Skip to Content

Wednesday, June 23rd, 2021

ڕەخنەی گاڵتەجاڕی فیمینستی، چەند مەمکێکی ڕووت بەرامبەر ئادۆڕنۆ …

Be First!
by March 11, 2013 ژنان

 

 

 

 

لە هۆڵی ژمارە شەشی زانکۆی فرانکفۆرت لە٢٢ئەپڕیلی ساڵی١٩٦٩، ڕووداوێک ڕوودەدات، ڕووداێک کەدوای چەندەها ساڵ فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سڵۆتێردایک ) لەکتێبی (ڕەخنەی ئەقڵی گاڵتەجاڕی ) لەچەند شوێنێکدا ئاماژەی پێدەدات، ئەویش هێرشی چەند کیژە خوێندکارێک بوو بۆ سەر فەیلەسوفی گرنگی قوتابخانەی فرانکفۆرت  ( تیۆدۆرئادۆرنۆ) ، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە (ئادۆرنۆ)  لەودیوو پۆدیۆمەکەیەوە خۆی بۆ وانەیەکی دیکەی فەلسەفی ئامادە دەکرد، لەپڕێکدا خوێندکاران دەوری پۆدیۆمی پڕۆفیسۆرەکەیان دەدەن و سێ کیژ لەبەرامبەری ڕادەوەستن، چاکەتەکانیان دەکەنەوە مەمکە ڕووتەکانیان نیشانی ئادۆڕنۆ دەدەن. ئادۆڕنۆ لەکاردانەوەیەکدا ئەبڵەق دەبێت، بۆئەوەی گۆشتی تەڕی ئۆپۆزیسیۆنی مێینە نەبینێت، خێرا جانتاکەی بەدەم وچاویەوە دەگرێت، بۆ ئەوەی  ڕووتکردنەوەی مەمکەکان بەرامبەر بەجیهان نبەبینێت  کەبەشیکە لە سینزم نێزیکدەبێتەوە لەڕابواردنێکی سمبولیانە بەئەویتر، بێگومان ئەم چالاکیە دژی دونیای  باوکە بەئەخلاق و پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆ بوو، خەباتی مێینەکان بوو کەشانبەشانی  خوێندکارانی جوڵانەوەی 1968 دەجەنگان. نیشاندانی مەمکە ڕووتەکان بۆ (ئادۆڕنۆ) شۆکێکی گەورە بوو، دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر ئەم ڕووداوە ئادۆڕنۆ کۆچی دوایی دەکات، تائێستا ڕایەک هەیە کە هۆکارەکەی ئەو شۆکە بووە !

 لەفۆتۆ ڕەش و سپیەکانی زەممەنی ١٩٦٨ دا کیژە خویندکارەکان دەبینرێت  بەشی سەرەوەیان ڕووتە و لەسەر کورسیەکانی خوێندن خەریکی خوێندنن،  نیشاندانی گۆشتی مێینە بەم ئاشکرا و هاوارەوە، تەنها بۆئەوە نەبوو وێنەیەکی ئیرۆتیکی بخوڵقێنن، یاخود بەدڕەوشتیەک نیشانبدەن ، بەڵکو جۆرێک بوو لەپڕۆتێستکردن بەرامبەر دونیایەکی هەبوو کەلەپێش ساڵی ١٩٦٨ بوونی هەبوو. دونیای دوای جەنگی جیهانی دووهەم کەتێدا لەفەڕەنسا دیگۆلیەکان دوای تێکشاندنی نازیەت دێنە سەر حوکم ، ئەم کۆنەپارێزە ناسیونالانە هەموو بەها تەقلیدیەکانی لەکۆمەڵگەدا پشتگیردەکەن، بەجۆریک کەچیتر پەیوەندیەکانی نێوان نێرو مێ، ئازادی مێینە وسوستیمی زانکۆ لەبەرامبەر ئەم کڵێشە تەقلیدیەدا توانای بەرەو پێشچوونی نابێت. دەزگاکان هێشتا بەهەناسەی باوکە پیرەکانەوە بەڕێوەدەبران، چیتر نۆرم و بەهای نوێ توانای ئەوەی نەبوو جێگەی خۆی بکاتەوە، هێزە کۆنزەرڤاتیڤەکان لەئەمریکادا ڤێتنام داگیردەکەن و ناپاڵم دەڕژێنە سەر خەڵکی سیڤیل، جیهان لەنێو سیاسەت وستراتیژی ڕاکێت و تەرازووی هێزەکاندا بەهای خۆی ونکردبوو. ئەم دۆخە وکەڵەکەبوونی کێشەکان وەها دەکات کەبزوتنەوەی ١٩٦٨ دروست بێت، لەترۆپکدا ڕێکخراوی بادر ماینهۆڤ دەکەونە تیرۆرکردنی سەرمایەدارە گەورەکان .. ئەمانە هەمووی چەند تیرۆژە تیشێکیک بوو زۆر بەهای تەقلیدی نێو کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوای تیکشکاند، هەر لەفراونکردنی سنورەکانی ئازادی سیاسیەوە بیگرە، تاوەکو ئازادی جەستەو پەیوندیەکانی نێرو مێ و گۆڕینی سوستیمی خویندن بەگشتی و زانکۆکان بەتایبەتی، لەڕوووی ئەو شتەی پێیدەڵێن ئەخلاقی گشتی کەئەوروپا وەک دەست لێنەدراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن، گۆڕانی بنەڕتی ڕوویدا، پەیوەندی نێوان ژن و پیاو ڕەهەندێکی ئازادانتر و لیبرالیانەتری وەرگرت ، کلتوری جەستەی ئازاد هاتە نێو فەرهەنگی ئازادیەکانەوە. دیارە پێش ئەو مێژووە قوتابخانەی ڕەخنەیی فرانکفۆرت کاریگەری گەورەیان هەبوو لەسەر ئەم جوڵانەوەیە، لەهەمانکاتیشدا ڕەخنەی توندیشیان لەم جوڵانەوەیە گرت، بیرمان ناچێت لەگفتوگۆیەکدا فەیلەسوفی گرنگی قوتابخانەی فرانکفۆڕت (یورگن هابرماز) ئەو چەپە گەنجانەیە بە ( چەپی فاشی) پێناسەدەکات.  

