ئەوەش لە بیر نەچێت کە زمانی خۆشیان(کوردی) بەتەواوەتی نازانن. ئەوە کێشەی مندالانی کوردیشە لە شاری کەرکوک کە کەمیان خوێندن، بە هۆی لاوازی زمانەوە، تەواو دەکەن، ئەوە گرفتی ئەو منداڵە ڕەوندانەیە کە لەبەر نەزانینی زمانی دایک، زمانی سوێدیش باش فێرنابن و لە ئەنجامدا لە ئامادەیی واز دەهێنن، دوا رۆژێکی باشیان نابێ. ئێمە  وەک ئاماژەم پێدا نابێ هێزی سۆز زاڵبێت بەسەر بۆچونەکانماندا و چارەنوسی نەوەیەک بخەینە مەترسییەوە.  نابێ کێشەی سیاسی تێکەڵی خوێندن و زانست بکەین، بەداخەوە زۆرجار بالا دەستی سیاسی ئاینی خاوەنی ئەو بۆچونە دوور لە زانستییەوە. من وەکو دەروونناسێکی کۆمەڵایەتی، ڕۆژانە لە نێو ڕەوندی کوردا، ئەو کێشە دەبینم، لە خوێندن، لە سەردانی پزیشک و دامەزراوەکانی دیدا، بۆ نموونە دامەزراوەی کاردا، کە زۆرجار کوردەکان بە هۆی نەزانینی زمانەوە، پەنا بەر خولی ئاسان و کاری ئاسان دەبن، ئەوە کێشەیەکە دەبێ وەزارەتی پەروەردە و خەمخۆرانەی زمانی کوردی،  دیدی زانستی بۆ بنێنەوە و شیکردنەوەی ژیرانەی بۆ بکەن.

 

دوو زمان ئاخاوتن، بەهایەکەی تایبەتی هه‌یە(بروانە دوو زمان یا پتر لا ٢ ساڵی٢٠٠٢) و ئەو کەسەی کە پتر لە زمانێک دەزانێ، تێگەیشنی باشتری هه‌یە بۆ فەرهه‌نگەکانی دی. زمانی دایک ئامرازی درێژە پێدان و بەردی بناغەی فێربوونی زمانێکی نوێیە. زمان پابەند بوون بەو فەرهه‌نگەوە پتر دەچەسپێنی و پیوەندییەکان پتر تۆخ دەکاتەوە. لالۆی کوڕم لە بەر ئەوەی دوو شێوەزمانی کورد(سۆرانی و هه‌ورامی) بە دەزانی، زمانی سوێدی و ئینگلیزیەکەشی باشە و نایانشکێنێتەوە، لالۆ جوان دەئاخەفێ، چونکە کوردیەکەی پوختە، ووشە زمانەکانی دیش بە پوختە فێر دەبێ و ئاشنایە لە ئاوازی ووشەی زمانەکان. لەسەرداندا بۆ کوردستان، خۆی پەراویزناگریت و هه‌مان چێژ لە پێوەندیە کۆمەلایەتییەکان وەردەگرێ. منداڵی فارسەکان، لەبەر ئەوەی زمانی دایکی خۆیان باش شارەزان، زۆر جار پێشرەون لە نێوی کۆمەڵگەی سوێدیدا، نەک تەنها لە بوارێکدا، بەڵکو لە زۆربەی بوارەکاندا. 

ئەگەر زمانی دایک یان شیوەزمانەکان بۆ فێربوونی سوێدی، کاریگەری نەبوایە، وڵاتێکی وەک سوێد هه‌رگێز بایەخی نەدەدا کە منداڵی ڕەوندی نەتەوەکان فێری زمانی خۆیان بن. ئەو کەسانەی کە هه‌وڵی ستاندەرکردنی شێوەزاری سۆرانی دەکەن و باڵادەستی دەکەن بەسەر شێوەزمانەکانی وەک کرمانجی و هه‌ورامی، زۆر جار فاکتەری هه‌ستی ناسیۆنالیستی پالیان پیوەدەنێ کە پەنا بۆ بریارێکی سیاسی لۆکاڵی ببن. ئەوانە هێشتا توێژینەوەی زانستی هه‌مەلایەنیان نەکردوە، کە ئەنجامەکامی چی دەبێ، ئەگەر بۆ نموونە کوردی باکور پیتی لاتینی(نەک تۆرانی) فڕێبدەن و بە پیتی عەرەبی بخوێنن، یان پێجەوانەکەی. بۆ منیش گرنگر کە زمانێکی ستاندەرم هه‌بێت و پابەندبم پێوەی، بەڵام بە بریاری سیاسی نا. گرنگە شیوە زمانەکان بەیەکتر ئاشنا بن، هەروەها چۆن پرۆسەی ئاشنا بوونی سۆرانی زمانەکان و کرمانجەکان بەیەکدی ئاشنا بوو و زۆرجار لەیەکدی تێ دەگەن، دەبێ بوار بدرێت ئەوە تێکەڵ بوونە لە نێوان هه‌ورامی و سۆرانی و کرمانجی و لوڕی کە سەکۆیەکی هاوبەشیان هه‌بێ. دەبێ پرۆسەی خۆگونجادنی هاوبەش تێپەڕکەن و تاکەکان ئەو ئاسایشە دەروونی و کۆمەڵایەتییان لا دروست بێ و بگەنە ئاستی پەسەندکردنی یەکدی ئەوسا دەکرێ شیوەزارێک یان شێوەزمانێکیان بکرێتە زمانی ستاندەر. دەبێ تاکەکان پێوەندی لە نیوانیاندا دروست ببێ، هەروەک چۆن ئیسلامێکی وڵاتی مەغرب و ئیدنەنوسیا خۆیان بە موسڵمان دەزانن، کورد وەک نەتەوەش هێشتا لەوەوە گەلیک دوورە. 

