Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

ژنێكی چه‌فیه‌ ته‌نك ….. كه‌ریم كاكه‌

Be First!

سه‌رهات

(به‌ ده‌ستی خۆم بلیتی قیامه‌تم بڕی)

هێنده‌ له‌ تاران نامێنمه‌وه‌ بۆیه‌ وا چاكه‌ هه‌موو كاتم ببه‌خشمه‌ گه‌ڕان و هیچ بۆ خه‌و بۆ پشوو نه‌هێلمه‌وه‌، گه‌ڕیده‌یه‌ك بیه‌وێ له‌ چه‌ند رۆژێك كه‌مێكی كه‌م  تاران ببینێ، ده‌بێ ماندوو نه‌بوون له‌ با وه‌رگرێ و له‌ دۆم گه‌ڕۆكتر بێ، من ئه‌و رۆژانه‌ دۆمێك بووم ده‌ستی بام له‌ده‌ستا، گه‌ڕان كه‌مێك بیری مردنیش له‌ سه‌ر ده‌رده‌كات، ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ له‌ شه‌قامێك پیاسه‌ده‌كه‌م ماڵی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو رۆژێ ئه‌و ده‌مانه‌ پیاسه‌ی لێبكه‌یت، شه‌قامی پێلاو فرۆشیه‌، پتریش پێڵاوی ژنانه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ژن به‌ سه‌ر شه‌قامی پێڵاویدا باریوه‌، له‌ دیدی منه‌وه‌ رازاوه‌ترین فرۆشگا ئه‌و فرۆشگایه‌یه‌ كه‌ له‌ وانیدی پتر ژنی لێباریوه‌، ژنی گرتووه‌، هه‌ندێ جار وا هه‌ستده‌كه‌م فرۆشگا دره‌ختی به‌رداره‌ و ژنانی به‌رده‌می میوه‌ن، فرۆشگا چه‌ندێ پتر ژنی لێببارێ چه‌ندی پتر ژن بگرێ، هێنده‌ جوانتر و رازاوه‌تره‌، به‌ تایبه‌تیش ژنی تارانی چۆن به‌ چاوه‌ ئه‌فسوونیه‌كانیان پیاو شێت و سه‌رگه‌ردان ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تیش پیاوێكی وه‌ك من كه‌ له‌ سه‌ر ترازانم، زۆری نه‌ماوه‌ به‌ دیوی سه‌رگه‌ردانیدا لار ببمه‌وه‌..
له‌ شه‌قامی ژنانی و پێڵاو ژنانی نه‌رم نه‌رم، به‌سه‌ر كاشیه‌ لێره‌ و له‌وێ شكا و و درزبردووه‌ كان ئه‌و كاشیانه‌ی هه‌ندێ جار چاویان به‌ هه‌ڵه‌ ده‌برد و خۆیان له‌ شێوه‌ی رێزه‌ ددان نیشانده‌دا كه‌ كه‌ لێره‌و له‌وێ لێیان كه‌وتبێ، پیاسه‌ی گه‌نجانه‌م ده‌كرد و به‌ دڵی خۆم  له‌ ژنانم ده‌ڕوانی ژنانی جوانی تارانی، بڕۆ بڕۆ، بڕوانه‌ بڕوانه‌، زۆر رۆیشتم و روانیم شه‌قام بنی نه‌هات و نه‌هات، له‌ پێش ژنان له‌ دوای ژنان شان به‌ شانی ژنان ده‌ڕۆم، ئه‌و شه‌قامه‌ پیاوی كه‌م بوو، با كه‌متریش بێ! ژنێك له‌ پێشمه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت، رۆیشتن چ رۆیشتن! ده‌بێ هه‌رچی ژنی دنیا هه‌یه‌ بێن له‌و ژنه‌وه‌ خۆ فێره‌ رۆیشتن بكه‌ن، چ له‌نجه‌و لارێكی ده‌كرد خودایه‌!  ماینی كه‌حێل دیتبای لاسایی ده‌كرده‌وه‌، چ له‌ شولارێكی هه‌بوو خودایه‌ له‌ ناو ئه‌و جلكه‌ ئاودامه‌نیه‌ ده‌تگوت ئاوه‌ به‌ نازه‌وه‌ به‌ نه‌رمی شه‌پۆلی جوانیی ده‌دا، چ به‌ژنێكی زراڤی كه‌ڵه‌گه‌ت له‌ پێشمه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت خودایه‌، هه‌بێ نه‌بێ خوداوه‌ندی جوانی ئه‌و ژنه‌ی تایبه‌ت زۆر تایبه‌ت بۆ كه‌سێكی  زۆر نزیك له‌ خۆی هێناوه‌ته‌ دنیا..
