Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕاپۆرتی سەندیکالیستەکانی  سوید لەسەر کوردستانی عیراق

ڕاپۆرتی سەندیکالیستەکانی سوید لەسەر کوردستانی عیراق

Closed
by March 6, 2011 گشتی

وەرگێڕانی: بەختیار مستەفا عارف

پێشەکییەکی کورت:
چەند ئەندامێکی سەر بە نەقابەی ساندیکالیستەکانی سوید (SAC)؛ ڕێکخراوی مەرکەزیی کرێکارانی سوید، لە مانگی ئۆکتۆبەری 1994دا، سەردانێکی چوارهەفتەیی کوردستانی تورکیا و کوردستانی عیراقیان کرد. لەو چاوپێکەوتنانەیاندا لە کوردستانی عیراق توانیان چەند گفتوگۆیەکە لەگەڵ ئەندامانی یەکێتیی بێکاران و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، هەڵسوڕاوانی شورای 1991 و ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و ئەنارشیستەکان و خەڵکی تردا بکەن. دەقی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی عیراق ئەنجامیان داون، کردویانەتە ڕاپۆرتێکی درێژ و لەگەڵ کۆمەڵێک سلایداتدا نزیک بە 10 سمیناریان لە سوید پێ گێڕا و خودی ڕاپۆرتەکان بووە جێی گفتوگۆ و قسەلێکردن.
جا من بە پێویستم زانی دەقی ئەو ڕاپۆرتە، ئەوەندەی پەیوەندی بە کوردستانی عیراقەوە هەیە، بکەمە کوردی؛ بۆ ئەوەی هەموو خوێنەرێک و هەموو هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و هەموو هەڵسوڕاوێکی بەرابەریی ژنان و پیاوان ئاگاداری ئەو قسەوباسانە بن و بە پێویسیشی دەزانم ئەوە بڵێم کە من لەگەڵ هەندێک بۆچوونی نووسەردا نیم کە لە چەند شوێنێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەڵام هەوڵم داوە دەقەکە وەکو خۆی وەربگرم. بۆ نموونە بڕوای نووسەر وایە کە مارکسیست لینینیستەکانی کوردستانی عیراق بڕوایان بە بەرپابوونی شۆڕشێکی دیموکراتی هەیە، وەک پێشمەرجی شۆڕشی سۆسیالیستی و هەر بەو پێیەش باس لە جەبهەسازی دەکەن، کە ئەمە خۆی لە واقیعدا وا نەبووە. ئەوان لە سەردانەکەیاندا چەند ئەنارشیستێکیان بینیوە و بە بڕوای من ئەم ڕایەیان زیاتر لەوان وەرگرتووە وەک لەوەی لە دەمی هەڵسوڕاوە مارکسیستەکانەوە بووبێت. هەموو گرووپ و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکانی ئەو سەردەمە، واتە سەردەمی جەنگی خەلیج و ڕووداوەکانی ئازاری 1991 پێیان لەسەر بەرپابوونی شۆڕشی سۆسیالیستی و لابردنی کاری کرێگرتە دادەگرت. هەربۆیە خوازیاری جەبهەسازیش نەبوون لەگەڵ هێزە بۆرژوا ئۆپۆزیسیۆنەکاندا. لە شوێنێکی تردا دەڵێت ڕۆژەکانی دوایی هەم مارکسیستە لینینیستەکان و هەم بەرەی کوردستانی دەستیان دایە پێکهێنانی شورا، بەڵام هیچیان بۆ نەکرا و کەس بە دوایان نەکەوت. یەکێتیی نیشتمانی بە دوای دروستکردنی شوراوە نەبوو، ئەو هەوڵی پێکهێنانی ئەنجومەنی گەڕەکەکانی دەدا، کە ئەمە لەگەڵ تەرکیبی چینایەتیی شورا و شێوەی بەڕێوەبردنی کاری شوراییدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبوو و بە نیسبەت مارکسیستە لینینیستەکانەوە، یانی کۆمۆنیستەکان، ئەوە ئەوان دەیانویست شورا واقیعییەکان بەهێز بکەن و لەو ڕیزە ئیعترازییەدا خۆیان دەبینیەوە.
لە شوێنێکی تردا لە زمانی ئەندامانی یەکێتیی بێکارانەوە دەگێڕێتەوە کە زەخت و چەوساندنەوەی نەژادی لەسەر کوردەکان نییە، کە ئەمە خۆی دیدکی ناواقیعی و نادروستە. کارکردنی شۆڤێنییانەی بەعسی لە کوردستاندا بۆ هەموو خەڵک ئاشکرا و ڕوونە، بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردنی هەندێ لە شار و شارۆچەی کوردستان، نیشانەی ئەو ستەم و چەوساندنەوە نەژادییەیە.
لە کۆتاییشدا دەمەوێت بڵێم کە نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە بە خواست و شێوازی خۆیان وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسوڕاوانەیان داڕشتووە، یانی بەپێی ڕیزبەندییەک نووسوییانە کە خۆیان هەڵیانبژاردووە و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە ڕاستییە زیندووەکانیان خستۆتە ڕوو.

بەختیار مستەفا عارف
17/10/1995

بارودۆخی کوردستانی خواروو
ژیان و گوزەرانی کوردەکانی عیراق بە دوای هەردوو شەڕی خەلیجدا ناهەموارتر و خراپتر بووە، دووچاری کوشتوبڕی و قەسابیکردن بووە و ئیدارەیەکی لاوازیشیان بۆ پێک هێنراوە لە لایەن ئیمپریالیستەکانەوە.

شەڕی ئێران و خەلیج:
لە 1980دا شەڕی ئێران و عیراق دەستی پێکرد. هەر لە دوای 1930یەوە ناکۆکی و ناتەبایی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەبووە. کوردەکانی عیراق هەردەم ئەم هەلەیان قۆستۆتەتەوە و لەگەڵ ئێران و هێزە گەورەکانی تردا ڕێک کەوتوون دژ بە عیراق و هەروەک چۆن لە ساڵی 1980دا لەگەڵ ئێراندا ڕێک کەوتوون. بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان لە پارتی و یەکێتی و چەند گرووپێکی چەکداریی مارکسیستی پێک هاتووە. ”پارتیی دیموکراتی کوردستان” لە دوای 1940ەوە ڕابەرایەتیی بزووتنەوەکە دەکات و ”مەسعود بارزانی” سەرکردەیەتی. ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”یش ”جەلال تاڵەبانی” سەرکردەیەتی. لەنێوان ئەم دوو سەرکردەیەدا ناتەبایی و ناکۆکییەکی گەورە هەیە تا ڕادەی بەیەکدادانی چەکداری و لەیەکترکوشتن. بەکورتی بڵێین هەر دوای هەڵگیرساندنی شەڕی ئێران و عیراق پارتیش و یەکێتیش لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران. هەردوولایان زۆر بەتوندی و دژ بە عیراق شەڕیان دەکرد و بەتوندیش پەلاماری کەتریان دەدا. لە ساڵی 1978دا هەردوو لایەن ڕێککەوتنیان مۆر کرد و لەگەڵ سێ پارتیی تری بچووکی تردا بەرەی کوردستانییان پێک هێنا.

ئەنفال:
هەروەکا جارەکانی تر تاکتیکی خۆخستنەپاڵ هێزە گەورەکان و تەحالفکردن لەگەڵیاندا تاکتیکی سەرکەوتوو نەبوو. کاتێک ئێران و عیراق ڕێککەوتنیان مۆر کرد و شەڕیان ڕاوەستاند، ئێران لە یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی کوردەکانی عیراق دەستی کێشایەوە و عیراقیش هێرشکی گەورەی ڕێکخست بۆ تێکشکاندنی هەموو ئیعتراز و ڕاپەڕینێک لە کوردستان، ئەم هێرشەی عیراق تراژیدیایەکی گەورە بوو کە بەسەر خەڵکی کورددا هێنرا، ئەم پەلاماردانە ناونرا ئەنفال کە لە بنچینەدا واژەیەکی (مستەلەح) ئیسلامییە، کە لە شەڕکردندا بردنی ژن و تاڵانکردنی هەموو موڵکیەتێکی شەخسی ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە خوا نەبووە حەڵاڵ دەکرا. لە ماوەیەکی کورتدا بەپێی سەرچاوەیەکی زۆر 180000 کورد ونکران، هەموو پیاوەکانی دێهاتەکان ئیعدام کران. هەروەها بە هەزارەها ژنیش کە مێردەکانیان بێ سەروشوێن کرابوون و بە تەنیا مابوونەوە، لە لایەن سەربازە عیراقییەکانەوە دەستدرێژیی جنسیان لێ دەکرا. ئەم دەستدرێژییە وەحشەتناک بوو. لە کوردستاندا شەرمێکی گەورەیە بۆ خێزان و ناسیاوی ئەو ژنەی کە دەکەوێتە ژێر ئەو پەلامارەوە، هەربۆیە بۆ بەرزڕاگرتنی شەرەفی خێزان ئەو ژنانە تێرۆر دەکران. نزیک بە 4500 دێ لە کوردستاندا بە بۆمبا و بلدۆزەر تەخت کرا، بە سەدەها هەزار کەس بەزۆر ڕاگوێزران بۆ خوارووی عیراق و یاخود لە ئۆردووگای زۆرەملێدا کە دەوڵەت دروستی کردبوون جێگیریان دەکردن، زیاد لە 10000 کورد بەرەو تورکیا ڕایکرد بە هۆی هێرشەکانی ڕێژیمی عیراقەوە و لە چەندەها موعەسکەراتی پەناهەندەیدا ماونەتەوە، سەددام حسێن سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی. لە هێرشێکیدا بۆبای گازی بە کار هێنا و چەندەها هەزار کوردی لە شاری هەڵەبجەدا کوشت. ئەنفال هەموو کوردەکانی گرتەوە و حاڵەتێکی نەفسی زۆر خراپی بۆ ملیۆنەها کورد دروست کرد کە پێویستە بە ملاحەزەوە وەربگیرێت کاتێک باس لە کوردستانی خواروو دەکرێت. بەرەی کوردستانی دەستەوەستان ڕاوەستا و هیچی بۆ نەکرا، ڕووە و ئێران ملی نا. سەددام حسێن کە مەغرور بوو و زۆر باوەڕی بە خۆی و بە هێزە سەربازییەکەی هەبوو، هەر دوای دوو ساڵ هەلێکی تری بۆ کوردەکان خوڵقاند کە حەرەکە بکەن و هەدەفی خۆیان بپێکن؟ و لە ئابی ساڵی 1990دا عیراق کوێتی داگیر کرد.

