Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕاپەڕین و لە یەکترازان

ڕاپەڕین و لە یەکترازان

Closed
by February 27, 2011 گشتی

ئەوەی کەمێک چاودێری بار و دۆخی ئێستا باشووری کوردستان بکات، مەرج نییە ڕاڤەکارێکی سیاسی قووڵ بێ هەتا بە یەکەم نیگا بۆی دەربکەوێ ئەمڕۆ لە یەکترازانێکی گەورە لە نێوان پێهکاتەکانی کۆمەڵگەی کورددا هەیە، ئەم لەیەکترازانە کەلێنێکی دروستکردووە، دەبێ لە بەردەم پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەدا وێستی هەندەکی بکەین و خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین، چونکە ئەم لەیەکترازانە بۆتە هۆی ئەوەی دوو جەمسەری دژواز پێکبێن و پێکەوەبەستنیان دەبێ کارێکی زەحمەت ئەگەر نەڵێین مەحاڵی ساڵانی داهاتووی ئەم کۆمەڵگایە بێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، من هەوڵ دەدەم ئەم لێکترزان و جەمسەرگەراییە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەمەوە:
١) ئەم ڕاپەڕینە بۆی دەرخستین لاوی کورد چەند تینووی ڕیفورمە، ئامادەیە چ قوربانییەک بدات بۆ ئەوەی سیاسەت پەنگ نەخواتەوە و بۆگەن نەکا، ئەو فەزا دیموکراتییەی هەیە بەرفراوانتر بکرێتەوە و مافی ڕادەربڕین (بە نووسین، بە خۆپیشاندان، بە کۆڕ و کۆبوونەوە) مەیسەر بکرێ وهەنگاو بەرەو کۆمڵگەیەکی کراوە بنرێ.
لە لایەکی دیکەوە حیزب، دەیەوێ بەوە بەس بکات، کە بە هەڵبژاردنی دیموکراتی و زۆربەی دەنگ هاتوونەتە سەر حوکم، ڕۆژ بە ڕۆژ پتر ڕێ لە ئازادیی ڕادەربڕین بگرن و ئەو ئاسۆیە تەنگ بکەنەوە کە بە لای کەمەوە تۆوی خواست بۆ ژیانێکی باشتری لە مرۆڤی کورددا چاندووە.
٢) ئەم ڕاپەڕینە بۆی دەرخستین، لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا مرۆڤی کورد چەند پشتی لە توند و تیژیی کردووە و چەند بڕوای بە دیموکراسی و هۆکارەکانی دەربڕینی خواستەکانی بە ڕێگای ئاشتیی هەیە.
لەولاوە پێکهاتەی حیزب کە هەتا بڵێی پێهاتەیەکی دڕندەیە و هێشتا توند و تیژیی بە هۆکاری یەکەم دەزانێ و زمانی هەڕەشە زمانی فەرمییەتی. شانازیی بە خوێنڕشتنی لاوانەوە دەکات و داوای خوێنی زیاتر دەکا.
٣) لەم ساڵانەی دواییدا، حیزب لە ڕێگای پارە و زەوی و ویژدانکڕینەوە نووسەرێکی زۆری دەستەمۆ کردووە و ئەو نووسەرانەش لە ترسی نەبڕینی مووچەکانیان و زۆر جاریش لە بەر بوودەڵەیی خۆیان کاریان بووەتە ئەوەی تەنیا بە شان و باڵی حیزب و سەرۆکدا هەڵبدەن و هیلاک نابن لە هەموو بۆنەیەکدا پێشنیاری بەخشینی نازناوی پرۆفیسۆری بەم سەرۆک بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەو سەرۆک بکەن.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆشبیرانێک کە خەمی وڵاتەکەیان لە دڵدایە و بە ڕۆحێکی دڵسۆزانەوە ڕەخنە لە بار و دۆخ و ئەدای هەڵەی حیزبەکان دەگرن، بەڵام ئەم نووسەرانە لە هەموو مزەیەک بێبەشکراون و هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی گرتن و مەترسیی کوشتندان.
٤) ئێستا وەچەیەک گەورە بووە کە نە توند و تیژیی حکومەتی عێراق و بەعسیان بینیوە نە دەشتوانن وێنای بکەن، حیزبەکان ناتوانن هەتا هەتایە بە هەڕەشەی هاتنەوەی ستەم هەڕەشە لەم نەوەیە بکەن و هەمیشە ئاماژە بۆ شمشێرەکەی دیمۆکلەس بکەن. لاوی ئەمڕۆ خەونی هەیە و خەونەکانیان زۆر لەوە گەورەترن بە هەڕەشەی دوژمنی ناوەکی و دوژمنی دەرەکی ڕێی لێبگیرێ. بە هۆی ئەوەوەی کە قەوارە سیاسییە حوکم بەدەستەکان نە دەتوانن خەونی لاوی ئەمڕۆ بخوێننەوە نە لە خواست و ئارەزوەکانیان تێدەگەن، ئەو ڕێکخراوی لاوان و قوتابیان و گەنجان و خوێندکار و ژن و ئافرەتانەش کارتۆنین و ئەوانیش لە ترسی نەبڕینی دەرماڵەکانیان ئەگەر بە تەمەنیش گەنجیان تێدا بێ، بەڵام بە بیرکردنەوە لە دایناسۆر پیر ترن.