چه‌ندی كردم نه‌متوانی چاوی له‌ سه‌ر هه‌ڵگرم، چه‌ندی كردم نه‌متوانی له‌ دووی ببمه‌وه‌، نه‌شمتوانی كه‌مێك پێشبكه‌وم و رووی ببینم، ره‌نگه‌ ترسابم ئه‌گه‌ر پێشبكه‌وم ئه‌و جوانیه‌ی كه‌ له‌ دواوه‌ مه‌ستی كردووم له‌ ده‌ستمبچێ، ئه‌و ژنه‌ به‌ جله‌وكردن جله‌وی كردووم و به‌ دووی خۆیدا رامده‌كێشێ، ئه‌ویش نیوه‌ ئاوڕێكی نه‌دایه‌وه‌، لای نه‌دایه‌ فرۆشگایه‌ك، روویم نه‌دیت و نه‌دیت، نه‌رم ده‌ڕۆیشت و نه‌یده‌گه‌یشتمێ، من نه‌مده‌ویست بیگه‌مێ! یان ئه‌و نه‌یده‌هێشت بیگه‌مێ! من له‌ ده‌ست خۆم نه‌مابووم، ژنێك له‌ شه‌قامێكی تاراندا به‌ راكێشان رامده‌كێشێ و نازانم ده‌مگه‌یه‌نێته‌ كوێَ، گۆرانیه‌كم بیركه‌وته‌وه‌، حه‌زم لێبوو بیڵێمه‌وه‌، گوتمه‌وه‌:
 سه‌وزه‌ مه‌ڕۆ سه‌وزه‌لێ باریكێ وا هاتم
  رووتم نه‌دیوه‌ سه‌وزه‌ عه‌شقی بالاتم
ژنه‌ ده‌ڕوا و من به‌ دوویه‌وه‌، بۆ چاو تروكانێكیش چاوم له‌ سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌گرت، له‌و ساتانه‌ كه‌ واده‌ی چاوترووكان ده‌هات من هه‌ردوو چاوم پێكه‌وه‌ نه‌ده‌ترووكاند، چاوه‌كانمم فێركردبوو به‌ نۆره‌ ترووكان بكه‌ن، نه‌بادا ژنه‌ بزربێ… ئۆی، باش نه‌بوو پرچی به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو، ده‌بێ چ پرچێكی هه‌بێ خودایه‌، ئه‌گه‌ر به‌و به‌ژنه‌ زراڤه‌دا پرچ بێته‌وه‌ خواره‌وه‌، چ ده‌قه‌ومێ! ئای له‌و (شارئاشوبه‌) چی له‌ من كرد، هه‌ر من، دڵنیام شارێك پیاوی وه‌ك منی به‌ شه‌قامی نادیاری خستووه‌، به‌ڵام من وا ئاگام له‌ خۆم نیه‌ چ ئاگام له‌وان بێ، له‌ شارێك پیاو بێ، كه‌  سه‌رگه‌ردان سه‌رگه‌ردان.. باش بوو پرچی به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو، ده‌نا دوور نه‌بوو خراپتر زۆر خراپتر بقه‌ومێ، له‌وه‌ش خراپتر! بۆ من ده‌زانم چیم لیقه‌وماوه‌، سه‌رگه‌ردانیم گه‌یشتۆته‌ كوێ، نا، باش بوو پرچی به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو، له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ده‌مگوت:
 كۆماری ئیسلامی له‌ به‌لاش پرچی نه‌شاردۆته‌وه‌..
به‌ڵام پێكه‌نینیشم به‌و قسه‌ی خۆم هات، ترسام پێكه‌نین  ژنه‌كه‌م لێبزر بكات، ده‌نا پێده‌كه‌نیم، من ده‌بوو به‌ بێ هه‌ست و خوست به‌ دوایدا بڕۆم، وام هه‌ستده‌كرد ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌ك بكه‌م، پێبكه‌نم، بزری ده‌كه‌م، به‌ بێده‌نگی به‌ دوویدا ده‌ڕۆم، هێشتا روویم نه‌دیوه‌، هه‌ر ده‌ڕۆین و شه‌قام بنی نه‌هات، حه‌زم لێیه‌ بنی نه‌یه‌، خودایه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ درێژ بكه‌وه‌، تا له‌ توانات هه‌یه‌ درێژی بكه‌وه‌،  له‌ دڵی خۆم گوتم:
ژنی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتوو، بۆ كوێ ده‌ڕۆی بڕۆ، هه‌ر له‌ دواتم..