شەڕی خەلیج:
ئەزمەی کوێت و شەڕی خەلیج مەسەلەی کوردەکانی خستە مەرکەزی ئیعلامی جیهانییەوە، هەر ساڵێک پێش ئەوە جەلال تاڵەبانی سەردانی ئەمریکای کرد و سەرکوتکردنی کوردی لەوێ ڕاگەیاند.
وەڵامی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئەوان دەستبەرداری سەددام نابن و پشتیوانی لێ دەکەن، بە دەلیلی ئەوەی بەدیلکی چاک و گونجاوە و لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا دێتەوە و دامودەسگای سەددام ئارەزوو و ویستەکانی وڵاتە غەربییەکانی پاراستووە لە ناوچەکەدا. ئەم قسانە لە زمانی ”بورهانەدین یاسین”ەوە دەگێڕدرێنەوە کە لە نووسینێکیدا بە ناوی (کوردەکانی عیراق و چوونەپێشەوەی ناکۆکییەکان لە خەلیجی فارسدا) ئیشارەی پێ کردوون. ئیعلامی ڕۆژئاوا باسی لە ئەنفال نەدەکرد، بەڵام ئێستا بە هۆی چەند هۆیەکەوە هەموو دنیا لەگەڵ کوردەکاندایە. بەرەی کوردستانی لە مانگی 10ی 1990دا بڕیاری وەستانی حەرەکاتی چەکدارانەی دا، کە وایلێهات تەقریبەن هیچ چالاکییەکی نەما لە ترسی بزووتنەوە ئینتیقامییەکانی حکوومەتی بەعس، زۆر لە هێزە غەربییەکان و ناوچەییەکان سەغڵەت بوون لەوەی عیراق تێک بچێت و کوردەکان خۆیان جیا بکەنەوە و وڵاتی سەربەخۆیان پێک بهێنن. بەرەی کوردستانی پەیمانی ڕوونەدانی ئەو حاڵەتەی دا بەو هێزانە. تێکشکاندنی عیراق لە شەڕەکەدا بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی موەقەت و ئیستسنائی کە تیایدا ڕاپەڕین ڕووی دا. بەڵام بەرەی کوردستانی تەنانەت بە ملاحەزەی وەرنەگرتبوو. ڕاپەڕین لە خوارووی عیراقدا دەستی پێکرد و لە مارسی هەمان ساڵدا لە کوردستانیش دەستی پێکرد. ئەم ڕاپەڕینانە لە سەرەتادا جەماوەری و عەفەوی بوون. پێش دەستپێکردنی جەنگەکە زۆر سەربازی عیراق و سەربازی کورد خۆیان دزیبۆوە و بەشداری جەنگیان نەدەکرد. ئەمە تەئسیری زۆری هەبوو لە ڕاپەڕینەکەدا. بەپێی ئەوەی بیستوومانە (PKK)ەش لە دەوروبەری زاخۆدا بەشداری ڕاپەڕینەکەی کردووە و دە هەزار جاشێکیش لە حکوومەت هەڵگەڕانەوە.
بەشێکی زۆر لە کوردستانی خواروو ڕزگاری بوو. بەڵام سوپای عیراق جارێکی تر هێرشی کردەوە، هەموو پارتییەکانی ناو بەرەی کوردستانی کە لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە خەڵکیان ئاگادار کرد کە ڕابکەن و شارەکان جێ بهێڵن. ڕاپەڕینەکە تێکشکێنرا و زیاد لە دوو ملیۆن کورد بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا ملی نا لە ترسی هێرشی عیراق و ئینتقامکردنەوەیان. ڕەوی کوردەکان تەنیا تراژیدیایەکی ئینسانی نەبوو کە زۆر کەس لە برسان و لە نەخۆشیدا مردن، بەڵکو ئەبعادێکی سیاسیشی هەبوو.
بۆچوونێکی بەهێز هەبوو کە ڕەوی کوردەکانی دەبەستەوە بە جەنگی خەلیجەوە و وای تەسەور نەدەکرد کە وەزیفەی هێزەکانی تەحالف تەواو بووە. وتووێژی ناو هێزەکانی تەحالف بووە هۆی ئەوەی کە لە 5ی نیساندا بڕیاری 688 دەربکەن کە داوای وەستانی سەرکوتکردنی خەتی مەدەنی دەکات. لە 19ی نیساندا (UN) بڕیاری مەنعکردنی هێزی ئاسمانی عیراقی دا کە نابێت لە سەرووی خەتی پانی 36ەوە بسووڕێتەوە. کوردەکانیش دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ شوێنی خۆیان. شەڕی نێوان کوردەکان و ڕێژیمی عیراق درێژەی کێشا تا مانگی 10 کە سوپای عیراق خۆی پاشەکشەی کرد و کوردستانی جێهێشت. ئەم بەشەی کوردستان کە حکوومەتی عیراقی تێدا نەماوە دوو لەسەر سێی کوردستانی عیراق دەبێت. کەرکووک کە شارێکی نەوتییە لەژێر دەستەڵاتی ڕێژیمی بەعس ماوەتەوە. (UN) هێزێکی سەربازیی کەمی لە بەشێکی کوردستاندا هێشتەوە.

دوای جەنگەکە:
بەرەی کوردستانی دەستی گرت بەسەر ئیدارەکانی کوردستانی عیراقدا. لە کاتی سەفەرەکەماندا گوێمان لە ڕەخنە و سەرزەنشتی قورسی خەڵک دەبوو. بەتایبەتی دژ بە یەکێتی و پارتی کە دەیانوت ئەمانە لە ئێران بوون و هاتنەوە سەر حازری، ئێستا ئەمانە فەرمانڕەوان و هەرچی کارگە و پاش ماوەی مەکینە و ئالات و ئەدەواتی مەخزوناتی دەوڵەتی هەیە فرۆشتویانە بە ئێران و عیراق بۆ ئەوەی پارەکەی بخەنە خەزێنەی حیزبیی خۆیانەوە و ئەمڕۆ چەند کارگەیەکی کەم لە کوردستاندا ماوە. لە مانگی 1ی 1992دا وتووێژکردن لەگەڵ عیراقدا وەستێنرا و لە هەمان کاتدا بەرەی کوردستانی ئیعلانی ئینتیخاباتی کرد بۆ پێکهێنانی پەرلەمان. ئینتخابات لە مانگی 5ی 1992دا دەستی پێکرد لەژێر چاودێریی چاودێرانی نێونەتەوەییدا بۆ ئەوەی بارودۆخێکی دیموکراتییانە بە ڕێوە بچێت. زۆر لە پارتییە بچکۆلەکان سەرزەنشتی پارتی و یەکێتییان کرد بەوەی فێڵ و ساختەیان بە خەرج داوە لە هەڵبژاردنەکەدا. لە هەڵبژاردنەکەدا کە نسبەتی چوونەناو پەرلەمانەوە لە 70% تەحدید کرا. یەکێتی و پارتی بردیانەوە و یەکی نیوەی مەقاعیدەکانیان وەرگرت و 5 کورسییش بۆ مەسیحییەکان دانرا کە کەمایەتین لە کوردستاندا. بێبڕواییەکی زۆر لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە. پەنجا بە پەنجا هەموو دەستەڵاتێکیان بەش کردووە.
وەزارەتەکانیان لەنێوان خۆیاندا بەش کردووە. هەرلایەکیان وەزیرێکیان هەبووایە جێگرەکەی دەبوو لە لاکەی تر بووایە. ئەم تەرحە تا ڕادەی مودیر و کاربەدەستانی خوارەوەش هات. پارتییەکان دەستەڵاتدارییەکی هاوبەشیان پێک نەهێنا، بەڵکو لە هەموو حاڵەتێکدا هەوڵیان دەدا پارتییەکەی خۆیان بەرنە پێشەوە. پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عیراقدا چەندەها جەریمەی گەورەیان کردووە دژ بە مافەکانی مرۆڤ. گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن و هێرشبردنە سەر کۆبوونەوە دەستەجەمعییەکان و خۆپێشاندانەکان. شێوەی ئەو خروقاتانەیە کە ڕێکخراوی عەفوی دەولی (AMNISTIINTERNATIONAL) لە مانگی شوباتی 1995دا کۆی کردبۆوە و خستبوویە ڕوو.
بیناکردنەوەی ئەم وڵاتە بە جەنگ وێرانکراوە زۆر زەحمەتە و بە هۆی هەندێ هەلومەرجی ترەوە خراپتر بووە. حەساری ئابووریی (UN) لەسەر عیراق کە کوردستانیش دەگرێتەوە و حەساری ئابووریی عیراقیش لەسەر کوردستان. هەر هەمووی قورساییەکی زۆری خستۆتە سەر ژیانی خەڵک. شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی درێژەی هەبووە و زیاتر لە 100000 کەس لە شاری هەولێر خۆپێشاندانی کرد دژ بەو شەڕە. هێزەکانی یەکێتی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کۆنترۆڵ کردووە و پارتیش سەرووی ڕۆژئاوا.

