Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

چ بکرێت؟ …. حسن حسێن

Be First!
by March 3, 2011 گشتی

له‌ 17ی شوباته‌وه‌ خه‌ڵکی سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ی خرۆشاون،  خوێنیان ده‌ڕێژرێت، راوده‌نرێن، ده‌ستگیرو ئیختیتاف ده‌کرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رله‌خرۆشان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رده‌وامن، به‌ڵام تا ئيستا تروسکاییه‌ک له‌وسه‌ری تونێله‌که‌وه‌ دیار نییه‌و ده‌سه‌ڵاتیش هیچ قسه‌یه‌کی نییه‌ بۆ گووتن. ئایینده‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ به‌کوێ ده‌گات؟ ئایا دواجار سارد ده‌بێته‌وه‌و هه‌رکه‌س بۆ ماڵی خۆی  یاخود جوڵانه‌وه‌که‌ ئاقارو شێوازی دیکه‌ به‌ خۆوه‌ ده‌گرێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌  تائێستا روون نین‌، ئه‌مه‌ش به‌بڕوای من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هۆ:
1/ نه‌بوونی رێبه‌رایه‌تیه‌ک که‌ جووڵانه‌وه‌که‌ چ له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵ، شارێک یا ناوچه‌یه‌ک،و چ له‌سه‌ر ئاستی گشتی، واته‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچکه‌کان پێکه‌وه‌، ئاراسته‌ بکات و رێکی بخات و ناوه‌ندێتییه‌ک بداته‌ جووڵانه‌وه‌که‌و خواسته‌کانی. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌تا ئێستا له‌جووڵانه‌وه‌یه‌کی خۆڕسک و کاردانه‌وه‌ییه‌وه‌ نه‌گۆڕاوه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌کی رێکخراو که‌ خاوه‌ن نه‌خشه‌سازی وئامانجێک بێت بۆ ئایینده‌. به‌مانا یه‌کی دیکه‌ شێوازی کارکردن هێشتا شۆکی 17ی شوباتی تێنه‌په‌ڕآندووه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ خرۆشاو و تووڕه‌یه‌ که‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام ده‌زانن که‌ چییان ناوێت به‌ڵام کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ نازانن که‌ چییان ده‌وێت. ئه‌م نا رۆشنییه‌ به‌روونی به‌ راگه‌یاندنی رۆژی دووشه‌مه‌ 28/2 ‌ی ئه‌نجومه‌نی كاتیی مه‌یدانی ئازادییه‌وه‌ دیاره‌، ئه‌وان له‌کاتێکدا کۆمه‌ڵێک داواکاری هه‌نووکه‌یی و بنه‌ڕه‌تیی زۆر باشیان خستۆته‌ روو که‌ ده‌شێت هه‌ر هاوڵاتییه‌کی ساده‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند داوایه‌ک یاسه‌رجه‌م داواکارییه‌کاندا بێت، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ نازانن که‌ ئه‌م داخوازییانه‌ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ شکستخواردووه‌ جێبه‌جێ ناکرێت؟ باشه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌کرا ئایا هیچ پلانێکی ئه‌ڵته‌رناتیڤ هه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و داخوازیانه؟ ئه‌م راگه‌یاندنه‌ ته‌عبیرێکی ته‌واوه‌ له‌و رۆحییه‌ته‌ خۆڕسکییه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ که‌به‌هۆی خه‌ریک بوونیان به‌ تاک تاکی داره‌کانه‌وه‌ دیمه‌نی دارستانه‌که‌ نابینن. واته‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاماده‌گی نییه‌ ئامانج(Goal)ێکه‌ که‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک به‌ره‌و رووی بچن.
2/ هه‌ڵوێستی حزب و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌کان( به‌ ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ناو په‌رله‌مانیشه‌وه‌)و به‌رخوردکردن له‌ته‌ک ئه‌م ناڕه‌زایی و خرۆشانه‌دا وه‌ک ململانێی سیاسیی نێوان کۆمه‌ڵێک حزب و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی نه‌ک وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ر‌یی. دانیشتنه‌کانی چه‌ند رۆژی رابردووی یه‌کێتی و گۆڕان له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م خرۆشاندا بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌چ لایه‌نێکیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌رو نوێنه‌ره‌کانی خه‌ڵک. ئایا ئه‌مه‌ حساب نه‌کردنه‌ بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ یاخود یه‌کێتی وگۆڕانیش ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ هی گۆڕان ده‌زانن بۆیه‌ به‌ پێویستیان نه‌زانی که‌ به‌بێ نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ر بچنه‌ نێو دانیشتنه‌وه‌ ؟ .. له‌راستیدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی گۆڕان له‌ هه‌ڵوێستی ئیخوانه‌کانی میسرده‌چێت که‌ له‌شۆڕشه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی میسردا خه‌ریکی گفتوگۆ بوون له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی رژێمه‌که‌ی موباره‌کدا.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ناکرێت هه‌ر ئاوا به‌خۆڕسکی بمێنێته‌وه‌، خه‌ڵکی ناتوانن تا هه‌تایه‌ له‌سه‌ر شه‌قام بمێننه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاراو کاریگه‌رتر بێت و ئه‌نجامێکی باشی هه‌بێت پێویسته‌‌ لیژنه‌یه‌ک یا ئه‌نجومه‌نێکی سه‌رتاسه‌ری خۆپیشاندان له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچکه‌کاندا پێک بێت که‌ بتوانێت ئامانج  Goal ێكی روون ده‌ستنیشآن بکات و ناڕه‌زاییه‌کان سه‌رتاسه‌ری بکاته‌وه‌‌‌و له‌ خستنه‌ رووی لیستی داخوازییه‌وه‌ بچێته‌ قۆناغی ده‌رکردنی پلاتفۆرمی سیاسی‌.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ شه‌قامی هه‌ژاندووه‌و شه‌هیدو برینداریشی داوه‌ به‌ڵام هێشتا وه‌ک پێویست نه‌چۆته‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و نه‌چۆته‌ نێو جومگه‌و دامه‌زراوه‌ ئیداری و حکومییه‌کانه‌وه‌. به‌بڕوای من ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌‌ مانگرتن و یاخی بوونی مه‌ده‌نی ئه‌نجام بدرێت و کا‌ره‌کانی حکومه‌ت په‌ک بخرێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌‌ ده‌توانێت فه‌زای شاری سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری له‌ کۆڕی وتار خوێندنه‌وه‌و‌ه‌ بگۆڕێت بۆ ناڕه‌زاییه‌کی مه‌ده‌نی کاریگه‌رو  فیعلی و دامێنه‌ی ناڕه‌زاییه‌کان فراوانتر بکاته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ ئه‌گه‌ری روودانی توندو تیژی و که‌وتنه‌وه‌ی قوربانیش که‌متر ده‌کاته‌وه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ شارێکی وه‌ک هه‌ولێریش ره‌نگه‌ شێوازێکی له‌بار بێت چونکه‌‌ پارتی رێگه‌ به‌هیچ ناڕه‌زایی و کۆبونه‌وه‌یه‌کی سه‌ر شه‌قام نادات، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر مانگرتنی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌ حکومییه‌کاندا هیچی پێ ناکرێت.

1/3/2011

تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ بڵاوکراوه‌ی( رۆژانه‌ی خۆپیشاندان) ژماره‌(2) 2/3/2011 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply