Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ژنانو بزوتنەوەى فیمینیستى…..كەژاڵ عەلا

ژنانو بزوتنەوەى فیمینیستى…..كەژاڵ عەلا

Closed
by January 30, 2009 ژنان

 ژنانو بزوتنەوەى فیمینیستى…
 كەژاڵ عەلا

 
 بەدرێژایى مێژوو ژنان بەدواى ئارەزوو ئامانجەكانی خۆیاندا سەرگەردانن. كەچى هێشتا لەم سەردەمەشدا  ژنان بەدەست نایەكسانی كۆمەڵایەتییەوە گرفتارن لەنموونەى، سیاسى، ئابوورى، كاركردن،  ئازارو ئەشكەنجە، جوداكارى، بەكاربردنى سێكسى. بەپێى ڕاپۆرتەكانى ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ژنان 70%  ی هەژارەكانی جیهان پێك دەهێنن و خاوەنی تەنیا 1% ئەو زەوییانەن كە سەنەدیان هەیە. "  هیشتا لە 53 وڵاتی جیهاندا سووكایەتی كردن بەرامبەر  بە ئافرەت لە چوراچیوەی هاوسەرداریدا بە تاوان دانانرێ ".  " ڕۆژانە زیاتر لە 100 میلیۆن بێوەژنو منداڵەكانیان ڕووبەڕووى مەترسىو ئازارو ئەشكەنجە ئەبنەوە ". " لە زۆر وڵاتدا هێشتا تەمەنی یاسایی شووكردن  زۆر جیاوازە لە تەمەنی یاسایی ژن هێنان بە جۆرێك كە هەمیشە تەمەنی شووكردن كەمترە لە تەمەنی ژن هێنان! لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەشدا هاوسەرداری ئەبێتە هۆی پێشێلكردنی مافی كچەكان وەك بێبەش بوون لە خوێندن. بۆنموونە ئەگەر كچیك ناچار بێت لە 14 ساڵیدا لەبەر شووكردن واز لە قوتابخانە بهێنێ ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی دەرفەتەكانی داهاتووی لێ بگیرێ. ئەمەش لە راستیدا پێشیلكردنی مافی كچانە بە درێژایی ژیانیان لە وێنەی مافی خوێندنی زانكۆ و بوون بە دایك لە تەمەنێكی منداڵیدا و لەوانەشە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستیان."  ژنان لەزۆربەى شوێنەكانى جیهاندا بەدەست زوڵمو ستەمەوە دەناڵێنن. لەشێوەى جۆرەها ئازارو ئەشكەنجەو لێدان لەلایەن باوكو برا یاخود هاوسەرەكانیانەوە. زەوتكردنى ئەم مافانەش بۆ ژنان بەماناى بێبەشبوونیانە لە مافە سەرەتاییەكانى مرۆڤ.
 
    جێگەى داخە هەر لە دێرزەمانەوە ڕەگەزى نێرینە وەك كاڵایەك ڕوانیویانەتە ڕەگەزى مآینە، ژنانیان بە موڵكى خۆیان زانیوە. ئەم تێروانینانەش لەڕۆماى كۆنو كلتورى یۆنانیەكاندا بەئاشكرا دەبیندرێت. بۆنموونە لەو سەردەمانەدا بۆیان هەبوە ژنان وەك كاڵایەك بازرگانى كڕینو فرۆشتنى پێبكەن بەبێ هیچ جۆرە ئیحساسو شەرمێك توانیویانە ژنان دەستاو دەست پێبكەنو ژنو كۆیلەیان وەك یەك نرخاندوە. بەڵام خۆشبەختانە لە سەردەمى دەركەوتنى مەسیحەوە تاڕادەیەك ئەم تێروانینانەى پیاوان گۆڕا. لەگەلأ ڕوودانى گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتیەكاندا ژنان زیاترو زیاتر پێشكەوتنیان بەخۆوە بینیوە و بەردەوام لەهەموو گۆڕەپانێكدا بەشدارى دەكەنو پلەو پایەیان بەرزو دیارە.
 
    ئاشكرایە لەم سەردەمەدا ژنان هاوشانى پیاوان لە ڕووى سیاسىو هونەرىو ئەدەبىو زانستیدا چالاكى زۆریان بەئەنجام گەیاندوەو مێژووش شاهیدى ئەم پێشكەوتنانەیە. ڕەنگە ئەوانەش سەرەتایەك بووبێتن بۆپەیدابوونى بزوتنەوەى فێمێنیستى لەكۆتایى سەدەى نۆزدەهەمدا.
 
 
 فەلسەفەى فێمینیستى چیە؟
   وەكوئەڵێن وشەى  فێمینیستم بۆیەكەم جار لەوتارێكدا لەلایەن ئەلیكساندەر دۆماوە نوسراوە، ئەم وشەیەش ئەوژنانەى ئەگرتەوە كە هەڵسوكەوتیان  پیاوانە بوو. لەساڵى 1873 ئەم وشەیە بەڕەسمى چوە ناو كلتورى فەرەنسیەوەو بە بزوتنەوەكانى ژنان كە لەدژى نایەكسانى ژنانو پیاوانو بۆ دادپەروەرى تێدەكۆشان وردەوردە ئەم ناوەى لەخۆگرت.. كە لەگەلأ تێپەڕبوونى زەمەندا بەشێوەیەكى بەرچاو كۆمەڵێك بزوتنەوەى   تر ئەم ناوەیان لێنراوە لە نموونەى: فێمینیستى ماركسیستى، فێمینیستى سۆشیالیستى، فێمینیستى ڕادیكاڵى، فێمینیستى لێبراڵىو لەم دوایانەشدا فێمینستى ئیسلامیش پەیدا بوە.
 
   لەگەلأ پەیدابوونى بزوتنەوەى فێمینیستى، ژن گەلێكى زۆر هاتونەتە ناو مەیدانەكانى ئەدەبیاتەوەو لەم بارەیەوە نووسیویانە بۆ نموونە:(سیمۆن دۆبۆڤوار) كە دەڵێت: لەسەدەى نۆزدەهەمدا پاش شۆڕشى پیشەسازى و بەشدارى كردنى ژنان لەبەرهەم هێنانى پیشەسازیدا بزوتنەوەى فێمینیستى لەڕووى تێوریەوە هاتەكایەوە. كەلەساڵى 1948سیمۆن كتێبى (ڕەگەزى دوەم)ى نووسی كاریگەریەكى فراوانى هەبوو لەبنیات نانى ئەم وشەیەدا. ئەو لەو باوەڕەدا بوو كەژن بەژنێتى لەدایك نابێت، بەڵكو خەڵكى ناوى ژنى لێدەنێن. واتا كۆمەڵگا  بە شێوەی بونەوەرێكى (زەعیفە) لاواز تێى دەڕواننو لەڕاستیدا ئەوانن ئەیكەن بە ژن. مەبەستى سیمۆن لەم كتێبەیدا هوشیاركردنەوەى  ژنانە كەبتوانن بەئازادى ناسنانەمەى ڕەگەزى خۆیان بناسن.
 
   هەروەها جان ایستڤارت میل لە ساڵى 1899 كتێبێكى بەناوى (داگیركەرانى ژنان)ەوە نوسیەوەو كەتێیدا بەڕاشكاوى باسى بابەتى نایەكسانى مافى ژنانو پیاوانى كردوە، بەهۆی ئەم كتێبەوە لەو سەردەمەدا شۆڕشێكى پیاوانى لێكەوتەوە.  دۆڕۆتى پاركەر لە كتێبى "ژنى سەردەم: ڕەگەزى وون"دا ئەنوسێت: ناتوانم بە شێوەیەكى داد پەروەرانە بڕوانمە كتێبێك كە ژن وەكو ژن سەیر بكات… بەلاى منەوە پێویستە ئێمە هەموومان چ پیاو چ ژن وەكو مرۆڤ تەماشا بكرێین."  سیمۆن دۆبۆڤوار پاش سەدەیەك بەسەر هەڵوێستەكانى میل دا وتارێكى بڵاو كردەوە كەدەڵێت:(( ئەوشتەى ژنان هەوڵى بۆ دەدەن یەكسانى نێوان ژنانو پیاوانە. ئەم یەكسانیەش پێویستە هەموو بوارەكانى ژیان بگرێتەوە  چ  ژیانى تاكەكەسىو چ كۆمەڵایەتى بێت)). هەروەها سیمۆن دەڵێت:(( لەوانەیە بڵین زەرورەتی دوولایەنە بووەتە هۆی ئاسانكاری بۆ ئازادیی ژنان. بەڵام لە جیهانى واقیعدا ژنان بە شێوەیەكى كۆمەڵایەتى لە كۆت و زنجیرى پێویستیەكانى پیاو ڕزگاریان نەبووە- مەبەستمان لە پێویستى سێكسى و پێویستى بەردەوامبوونى نەوەكانە كە لەم بارەیەوە پیاو پێویستیان بە ژنە)).
 