کۆمیتەی گەڕەکەکان لە ڕاپەڕینەکەی 1991ی کوردستانی عیراقدا:
کۆمیتەی گەڕەکەکان بەهاری 1991 کوردستانی عیراق بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی جەماوەری بوو کە هەموو شاری سلێمانی گرتبووەوە. ئەو چەند ئەنارشیستەی کە لە سەفەرەکەماندا لە سلێمانی بینیمانن ئەو بزووتنەوە شوراییەیان وەک بزووتنەوەیەکی خۆبەخۆیی (عەفەوی) ئەنارشیستی لە قەڵەم دا. مەبەستیان لەم هەڵسەنگاندنە ئەوە بوو کە جەماوەر ڕاستەوخۆ لە تەشکیلە دیموکراتییەکاندا خۆی ڕێک خستبوو، لە جێگەی کار و گەڕەکەکاندا دەستەڵاتی بە دەستەوە گرتبوو بۆ ئەوەی کاروبارەکانی خۆی بە دەستی خۆی بە ڕێوە بەرێت. لە مانگی شوباتی 1991دا، چەند هەفتەیەک پێش ڕاپەڕینەکە، ڕوومان کردە گەڕەکەکان و قسەمان بۆ خەڵکی دەکرد و شورا سەرەتاییەکانمان پێک هێنا. ئەمە یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شوراکان دەیگێڕایەوە. هەموو حیزب و مەیلە ڕاست و چەپەکان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەکە و پەیداکردنی نفوزی خۆیاندا بوون. کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی خەلیجدا، لە کانوونی دووەمی 1991دا، بەغدادیان بۆمباران کرد، خۆشی و شادی کەوتە ناو کوردەکانی عیراقەوە. لە نامەیەکدا کە لە هاوینی 1991دا لە کوردستانەوە نووسراوە و لە نووسینێکی ئینگلیزیدا بڵاو کراوەتەوە وەسفی ئەو بارودۆخە دەکات کە چۆن ئەو شەڕە هیچ ترسێکی لە دڵی کوردەکاندا نەهێشتووە سەبارەت بە پەلاماردان و هیرشکردنی دەوڵەتی بۆ سەریان و خەڵکی دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتردا، کە پێش ئەو کاتە کەس نەیدەتوانی بەو شێوەیە قسە لەسەر باری سیاسی بکات. هەروەها ڕۆژانە سەربازێکی زۆر بەرەکانی جەنگ جێ دەهێشت و فیراری دەکرد، کە خەڵکێکی زۆر شایەتی ئەو حاڵەتەن و بە چاوی خۆیان بینیویانە هەموو ڕۆژێک هیوای خەڵک بە کەوتنی دامودەسگای سەددام زیادی دەکرد. لەو هەلومەرجەدا بوو لە شاری سلێمانی گفتوگۆی پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکەکان و شورا کرێکارییەکان کرا. ئەم دەستبردنە بۆ پێکهێنانی کۆمیتە و شورا لەژێر کاریگەریی شۆڕشی ئێران 1979دا بوو لە دروستبوونی کۆمیتەی گەڕەکەکان و شورا کرێکارییەکانی ئەوێوە ئیلهامیان وەرگرت، دوای تێکشکانی دامودەسگای (شا) و پێش هاتنە سەر کاری (خومەینی). کاتێک لە 29ی شوباتی 1991دا هێرشی زەوینی دەستی پێکرد و هێزەکانی عیراق مەجبوور بە پاشەکشێ کران، بەشێک لەو هێزە سەربازییە شکاوە دژ بە هێزەکانی سەددام وەستا و بەپێی زانیارییەکان ڕاپەڕین لە شاری بەسراوە دەستی پێکرد و بە پەلە شارەکانی تری عیراقی گرتەوە، وەکو کوت و عەممارە و ناسریە و سەماوە و نەجەف و کەربەلا و حلە و موسەیب. بەرپابوونی شۆڕشێکی گەلی لە عیراقدا دواکارێک بوو کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانویست ڕوو بدات. ئەوان دەیانویست پارتیی بەعس لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و خوازیاری ئینقلابێک بوون لە سەرەوە ڕوو بدات، هەربۆیە هێرشی زەوییان بەرەو بەغداد وەستان و بە تەیارەی جەنگی و هەلیکۆپتەرەوە کەوتنە وێزەی سوپا هەڵاتووەکەی عیراق و قەسابخانەیەکیان دروست کرد. هێزە سەربازییەکەی سەددام (گاردی جمهوری) هیچ زەڕبەیەکی نەخوارد و هەروا ماوەیە و هەربۆیە هەڵچوون و ڕاپەڕینەکانی خوارووی عیراق وا بە ئاسانی تێکشکێنرا. بەپێی زانیارییەکی زۆر نزیک بە 100000 سەربازی عیراقی کوژراون لە ڕۆژەکانی دوای جەنگی خەلیجدا. ئەگەر ئەم ڕاپەڕینە سەر بکەوتایە لە دنیای عەرەبدا بڵاو دەبووە و ئەمەش کارەساتێکی گەورە دەبوو بۆ ئەمریکا و لەگەڵ نەزمە نوێیەکەیدا نەدەهاتەوە. کاتێک کە جەماوەری خوارووی عیراق ڕاپەڕی، زۆر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان چەکدار کرد و خۆیان ئامادە کرد بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە. زۆر لە شارەکانی کوردستان ڕزگاری بوو بێ ئەوەی هێزەکانی سەددام بەرهەڵستییەکی ئەوتۆ بکەن. لە 7ی مارسدا لە شاری سلێمانی قورسترین شەڕ ڕووی دا لە دائیرە سەرەکییەکەی ئەمن (ئاسایش)ی دەوڵەت لە گەڕەکی عەقاری. ئەم دائیرەیە لە 24 سەعاتدا گیرا. لە 10ی مارسدا لە 3 سەعاتدا شاری هەولێر ڕزگاری بوو. شارە نەوتییەکەش، کەرکووک، لە 20ی مارسدا ئازاد کرا.

بزووتنەوەی شورایی لە شاری سلێمانی:
چەند ڕۆژێک پێش ئازادکردنی سلێمانی، هێزەکانی ئەمنی دەوڵەتی ڕایانگەیاند کە هەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە ئیعدام دەکرێت و ماڵەکەشی تێک دەدرێت.
ئەمەش لە واقیعدا ئیشارەتێک بوو بۆ سوپا و پۆلیس کە تا چ ڕادەیەک توانای تەسەروفاتیان هەیە، مەبەست لەم هەڕەشەیە ڕێگرتن بوو لەوەی هیچ بەشێک لە دامودەسگای دەوڵەت خۆی بە ڕاپەڕینەوە ببەستێتەوە. لە بەیانیی 7ی مارسی 1991دا هەموو شتێک خۆبەخۆیی (عەفەوی) ڕووی دا، ئەوانەی کە لایەنگری بەرەی کوردستانیان دەکرد لە ماڵەوە مانەوە، گوێیان لە دەستووری کارکردن دەگرت لە ڕێگای ئیستگەکانی ڕادیۆوە، و لە هەمان کاتێشدا گرووپی بچووک بچووک لە کاتژمێر 7-8ی بەیاندا دەستیان کرد بە جموجووڵ لە جادەکانی شاردا و بە دەنگی بەرز دروشمیان دەوت.
ئەم گرووپانە تا دەهات گەورەتر دەبوون بەوەی زۆر لە پیاوان و ژنان و منداڵان پەیوەندییان پێوە دەکردن و هەر ئەم گرووپانەش بوون دەستیان دایە چەککۆکردنەوە لە گەڕەکەکاندا و هێرشیان بردە سەر بیاناکانی دەستەڵاتدارە دەوڵەتییەکان لە شاری سلێمانیدا، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا شار کەوتە ژێر دەستەڵاتی خەڵکی چەکدارەوە. لە 8ی مارسدا بە هەزارەها کەس بەشداری خۆپێشاندانێکی گەورەیان کرد لە جادەکانی شاردا و ئەم لافیتانەیان بەرز کردبۆوە: ”شۆڕشگێڕان، شۆڕشی خۆتان دامەزرێنن”، ژنان بەشێکی گرنگی شۆڕشن”، ”بۆ پێشەوە بەرەو مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کورد” و ڕاپەڕینەکە هەموو ژنان و پیاوان و منداڵانی سیاسی کردبوو.
لە هەموو گەڕەک و کارگەکانی سلێمانیدا شوراکان پێک هاتن و زۆربەی شوراکان وەک کۆمیتەی گەڕەکەکان کاریان دەکرد. خەڵک لە شوێنی ژیانیدا خۆی ڕێکخستبوو. شورا کرێکارییەکانیش لە جێگای کاردا دەرکەوتن. بەشێک لەو خەڵکانەی کە لە پێش هەموو لایەک خۆیان ڕێکخستبوو گرووپی عینایەی تەندروستی موتەحەڕیکیان پێ دەوتن، کە هەر زوو خوێیان کۆ کردەوە و دەیاندایە بریندارەکانی شەڕ. هەروەها کارەبا و ئاوی شارەکەیان چاک کردەوە، کە بە هۆی شەڕەوە ماوەیەک بوو تێک چووبوو.
لە دەوروبەری 12ی مارسدا دوو نوێنەری شورای سلێمانی نێردران بۆ هەولێر بۆ دیعایەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیە و لە پێناوی ئەوەی تەنها لە سلێمانیدا گۆشەگیر نەبێت. لە شاری هەولێر لە سێ ڕۆژدا پێنج کۆبوونەوە کرا. کە بە هۆیانەوە 35 شورا پێکهات و لە دواییدا ژمارەی شوراکان بوون بە 42 شورا. لەناو هەموو شورایەکدا چەند کۆمیتەیەک، یاخود چەند گرووپێک لە هەڵسوڕاو، هەبوون، کە بەرپرسیارێتی جیاوازیان لە گەڕەکەکاندا خستبۆ ئەستۆی خۆیان. بۆ نموونە، گرووپی دابەشکردن خواردن، چاودێریی تەندروست، ئێستگەی ڕادیۆ و ڕۆژنامەدەرکردن و دەستەی چەکدار بۆ پارێزگاریکردنی ڕاپەڕین و…هتد. بزووتنەوەی شورایی خۆی چەکدار کردبوو بۆ خۆپاراستن لە هەموو پەلاماردان و دەستدرێژییەک کە لە دەرەوە دەکرانە سەری. کاتێک سەددام حسێن هێزی سەربازی نارد بۆ هەندێک شوێنی کوردستان، کۆمیتەی گەڕەکەکان لە سلێمانی چەکداری خۆیان نارد بۆ کەلار و هێزێکی سیمبولیشیان لە 80 پێشمەرگە پێکهاتبوو نارد بۆ کەرکووک بۆ یارمەتیدانی ڕاپەڕیوانی ئەوێ.

