Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

چەواشەکاریەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ترۆری سەردەشت عوسمان

Be First!
by September 19, 2010 سەردەشت عوسمان

بەرواری 15-9-2010  ئەو لیژنە تایبەتەی کە “سەرۆکی هەرێم” پێکی هێنابوو، بەناو بۆ لێکۆڵینەوە لە ترۆری ڕۆژنامەنوس “سەردەشت عوسمان”، ڕاگەیاندنێکی خستۆتەڕوو کە گوایە باندی ترۆریستی “ئەناسار ئەلئیسلام” فڕاندویانە و ترۆریان کردوە. ئەوەش چونکە “سەردەشت” گوایە “بەلێنی‌ بەم گروپە دابوو کە هەندێک کاریان بۆ بکات بەڵام کارەکانی‌ بۆیان ئەنجام نەدابوو”!
چۆنیەتی پێکهێنانی ئەم “لیژنە”یە و شێوازی کارکردنەکەی و دەرکردنی یەکەمین ڕاگەیاندنی، زۆر بەئاشکرا ناوەڕۆکی ئەم لیژنەیە و ئەرکێک کە پێشوەخت بۆی دیاریکرابوو دەردەخات لە چەواشەکردنی ڕاستیەکان بۆ پاکانەی “ترۆری دەوڵەتی” دژی هاوڵاتیانی ناڕازی بەتایبەت رۆژنامەنوسان و نوسەرانی ئازادیخواز.
نەک هەرئەوەش بەڵکو هەوڵدان بۆ پەیوەست کردنەوەی سەردەشت عوسمان بە گروپێکی ترۆریستیەوە، پەیامێکە “پارتی” و “پاراستن” و “بنەماڵە”کەیان لەڕێگەی ئەم لیژنەیەوە ڕایدەگەێنن کە مامەڵەکردنی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان و هەموو دەنگێکی ئازادیخوازی دژی گەندەڵی و سەرکوتی فکری و سیاسی، وەک کارێکی ترۆریستی مامەڵە دەکەن.
لێرەوە ئەم ڕاگەیاندنە نەک ئاکامێکە لە هەوڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ترۆری سەردەشت عوسمان بەڵکو هەڵمەتێکە بۆ سەر ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بەرینە جەماوەریە ئازادیخوازەی کوردستان و لەکەدارکردنی کە بەدوای ئەم ترۆرە سیاسیەدا هاتە ئاراوە، چونکە دەسەڵاتدارەتی “پارتی” و دەزگای “پاراستن” و “بنەماڵەی سەرۆکی هەرێمی” خستە ژێر پرسیارەوە.
چەواشەکاریەک کە لێرەدا بۆ چاوبەستەگی خەڵكی کوردستان “بەناوی لێکۆڵینەوە لەم دۆسیە” خراوەتەڕوو، ئەو بەشە لە ڕۆشنبیران و نوسەرانی لیبراڵی کوردستانی توشی‌ شۆك ‌و بێ ئومێدی کرد کە چاوەڕوانیەکیان هەبوو لە “سەرۆکی هەرێم”ەکەیان و شەرعیەتێکیشیان بە “لیژنەکەی”دەدا. ئەم هەوڵە لیبراڵانەیە، ئەمڕۆ لەشکڵ و شێوازێکی تردا بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخواز لە چاوەڕوانیدا و “داواکاری بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی ئەو لێژنەیە” و “به‌ڕێوه‌چوونی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ شه‌فاف ‌و ته‌ندروست” دەکەن.
هەرجۆرە پێشڕەویەک لە لێکۆڵینەوەی ئەو تاوانە و ئەم ترۆرە سیاسیەدا پەیوەستە بە ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە چونە ژێرباری لیژنەیەکی جەماوەری سەربەخۆ لە “حکومەتی هەرێم” و حیزب و دامودەزگا جاسوسیەکانیان. ئەمەش ئەستەمە بەبێ هاتنەمەیدانی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان. لەو پێناوەدا هێنانەدی بەرەیەکی ڕادیکاڵ لەدەرونی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە دیموکراتیکەدا بە دەوری پلاتفۆڕمێکی چەپەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئاسۆی زاڵی ناسیوناڵ-لیبرال بایەخێکی مانونەمانی هەیە بۆ ئەو بزوتنەوەیە. “ڕەوەند” لە بڕیارنامەی خۆیدا لە چلەی ترۆری سەردەشت عوسمان کە لە 15-6-2010 دا خستویەتیەڕوو، ئەرکی خۆی بە هەوڵوکۆشش لەو ڕاستایەدا پێناسە کردوە. ئێمە جارێکی تر لێرەدا بانگەوازی ئازادیخوازانی کوردستان، هەڵسوڕاوانی چەپ، ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست دەکەین کە بۆ بردنە پێشەوەی وەها ئەرکێک هاوئاهەنگی کاروچالاکیەکانیان بکەن و لەدیالۆگدابن بۆ هێنانەدی پلاتفۆڕمێکی هاوبەش.

ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری
16-9-2010

Previous
Next

Leave a Reply