 

ئەنجامگیری

پرۆسەی لەدایک بوونی زمانی ستاندەر، پێش ئەوەی  بەبڕیارێکی سیاسی چی ببێ، دەبێ زاراوەکان بە یەکدی ئاشنا بن و تاکی کورد ئەو مافەی لێ زەوت نەکرێ، ئێمە ئەزمونی وڵاتی نەروێژمان لەبەرد دەستدایە و زۆر سەرکەوتووشە و زمانحاڵانی هه‌ردوو زمانەکە خۆیان بەهاونیشتمانی نەرویژی دەزانن، ئەدی بۆ دەبێ کورد ماڵی خۆی خراپ بکا و لاسایی ئەجەندەی پانتۆرانیزم بکا و فەرهه‌نگێکی دەولەمەندی شیوەزمانە کوردییەکان بەدەستی خۆی بخاتە گۆڕەوە. زمان تەنها فاکتەر نیە بۆ یەکبوونی نەتەوایەتی و نیشتمانێکی سەربەخۆ، تەنها بەردێکی بناغەیە و ڕایەڵی کۆڵەکەکانی دی تەواو دەکا. حەفتا ساڵە پتر پانتورانیزم بەسەر گەلی کورد بە هه‌موو شێوەیەک داسەپاوە، ئەمرۆ کە دەبینرێ کورد و شێوەزمانەکانی خەریکە لەیەکدی، بەپرۆسەی نیزیکبوونەوەی نەتەوایەتیدا تێدەپەرێ، هه‌ڵگرانی بیری پانتۆرانیزم دەیانەوێ کۆڵەکەی ئەو پردە، کە لەنیوان باکور و باشووردا  و پارچەکانی دیدا کە هه‌یە بیپسێنن، دوور نیە هێزێکی شاراوە بۆ ئەو مەبەستە کەوتبێتە کار بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد لە ژێر پەردەی ئایندا لە خشتەبەرێ و هه‌ستی نەتەوایەتی پێ لاواز بکەن. من پیم ئاساییە کورد چەند ڕێنوسێکی هه‌بێ، با لە باشووری بەو پیتانە بێ و لە باکوریش پیتی لاتینی، زیانبەخشە ئەگەر ئێمە ئەزمونی رەگەزپەرستێکی وەک ئەتاتورک دووبارە بکەینەوە و تەلاری پانزاراوەیەک بە بڕیارێکی دەسەڵات پێکەوەبنێن. کورد پێش هه‌موو شتێک پێویستی بە یەکبوونی ئابوری و سیاسی هه‌یە، کە توانرا ئەوە بکرێ ئیدی پرۆسەی زمانیش لە ڕوی تێکەلاوی شیوەزمانە کوردییەکانەوە چی دەبێ. بەڕاستی کارەساتە من لە زمانی هاونیشتمانیەکم تێنەگەم پێی بڵێم دەبێ زمانی تۆ نەمێنێ چونکە بێ کەڵکە،  کرۆکی پانزاراوەیی ئەوە دەگەێنێ ، ئەو پێناسەی پانزاراوەییزمە. دەبێ پش ئەوەی هه‌ر هه‌نگاوێک لەو جۆرە هه‌لبێنرێ، پرسی پێویستی ئەو زمانە ستاندەرە لەڕوی فیسیۆلۆجی، گرنگی دەروونی، کۆمەڵایەتی( نیلسۆن و واڵدمارسۆن لا٢٣ ساڵی ٢٠٠٥) ، ئابوری و قازانی گشتی یەکبوونی کۆمەڵگە‌ی کورد، بخرێتە پێش هه‌موو ئەگەرەکانەوە.  

 

 

ئاسۆ بیارەیی

ماجستێر لەدەروونناسی کۆمەڵگە

٢٢-١١-٢٠١٢ سوێد

بە دوا چوون

 

تێبینی: بەبێ ڕەزامەندی نووسەر هیج دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆی نیە ئەم بابەتە بلاو بکاتەوە.

ئەم ووتارە پتر لە بیست کاتژمێر کاتی بردوە..

سەرچاوەکان:-

1. Nilsson, B & Waldemarson A K(1994).: Kommunikation Samspel mellan människor. Studentlitteratur

2. Byari. A ( 2008).The Cesses of Standard Languag. http://emrro.com/pdf/keysekniz.pdf 

3. Brown, R (2000): Group Processes. Library of Congress Cataloguing- in- Publication 

4. http://www.facebook.com/hezheen/posts/551968571486842#!/hezheen 

5. Augoustino, Walker & Donaghue. (200). Social Cognition. 

6. Skolverket och språkforskningsinistitut  I Rinkeby. 2002. پەیمانگەی توێژینەوە و پەروەردەو فێرکردن. سوێد

 

Previous
Next

Leave a Reply