ناکۆکی نێوان شورا و بەرەی کوردستانی:
لە بەیانیی 8ی مارسدا هێزێکی یەکێتیی کە 200 چەکدار دەبوو خۆی کرد بە سلێمانیدا، کاتێک ئەوان هاتنە شارەوە و بێ ئەوەی بزانن شار ئازاد کرابوو. لە 9ی مارسدا هێزەکانی بەرەی کوردستانی هاتنە سلێمانییەوە و 12ی مارس دەستیان کرد بە پەلاماردانی بزووتنەوەی شورایی. بەرەی کوردستانی لە چەند پارتییەک پێکهاتبوو؛ یەکێتی و پارتی کە دوو پێکهێنەری بنچینەیی بەرەی کوردستانین تەرکیبی عەشایرییان هەیە و قاعیدە کۆمەڵایەتییەکەشیان لەسەر هاوکاریی عەشایری ڕاوەستاوە. لە 16ی مارسدا کە ڕۆژی بیرەوەریی هەڵەبجە بوو شورای گەورە و بەرەی کوردستانی خۆپێشاندانیان ڕێکخست.
لە 17ی مارسدا بەرزترین دەستەڵاتداریی شورایی لە سلێمانی دامەزرا. ئەم دەستەڵاتە باڵایە هەر خۆی بە تەنیا بڕیاری نەدەدا، بەڵکو پێشنیازی دەخستە بەردەم شوراکان و لەوێ قسەی لەسەر دەکرا و پاشان دەخرایە دەنگدانەوە. لە 18ی مارسدا بەرەی کوردستانی هەموو شوراکانی بە غەیرەقانوونی لە قەڵەم دا و داوای هەڵوەشاندنەوەی کردن. دوای 9 ڕۆژ لە جێگیربوونی دەستەڵاتدارانی بەرەی کوردستانی لە شاردا، داوای حەلبوونی هەموو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانی کرد و وتیان دەبێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت. هۆی ئەم سەغڵەتبوونەشیان ترس بوو لە بزووتنەوەی شورایی و بوونی ئەو بزووتنەوەیەیان بە هەڕەشەیەک دەبینی کە لێیان دەکرێت. ”بەرە” دەیویست هەیکەلی ئیداریی شارەکە بینا بکاتەوە و مودیرە کۆنەکان بێنێتەوە کە شورا کرێکارییەکان لە گەڕیان خستبوون.
لە 20ی مارسدا خۆپێشاندانی دژ بە بەرەی کوردستانی ڕێکخرا لە جادەکانی سلێمانیدا. نەوشیروان کە دووەم کەسە لە یەکێتیدا و لێپرسراوی مەیلێکی چەپی ناو یەکێتی بوو لە ڕادیۆدا ڕایگەیاند کە کۆمیتەی گەڕەکەکان دەبێت تێک بشکێنرێت و وتبووی: ”دەبێت ئەو بزووتنەوەیە تێک بشکێنن کە ئاڵای سووری بەرز کردۆتەوە.” بەرە ئیستگەی ڕادیۆکەی بە کار دەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دژ بە کۆمیتەی گەڕەکەکان.
ناکۆکییەکان بە چارەسەرنەکراوی مانەوە تا لە 3ی نیساندا هێزەکانی سەددام گەڕانەوە کوردستان و شار کەوتەوە ژێر دەستەڵاتیان. بەرەی کوردستانی نەیدەوێرا چەکەکانی دژ بە کۆمیتەی گەڕەکەکان بەرز بکاتەوە، کۆمیتەکانیش سیاسەتێکی هاوبەشیان نەبوو لە بەرانبەردا. کاتێک کۆمیتەی گەڕەکەکان چەکداری خۆیان دەنارد بۆ شەڕ دژ بە هێزەکانی سەددام، بەرەی کوردستانی چەکی نەدەدانێ، لەجیاتیی ئەوە لێپرسراوی یەکێتی؛ جەلال تاڵەبانی، فڕی بۆ بەغدا. بۆ وتووێژکردن و ئەو وتووێژە ناونرا ”ماچەکانی بەغدا”، بە هۆی ئەوەوە تەلەفزیۆنی عیراقی ئەو وێنەیەی پێشان دابوو کە تاڵەبانی ڕوومەتەکانی سەددام ماچ دەکات.

باری ناوخۆیی کۆمیتەی گەڕەکەکان:
لەناوی کۆمیتەی گەڕەکەکاندا چەند بۆچوونێکی جیاواز هەبوو سەبارەت بە چۆنێتیی بردنەپێشەوەی کارەکانیان. زیرەکیی ئەوانە چۆنێتیی هەڵوێست و کارکردنیان بوو بەرانبەر بە پارتییەکانی ناو بەرەی کوردستانی. هەبوو دەیویست هێرش بکرێتە سەر ئەم پارتییانە و ئەو پارتییانەیان وەک دەستگای دەسەڵات دەبینی کە ویست و ئارەزووی جیا و تایبەت بە خۆی تەعقیب دەکات.
تێیدا بوو دەیویست وتووێژیان لەگەڵدا ساز بکرێت و ئیتیفاقیان لەگەڵدا بکرێت بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە دەستەڵاتداریی شورایی. زۆری تریان ڕای وا نەبوو کە بەرەی کوردستانی قاعیدەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە و بڕوایان وا بوو کە دەبێت بەرە فەرامۆش (ئیهمال) بکرێت. ئەم مەیلە مکافحە (Militanta) سوور بوو لەسەر ئەوەی کۆمیتەکان دەبێت وەکو دەستگایەی سەربەخۆی شۆڕشگێڕ کاری خۆی بکات. یەکێک تر لە ناکۆکییەکانی ناو شورا بوونی دوو مەیلی جیاواز بوو سەبارەت بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆمیتەکان، مەیلێک دەیانویست شوراکان تەنیا کارگەری بێت و مەیلێکی تر دەیانویست هەموو خەڵک ڕێک بخات، واتە شورای خەڵک بێت. نموونەیەک لە ناکۆکییە دەروونییەکانی تری کۆمیتەی گەڕەکەکان داخوازە سیاسییەکانیان بوو کە لەسەر ئەساسی حقوقی لیبرالی و دیموکراتیی بۆرژوازی بینا کرابوون و لە هەمان کاتدا پراکتیکیان شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بوو، دیار بوو کە مارکسیست لینینیستەکان لە پشت سەری ئەو داخوازییە دیموکراتییە بۆرژوازییانەوە ڕاوەستابوون. ئەوان مەبەستیان بەرپاکردنی شۆڕشێکی دیموکراتیی بۆرژوازی بوو و پاشان بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی. ئەم بۆچوونە ئەو ئەنجامەی لێ دەکەوێتەوە کە لەگەڵ هێزە بۆرژواکاندا بکەونە بەرەدروستکردنەوە. هاوڕێ ئەنارشیستەکانمان وایاندەبینی کە ڕووەو شاخ ڕۆیشتن تەکبیری هێزەکانی بەرەی کوردستانی بوو بۆ ئەوەی لە ڕووی فیزیکییەوە شورا لە ناو بەرێت و لەو ڕێگەیەوە بزووتنەوەی شورایی تێک بشکێنێت و دەیانوت دوو جۆرە لە بزووتنەوەی دژ بە یەک دروست بووە؛ کۆمیتەی گەڕەکەکان لە لایەک و بەرەی کوردستانی لە لایەکی تر. ئێمە لە سەرەتاوە زانیمان کە پارتییەکانی ناو بەرەی کوردستانی بەشێکی شۆڕشگێڕ نین لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە و ئەوانە دوژمنماننن. بەرەی کوردستانی دەستی بە دەوڵەتێکی نوێ کردووە. بەرەی کوردستانی هەوڵی دا جەنگی گەلی دژ بە حیزبی بەعس بوەستێنێت لە شاری کەرکووکدا، ئەوان بە خەڵکیان دەوت بڕۆنە ماڵەوە و نەزم ڕیعایەت بکەن، بەرەی کوردستانی چ کارێک پێویست بێت خۆی دەیکات.

سەددام دەستەڵاتی وەرگرتەوە:
لە 2ی نیساندا هێزەکانی سەددام لە شاری سلێمانی نزیک بوونەوە و دەستیان کرد بە قەسفکردنی شارەکە. شاری کەرکووک چەند ڕۆژێک پێشتر کەوتبووەوە ژێر دەستەڵاتی، لێپرسراوەکانی بەرەی کوردستانی هەر زوو ڕووەو ئێران ڕۆیشتن، بەڵام پێشمەرگەکانیان مانەوە و بیریان لەوە دەکردەوە کە بەرگری لە شارەکە بکەن. لە نیوەشەودا بوو جەلال تاڵەبانی لە ڕێگای ڕادیۆوە بە خەڵکی ڕاگەیاند شار بە جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە شاخ، ئەگەرنا وەک هەڵەبجە کیمیاباران دەکرێن.
کاتێک هێزەکانی سەددام، دوای 12 سەعات، چوونە ناو شارەوە لە 90%ی خەڵک چۆڵی کردبوو و ڕووی کردبووە شاخ و جادەکانیش پڕ بوون لە خەڵک کە ئەوانیش بە تەمای دەرچوون بوون. ئیعلامی جیهانی لە سەرەتادا گرنگییەکی زۆری دا بەوەی کە چێ دەگوزەرێت لە باکووری عیراق و لە (UN) پەیمانی دروستکردنی زۆنێکی ئەمنی دا بە کوردەکان، مەبەستی (UN) لەم زۆنە ئەمنییە نادیار بوو و هیچ مافێکی دابین نەکرد بۆ کوردەکانی عیراق. دوای دوو هەفتە خەڵک دەستی کرد بە گەڕانەوە لە شاخەکانەوە بەرەو شارەکان، لەو مانگانەی دواییدا بەرەی کوردستانی و سەددام حسێن دەستیان کرد بە وتووێژکردن. ئەمەش تاکتیک و یاریییەکی تری سەددام حسێن بوو کە ویستی وەخت بە سەر بەرێت.

