Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ڕوونکردنەوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەک دوو سەرنجی کورت

Comment

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بەو کێشەیەی ئێستا لەنێوان ڕۆشنبیران و مەلایەکاندا سەری هەڵداوە، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە، کە بە پێویستی دەزانم یەک دوو سەرنجی لەبارەیەوە بنووسم.
بەر لە هەرچی دەمەوێت بپرسم ئاخۆ تۆ بڵێی ئەوانەی ئەو ڕوونکردنەوەیەیان نووسیوە، ئاگایان لەوە هەبێت هەندێک لەوانەی پشتگیریی پڕۆژەکەی ڕۆشنبیرانیان کردووە، ئەندامی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانن؟ لەوانە (دکتۆر شاهۆ سەعید)ی پەرلەمانتار. بەشێکیشیان ئەو ڕۆشنبیرانەن، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرگری لە گۆڕان دەکەن. باشە ئەگەر ئێوە دەتانزانی ئەمە خزمەت بە دەستەڵات دەکات، وەک وتووتانە ((یەکخستنی گوتاری هەینی لەشارەکاندا، کپکردنی دەنگی ئازادەو گەمەیەکە دەسەڵات دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە گوتاری ئاینی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا بەکاری بهێنێت))، نەدەکرا پێش ئەوەی ئامۆژگاریی ڕۆشنبیرانی دەرەوەی بزووتنەوەکەتان بکەن، ئەو ڕاستییانە لە ڕۆشنبیرانی ناو بزووتنەوەکەتان بگەیەنن؟ ئایا ئەم حیکمەتە چییە، کە ئێوە لە لایەک پشتگیری لە پڕۆژەکە دەکەن و لە لایەکی تر بە گەمەی دەستەڵاتی دەزانن؟
ڕاستییەکەی زۆر بێمانایە ئەگەر باوەڕ بەوە بهێنین، کە ئەمە شەڕی نێوان ڕۆشنبیر و مەلایە، چونکو بەر لە هەرچی چەمکی مەلایش وەک چەمکی ڕۆشنبیر لەسەر هەندێک پرۆبلەماتیک وەستاوە، کە هەر ئەو پرۆبلەماتیکانە وا دەکەن خۆمان لەو پۆلێنکردنە بە دوور بگرین. ئایا تێکڕای مەلایەکانن ئەم شەڕە دەکەن، یان بەشێکیانن؟ ئایا هەموو ڕۆشنبیرانن شەڕیان پێ دەفرۆشرێت، یان هەندێکیانن؟ ئایا ئەو شەڕانەی لەنێوان مەلای حزبی و نووسەری حزبیدا بەرپا دەکرێن، شەڕی نێوان نوێ و کۆنن؟ شەڕی نێوان نادادپەروەری و دادپەروەریین؟
بە بڕوای من سەیرکردنی ئەو ململانێیە (لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ وشەی ململانێ)، بەوەی لەنێوان ڕۆشنبیران و مەلایەکاندایە، بەشێکە لەو مێنتالێتییەی ئەگەر هەر ململانێیەک سادە نەکاتەوە و نەیخاتە نێوان دوو بەرەی دژی یەکەوە، سەری لێ دەرناچێت. نووسەرانی ئەو ڕوونکردنەوەیەش وایان پێشان داوە تێکڕای ڕۆشنبیران، لانیکەم ئەوانەی ناویان لە لیستەکەدایە، حزبێکن و مەلایەکانیش حزبێکی تر. ئەوەی هەر دووکیشیان هەڵدەسووڕێنێت، دەستەڵاتە. با بڵێین بیریان چووە، یان نەیانزانیوە ناوی چەند ئەندامی خۆیان لە لیستەکەدایە، بەڵام ئایا ڕاستە ئەو ململانێیە لەنێوان تێکڕای ڕۆشنبیران و سەرجەمی مەلایەکاندایە؟
من دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مەرج نییە ئەو ناوانەی لە لیستەکەدا هەن لەسەر تەواوی ناوەرۆکی پڕۆژەکە کۆک بن، بەڵام دەتوانم بڵێم هەموویان لەو خاڵە یەک دەگرنەوە، کە هەر ئێستا هێرشێک لە لایەن هەندێک لە مەلای مزگەوتەکان بۆ سەر ئازادیی دەربڕین و نووسین هەیە. من خۆم تاقە شتێک لەو پڕۆژەیە وای لێ کردبێتم پشتگیریی لێ بکەم، هەر ئەو خاڵە بووە، ئەگینا زۆربەی ئەو خاڵانەی تر، کە پڕۆژەکە داوای چەسپاندنیان دەکات، من هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەیان دەدەم. لەم ڕووەوە من بۆ پشتگیریکردنم لە پڕۆژەکەش مەرجم هەبوو. بە پێی ئاگاداریی خۆشم نووسەرانی دیکەش ڕەخنە و تێبینییان لەو بارەیەوە خستە بەرچاو. نووسەر هەیە تەنیا لەبەر مەسەلەی زمان پڕۆژەکەی پەسەند نەکردووە، کە ئەمەش لای کەسێک لە گرنگیی زمان تێگەیشتبێت، بە سەیری نازانێت. هەر لێرەش ڕایدەگەیەنم، من بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ئازادی، واژۆم کردووە، نەوەک بۆ ئەو خاڵانەی لە پڕۆژەکەدا پێیان لەسەر داگیراوە، چونکە