 

ئادۆڕنۆ خۆی وەک پڕۆفیسۆریک و بیرمەندیکی گرنگی قوتابخانەی فرانکفۆرت ڕەخنەگریکی بەهێز بو لەسوستیمی باو، دەتوانین بەگەڕانەوە بۆ (پیتەر سڵۆتێردایک) بڵێین: کەئادۆرنۆ لەدژی ئەو زانستە ئەقڵانیە بوو کەتەنها مۆرکی پیاوانە زاڵ بوو بەسەریدا، جیهانی ڕێک و پڕ دسپلین پیاوانە بوو، جیهانیک دوور لەنەرمی و ئیستایکا، جیهانی پڕاگماتیەت و هاوکێشەی ماتماتیکی  کەکۆمەڵگەی کردووە بە کارگەیەکی گەورە و ئەندامەکانیشی بە شمەکخۆری ئەبەدی. مۆدێرنە لەم پێچەیدا شمەکخۆری دەکاتە ئەلتەرناتیڤی بیرکردنەوە، مادامەکی سوستێم لەجیاتی ئێمە ڕاتسیۆنالانە، ئەقڵانیانە،  بیردەکاتەوە، لەجیاتی ئێمە خەوندەبینێت و لەجیاتی ئیمە ژیان ڕێکدەخات..پەرچەکرداری فیکری ئادۆڕۆنۆ لەدونیای دوای جەنگ دابەشدەبن بەسەر چەندەها کاری فەلسەفی گرنگ، گرنگتریان کەباسی بکەین، (بەڕای من)  کتێبە ئاڵۆزو سەرنج ڕاکێشەکەیەتی (مینیما مۆڕالیا / مۆڕاڵە بچوکەکان)ە ، کەتاتیتڵی دووهەمی ئەم کتێبە (پەرچە کرداری ژیانێکی تێکشکاو)ە، ئەم کتێبە وەک ڕۆژمێرێک وەهایە بۆ شتەکان و ژیان و ئەزمونەکان، بەجیاوازی لەهەموو کتێبەکانی دیکەی خاوەنی ڕیزبەندی و کاتیگۆری لێکۆڵینەوەی فەلسەفی نییە، بەقەد هێندەی نۆتیست وسەرنجە فەلسەفیەکانی خۆیەتی دەربارەی ژیان و شتەکان،  لای ئادۆرنۆ هیچ ژیانیکی ڕاستەقینە لەنێو هەڵەدا بوونی نییە، لەبەرئەوە بوون لەنێو هەڵەدا مانای ونکردنی ڕاستەقینەیی ژیانە. ئەم ڕەهەندە ڕەشبینی ئادۆڕنۆ نەبوو، هەرچەندە ئەو بەسکپتیزمێکی (ڕەشبین) نێو قوتابخانەکە دەژمێرێت،  بەقەد ئەوەندەی لەدڵ ڕەقی و (ساردی جیهان)دا بەدووی گەرمیەکی گەورەدا دەگەڕا، لێرەوە جەستەی مێینە بەمانا ئیستاتیکی جوانپەرستی و گەرمیەکەی، نەک تەنها بەمانا ئیرۆتیکیە و سێکسیزمەکەی، جەستەکەیە پڕە لەئازادی، کەکۆنەپاریزانی ئەوروپای ئەوسا و لێرەش  ئیسلامی سیاسی بەهەموو هێزیکیەوە هەوڵی شاردنەوەی جوانیەکانی دەدات، فەزایەک دەخوڵقنێت لەساردی و تابۆ بەناوی ئادابی گشتی عورفەکان، نۆرمە لۆکاڵیەکان دەکاتە نۆرمی ئیسلامەوی، ئەوە  ساردی جیهانە وەک ئادۆڕنۆ دەڵێت، ئەوە  گڵۆبالیزمە، کەوەک شمەک ئیسلامی سیاسی بەو فۆرمەیەوە دینێتە بازاڕی خۆیەوە. ئیدی کۆنەپاریزی سوستیمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوای جەنگی جیهانی دووهەم کەش و هەوای کۆمەلگەکانی ئەوروپای ئاوەها بەنەریتە کۆنەکان سیخناخ کردبوو، جەستە کاری لەسەر دەکرا و کیژەکانیش  بەمەمک نیشاندانیان پڕۆتێست کرد ..