ڕاپەڕینی تەمووز:
لە 18ی تەمووزدا جەماوەری ڕاپەڕیو لە ماوەی سەعاتێکدا شاری لە هێزەکانی سەددام حسێن پاک کردەوە، تەنها 11 دەبابەی شکاو نەبێت هیچ نەمایەوە. ڕۆژێک پێش ئەوەش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر ڕوویدابوو.
لە ڕاپەڕینەکەدا بەرەی کوردستانی بە سلێمانیدا گەڕا و بە موکەبەرە خەڵکیان ئاگادار کردەوە کە بچنەوە ماڵێ. لە 20ی تەمووزدا مارکسیست لینینیستەکان خۆپێشاندانیان ساز دا دژ بە بەرەی کوردستانی و ئەمەش بووە هۆی بەیەکدادانیان لەگەڵ بەرەدا. ڕۆژەکانی دوایی هەم مارکسیست لینینیستەکان و هەم بەرەی کوردستانی دەستیان دایە پێکهێنانی شورای سەر بە خۆیان، بەڵام هیچیان بۆ نەکرا و کەس بە دوایان نەکەوت. لە هاویندا شەڕ کەوتە نێوان پارتییەکانی ناو بەرەوە. پارتی و یەکێتی دژ بە پارتییەکی سۆسیال دیموکراتی بچووک جەنگان. ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی کوردستانی عیراقیان، یاخود وەک کوردەکان دەڵێن کوردستانی خواروویان، دابەش کردووە لەنێوان خۆیاندا. یەکێتی ناوچەکانی نزیک بە سنوور ئێرانی بە دەستەوەیە و فەرمانڕەوایی دەکات، پارتیش ناوچەکانی نزیک بە سنووری تورکیا.

کۆتاییەکەی:
بزووتنەوەی شورایی ڕاپەرینێکی کۆمەڵایەتی بوو، جەماوەرێکی زۆر تێیدا بەشدار بوو، بەڵام بزووتنەوەکە تەنها لە سلێمانی و هەولێر و کەرکووک گۆشەگیر بوو. لەم شارانەدا نزیک بە 96 شورا پێکهات. ڕاپەڕینە شەعبییەکەی سلێمانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بوو، هەموو کارگە گەورەکان و هەندێ شوێنی کاری تر لە لایەن کرێکارانەوە دەستی بەسەردا گیرا. بە هۆی شورا کرێکارییەکان و کۆبوونەوە فراوانەکانی کرێکارانەوە بە ڕێوە دەبرا.
لە خەستەخانەی شاردا ناکۆکی و ناتەباییەک پێش هات کاتێک دوکتۆرەکان دژ بە کەمکردنەوەی سەعاتی کار بوون. ئەم وەزعە شۆڕشگێڕانەیە کورت بوو، سێ هەفتەی خایاند و بە تەنها تەشەنەی کرد بۆ هەولێر و کەرکووک، لە هەولێر 42 شورا پێکهات و کەرکووکیش بە فعلی ڕزگاری نەبوو، لەم شارە دوو هەفتە شەڕ خایاندی و پاشان هێزەکانی سەددام گەڕانەوە. لە کەرکووکدا تەنها ٤ شورا پێکهات، لە شارەکانی موسڵ و دهۆک و زاخۆ تەنها شورایەکیش دانەمەزرا. لە مەیلە مارکسیست لینینیستەکانی سلێمانی چوار ڕێکخراویان لە ساڵی 1993دا یەکیان گرت و پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقیان پێکهێنا. ئەنارشیستەکانی سلێمانی لە دوای ڕاپەڕینەکەی 1991ەوە فەعالیەتیان نەکرد، دەیانوت قورسە کە کاریگەر بیت و فەعالیەت بکەیت لە وەزعی ئێستای کوردستانی خواروودا. ئینسان بە هۆی چەکەوە دەتوانێت فەعالیەتی خۆی بپارێزێت.
لەبەر ئەوەی هەم یەکێتی و هەم پارتی قەبووڵی ئەوە ناکەن لە لایەن گرووپی ترەوە مونافەە بکرێت جارجار یەک دەبینن و گفتوگۆی ئایدیۆلۆژی پێکەوە دەکەن و ئەمە هەموو شتێکیانە. ئەوان وەک ئەنارشیستە کلاسیکییەکان خۆیان پێناسە کرد و پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەنتی فێمێنیستیش بوون و زۆر مەیلی ئەوەیان هەبوو کە ئاگاداری بزووتنەوەی ئەنارشیستی بن لە جیهاندا. بە دڵخۆشییەوە دەتوانین بڵێین کە قسەوباسەکانمان کاریگەری هەبوو لەسەریان.

یەکێتیی بێکاران:
کاتێک کوردستان لەژێر دەستەڵاتی بەغداددا بوو هیچ ڕێکخراوەیەکی نەقابی ئازاد نەبوو. هەموو زەرد بوو و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بوو. کاتێک کوردستان کەوتە ژێر دەستی ئیدارەی کوردییەوە، کەوتە ژێر دەستی بەرەی کوردستانی و دوو حیزبە ئەسڵییەکەی ناوی حکوومەتی فیدرالییان دروست کرد، ئەوانیش هەمان نەقابەی کۆنترۆڵکراوی سەربەخۆیان هێنایە گۆڕێ. ئەم نەقابانەش زەردن هەروەک نەقابە زەردەکانی سەردەمی سەددام حسێن. لە کاتی سەفەرەکەماندا گوێمان لەوە دەبوو کە ئازادیی بزووتنەوەی نەقابی نییە. لە سلێمانی چاومان بە نوێنەرانی بزووتنەوەی نەقابی کەوت کە ئازادانە کاریان دەکرد. چاومان بە ئەندامانی یەکێتیی کرێکاران کەوت کە گەورەترین ڕێکخراوی فیدراسیۆنی ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکانە لە کوردستاندا. دروشمی یەکێتیی بێکاران (کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری)یە. بێکاری لەو ناوچەیەدا ڕێژەیەکی بەرزی هەیە، بە دەقیقی ژمارەکەی دیار نییە. بەپێی زانیارییەک کە هەیە 70-80%ی خەڵک بێکارە، بەبێ ئەوەی کە بیمەی بێکاری هەبێت. لە بنکەکەیان کە لە کۆریدۆرێکی دانشگا کۆنەکەی سلێماندا بوو چاومان بە ئەکرەم مەحموود، جەبار موحسن و حسێن باپیر کەوت، کە نوێنەری ڕەسمی ڕێکخراوەکە بوون. جگە لەوان چەند ئەندامێکی ئاسایی ڕێکخراوەکەش ئامادە بوون. ئەکرەم مەحموود لە هەمووان زیاتر قسەی کرد. ئەکرەم لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو و ئاڵایەکی سووریشی بەسەر سەرەوە بوو. ئەندامەکانی تریش بە ڕیز بە درێژایی دیوارەکان دانیشتبوون.
لە توێی قسەکانیدا ئەکرەم وتی: ”ئێمە تەنها ڕێکخراوی سەربەخۆین کە بە واقعی دیفاع لە خواستی بێکاران دەکەین لە کوردستاندا و ئێمە دەمانەوێت بەشێک بین لە بزووتنەوەی بێکارانی دنیا. لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆگرامەکەماندا سوسیالیزمی تێدا نییە، بەڵام ئێمە بڕوامان بە کۆمەڵگایەکی بەرابەر هەیە.”

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق (IWCP)
فیدراسیۆن نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقدا هەیە. کاتێک سەبارەت بەو پەیوەندییە پرسیارمان لێکردن، ئەوان حاشایان لێ دەکرد و دەیانوت ئەوە دوژمنانمانن کە ئێمە بە بەشێک لەو حیزبە دادەنێن.
پەیوەندیی ڕێکوپێک هەبێت یان نەبێت لەنێوانیاندا، ئەوە هەر هەمان ئەندام چالاکەکانن کە لە هەردوو لا کار دەکەن. کاتێک گەڕاینەوە بۆ سوید بیستمان کە یەکێتی بێکاران بوون بە دوو بەشەوە، هۆی جیابوونەوەشیان لەسەر چۆنێتی و نزیکایەتی بووە بە پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە.
(IWCP) پارتییەکی مارکسیست لینینیستییە، ئەساسێکی سۆسیالیستی بەتوانای هەیە، لە نەتیجەی یەکگرتنی چوار ڕێکخراوی کۆمۆنیستییەوە لە ساڵی 1993دا دروست بوە. گەورەکەیان ڕەوتی کۆمۆنیست بووە کە لە سلێمانی لە کۆتایی هەشتاکانەوە کاری سیاسی دەکرد و ئیلهامی لە شۆڕشی ئێرانەوە وەرگرتبوو لە کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکانەوە. ئەم حیزبە کۆمۆنیستییە کۆمیتەی نوێنەرایەتی هیە لە سوید و لەگەڵ پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێراندا هاوکاری هەیە.