دیتم شۆڕبۆوه‌، به‌ شۆڕبوونه‌وه‌ شۆڕ بۆوه‌، ئای ئه‌و لێژاییه‌ له‌ كوێ په‌یدا بوو! ئای ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ بن عه‌رد! راره‌وێكی گه‌وره‌ بوو، سه‌رم هه‌ڵبڕی له‌ تابلۆیه‌كی گه‌وره‌ به‌ خه‌تێكی ناسك نووسرابوو( ده‌روازه‌ی ده‌وڵه‌ت)، ده‌روازه‌ی ده‌وڵه‌ت، ده‌روازه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت چی بێت، به‌ ده‌نگێك پێده‌چوو ژنه‌ شارئاشوبه‌كه‌ گوێی لێبووبێ گوتم:
ده‌بوو بنووسرێ ده‌روازه‌ی عه‌شق
ئا، ره‌نگه‌ گوێی لێبووبێ، چونكه‌ له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی من هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی كرد، ویستی ئاوڕ بداته‌وه‌، په‌شیمانبۆوه‌، نازانم چی له‌ئاوڕدانه‌وه‌ په‌شیمانی كرده‌وه‌، خۆزگه‌ په‌شیماننه‌ده‌بۆوه‌ و ئاوڕێكی لێمده‌دایه‌وه‌، نا، باش بوو ئاوڕی نه‌دایه‌وه‌، من زۆر جار له‌ ئاوڕدانه‌وی ژن ترساوم، له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ی ژنی جوان ترساوم، ئاخر هه‌ندێ حار جوانی نه‌بینی باشه‌، جوانی سووتێنه‌ره‌ و به‌ داخ داخت ده‌كات، ترسام رووی ئه‌و ژنه‌ش بمسووتێنێ..
شار ئاشوب شۆڕبۆوه‌ منیش له‌ دووی، زۆر شۆڕبووینه‌وه‌، بۆ بن عه‌رد شۆڕبووینه‌وه‌، رووناك بوو، چراخان بوو، له‌ ده‌روازه‌ی بن عه‌رد ته‌نها ژن و پیاوێك دیارن، ژنه‌ له‌ پێشه‌وه‌ و پیاوه‌ به‌ دواوه‌ی، پیاوه‌ شێتانه‌ به‌ دوای ژنه‌كه‌ كه‌وتووه‌، ژنه‌كه‌ ره‌نگه‌ نه‌زانێ پیاوێكی شێتی به‌ دواوه‌یه‌، به‌ راستی من شێت نیم وا به‌ دوای ئه‌و ژنه‌ كه‌وتووم؟ باشه‌ كێ ناڵی خه‌ون نیه‌! چاوی خۆم هه‌ڵگلۆفت، ده‌ڵێی خه‌ون نیه‌.. پێچێك هاته‌ پێشێ  شار ئاشوب سووڕاوه‌، بزر بوو، من له‌ جێگه‌ی خۆم چه‌قیم، ده‌تگوت جله‌وه‌كه‌ پسا، هه‌ندێك ترسام، له‌ دڵی خۆم گوتم:
كێ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ ژن بوو! تارمایی نه‌بێ..
دوای كه‌مێك دامان، گه‌یشتمه‌ ئه‌وه‌ی نه‌ خه‌ونه‌، نه‌شێتبوونه‌، نه‌ ژنه‌ش تارماییه‌، ده‌بێت هه‌ر به‌ دوایدا بڕۆم هه‌تا رووی ده‌بینم و ده‌سووتێم هه‌ر بڕۆم، خێرا خۆم گه‌یانده‌ ئه‌و پێچه‌ی شار ئاشوب لێیه‌وه‌ بزر بوو، ترسام لێم بزربێ، ئاخر ته‌واوێك گیربووم، كاتێ سووڕامه‌وه‌، ژنه‌كه‌ هێنده‌ لێم دوور نه‌بوو، زۆر له‌وه‌ نزیكتر بوو كه‌ من دامنابوو، ده‌بوو دوورتر رۆیشتبا، هه‌بێ نه‌بێ له‌ چاوه‌ڕوانیی من خۆی گیركردووه‌، ره‌نگه‌ ئه‌ویش هه‌ستی كردبێ پیاوێك به‌ دواوه‌یه‌تی و چێژ به‌خشیش بێ، ئاخر من بیستوومه‌  ژن هه‌یه‌ چێژ له‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ پیاوێك به‌ بێده‌نگی به‌ دوای كه‌وێ، چێژ له‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ بزانێت پیاوێك له‌ دواوه‌ له‌ له‌ش و لاری  له‌نجه‌ و رۆینی وردبۆته‌وه‌، هه‌بێ نه‌بێ چاوه‌ڕێی منی كردووه‌، ده‌بێ خۆمی بگه‌یه‌نمێ و بزری نه‌كه‌م، لێی نزیك كه‌وتمه‌وه‌، هێشتا روویم نه‌دیوه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستم با ده‌متوانی رووی