ئەوانە دوورن لەو تێگەیشتنەی من بۆ چەمکی دینم هەیە. جارێکی تر دەڵێم ئەمە ململانێی ڕۆشنبیران و مەلایەکان نییە، بەڵکو مەسەلەکە زۆر بە سادەیی ئەو مەلایانەی دەستەڵاتن، نەوەک هەموویان، هێرشیان بۆ سەر ڕۆشنبیران دەست پێ کردووە. دەستەڵات دەیەوێت شەڕی خۆی بەوان بکات، چونکە ئەوەی لەم چەند ساڵەدا بۆمان دەرکەوتووە، ئەوەیە، کە دەستەڵات هەرگیز نایەوێت هیچ شەڕێک ڕاستەوخۆ هەڵبگیرسێنێت، بە تایبەتی لەگەڵ ڕۆشنبیراندا، بەڵکو هەندێک لەو مەلایانە دەکاتە بەربەست و دواجار خۆی بە پێی تای تەرازووی هێزەکان، ململانێیەکە یەکلا دەکاتەوە و وەک دەستکەوتی گرنگ بە کۆمەڵگای دەفرۆشێتەوە. تاکو ئێستا نەمانزانیوە لەو مینبەرانەی هێرش دەکرێتە سەر ئازادیی دەربڕین، باس لە گەندەڵیی بەرپرسان کرابێت. ئەمە بە تەنیا بەسە، تاکو بە ئاسانی لەوە تێبگەین ئەوانە مەلای حزبیین. ئەوقافیش وەکو هەموو دامودەزگاکانی تری کۆمەڵگا لەژێر دەستەڵاتی حزبدایە و مانگانەی مەلاش بە ڕادەی دڵسۆزیی بۆ حزب و پابەندێتیی بە فەرمانی حزب بەستراوەتەوە. کەواتا ئەوەی لە ڕوونکردنەوەکەی ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، گوایە ((یەکخستنی گوتاری هەینی لەشارەکاندا، کپکردنی دەنگی ئازادەو گەمەیەکە دەسەڵات دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە گوتاری ئاینی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا بەکاری بهێنێت))، مانایەکی نییە، چونکە ئەو گوتارە هەر خۆی لەژێر دەستەڵاتی حزبدایە و بە فەرمانی حزبیش هەڵدەسووڕێت. بەشێکی زۆری ئەو ناوانەی لە لیستەکەشدان، ڕۆشنبیری حزبیین و خۆیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی دەنگی ئازاددا هەبووە، هەر ئەوانەن وەکو مەلا مووچەخۆرەکان نەک لە ئاستی تاوان و ناشیرینییەکانی دەستەڵاتدا بێدەنگن، بگرە تاکو پێیان بکرێت خۆیان دەکەنە قەڵغان بۆ هەر ڕەخنەیەک، کە لە لایەن ڕەخنەگری جددییەوە ئاڕاستەی ئەو دەستەڵاتە بکرێت. ئەو دوو کارەکتەرە، ڕۆشنبیری حزبی و مەلای حزبی، لە یەکتر دەچن، بەوەی هەر دوو لایان دەتوانن هێرش بکەنە سەر یەکتر، بەڵام لە ئاستی دەستەڵاتدا کپ و بێدەنگ دەبن. هەر دووکیان ڕۆشنبیری جیددی بە کێشەی لاوەکییەوە خەریک دەکەن. ڕوونکردنەوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان داوای دیاڵۆگی کردووە، گوایە دەبێت لە ڕێگای دیاڵۆگەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. یەکێ لە بنەماکانی دیاڵۆگ بوونی سەربەخۆییە لەو کارەکتەرانەی بە نیازن دیاڵۆگ بکەن، چونکە پرۆسێسی دیاڵۆگ کاتێ مەیسەر دەبێت، کە ئەو دوو لایەنە، یان ئەو لایەنانە تەعبیر لە ویستی خۆیان بکەن، نەوەک ویستیان کۆنتڕۆڵ کرابێت، لە کاتێکدا نە ڕۆشنبیری حزبی و نە مەلای حزبی خاوەنی ویستی خۆیانن. ڕوونکردنەوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەک بۆ ڕاکێشانی سۆزی ئەو دوو لایەنەیە و لە لایەکی دیکەش بۆ بزوواندنی ڕای گشتی، کە ئەمە ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی ئەو هەڵە کوشندانەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کردوونیەتی. دەیەوێت لە یەک کاتدا دڵی زیاتر لە لایەنێک ڕابگرێت. پرسیار ئەوەیە ئەگەر تۆ پێت وا بێت ئەمە گەمەی دەستەڵاتە ڕۆشنبیری هان داوە، چۆن داوای دیاڵۆگی لێ دەکەیت؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێم دوا پەرەگرافی ڕوونکردنەوەکە تۆمەتێکە و دراوەتە پاڵ هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی ناویان لە لیستەکەدایە، کە وەکو پێشتر وتم نابێت ئەو ناوانە وەک یەک سەیر بکرێن. وایان پێشان داوە، کە ئەو هەموو ڕۆشنبیرە، بەوانەی خۆشیانەوە، ئاگایان لە گەمەی دەستەڵات نییە، بەڵام ئەوانی وردبین لێی بە ئاگان، بۆیە بە ئەرکی سەر شانی خۆیان دەزانن دەستیان بگرن و لەو گەمەیەیان دوور بخەنەوە.