٥) نووسەری کورد(جا چ ڕۆژنامەنووس، شاعیر، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس، هتد..) زۆر لەوە بوێرترە کە حیزبەکان دەتوانن وێنای بکەن، خەڵکی بیر ئازاد خۆی لە تێمای زۆر کراوە و پێشکوتوو دەدا، ئەگەر نوسینی خەڵکە ناحیزبییەکە بەراورد کەی لە گەڵ نووسینی خەڵکی دەستەمۆی حیزبیدا جیاوازییەکی ڕوون بەدی دەکرێ هەر لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هەتا داڕشتن و زمانیش. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ناو حیزبەکاندا نووسەری باش نییە، بەڵام زۆریان لەو کلێشەیەی حیزب بۆی ئامادە کردوون لانادەن و ناتوانن باز بە سەر سێبەری خۆیاندا بدەن.
٦) ئێستا بە عەمەلی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دوو چین لە ئارادایە، ئەگەرچی وەکو هێندستان لە کۆمەڵگەی کوریدا کاست نییە، بەڵام ئەمڕۆ کوڕی لێپرسراوی حیزبی دەتوانێ جوانترین خانوو لە کوردستان بینا بکا، جوانترین ماشێن بکڕێ، هەر ڕۆژە و ژنێک بهێنێ و لە جوانترین هوتێلی شارەکاندا ئاهەنگی بۆ بگێڕێ، بۆ هەر کوێ بیەوێ سەفەر بکا، چەندی بوێ لە قومارخانە و فاحیشەخانەکانی ئەوروپا خەرجی بکات، لەولاوە خەڵکی هەژار، لاوی بێکار، دەرچووی زانکۆ کە دایک و باوکی دەبێ بیژیەنن، پارەی ئەڵقەیەکیان نییە بۆ نیشانەکردنی کچێک نەخوازەڵا کرێی خانوو، بەڵام سەر دەم و بندەمی سیاسەتمەداری دەستەڵاتە کوردستان بۆتە دوبەی و هەژاریی لە کوردستاندا بنەبڕ کراوە.
٧) ڕاپەڕین بۆی دەرخستین سیاسەتمەداری دەستەڵات ئەوەندە لە خەڵک و جادەوە دوورن مرۆڤ وا هەست دەکات بە دوو زمانی زۆر جیاواز و لە یەکتر دوور قسە دەکەن، هیچ شتێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە، مرۆڤ کاتێک گوێی لە لێپرسراوی حیزبە دەستەڵاتدارەکان دەبێ ترسی لێدەنیشێ، ئایا داهاتووی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوا، خەون و ئاواتەکانمان بە چی ئاقارێکدا دەبرێن.
دەبێ لێرەدا بە ڕاشکاوی بڵێم، هیچ ئاسۆیەک نابینم، بۆ ئەوەی بەمزوانە حیزبە دەستەڵاتدارەکان لە بورجی عاجی خۆیانەوە دابەزنە ئاستی خەڵکی ڕەش و ڕووت و لە ماشێنە جامڕەشەکانیان دابەزن و گوێ لە زمانی شەقام بگرن، بەڵام ئەوەی پڕمەترسییە ئەوەیە کردنەوەی کۆدی ئەو زمانەی لێپرسراوانی حیزبە دەستەڵاتدارەکان لە توانای خەڵکی ستەمدیدەدا نییە.
هەموو حیزبەکان(لێرەدا تەنیا مەبەست حیزبی دەستەڵاتدار نییە) دەبێ هەوڵ بدەن لە خەڵکی جادەوە، لە خوێندکارانی زانکۆوە، لە قوتابیانی سەرەتایی و ناوەندییەوە، لە چایچییەکانەوە، لە بەرهەڵگرەکانەوە، لە جوتیار و کەیبانووی ماڵانەوە فێری دیالۆگ و دڵفراوانی بن، ئەگەر نا ڕێگا خۆشە بۆ پەرەپەدان بە کۆمەڵگەی مەرگدۆست.
پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترین حیزبی نەتەوەیی سەر گۆڕەپانی کوردستانە، حیزب دەبێ بە تەمەن ئەزموونی زۆرتر کۆبکاتەوە و حەکیمانەتر ڕەفتار بکا و زوو هەڵنەچێ و بە ئاسانیی لە کلێشە نەبرێ، بەڵام ئەوی کەمۆکەیەک لەم ساڵانەی دواییدا چاودێریی باری سیاسی کوردستانی کردبێ ڕێک پێچەوانەی ئەمەی بۆ دەردەکەوێ. لێرەدا خۆم لە نموونەهێنانەوە بە دوور دەگرم و خوێنەر خۆی دەتوانێ ڕەفتارەکانی ئەم ساڵەی ئەم حیزبە وەبیری خۆی بهێنێتەوە.
لە سلێمانی خۆپیشاندان کراو خوێن ڕژا، ئێستا لە هەولێر خەریکن خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادە دەکەن، دەبێ پارتی زۆر ئاگاداری ئەوە بێ خوێن لەو شارەدا نەڕژێ. خوێن کە ڕژا ئیتر لە بەر وەستانی نییە، با تنۆکێکیش بێ، کورد دەڵێ، قسە قسە دەهێنێ، بەڵام بەوە دەچێ خوێن کە ڕژا ئیتر خوێنی تر بە دوای خۆیدا بهێنێ. زۆر لە سیستەمەکانی دنیا وا تێدەگەن کە خوێنی چەند کەسێک ڕژا ئیتر خەڵکەکەی دیکە دەچنەوە ماڵی خویان و دەست بە کڵاوەکانیانەوە دەگرن، بەڵام زۆربەی جار ئەم خوێنە سەری خۆیانی خواردووە.  

کەریم پەڕەنگ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.