بزووتنەوەیەکی نەقابی ڕاستەوخۆ دیموکراتییانە:
دروستبوونی یەکێتیی بێکاران هەروەک پارتیی دایک (IWCP) بە هۆی ئیلهامێکەوە بوو کە لە بزووتنەوەی شورایی سلێمانی و کەرکووک لە 1991دا وەریگرتبوو و بە هۆی فکرەی بزووتنەوەیەکی نەقابیی ئازاد و ڕاستەوخۆ دیموکراتییانە بوو. لیژنەی باڵای یەکێتیی بێکاران ڕاستەوخۆ دیموکراتییانە لە لایەن ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێت. هەر خۆیان دەڵێن لیژنەی باڵا ئۆرگانێکی بڕیاردەر نییە، بەڵکو هەماهەنگکەرە، بەڵام چەند سەڵاحییەتێکی بڕیاردانیشی هەبوو.
یەکێتیی بێکاران نوێنەرایەتیی خۆی هەڵدەبژارد بۆ لیژنەی باڵای فیدراسیۆنی کرێکاران لە کوردستان، هەر لەناو فیدراسیۆندا ڕێکخراوی کرێکاران و کارمەندانی بەشی خەستەخانەکان، ڕێکخراوی کرێکارنی بەشی چیمەنتۆ، ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی، ڕێکخراوی کرێکارانی کارگە ئەهلییەکان، هەروەها ڕێکخراوی کرێکارانی پۆست و هاتوچۆ ئەندامن. هەر خۆیان دەڵێن فیدراسیۆن 30000 تا 40000 ئەندامی هەیە، لەنێوانیاندا 20000 تا 25000 لە یەکێتیی بێکاراندان. بەڵام هەندێکی تر ڕایان وایە کە ژمارەی ئەندامانی فیدراسیۆن ئەوەندە نابێت و زێدەڕۆیی تێدا کراوە. گرنگترین باس بیمەی بێکارییە.
ئەکرەم مەحموود دەیوت پارە لە کوردستاندا هەیە، گەورەترین دەرامەتیش لە گومرگەکەی ”برایم خەلیل”ەوە دێت، کە سەیارەی گەورە هەموو پارە دەدات بەرانبەر بەوەی بەنزین دەبەن بۆ تورکیا لە عیراقەوە، لە ڕێگای کوردستانەوە، 8 ملیۆن دۆلار دەرامەتی ئەو گومرگەیە لە مانگێکدا. 70%ی ئەو دەرامەتە حیزبەکان دەیبەن و 30%ی بۆ کۆمەڵ بە کاری دەهێنن. ئەمە یەکێتی و پارتی خۆیان بە ئاشکرا دەیڵێن و کاتێک ئێمەی بێکاران داوای بیمەی بیکاری دەکەین ئەوان پێمان دەڵێن حکوومەتەکەیان ساوایە، دیموکراتییەکی هەژارە. یەکێتیی بێکاران بە شێوەی کلاسیکی کار دەکات، لە ڕێگای کۆبوونەوە و خۆپێشاندان و پەیوەندیکردن بە دامەزراوەکانەوە. ئەمان هەوڵ دەدەن کاریگەر بن و خۆیان ژیان ڕێک بخەن. هەوڵ دەدەن مانگرتن بە ڕێ بخەن لە جێگای کاردا، وەکو نموونە مانگرتنی دوکتۆرەکانی هێنایەوە کە چەند مانگێک لەمەوبەر بەڕێوەبرا و ئەوە بۆ ئێمە دیار نەبوو کە ئایا فیدراسیۆن ئەو مانگرتنەی بەڕێخستووە یان نا، بەهەرحاڵ پشتگیریی ئەو مانگرتنانەی کرد. مانگرتووەکان داوای کرێیەکی بەرز و هەقی خۆڕێکخستن و هێنانی دەرمانیان دەکرد و داوای دروستکردی کۆمیتەیەکی دەوڵەتییان کرد کە تەحقیق لەو دزییانە بکات کە لە خەستەخانەکاندا کرابوون، کە ئەمە گیروگرفتێکی گەورەی دروست کردووە.
نوێنەرە ڕەسمییەکانی یەکێتیی بێکاران باسی هاتنەپێشەوەی 1ی ئایاریان دەکرد و کۆمەڵێک داواکارییان هەبوو لەو ڕۆژەدا بەرزی بکەنەوە، وەکو:
1- دەرکردنی کرێکاران قەدەغەیە.
2- بەرزکردەنوەی کرێ.
3- بیمەی بێکاری.
4- چارەسەرکردنی گیروگرفتی بێخانوویی.
5- لابردنی حەساری ئابووریی UN.
6- ئازادیی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە.
یەکێتیی بێکاران تا ڕادەیەک ناقانوونییە لە کوردستانی خواروودا، سەرکوت و زەغتیان زۆر لەسەرە. ئەوان باسی ئەوەیان دەکرد کە چۆن خۆپێشاندانیان لێ قەدەغە کراوە، یاخود بە هۆی خۆپێشاندانەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ گیراوە. نەزیر عومەر عەلی یەکێک بووە لە هاوڕێیانی ئەوان، ڕفێنرا و پاشان لاشە سووتێنراوەکەی دۆزرایەوە و ژمارەیەکی تریش لە ئەندامانیان بۆ ماوەیەکی درێژ زیندانی کرابوون.
یەکێتیی بێکاران کەمپینێکی ساز دا بۆ بەرگریکردن لەو کەسانەی کە بێ خانوو و لانەن و زەوییە بێتاپۆکانیان داگیر کردبوو. لە سلێمانی پێنج هەزار تا شەش هەزار خانوو دروست کرابوون لە لایەن هەم ئاوارەکانی کەرکووک و شوێنەکانی ترەوە کە لەژێر دەستەڵاتی بەعسدان و هەم کەسانێکیش کە شوێنێکیان نەبووە تێیاندا بژین، بەپێی زانیارییەکان 300000 هەزار ئاوارە هەیە لە کوردستانی خواروودا. ساڵی ڕابوردوو دەستگاکانی دەوڵەت بڕیاری ڕووخاندنی ئەو خانووە بێتاپۆیانەیان دا و بە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر دژایەتییان کرد ڕووخانەکەیان دواخست. کاتێک کە نوێنەرانی خانووە بێتاپۆکان پەیوەندییان بە دامودەسگاکانی حکوومەتەوە کرد بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکەیان، ئەو دامودەسگایانە لێیان گرتن. یەکێتیی بێکاران داوای لانەچوونی خەڵکی کرد لەو خانووە بێتاپۆیانەدا، تا کاتێک بەرپرسیارانی دەوڵەتی جێگا و شوێنیان بۆ دابین دەکەن. لە 1ی ئەیلوولی 1994دا چەند سەد کەسێک بەشداری تێدا کردبوو. چەکدارەکانی یەکێتی تەقەیان لە خەڵک کرد و ئەندامێکی یەکێتیی بێکاران بە ناوی بەکر عەلی بە گولـلە بریندار کرا و دوایی دوور خرایەوە و بە دەستی هێزە تایبەتەکانی یەکێتی تێرۆر کرا.
کاتێک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئیدانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کرد لە کوردستاندا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و یەکێتیی بێکاران لەنێوان ئەو ڕێکخراوانەدا بوون کە بە قورسی لەژێر زەغت و سەرکوتکردندا بوون. بزووتنەوەی بێکاران لە سلێمانی و هەولێری پایتەختدا بەهێزە. لە سلێمانی کە یەکێتی دەستەڵاتی بە دەستەوەیە.

بڕوا بە کوردستانێکی ئازاد مەکە:
شتێک کە پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و یەکێتیی بێکاران لە هەموو چەپەکانی کوردستان جیا دەکاتەوە هەڵوێستیانە بەرانبەر بە ناسیونالیزم. ئەوان بۆ کوردستانێکی ئازاد تێ ناکۆشن. ئەوان یەکێتی و پارتی بە ناسیونالیست ناو دەبەن و پێیان وایە هەم یەکێتی و هەم پارتی شیلەی گیانی کرێکاران دەمژن، ئیتر ئەو کرێکارانە عیراقی بن یان لە نەتەوەیەکی تر بن و دەڵێن ئەوان هەر ئێستا لە کوردستانێکی ئازادی نەتەوەییدا دەژین، بەڵام ئازادی لەو کۆمەڵگایەدا بەرقەرار نییە و کوردستان ئازاد نابێت ئەگەر کرێکاران ئازاد نەبن. ڕاشیان وایە کە ئەو ناسیونالیزمە کە لە چەپەوە ئاڕاستە دەکرێت وەکو PKK هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا نییە و زەحمەتیشە زەغت و چەوسانەوەی نەژادی لەسەر کوردستان ببینی. ئەوان بۆ عیراقێک تێدەکۆشن کە تێیدا کوردەکان مافی بەکارهێنانی زمانی کوردییان هەبێت و بە ئاشکرا دەڵێن کە نایانەوێت لەگەڵ عیراقی سەددام حسێندا یەک بگرن. بە گشتی بڵێین حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق (IWCP) ڕادیکاڵترین سوسیالیزمە لە کوردستانی خواروودا، هەروەها بەرنامەیەکی ئازادانەیان هەیە. بەڵام ئێمە خەڵکانی ترمان بینی کە دەیانوت ئەوە خۆیان بە خۆیان دەڵێن دیموکراتی ڕاستەوخۆ، ئەگەرنا ئەوانە هەر کۆمەڵێکی کەمن. بۆ ئێمە زەحمەت بوو کە لە تاکتیکەکانیان بگەین و کە هەردەم حیزبی دایک لە پشت ڕێکخراوەکانەوە خۆی حەشار دەدات. ئەمە نفوزکی سادقانە نادات بە دەستەوە. ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکەی کوردستان لیسی شمیدت LISSY SCHMIDT کە لە مایسی 1994دا لە کوردستان تێرۆر کرا، وێنەیەکی تەواو دەدات لەسەر یەکێتیی بێکاران لە دواکتێبیدا WIETEUER IST FIE FREIHEIT? چەند ئازادی گرانە؟ لیسی نووسیویەتی یەکێتیی بێکاران هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەیەکی گەورە دەگێڕێت، هەموو بێکارێک دەتوانێت بەشداری بکات و قسەی خۆی بکات. ئەندامەکانی هەوڵیان دەدا ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ڕێکخراوەکەیان نە دائیرەی کارە و نە جەمعییەی سواڵکردنیشە. یەکێک لەوانەی کە موقابەلە کرابوو دەیوت ئێمە ئیشمان دەوێت، نەک تەنگدەستی و نەبوونی. بەڵام دانی بەوەشدا دەنا کە چەندە زەحمەتە وەڵامی ئەە وەربگریت کە ئەوان چۆن لە فکرەی ئۆرگان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبردن دەگەن.
هەر ئەو خەڵکانەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەیانوت بەڵێ بەڵێ بۆش و ئیحتیفالاتیان بۆ UN دەگێڕا، ئێستا زۆر زۆر بێئومێد بوون، بۆچوونی لەوەی کەس دەستی یارمەتی بۆ کورد ڕاناکێشێت ڕووەو زیادبوون دەڕوات.
”لیسی” لە قسەکەرێکی یەکێتیی بێکاران دەپرسێت کە ئایا شانسی توانایی خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردن هەیە لە کوردستاندا، قسەکەرەکە دەڵێت لەوانەیە پرسیارەکە لەوەدا بێت کە ئایا ئێمە بە ئەندازەی کافی دەتوانین زەغت بکەینە سەر هەم هێزە سیاسییەکانی ناوەوە و هەم هێزە نێونەتەوەییەکان. کاتێک کە گەڕاینەوە سوید بیستمان لە (IWCP) لەم مانگانەی دوایی شەڕ و ئەزمەدا دەستی کردۆتە پێکهێنانەوەی سیستەمی شورایی و کۆمیتەی گەڕەکەکان، بەڵام ئایا ئەمانە سەرکەوتوو دەبن یاخود نا، ئەوە مێژوو تا ئێستا تۆماری نەکردووە. لەوانەشە سەرکەوتوو بن.

