Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ڕامانێك لە پاییز

ڕامانێك لە پاییز

Closed
by October 24, 2008 ئەدەب

 ڕامانێك لە پاییز
 ئیبراهیم گەلەژێرى/ چۆمان

 
 لەگەڵ كۆتایى هاتنى هاوینى ئیمساڵیش
 پاییزهات و
 لەگەڵ گۆڕانى شنە بایەكان
 بەئاوازێكى كەمێك غەریب و
 پڕ لە بەرائەت دەلێت
 لەگەڵ من وەرن بۆتەماشاى
 سیحرى هەڵوەرینى خەزەڵ وەرەكان
 بۆقەراغ ڕوبارەكانى شێوەزوور و باسان
 بەدیار وەرینى گەڵاكانى
  چنار ڕِامێنن
 لەپاڵ زەرد بونى گەڵاكانى مێو
 سەرنج بدەن لە دامێنى مێوەكان
 ترێیەكى ڕەش دەخاتە
 نێو زارى كوڕە ئاشقەكانى مەملەكەتم
 لەگەڵ  زەرد بونى گەڵاكانى هەنجیر
 شیرینى هاتنى خۆى دەخاتە
 بن زمانى كچە عازەبەكانى شار
 بە كۆتایى هاتنى  هاویین پاییز دێت و
 لەگەڵ خۆى جوانترین ڕەنگى گەڵاكان
 دەخاتە ژێر پىَ ى كۆچەریەكانى  شاخ
 بە تێپەربونى كۆچەریەكان
 جاڕى رووت بونەوەى
 درەختەكانى سروشت دەدات
 پاییز دێت و
 لە شەوێكى درێژى خۆیدا
 جوانیەكان دابەش دەكات و
 گوڵەكان سیس دەكات
 دەرونەكان فێنك دەكات
 خەندەكانى ئەوینداران
 تێكەڵ بە بۆن و بەرامەى
 خاكێكى پڕ لە خەزەڵوەر دەكات
 وەك جوانیەكى ئەبەدى
 بە تیشكێكى زێڕین
 لە ژوور سەرمانەوە دەوەستىَ 
 ئێوارەكانى خۆى
 لەگەڵ تێكەڵ بونى جریوەى
 بولبول وناخى جوانیەكان
 مرۆڤە پاییزیەكان
 دەست بە سەمفۆنیاى
 پاییزیە رۆحانیەكان دەكەن
 شەوان لەگەڵ خەزانى هەر خەزەڵوەرێك
 بە نەشئەى خۆى
 هێدى هێدى دەمان خەوێنىَ
 خەومان پڕدەكات لەوەرینى خەزان
 لە خەونى خەیاڵ و
 لە بەیەك گەیشتنى ئەوینداران
 لە تێگەیشتن لە وورد بونەوەى پاییز
 لە گەزەنگێكى زوو زوودا
 لەخەو ووریامان دەكاتەوە
 پێمان دەڵى ناكرىَ
 دەروێشانى پاییز
 لە خەوێكى قووڵدا بەخەیاڵ ئۆرگازم  بن
 دەبێت لە شەربەتى مێوژى پاییزدا
 شەڕابێك لەسەر پەلكى گەڵاكان نۆش بكەن
 پاییزیش لەم گەزەنگە هێشتا
 ڕەنگەكەى تێكەڵ بە هاوینە
 هێواش هێواش هێدى هێدى
 گۆرانى "ئەوا پاییز هاتەوە "دەڵىَ
 لەگەڵ گۆرانى ووتندا داواى سەمامان لێدەكا
 بەڵام بەسەرو قژى ئاڵۆزمان پاییز قبوڵ ناكا
 خۆى دێت و بەدەست خۆى
 بە شانەیەكى دروست كراو لەگەڵاكانى خۆى
 قژمان بۆ شانە دەكا
 دەمان بات بۆ قەراغى ڕوبارى شێوەزوور
 جوان جوان
 لە قڕێژى هاوین دامان دەشۆرىَ
 خاوێن مان دەكاتەوە
 لەو هەموو جوێن دانەى
 لە هاویندا لەبەر بىَ كارەبایى وتمان
 پاییز بە نازو گۆزێكى زۆرەوە دێت
 بە مارو مێروو دوپشەكەكان دەڵێت
 بڕۆنەوە ژێر زەوى