ڕۆشنبیری جیددی هەرگیز بەوە ڕازی نابێت پڕۆژەکانی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی مەلا یان هەر توێژێکی تری کۆمەڵگا دابمەزرێنێت، چونکە ئەمە سنووردارکردن و بچووککردنەوەی خەونی ڕۆشنبیرە، بگرە ئەوە ڕۆشنبیری جددی و سەربەخۆیە بەرگری لە ئازادیی عەقیدەی هەر کەسێک دەکات، کاتێ هێرشی دەکرێتە سەر. وەک پێشتر گوتم پشتگیریی من لەو پڕۆژەیە لەمەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگینا دوور و نزیک لەگەڵ بەندەکانی نیم. هەر من یەکەم کەس دەبم بەرگری لە کتێبی مەلایەک بکەم، ئەگەر ڕێگای چاپکردنی لێ بگیرێت، ئەگەرچی لای ئێمە هەرگیز شتی وا ڕووی نەداوە سانسۆر بخرێتە سەر کتێبی دینی. دیارە کۆمەڵێک فاکتەر هەن وا دەکەن ئەو مەلایە زۆر بە ئاسانی لەو شەڕەدا بخرێتە کار. یەکێ لەوانە پێوەندیی بە حاڵەتی سایکۆلۆژییەوە هەیە. مەلای کۆمەڵگای ئەمڕۆ هەمان مەلای کۆمەڵگای دوێنێ نییە. کۆمەڵگای کوردی وەک زۆربەی کۆمەڵگاکانی دەوروبەری ئێستا پێی خستووەتە ناو دنیای نووسینەوە. مەبەستم لە نووسین بە مانا گشتییەکەیەتی. واتا مەبەستم بەکارهێنانی نووسین و دۆکیۆمێنتە لە بواری فەرمی و کۆمەڵایەتیدا، کە لەگەڵ دەرکەوتنی پارچەکانی تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر و مۆبایلەوە زیاتر خۆیی سەپاندووە. لە کۆمەڵگای دوێنێی ئێمەدا مەلا ئەو تاکە کەناڵە بوو، کە بە شێوەی زارەکی زانیاریی لێ وەردەگیرا، بۆیە پایەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ تەکنەلۆجیا مەلا وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی پێشان دەدات. ئەمڕۆ مەلا بە بەرچاومانەوە لە ڕێگای کۆمپیوتەر و ئێنتەرنێت و تەکنەلۆجیای ترەوە زانیاری وەردەگرێت. جاران مەلا بۆ وەرگرتنی زانیاری و گەیاندنی، پەنای بۆ ئامێر نەدەبرد، بەڵکو لە ڕێگای ڤێرباڵەوە، واتا لە ڕێگای هالەیەکەوە ئەو زانیارییانەی وەردەگرت و دەگەیاند. تەکنەلۆجیا ئەم هالەیەی مەلای تێک شکاندووە و پایەی کۆمەڵایەتیی ئەو کارەکتەرە دینییەی بچووک کردووەتەوە، هاوکات حاڵەتێکی سایکۆلۆژیی لا خوڵقاندووە، کە هەست بە جۆرێک لە سەرشێنی (احراج) دەکات. ئەم حاڵەتە تۆنی دەنگی مەلای گۆڕیوە و لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکدا زیاتر تووڕەییەکەی دەردەکەوێت. بە لاکەی تریشدا ئەو خۆی دەزانێت چووەتە ناو دنیایەکەوە، کە دنیای ڕاستەقینەی ئەو نییە و بەشێکی زۆری بەها ڕۆحییەکانی لەناو ئەو دنیا ماددییەدا لە دەست داوە. ئەو مەلایە تاکو جار جار بەرگری لەو پایە کۆمەڵایەتییەی خۆی بکات، پێویستی بەوەیە هەندێک کێشەی هەستیار بورووژێنێت، بەو مەبەستەی لەو ڕێگایەوە بتوانێت سەرمایەیەکی سیۆمبۆلی بۆ گوتارەکەی بە دەست بهێنێت. ئێستا مەلا ناتوانێت وەکو دوێنێ باس لە حەرامکردنی ئەو شتانە بکات، کە ئەوسا دەیتوانی، چونکە ئەو زەمینەیە نەماوە و لە دەستی نایەت هێزی کۆمەڵایەتی و سیۆمبۆلیی بۆ کۆ بکاتەوە، بۆیە دەبێت هەندێک شتی دیکە بورووژێنێت وەک ئەوەی لەگەڵ شیعری شاعیران و تێکستە وەرگێردراوەکاندا کردی، بە مەرجێک لەو سنوورە دەرنەچێت، کە دەستەڵات بۆی کێشاوە.
ڕۆشنبیری حزبی بەرگری لە ئازادی ناکات و کاتێکیش بەیاننامە دەنووسێت، بۆ ئەوەی نییە زەمینەی سەربەستی فرەوان بکرێت، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەیەتی تای تەرازووی هێز بە لای خۆیدا بگرێت، بەو مەبەستەی دەستەڵات لە مەلای حزبی زیاتر حساب بۆ ئەو بکات. ئەوەی لەو نێوەدا زیانی پێ دەکەوێت، ڕۆشنبیری جیددی و سەربەخۆیە، کە بە شەڕێکەوە خەریک دەکرێت، دوور و نزیک خزمەتی داهێنان ناکات. ڕۆشنبیر چەندیش خەریکی پڕۆژەی جیددی بێت، ناتوانێت لە کاتی هێرشەکاندا، جا گرنگ نییە کێ بۆ سەر کێی دەکات، بەرگری لە ئازادی نەکات، با ئەو ئازادییە هیی نووسەری حزبی، یان هیی مەلای حزبییش بێت. هەموو ئەمانە مانای وا نییە هەر ئێستا شەڕی ڕۆشنبیری جیددی لەگەڵ هێزی کۆنزەرڤاتیڤ درێژەی نییە، کە لانیکەم لە سەرەتای حەفتاکانەوە بە شێوەیەکی زەق دەستی پێ کردووە.

