Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
ڕێی هات و نه‌هاتی چاوه‌كانت

ڕێی هات و نه‌هاتی چاوه‌كانت

Closed
by April 21, 2012 هۆنراوە

 

ئەی شۆخەژن، باڵا قەشەنگ
کاتێ گەشتی ڕێی نەهاتی چاوەکانت ئەگرمە بەر
وا تێ نەگەی نەهاتمە
نەک هەر برژانگ، نەک پەرچەمی وەک شەوەزەنگ
بكەی بە قەڵای سەختی جەنگ،
بەڵکو ئەگەر
بەربەستی سەر ڕووباری فرمێسکەکانت
بە کەلەسەر هەڵچنرابێت
بۆ گەیشتن بەو لێوانەت
ئەوسا گەرمەی خەباتمە.

کاتێ قژی هەتاو ئەڕنم
بە داسی برژانگەکانت
تیشکی چاوی ئەکەم درەو
با باوەڕی ئەهریمەنی تاریكەشەو
دڵنیا بێت
من دژواری ڕۆشنایی نیم
بەڵكو ویست و مەبەستی من
ماچی ووشەی پشكۆیەکە لە لێوی ئەو
ئەو خەونەی دیم
بۆی سەلماندم،
ئەستێرەکان، بە باكتریای دەم هەراشی ووشەكانیان
سنگی هەوری بێ بارانی بە خۆر دوژمن
ئەكەن كون كون
كەواتە ڕووی هەتاوی من
بە بێژنگی ئەو ناگیرێ

كاتێ بنێشتی ژانەكان
لە ناو دەمی زامەكانا
قەوچەی گریان
ئەچرپێنن بە گوێی گولەكانا
با لێت ڕوون بێت، ئازارەكان
یاخی ئەبن
لە دەست ئازاری ژانەكان

خۆر كەژاوەی دەنگی خوایە
ژان تامەزرۆی باوەشی تۆی لە دڵدایە
دڵی منیش دیدەگای زامی بڕوایە
لە ناو كوورەی هەر چاوێكما
تیشكی خۆری بیروباوەڕ زۆر شەیدایە
بۆ باوەشی ئەو سەنگەرەی
لە دەروونیا كەلەسەری ئادەمیزاد
چاو ئەبڕیتە بەنرخترین سەرمایە

لە فەرهەنگی ووشەكانا
هیواو ئاوات دوو دڵدارن
لە پەیوەستی خواستەكانا
مارەبڕی دادگای شارن
بەڵام لە لای ئیمەی مرۆڤ
دوو دژوارن
خوێن لە كاسەی سەری یەكا
ئەكەن بە گەرووی نەمانا

ئاوات نامەی پەیامبەری هەستەكانە
ئاوات گەرووی پێكەنینی بەستەكانە
ئاوات بەزمی گوێی ڤیۆلینی مەستەكانە
ئاوات بنكەی شێتبگری نەستەكانە
بەڵام هیوا
ژاڵەی ڕۆژگاری تەمەنە
لە ئاهەنگی ناسۆری بی ئارامیدا
چەپەرێكی زوڕناژەنە
كەچی هێشتا ویستی ئارام
بۆ جێ ژووان، بۆ گەیشتن بە تۆی ئاوات
هیوا ئەكا بە مەنزڵگا


لەتیف هەڤرێست
ڤیەننا – ئوتریش

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.