 بڕۆنە ئەو كونانەى كە بۆ ئێوە شیاون 
 چونكە لەم وەرزە بۆتان نى یە
 بە دەروێشانى من وەبدەن
 بە بولبولەكەى ژێر سواندەى بانەكەى ئێمە دەڵىَ
 خۆتان  تەیار بكەن و دەنگەكانتان خۆشترو
 ئاوازەكانتان كەمێك تیژتر بكەن
 بە كانیاوەكانى دەڤەركەى منى دەوت 
 خۆتان بۆمن بتەقێنەوە
 جارێكى تریش وەك بەهار خۆتان لەئاو ئاوس بكەن
 پاییز بە ڕوێكى گریانەوە
 گەڵایەك لە گەڵاكانى خۆى
 پێشكەش بە قەیرە كچێك دەكات و
 لەسەرى بە فۆنتێكى فارسى دەنوسىَ
 من تۆم دەوىَ
 قەیرە كچەكە بزیەك دەكات و
 واهەست دەكات پاییز مارەیى لە خۆى دەبڕىَ
 پاییز كاتىَ دێت
 بە خوێندكارەكان دەڵىَ
 ئێوە بۆتەنها لە بەهاردا
 لەم وەرزە قوڕسەى سەر شانتان
 گەڕان بە سروشت دەكەنەوە
 بۆنایەن لە وەرزى مندا
 بتان بەم بۆ ژێر دار گێوژێك
 دەستتان تێكەڵ بكەن و
 پیاسەیەك لە رۆحى مندا بكەن و
 كەمێك ئامێزلەیەكتر گیر بكەن
 خۆ دنیا كش و ماتە و
 مێرووەكان بەرهەمى خۆیان كۆكردۆتەوە
 باڵندەكان زۆر بەكەمى لە ئاسمان دەبیندرێن
 ئەوینداران لە ژوانەكانیاندا
 وەڕەس نابن و
 پاییزیش دەرگاو ڕووخسەت واڵادەكات
 هەرچى گریان و حوزن هەیە
 لە باوەشى خۆى دەگرىَ
 لێشدەگەڕىَ
 ئاشقەكان بەڕووتى لەسەر گەڵاكان
 شەو بخەون خالیان دەكات لە جل و بەرگ
 ستیانەكانى كچان لەسەر رۆخى
 درختەكان هەڵدەواسىَ
 جل و بەرگی ژێرەوەشیان بە خەزەڵ دادەپۆشىَ
 ئارامیش دەخاتە دڵیان و
 بە پێچەوانەى بەهار
 هەرگیز ڕێگا نادات دەهۆڵ و زورنا
 لە رۆژان و شەوانى دەنگیان بىَ
 لە جیاتى هەڵپەرین و لێك خشاندنى
 ڕانى كچان و كوڕان
 لە پایزدا ئەبێت بگرین و
 ڕەنگى خۆمان لە گەڵاكانى ئەودا ببینینەوە
 بە دەورى درختەكانى چنار بخولێینەوە و
 باوەش لە خۆشەویستەكان بكەین و
 تێر تێر یەكتر ماچ بكەین
 لە ئاسمانە بریسكە دارەكەى بڕوانین
 هەتا بە گێڕانەوەى خەمەكانمان
 خەو دەمان باتەوە
 لێمان دەگەڕێت لە ژێر ئەم ئاسمانە
 هەتا ئارەزوو دەكەین
 لێوەكانى یەكتر تێكەڵ بەیەك بكەین
 فرمێسكەكانى یەكتر بە زمان بسڕین
 تا چاومان خێل یان كوێر دەبن
 لە جەستەى یەكتر بڕوانین
 پاییز ڕێگە دەدات
 بە ڕووتى لەسەر گەڵاكان درێژبین
 دەستە بەرگێك لە گەڵاكان بۆخۆمان بدورین
 پێمان دەڵێت بەبىَ ئیزنى پەرلەمان
 لە قەراغى ڕووباردا لە حەشامەتى عاشقاندا
 هەمیشە جگەرە بكێشن
 لەگەڵ هەلمژینى دووكەلەكەیدا
 بەرەو ئاڵودە بوون بۆ پاییزى رۆح
 جوانى ئەبەدى بچین
 
                          10/10/2008
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.