      لەسەدەى نۆزدەهەمدا ژنە ڕۆمان نووسى بەناوبانگ ڤێرجینیا ووڵف بۆ جیاوازى نێوان دوو ڕەگەز لەسەر نووسینى (ئەگەر شكسپیر خوشكێكى خاوەن بەهرەى هەبوایە، لەگەلأ : ژورێكى تایبەت بەخۆ) دەركرا بۆ خوێندن لە كۆلێجى كالج، كەلەم بەرهەمانەیدا ئارەزووى زۆرى  هەوڵەكانى ئەوە بوو مافى ڕەواى ژنان بخاتە ڕوو ئەوان هوشیاربكاتەوە. ڤێرجینیا  لەكتێبی ژوورێكى تایبەت بەخۆدا ئەڵێت:( بەڕاستى هەزارجار جێگەى داخبوو ئەگەر ژنان وەكو پیاوان بیان نووسیایە، یا وەكو پیاوان عیشقیان بكردایە، یا هەڵسوكەوتى پیاوانەیان هەبوایە! لەكاتێكدا كە دووڕەگەز بەهەموو مەعنا جیاوازن، چۆن ئەتواندرێت  گەورەىو جۆراو جۆرى جیهان بەهێزوتواناى یەك ڕەگەز تەواو بكرێت؟! )).
    دۆریس لسینگ كەتوانی لەساڵى 2007دا خەڵاتى نۆبڵى ئەدەبى بەدەست بێنێت، یەكێَكە لە ژنە شۆڕشگێڕەكانى گۆڕەپانى سیاسىو یەكێكە لە ژنە نووسەرەكانى كەهەمیشە بەمەیلبوون بە فێمینیست تاوانبار كراوە. بەناوبانگترین كتێبى دوریس ( دەفتەرێكى بچكۆلەى بیرەوەری ئاڵتونى)ە كە لە كۆتایى پەنجاكاندا نوسیویەتىو ئەوى بە نیشانەى ژنێكى فێمینیستى ناساند. خۆشى لەمبارەیەوە ئەڵێت: (ژنان زەمەنێكى زۆر ملكەچى پیاوان بوون، بەڵام ئێستا كاتى ئەوەهاتوە تۆڵەى خۆیان بكەنەوەو مافى خۆیان لەپیاوان وەربگرنەوە). 
   
 وردە وردە وایلێهات ئەم بۆچوونو تێروانینانە بۆ بزوتنەوەى ژنانە(فێمینیست) شێوەیەكى گونجاوترو ڕۆشنفكرانەى بەخۆوەبینیوە. ئەو ژنانەى كەلەم مەیدانانەدا چالاكیان دەكرد هەوڵیانداوە تا شانبەشانى  پیاوان چستو چالاكو كاریگەربن لەكۆمەڵگادا.  ڕەنگە باشترین چالاكیش نسیبى ئەو ژنانە بووبێت كەهاتونەتە مەیدانى نووسینەوە، یاخود لە مەیدانەكانى ترى كلتورى كۆمەڵگایەكەیان چالاكیان ئەنجامداوە.
 
     یەكێكیى تریش لەم ژنە تێكۆشەرانەى بزوتنەوەى فێمێنیستى (فروغى فەڕڕوخزاد)ە یە كە بەبێ پێچوپەناو بەڕاشكاوى ئەینووسىو هۆنراوەى ئەوت. لە رۆژنامەى فیردەوسی ئەوسەردەمەدا لە ئێران وتارێكى بڵاوكردەوە كەتیایدا دەڵێت:( ئارەزووى من ئازادى ژنانى ئێرانەو یەكسانى مافەكانیانە بە پیاوان، من لەبەرامبەر ئەو ئازارو ئەشكەنجانەى كە خوشكەكانم ئەیچێژن لەلایەن پیاوانەوە، بەهەموو وجودمەوە ڕادەوەستمو نیوەى هونەرەكەم بۆ پەیكەرى ئازارەكانى ژنان و داكۆكى كردن لە ژنان  بەكار دەبەم. …ئارەزووى من ئەوەیە كە پیاوان وازبهێنن لەخۆپەرستىو مۆڵەتبدەن بەژنان كە تواناو بەهرەكانى  خۆیان بخەنە گەڕوو بێنەناو گشت گۆڕەپانەكانەوە).
 
    سوود لەم سایتانە وەرگیراوە: :   همشهری،  ادبیاتى زنان،  كانون زنان،   بى بى سى
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.