کوشتنی ژنان و ”سەرپێچیی بێئەخلاقانە”

زۆر زەحمەتە بزانرێت ژنان لە کوردستاندا چۆن ژیان بە سەر دەبەن. ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ناوچەکەوە دێن، بۆ نموونە لە ڕێکخراوەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ڕۆژنامەنووسەکانەوە، بەشێکی زۆری لەسەر پیاو دەڕۆن. زۆربەی ئەو ڕێکخراو و پارتییانەی کە ئێمە لێمان بینین هیچ زانیارییەکیان لەسەر بارودۆخی تایبەتی ژنان نەبوو. ئەم موقابەلە لەگەڵ 3 ژندا کە هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانن WIO کە بۆ ماف و داخوازیی ژنان تێدەکۆشن لە عیراقدا. یەکێک لەوانە ”بەهرە”یە کە لە ستۆکهۆڵم موقابەلەمان کرد. بەهرە زەواجی بە کوڕێکی کورد کردووە کە جنسییەی سویدی هەیە و لە مانگی کانوونی دووەمی 1995دا هاتووە بۆ سوید. بەهرە وتی کاتێک چووینە مەحکەمە، وتیان دەبێت وەلی ئەمرت ئامادە بێت تا قازی بڕیار لەسەر مارەبڕییەکە بدات، ئەگەرنا نابێت. من 30 ساڵم و مێردەکەم 40 ساڵە، ئەمە یاسایەکی کۆنە و چەندەها ساڵە تەتبیق ناکرێت. بەڵام دوای 1991 زۆر لەم جۆرە یاسانە زیندوو کراونەتەوە و بە کار دەهێنرێن. هەروەها ڕای وایە کە زیادبوونی نفوزی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڕەشەیەکی گەورەیە لە ژنان دەکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کچی گەنج دەستی کردووە بە حیجاببەستن، هەروەها شێوەی چەوساندنەوەی کۆنی ژنان جارێکی تر زیندوو کراوەتەوە. کچی گەنج زوو بە شوو دەدرێت لە لادێکاندا، یاسا ڕێگا بەم بەشوودانەیان دەدات هەر لە تەمەنی 15 ساڵیەوە. کەس پرسیار لە حەز و ئارەزووی کچەکان ناکات. ژنان ناتوان داوای جیابوونەوە بکەن. ئەمە مافێکە تەنها پیاو هەیەتی.

ڕەشەکوژیی ژنان
دوو هەڵسوڕاوی تری ڕێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان، ”شلێر” و ”شەوبۆ”، سەبارەت بە ڕەشەکوژیی ژنان قسەیان کرد. دەیانوت کاتێک پیاوێکی لای خۆیەوە تەسەور دەکات ژنەکەی کارێکی ناشیاوی کردووە لە ڕووی جنسییەوە یا دایکێکی خراپە بۆ منداڵەکان یان چاوی لە پیاوێکی ترە، ئەگەر ژنێک سەرپێچی بکات، ئەوا مێرد و باوک و برا یاخود ئامۆز بە واجبی خۆیان دەزانن ژنەکە بکوژن بۆ بەرزڕاگرتنی شەرەفی خێزان، کەس لە خێزان و عەشیرەتەکەدا ئەو قاتیلە ناخاتە ژێر پرسیارەوە. ”شاناز” دەیگوت وەزیفەی ڕێکخراوەکەمان لە پێش هەموو شتێکدا ڕاگرتنی ئەم تێرۆرەیە.
تەنها لە هەولێردا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیک بە ملیۆنێک دەبێت 575 ژن لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا، لە 1991 تا 1993، کوژراون بەپێی ئەو ژمارانەی کە دەست WIO کەوتوون، ڕێکخراوەکە کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی ناو و زانیاریی تر لەسەر ئەو ژنە کوژراوانە. کارەکان زۆر هێواش دەچنە پێشەوە بە هۆی چەند هۆیەکەوە شەبەکەی تەلەفیزیۆن لەنێوان شار و شارۆچکەکاندا نییە. سەفەر لەنێوانی شار و شارۆچکەکاندا گرانە و بۆ هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوە زۆر قورسە و هاتوچۆ بە هۆی تەفتیش و کۆنترۆڵکردنی ڕێگاوبانەکانەوە. ئەو ئیحسایاتانەی کە هەبوون کەموکوڕییان تێدا بوو، هەربۆیە نەیاندەتوانی بە وردی بڵێن. خەستەخانەی جمهوری لە هەولێر ئیحسایەکی کۆ کردۆتەوە بە ژنە کوژراوەکان و سەبارەت بەو ژنانەش کە هەوڵی کوشتنیان دراوە و بەڵام نەمردوون. لە ساڵی 1992دا 160 ژنی کوژراویان هێناوە بۆ خەستەخانەکە، نیوەی ئەو ژنانە بە فیشەک کوژراون، نیوەکەی تر بە چەقۆ کوژراون یان خنکێنراون.
لە بەشی سووتای (حروق) لەو خەستەخانەیەدا زۆر ژنی لێ بوو خۆی سووتاندبوو بۆ ئەوەی بمرێت. لەنیوان 1ی مایسی 1992 تا 10ی مایسی 1993دا 280 ژنی سووتاویان هێنابوو بۆ ئەو بەشە، 100 ژن لەو ژنە سووتاوانە کە برینەکەیان سەخت بوو حروق و 110 ژنیش خزم و ناسیاوەکانیان هاتن و بردیاننەوە. لەبەر ئەوەی شەرم بوو بۆ ئەوان کە ژنێک لەناو خێزانەکەیاندا ویستویەتی خۆی بکوژێت و نەیاندەویست بە مانەوەی لە خەستەخانەکاندا زیاتر خەڵک پێیان بزانێت، هەربۆیە دەیانهێنانە دەرەوە و لە ماڵەوە ئەو ژنانە وەک پێویست چارەسەر نەدەکران و دەمردن.
لە کوردستانی عیراقدا ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێت، دەگێرێت و تەحقیقی لێ دەکرێت، بەڵام لە بەردەم دادگادا بکوژەکە پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە دەڵێت ئەگەر پیاوێک ژنی یاخود دایکی یاخود خوشکی یان ئامۆزای خۆی بکوژێت لەسەر ئەساسی ”سەرپێچیی ئەخلاقانە” ئەوا لە سێ ساڵ زیاتر ناگیرێت. ئەم یاسایانەش لە شەریعەتی ئیسلامییەوە وەرگیراون و حکوومەتی عیراقی بە کار دەهێنان و ئێستاش یەکێتی و پارتی لە کوردستان پیادەی دەکەن، ئەگەرنا وەکو تر ئەگەر یەکێک یەکێک بکوژێت ئەوا 15 تا 20 ساڵ زیندانی دەرکێت. ئەو دوو سێ ساڵەش کە حوکم دەدرێن هەر لەسەر کاغەزە، ئەگەرنا لە واقیعدا تەنفیز ناکرێت، لەبەر ئەوەی سزای ئەم جۆرە تێرۆرانە دەتوانین بڵێین هەرگیز جێبەجێ ناکرێت.