دیارە ئەم پرۆتێست کردنە ناهەقیەک بوو چەپەکان کردیان بەرامبەر ئادۆڕنۆ، ئەو  ئەوەندە بەو سوستیمە باوکسالاریە پەست بوو، بەجۆرێک ناوی باوکی و خانەوادەکەی تەنها بەدوو پیت دەنوسی ناوی خۆی بەئاشکرا (T. W. Adorno) (سڵۆتێردایک) دەربارەی ئادۆڕنۆ دەڵێت: (لای ئادۆڕنۆ ڕەتکردنەوەی باوکسالاری بەجۆریک بو کەناوی باوکی تەنها وشەیەکی لێ مابۆوە .. ) ..هێرشی ئەو خانمانە ڕەخنەیەکی گاڵتەجاڕانە بوو، بەڵام  بۆسەر کەسێک بوو کەهەموو تەمەنی دژی باکساولاری و دەرهاویشتە خراپەکانی مۆدێرنە کاری کردووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا. بەڕای من دژی ئادۆڕنۆ بوو، چونکە ئەو وەک سەری گەورەی تیۆری دژی ڕای نیوەی جوڵانەوەی خوێندکارانی ١٩٦٨ بوو، کەپێیان وەهابوو دەبێت بیروڕاکانی تێۆرەی ڕەخنەیی فرانکفۆرت لەئەکتیکی سیاسیدا پڕاکتیزە بکرێت، ئادۆڕنۆ بەتوندی دژی ئەو ڕایە بوو، ئەو دژی بەئایدۆلۆژیاکردنی تێۆرەی ڕەخنەیی بوو،  ئەمەش بەجۆرێک چەپەکانی توڕەکردبوو کەدەستەواژەیەکیان دەگووتەوە  دەیانگووت: ( پەیمانگای ئادۆڕنۆ دەمیکە مردووە).   

دیارە ئەو خانمانە بەرامبەر ئەم کردارەیان لەدوایدا پەشیمان بوونەوە، ئەم دڵڕەقی بوو بەرامبەر ئەو ئەقڵە گەورەیە،  لەدوایشدا کەسیان ئامادەنەبوون، بەئێستاشەوە،  بۆ هیچ ڕۆژنامەیەک باس بکەن.  بەڵام من پێموایە ئەم پرۆتێستە لەبەردەم  بیرمەندیکی قوتابخانەی فرانکفۆرت کاردانەوەی فیکری خۆشی هەبوو، بەوەی ئەم خانمانە توانیان بەم پرۆتێستەیان مانایەکی گەورە ببەخشن بەڕەخنەی ئەقڵی گاڵتەجاڕی، کاتێک  جەستەیان دەبێت بە چەکیک لەدژی نۆرمە باوەکان، توانیان بەو چالاکیانە ئەو گۆمە بشلەقێنن کەجەستە بەهی ئەویتر، هی کۆمەڵگە و ئاین و عورف و مامۆستایانی ئەخلاق دەزانێت، کیژەکانی ئەوسا کەئێستا لەژیاندا نەماون، (ئادۆڕنۆ) یان لەو لەئیدیالزمی سوقراتیدا قەتیس کرد و سەلماندیان کەجەستەی مێینە خاوەنی زیرەکی خۆیەتی، موڵکی خۆیەتی نەک یاساکان، تەنانەت فەیلەسوفە مۆدێرنەکانی وەک ئادۆڕنۆش دەبێت لەبەردەم توندوتیژی ڕووتیدا تووشی شۆک بن، لێرەوە دەبێت پرسیاری ئەوە بکەم : فیمینزمی کوردی لەکوێی جەستەی خۆیدایەتی ؟ …. ، 

 

ئیسماعیل حەمەئەمین   

 

ئەم بابەتە لە کوردستانی نوێ بڵاوبۆتەوە
http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=17884&Cor=2&Besh=Witar

 

Previous
Next

Leave a Reply