ببینم، نه‌مدیت، نازانم نه‌ له‌ شه‌رمان بوو نه‌ له‌ ترسان هه‌وڵی دیتنی روویم نه‌دا، ئێستا هه‌ر چه‌ند هه‌نگاوێ لێی دوورم، ئێره‌ چۆل نیه‌، خه‌ڵك هه‌نه‌، له‌ شۆڕبوونه‌وه‌دان، لێره‌وه‌ به‌ ریز ده‌رگای گچكه‌ گچكه‌ هاتنه‌ رێ،ده‌رگاكان هه‌ر له‌و ده‌رگایانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ تانۆك ده‌كرێنه‌وه‌، ده‌رگای تانۆكی بوون به‌ڵام له‌ ئاسن نه‌ك دار، ژنه‌ رووه‌ و یه‌كێك له‌ ده‌رگاكان چوو، من له‌ دووی نابمه‌وه‌، ئێستا زۆر لێی نزیكم، ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌ توندی هه‌ناسه‌ بده‌م، چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌ی به‌ بای هه‌ناسه‌ ده‌له‌رێنمه‌وه‌، هێشتا روویم نه‌دیوه‌، له‌ ده‌رگا نه‌ویه‌ تانۆكیه‌كه‌ ئاودیو بوو، هێشتا ده‌ستی هه‌ر به‌ سه‌ر ده‌رگاكه‌وه‌ بوو، منیش پێی ئاودیو بوونم بڵند كرد، به‌ڵام ده‌رگا ده‌ستی به‌ روومه‌وه‌ نا، توند زۆر توند به‌ روومدا داخرا، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو كچه‌ به‌ توفێكه‌وه‌ ئاوڕم لێبداته‌وه‌، ئای ئه‌و ده‌رگایه‌ بۆ داخرا، ئه‌و جاره‌ش چاوم هه‌ڵگلۆفت و گوتم:
ره‌نگه‌ خه‌ونێكی ناسكم دیتبێت..
خه‌ون بوو! نا خه‌ون نیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆلیسه‌م نه‌دیتبا كه‌ له‌و دیو ده‌رگاوه‌ ته‌ماشای ده‌كردم، دوور نه‌بوو به‌ سه‌ر ده‌رگاكه‌ پازده‌م، پازدان ئاسان بوو، ژنی چه‌فیه‌ ته‌نك به‌ به‌ر چاومه‌وه‌ بن عه‌رد و بن عه‌رد شۆڕبۆوه‌، چاوم به‌ چوار ده‌وری خۆم دا گێڕا، دیتم له‌و لاوه‌ له‌و لایه‌ی پێچی ده‌كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌كی كراوه‌، شتێكی نزیك له‌وه‌ نووسرا بوو( لێره‌ بلێت ببڕه‌) هه‌ر به‌ غاردان غارم دا و بلیتم هێنا، خستمه‌ كونی ده‌رگاوه‌، ئه‌و جاره‌ ده‌رگای دڵره‌ق دڵی نه‌رمبوو، خۆی بۆم خسته‌ سه‌ر گازه‌رای پشت، له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ گوتم:
كاخه‌زی پاره‌ ده‌رگای ئاسنینیش نه‌رمده‌كات..
شۆڕبوومه‌وه‌، به‌ دوای ژنی له‌ چاو دیار نه‌ما بۆ بن عه‌رد شۆڕبوومه‌وه‌، ئێره‌ له‌ سه‌ر عه‌رده‌وه‌ زۆر دووره‌، كێ له‌ بیریه‌تی من له‌ كه‌یه‌وه‌ له‌ شۆڕبوونه‌وه‌دام، ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمانیشه‌وه‌ هێنده‌ رێی شۆڕبوونه‌وه‌ ببڕی ده‌گه‌یته‌ زه‌وی..
ئێره‌ بن عه‌رده‌، چ حه‌شاماتێكه‌، ده‌ڵێ رۆژی حه‌شره‌، تاران هه‌مووی لێره‌یه‌، من به‌ دوای ژنه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌، ژنه‌ شار ئاشوبه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێم، چۆن بیناسمه‌وه‌، ئای چ گێل بووم ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌رفه‌ت ره‌خسا رووی ببینم، له‌ ده‌ستمدا، چه‌فیه‌كه‌ی نیشانه‌یه‌كی باشه‌ ره‌نگه‌ بیناسمه‌وه‌، به‌ چه‌فیه‌ ده‌یناسمه‌وه‌، ژنێك به‌ سه‌ری له‌ من دیار بوو تا بڵی جوانیش بوو، چه‌فیه‌كه‌ی له‌ هی وی ده‌چوو، خه‌ریك بوو بڵێم:
 ئۆخه‌یش دیتمه‌وه‌، چه‌ند جوانیشه‌..