خزمان یارمەتی قاتیلەکان دەدەن
لە 1991دا تێرۆرکردنی ژنان بەرجەستەتر و زیادی کردووە و لە ساڵی 1993دا ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان پێکهات. ئەم ڕێکخراوە سێ سمیناری درێژی لەسەر تێرۆرکردنی ژنان گرتووە، کە خەڵکێکی زۆر ئامادەی بووبوون. لە هەولێر و سلێمانی 2000 کەس هاتبوون، لە کۆیە 300 کەس. لە سمینارەکەدا ئەو ژنانەی کە هەوڵی تێرۆرکردنیان درابوو و نەمردبوون سەبارەت بە حاڵەتەکانی خۆیان قسەیان کردبوو. ژنێک چووبووە لای ئەندامانی WIO باسی ئەوەی بۆ کردبوون کە باوکی فرسەتی ئەوەی پێ دابوو کە لە ساڵۆنێکی قژبڕین ئیش بکات، بەڵام پیاوانی تری سەر بە خێزانەکەیان قەبووڵیان نەکردبوو و شەش تا حەت گولـلەیان پێوە نابوو، کچەکە نەمردبوو و ڕایکردبوو.
گوێمان لە زۆر بەسەرهاتی تر گرتووە کە چۆن ژنان ڕادەکەنە ماڵی خزمانیان بۆ خۆشاردنەوە، بەڵام ەهر ئەو خزمانە مێردی ئەو ژنانەیان ئاگادار کردووە و ئەوانیش هاتوون و کوشتوویانن و زۆر لە ژنان لەژێر زەغت و لێداندا ڕاناکەن و چەوسێنەرەکەی جێ ناهێڵێت. ”شلێر” ئەوەی ڕوون کردەوە کە زۆر لە ژنانی کوردستانی عیراق هەست ناکەن کە هەمان قیمەتیان هەیە وەکو پیاوان. ئەوان وا پەروەردە کراون کە ئیتاعەتی مێرد و باوک و براکانیان بکەن. ژنان وا خۆیان ڕاهێناوە کە قیمەتیی ئینسانیان نییە. زۆر لە ژنانی کوردستان و عیراق بە هەقی خۆیان نازانن کە لە مێردەکەنیان جیا ببنەوە، هەرچەندیش بە دەستیانەوە بناڵێنن. ئەوان خۆیان بە موڵکی مێردەکانیان دەزانن. شلێر دەیوت کاتێک کەوا هەموو شتەکان دەخرێنە ملی ژنان، ئەو کات ئەوە پیاوان نین کە ئازاری ژنەکانیان دەدەن و زوڵمیان لێ دەکەن، بەڵکو ئەوە ژنانن نازانن دروست مامەڵەی پیاوەکانیان بکەن.

زیادبوونی ناڕەزایەتی PROTEST
کاتێک کە دوو مانگ لەمەوبەر ”بەهرە”م بینی لە ستوکۆهۆڵم باسی لە زیادبوونی ئیحساساتی ناڕەزایەتی دەکرد لەناو ژناندا و وتی وەزیفەی ڕێکخراوەکەیە کە خەبات بکات و تێبکۆشێت تا ژنان ئەو ئیحساساتانە بە جدەی وەربگرن و بیکەنە قسەوباس لەناو خۆیاندا، هەرچەند دیدێکی پێشینە هەیە کە دەرفەت بە ژنان نادات خۆیان تێکەڵ بە سیاسەت بکەن.
WIO دەعوەتی زۆر لە ڕێکخراوەکانی تری ژنانی کرد کە بەشداری بکەن لە سمینارەکاندا و لەناو ئەوانەشدا هەردوو ڕێکخراوەی (ژنان) و (ئافرەتان)یان کرد کە سەر بە دوو حیزبە دەستەڵادارەکە (یەکێتی) و (پارتی) بوون، بەڵام زۆربەی ئەو پارتییە سیاسییانە و ئەو ڕێکخراوە ژنانەی کە سەر بەوانن دژ بە ڕەشەکوژیی ژنان خەبات ناکەن. ژنانی سەر بە KDP ڕایانگەیاندووە کە ئەو ژنە کوژراوانە خۆیان خراپ بوون و لەگەڵ بەعسدا دەستیان تێکەڵاو کردبوو. شلێر دەیوت لە ئەنفالەکانی 1998دا کە زیاد لە 4000 دێ لە باکووری عیراق تەخت کران، زۆر لە ژنان و کچی گەنج بێ بەخێوکەر مانەوە، باوکەکان و پیاوەکانیان گیران و بێسەروشوێن کران. زۆر لەو ژنانە کەوتبوونە حاڵەتێکەوە کە یا لەشی خۆیان بفرۆش یا لە برساندا بمرن. ئەو پیاوانەی کە کڕیاری ئەم لەشفرۆشتنەش بوون لەناو هێزەکانی سەددامدا خۆیان دەبینیەوە.
شلێر و شەوبۆ ڕایان وایە کە ئەوە هەڵەیە سەرزەنشی ئەو ژنانە بکرێت بەوەی پەیوەندییان بە بەعسەوە هەبووە. ئەوان لەشفرۆشتن بە یارمەتیدانی بەعس نازانن، بەڵکو بە ئیستغلالکردنی وەزعی ژنانی لە قەڵەم دەدەن. سیاسەتی ئەو حیزبانە بەرانبەر بە لەشفرۆشیی ژنان وا بووە کە ئەو ژنانە یارمەتدەری بەعس بوون و هاوکاری هێزەکانی سەددامیان کردووە. هەر بەم بەهانەیەش ئەوان تەئیدی تێرۆرکردنی ئەم ژنانەیان کردووە.

ژنان مەحکوم مەکەن:
شلێر دەیوت ئێمە بڕوامان وایە ئەو ژنانەی کە لەشی خۆیان دەفرۆشن و کڕیارەکانیان هەر کەسێک بن، کەس هەقی ئەوەی نییە بیانکوژێت. WIO بڕوای وایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عیراق بەرپرسیارە لە بەردەوامبوونی کوشتنی ژنان. ئەو حیزبە سیاسییانەی کە سەرزەنشتی ژنان دەکەن و بە خراپ لە قەڵەمیان دەدەن، خۆیان بەرپرسن بەرانبەر بە ژنانێک یان کچانێکی گەنج کە لەشی خۆیان دەفرۆشن. لەشفرۆشتن لە زۆر جێگای ئەو وڵاتە هەژارەدا ڕووەو زیادبوون دەڕوات. هەروەها شەوبۆ دەڵێت ئەوە بەرپرسیارێتیی ڕێژیمە کە ئیمکانیاتی ئابووری فەراهەم بکات بۆ هەموو کەسێک. WIO لە ئەساسدا کار دەکات بۆ ئەوەی ژنان قیمەتیی ئینسانیی خۆیان ببینن و خۆیان ڕێک بخەن و تێبکۆشن بۆ هەموو مافە مرۆڤایەتییەکانیان. مەوزوع هەر ئەوە نییە بژیت، بەڵکو لە هەلومەرجێکی شیاودا وەک پیاوان ژیان بە سەر بەرن. ئیش دەست بکەوێت لە دەرەوەی ماڵ، مافی هەڵبژاردنی هاوسەری هەبێت، ئازادانە مافی گفتوگۆکردنی هەموو شتێکی هەبێت کە خۆی دەیەوێت. لە کارگەی نەسیجی سلێمانی کە یەکێکە لە کارگە دەوڵەتییەکان 700 ژن کار دەکەن، ئیدارەی کارگە هەوڵی دا ئەو ژنانە دەربکات و ”بێکارەکان” بخاتە جێیان. پیاوان بە بێکار لە قەڵەم دەدرێن ئەگەر کاریان نەبێت، بەڵام ژنانی بێکار ناناسرێن. لەبەر ئەوەی ژنن، نەک کرێکار. ئیدارەی کارگە ڕای وایە ژنان ناتوانن منداڵ بە خێو بکەن و کاریش بکەن. بەڵام WIO یارمەتیی دروستکردنی ڕەوزەیەکی منداڵانی داوە لە کارگەکەدا و ژنان دەتوانن کار بکەن. ژنانی WIO هیوای ئەوەی دەخوازن کە ئیمکاناتێکی باش هەبێت بۆ کردنەوەی ڕەوزەی تری منداڵان و لەگەڵ سەوزەکانی FINLANDدا هاوکاری دەکەن لەو بوارەدا. ئێستا ڕێکخراوەکە لەسەر ئەو ئابوونەیە دەژی و کار دەکات کە لە 400 ئەندامەکەیەوە دێت، هەروەها پارەیەکیش کە لە لایەن لایەنگرەکانیەوە لە دەرەوەی کوردستانەوە دێت، کاتێکیش شتێک پارە کۆ دەبێتەوە ڕۆژنامەکەیانی (یەکسانی) پێ دەردەکەن.
WIO وەکو یەکێتیی بێکاران پەیوەندی بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە هەیە. شلێر و شەوبۆ لە سلێمانی وایان ڕوون کردەوە کە ڕێکخراوەکە پەیوەندییەکی بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە هەیە بۆ ئەوەش چەکدارەکانی ئەو حیزبە پارێزگاری بنکە و سمینارەکانی WIOیان کردووە. بەڵام بەهرە وێنەیەکی تری دا بەو پەیوەندییە و وتی IWCP و WIO لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە زۆر نزیکن لە یەکەوە و هەربۆیە پەیوەندی و پێکەوەکارکردن سروشتی دەبێت. بەپێی قسەی بەهرە IWCP تەنها پارتییە کە لە پلاتفۆرمەکەیدا دیفاع لە مافەکانی ژنان دەکات. هەروەها بەهرە وا دەبینێت کە خەباتی ژنان جیا ناکرێتەوە لە خەباتی سۆسیالیستی. لە سیستەمی سەرمایەداریدا ژنان و پیاوان وەک کرێکار دەچەوسێنرێنەوە. کاتێک پرسیارم لە شلێر و شەوبۆ و بەهرە کرد سەبارەت بە کوردستانێکی ئازاد، هەر سێکیان هەمان وەڵامیان هەبوو کە دەیانوت هیچ پەیوەندییەک نییە لەنێوان کوردستانێکی ئازاد و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژناندا. هەر ئێستا کوردە دەستەڵاتی بە دەستەوەیە لە کوردستاندا، بەڵام ئێمە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی باش نابینین لەژێر سایەتی دەستەڵاتی سیاسیی یەکێتی و پارتیدا. بارودۆخەکە بۆ ژنان خراپتر بووە و زۆر یاسای دژ بە ژنان جارێکی زیندوو کراونەتەوە و پیادە دەکرێن و ژنان تا ئێستا وەک دەرەجە دوو تەماشا دەکرێن.

 

وەرگێڕانی: بەختیار مستەفا عارف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.