کاروان عومەر کاکەسوور

————————————————————————————–

تێبینی: کاتێ ئەم وتارەم نووسی، هێشتا ڕوونکردنەوەی سێ فراکسیۆنەکەی گۆڕانم نەدیبوو، کە لە (12.01.2011)ی ڕۆژنامەی (ئاوێنە)دا نووسیویانە و ئەمە ناونیشانەکەیەتی: (ڕوونکردنەوەیەک لە سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانەوە). ئەو سێ پەرلەمانتارە: د. شاهۆ سەعید، عەبدوڵای مەلا نووری و ئیسماعیل گەڵاڵەیی، کە ناویان لە لیستەکەدایە، لەو ڕوونکردنەوەیەشدا دیسان پشتگیرییان لە پڕۆژەکە کردووە. ئەوان لێرە نەک هەر یەکخستنی گوتاری هەینیی مزگەوتەکان بە گەمەی دەستەڵات نازانن، بەڵکو خۆیان ڕەخنە لە هەندێک لایەنی سیاسییش دەگرن، بەوەی دەیانەوێت ئەمە خراپ ڕاڤە بکەن. ئەم مەسەلەیەی یەکخستنی گوتاری هەینی، یەکێکە لەو خاڵانەی من بە کاری ڕۆشنبیرانی نازانم. پێم وایە ئەرکی ڕۆشنبیر زۆر لەوە گەورەترە. دەبێت ئاماژەیەکی کورتیش بەوە بدەم، کە زمانی ئەو سێ پەرلەمانتارە لە زمانی مەلایەکان دەچێت. ئەمە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەزموونی یەکییەتی و پارتییە. ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە بوونی زمانی جیاواز هەبێت، دەبێت ئەوان بە زمانی خۆیان و ئێمەش بە زمانی خۆمان قسە بکەین، کە ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی دیاڵۆگ. ڕێزگرتن لە کەسانی دینی مانای وا نییە لە بۆنەکاندا بە زمانی ئەوان بدوێین، لە کاتێکدا ئێمە وەکو کەسانی جیاواز لەوان خۆمان ناساندووە.

Previous
Next

Leave a Reply