باش بوو، ئۆخه‌یم هه‌ڵنه‌كێشا، ژنێكیدی چه‌فیه‌كی وه‌ك وی له‌ سه‌ر بوو، ژنێكیدیش، سێ چوار ژنی چه‌فیه‌ ته‌نكی وه‌ك ویم دیت، ئای ژنه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌ به‌ چه‌فیه‌ ناناسرێیته‌وه‌، هه‌ر ده‌بێ به‌ راوه‌ساتانه‌وه‌ و له‌ دواوه‌ بتناسمه‌وه‌، ده‌بێت به‌ دوای ژنه‌ بالا به‌رزه‌كاندا بگه‌ڕێم، ئه‌و ژنانه‌ی هه‌تا ده‌ست هه‌ڵده‌بڕی به‌ژن بڵند، ئه‌و ژنانه‌ی هه‌تا باوه‌ش وێك دێنیه‌وه‌ كه‌مه‌ر باریك، چه‌ند ژنێكی به‌ژن بڵندی كه‌مه‌ر باریكی چه‌فیه‌ ته‌نكم دیت به‌ڵام به‌ چ بزانم هه‌وه‌ یان نا، هه‌تا له‌ رۆیشتنێ نه‌یانبینم ناناسمه‌وه‌، ئه‌وه‌تا ئێستا من  له‌ دواوه‌ له‌ رۆشتنی ژنان ورد ده‌بمه‌وه‌، هه‌ر ده‌بێت له‌ دواوه‌ بێت، له‌ پێشمه‌وه‌ ئه‌و ژنه‌ی من له‌ دوای ده‌گه‌ڕێم نایناسمه‌وه‌، ته‌نها به‌ له‌ نجه‌و لاری ده‌یناسمه‌وه‌، له‌نجه‌ولاری ئه‌و ژنه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌ له‌ كه‌س ناچێ له‌ خۆی نه‌بێ، به‌س بیبینمه‌وه‌ ده‌بێ به‌ قه‌د دنیایه‌ك چاو له‌ چاوی ببڕم، به‌ شێوه‌یه‌كی وا رووی له‌ چاوم كۆپی بكه‌م قه‌ت نه‌سڕێته‌وه‌، ژنه‌ تارانیه‌ شار ئاشوبه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌ تۆ له‌ كوێ خۆت شاردۆته‌وه‌ من جگه‌ له‌ تۆ..
باشه‌ ئێره‌ كوێیه‌، زۆر له‌ قیامه‌ت ده‌چێ، من قیامه‌تم نه‌دیوه‌ به‌ڵام زۆر باسی قیامه‌تم بیستووه‌، بیستوومه‌ له‌ قیامه‌ت كه‌س به‌ كه‌س نیه‌، ئێره‌ش ئه‌وهایه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌ لایه‌كدا ده‌ڕوا، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ڵێی له‌ خۆرایه‌ ده‌خولێنه‌وه‌، راكه‌راكیانه‌، هه‌ڵات هه‌ڵاتێكه‌ په‌یامبه‌ر ئۆمه‌تی خۆی ناناسێته‌وه‌، ئه‌و حه‌شاماته‌ له‌ كوێوه‌ هاتن، تاران به‌ زیندووه‌كان و مردووه‌كانیه‌وه‌ هه‌مووی لێره‌ن، به‌ راست تارانیه‌ زیندووه‌كان لێره‌ن! نازانم، من لێره‌م، ئه‌و ژنه‌ی منیشی هێنایه‌ ئێره‌ لێره‌یه‌، باشه‌ كێ ده‌ڵێ ئه‌و ژنه‌ له‌ خۆمانچێتران نه‌بوو، منی په‌لكێشی ئێره‌ كرد، با ده‌ست بۆ دۆخینه‌كه‌م ببه‌م، ده‌ی قایشی پانتۆریش له‌ جێی دۆخینی شه‌رواله‌، ئه‌گه‌ر جندۆكه‌ منی هێنابێته‌ ئێره‌ ده‌ست بۆ دۆخین بردن شانۆگه‌ریی جندۆكه‌ به‌تاڵده‌كاته‌وه‌، نه‌نكم وای ده‌گوت، ده‌یگوت:
كوڕم ئه‌گه‌ر تووشتان به‌ تووشی جندۆكه‌وه‌ بوو، ده‌ست بۆ دۆخینتان ببه‌ن، ریسه‌كه‌ی لێده‌بێته‌وه‌ خوری..
نا، من نامه‌وێ ده‌ست بۆ قایشی پانتۆره‌كه‌م ببه‌م، نامه‌وێ ئه‌و ژنه‌ به‌ژن زراڤه‌ ئه‌و ژنه‌ له‌نجه‌ولار جوانه‌ ریسه‌كه‌ی لێببێته‌وه‌ خوری، نا، ده‌ست بۆ قایشی پانتۆڕه‌كه‌م نابه‌م..
وا بڕوا شێت ده‌بم، چه‌ندی ته‌ماشا ده‌كه‌م ئێره‌ له‌ قیامه‌ت ده‌چێ، هه‌ر به‌ راستی زۆر له‌ قیامه‌ت ده‌چێ، باشه‌ من بۆچی به‌ دوای ئه‌و ژنه‌ كه‌وتم، بۆچی به‌ ده‌ستی خۆم بلیتی قیامه‌تم بڕی! بلیتی بنه‌وه‌ی دنیام بڕی، ئێره‌ زۆر له‌ بنه‌وه‌ی دنیا ده‌چێ، له‌ رۆژی هه‌ستانه‌وه‌ ده‌چێ، به‌ڵام بیستوومه‌ قیامه‌ت تاریكه‌سه‌لاته‌، زڕباوكی دایكم كه‌ ده‌شێ به‌ زڕ باپیره‌ ناوی بێنم وای ده‌گوت، ده‌یگوت:
قیامه‌ت تاریكه‌سه‌لاته‌، چاو چاو نابینێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌هه‌شتی بێ، عه‌نه‌تریكێكی گه‌شی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌..
زڕباپیرم ده‌یگوت:
من لێره‌وه‌  له‌ هه‌رمۆته‌وه‌ عه‌نه‌تریكه‌كه‌م به‌ ده‌ستهێناوه‌، خه‌می تاریكیی قیامه‌تم نه‌ماوه‌..
ئه‌وانه‌ی سه‌ربرده‌ی عه‌نه‌تریكه‌كه‌یان نه‌ده‌زانی، لێیانده‌پرسی، ئه‌و عه‌نه‌تریكه‌ت چۆن په‌یداكرد؟
زڕ باپیرم زۆر به‌ شێنه‌یی و دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یگوت:
بۆ ئێوه‌ نازانن، من ژنێكی هه‌رمۆته‌ییم، ژنێكی فه‌له‌م كرده‌ موسلمان و ئه‌و كوڕانه‌م نوێژكه‌ر و راستگۆیانه‌م  گچكه‌كه‌یان نه‌بێ هه‌موویان له‌و ژنه‌ن..
سه‌یره‌ ئه‌و قیامه‌ته‌ تارانیه‌ رووناكه‌، تۆ بڵێی منیش عه‌نه‌تریكێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی هی زڕ باپیرمم له‌ ده‌ست بێ، بۆیه‌ قیامه‌ت وا رووناكه‌، به‌ڵام كوا خۆ من چ ژنێكی هه‌رمۆته‌ییم نه‌كردۆته‌ موسلمان، من ژنه‌كه‌م به‌ منداڵێكه‌وه‌ له‌ مێوانخانه‌یبه‌ك به‌جێهێشتووه‌، گوتم:
ده‌چم پیاسه‌یه‌ك ده‌كه‌م، كه‌مم پێده‌چێ..
هه‌ڵه‌م كرد ئه‌و بڵیته‌م بڕی، باشتره‌ به‌ رێی خۆمدا بگه‌ڕێمه‌وه‌ و بچمه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌وجا رێگه‌ی چوونه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی پێده‌زانمه‌وه‌! وا بزانم بڕیارێكی وام دا:
نا تا رووی ئه‌و ژنه‌ نه‌بینم ناچمه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی، ده‌بێت بیبینمه‌وه‌..
شێتایه‌تیه‌ ها! من بۆ وا ده‌كه‌م! له‌ بیست و یه‌ك  ساڵ له‌وه‌وبه‌ر شێتترم، ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ نزیك گۆڕی عوزێر پێغه‌مبه‌ر ژنێك به‌ هه‌ڵه‌ ره‌نگه‌ به‌ هه‌ڵه‌ بووبێ چاوێكی لێداگرتم رۆیشت، كه‌وتمه‌ دوای، گه‌یشته‌ چاكی بن عه‌ردی منیش گه‌یشتم، چووه‌ بن عه‌رد، چاوه‌ڕێیمكرد، به‌ دڵخۆشی سه‌ركه‌وته‌وه‌ پێده‌چوو به‌ردی مرازی پێوه‌نووسابێ، سواری پاس بوو، سوار بووم، هاته‌ حوارێ، هاتمه‌ خوارێ، رۆیشت كه‌وتمه‌ دوای، چووه‌ گه‌راجێگی گه‌وره‌ له‌ دووی بووم، سواری پاسێكی گچكه‌ بوو، وا رێككه‌وت له‌ پشتی دانیشم، بڕۆ، تێكه‌ڵی پرچه‌ خاوه‌كه‌ی بووم، لایه‌كی رووشی جوان لێم دیار بوو، یه‌ك دوو جاریش سووكه‌ ئاوڕێكی دایه‌وه‌، ده‌مویست قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م، زمانم به‌سترا، بڕۆ، هه‌ر بڕۆ كاتێكم زانی وا له‌ پرده‌كه‌ی سه‌ر زێی گه‌وره‌ین، له‌ دڵی خۆم گوتم:
تا سه‌ر پردی سیراتیش له‌گه‌ڵتم..
بڕۆ، بڕۆ، زۆر كه‌ڕه‌ت ده‌مویست ده‌ستێك له‌ قژه‌ خاوه‌كه‌ی بده‌م كه‌ دابوویه‌ با، ئه‌و بایه‌ی له‌ جامه‌ كراوه‌كه‌وه‌ تایبه‌ت بۆ پرچی ئه‌و هه‌ڵیكردبوو،گه‌یشتینه‌ شار، دابه‌زی، دابه‌زیم، رۆیشت، منداڵانه‌ كه‌وتمه‌ دوای، له‌ ناو ئاپۆره‌ی خه‌ڵك بزرم كرد، چ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی خه‌فه‌تاویه‌! رێك له‌ نزیك نه‌بی ونس ژنه‌كه‌م بزر كرد، زۆر له‌ دووی گه‌ڕام نه‌مدیته‌وه‌، به‌ دڵشكاوی  موسلم به‌جێهێشت و گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ولێر….
ئێستاش هه‌ر وه‌ك بیست و یه‌ك ساڵ له‌مه‌وپێشه‌، هه‌ر شێته‌كه‌ی جارانم، باشتره‌ چه‌ندی زووه‌ بچمه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی، نا، به‌ هه‌ندێك بگه‌ڕێم به‌ڵكو بیبینمه‌وه‌، دڵم ده‌ڵێ ده‌یبینمه‌وه‌..له‌ خۆم ده‌پرسی:
باشه‌ ئه‌وه‌ دیتمه‌وه‌، خۆ بایی چاوداگرتنێكیش، بای سووكه‌ نیگایه‌كیش هیچم له‌گه‌ڵی نیه‌، بۆ بیبینمه‌وه‌؟
وه‌ها وه‌ڵامی خۆمم ده‌دایه‌وه‌:
ئه‌و ژنه‌ی له‌ دواوه‌، به‌ به‌ژنی زراڤ و له‌نجه‌ و رۆینیه‌وه‌ منی هێنایه‌ بن عه‌ردی ئه‌گه‌ر رووی نه‌بینم دڵم داناكه‌وێت، به‌  جارێك رووی ببینم به‌سمه‌..
تارانی بن عه‌رد وه‌ك تارانی سه‌ر عه‌رد نیه‌، ئاپۆڕه‌یه‌كه‌، تێكهه‌ڵقژانێكه‌ كه‌س رۆینی كه‌س نابینێ،كێ به‌ له‌نجه‌و لاری ده‌ناسرێته‌وه‌! ژنێكی چه‌فیه‌ ته‌نك كه‌مێك له‌ پێش منه‌وه‌ هه‌ر سه‌ری دیار بوو، به‌ ژنه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌ ده‌چوو، دیتم سوار بوو، هه‌ر چۆنێك بوو خۆم گه‌یاندێ و منیش سوار بووم،  له‌ ژوورێ یه‌ك قه‌ڕه‌په‌ستانێ بوو، چێژبه‌خش بوو، ژن و پیاو به‌ریه‌كده‌كه‌وتن، هه‌وڵمدا له‌ ژنه‌كه‌ نزیكببمه‌وه‌، رووی ببینم، نه‌یده‌گه‌یشتمێ، دوای راوه‌ستانێك و چوونه‌ خواره‌وه‌ هه‌ندێك و سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی دوو هێنده‌یتر، خوداوه‌ندی به‌یه‌كگه‌یشتن باشی هێنا، رێك كه‌وتمه‌ پێش ژنه‌كه‌، رۆژ بوو هه‌ڵات، رۆژ له‌ بن عه‌رد هه‌ڵات، وه‌ی خوداوه‌ندی جوانی ئه‌و جوانه‌ت چۆن هێناوه‌ته‌ دنیاو بۆ كێ، چاوم له‌ به‌ر تیشكی چاوه‌كانی هه‌ڵنه‌ده‌هات، چاو چ چاو ده‌تگوت بن پیاڵه‌ن، روومه‌ته‌كانی رێك ره‌نگی پرته‌قاڵ بوون پرته‌قاڵ به‌لای سووریدا، نه‌مده‌وێرا جوان ته‌ماشای بكه‌م، هه‌ستم به‌ سووتان ده‌كرد، له‌ دڵی خۆم گوتم:
ده‌بێت پیاوێك هه‌بێ زاخی ئه‌وه‌ بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ بخه‌وێ!
زۆر نه‌مابوو، ژنه‌ شار ئاشوبه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌ له‌ بیربكه‌م، ئه‌و ژنه‌ی منی گه‌یانده‌ ئێره‌، ئه‌و ژنه‌ی دوور نیه‌ هه‌ر ئه‌و ژنه‌ بێت كه‌ رێك روو به‌ رووی یه‌كتر راوه‌ستاوین و بۆنی هه‌ناسه‌ی ده‌كه‌م و چاوم هه‌ڵنایه‌ جوان ته‌ماشای بكه‌م، ده‌مگوت:
خۆزگه‌ كه‌مێك دوورتر با، تا بمتوانیایه‌ ته‌ماشای بكه‌م..
قه‌ڕه‌په‌ستانێ بوو، نه‌ده‌كرا كه‌مێك لێی دوور كه‌ومه‌وه‌، ئا خه‌ریك بوو گومانم لا په‌یدابوو، هه‌وه‌ هه‌و نیه‌، له‌ بالا به‌رزی ناو قه‌د باریكی هه‌وه‌، له‌ چه‌فیه‌ ته‌نكی ره‌نگی جلكی هه‌وه‌، له‌ جوانیش هه‌ر ده‌بێ هه‌و بێ، ئه‌و له‌نجه‌و لاره‌ی من دیتم، هه‌ر له‌و چاوه‌ گه‌شه‌ سێگۆشه‌ییانه‌ دێ له‌و ژنه‌ دێ كه‌ برژانگ و برۆكانی رێك ده‌ڵێی ئه‌و شیرو تیرانه‌ن كه‌ له‌ شیعری كلاسیكی كوردی فارسیدا هه‌ن و له‌و بن عه‌رده‌ وا ده‌چه‌قێنه‌ دڵی منه‌وه‌، لێوه‌كانی كه‌ جاروبار به‌ ددانه‌ برنجیه‌كانی نه‌رم نه‌رم ده‌یانكرۆژێ، به‌ كرۆشتن گیانم ده‌كرۆژن، له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ كه‌وتمه‌ دوعا خوێندن:
 خودایه‌ به‌رگه‌ ناگرم، به‌رگه‌ی جوانیی ئه‌و ژنه‌ ناگرم، چا نه‌بوو ژنێكی وام نه‌بوو، له‌مێژبوو سووتابووم، خودایه‌ جوانیی ژن به‌ڵایه‌ به‌ڵا، بمپارێزه‌ له‌ جوانیی ئه‌و ژنه‌..
له‌ پڕ هێور بوومه‌وه‌، ژنه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌م بیركه‌وته‌وه‌، پرسیاریم له‌ خۆمكرد:
ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكه‌م، له‌نجه‌ولاری ببینم، كێ ده‌ڵێ ئه‌و ژنه‌یه‌ كه‌ من له‌ دوای ده‌گه‌ڕێم، كه‌ من به‌ڵێنم به‌ خۆم داوه‌ بیبینمه‌وه‌، یه‌ك دوو جار هاته‌ سه‌رم قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بكه‌م، زمانم به‌سترا، به‌ زمان به‌ ستراوی به‌ خۆمم گوت:
به‌س زمانم ببێته‌وه‌ لێی ده‌پرسم، ئه‌رێ خانمی تارانی تۆ بوویت به‌ شه‌قامی پێڵاواندا هاتی و منیشت..
ده‌تگوت ده‌یزانی خه‌ریكه‌ زمانم ده‌بێته‌وه‌ و پرسیاری لێده‌كه‌م، له‌ راوه‌ستانێك دابه‌زی، منیش له‌ دووی به‌ڵام له‌به‌ر نزیكی رۆیشتنیم نه‌دیت، نه‌مناسیه‌وه‌، خواره‌وه‌ له‌ ناوه‌وه‌ پڕ خه‌ڵكتر، خه‌ڵكی بن عه‌رد نایه‌ڵن من بۆ تاوێك له‌ دواوه‌ رۆیشتنی ئه‌و ژنه‌ ببینم و بزانم ئه‌وه‌ ژنه‌ی منی وا وێل و سه‌رگه‌ردان كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ یان، نا، ده‌مویست كه‌مێك هێواش بكه‌مه‌وه‌ و ئه‌و كه‌مێك دووركه‌وێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رۆشتنی ببینم، نێوان من و ئه‌و پڕ ده‌بوو له‌ ژن و پیاو، ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان دوژمنایه‌تی من بێ، پیسترین دوژمنایه‌تیان كردم، زوو خۆم ده‌گه‌یانده‌وه‌ ژنه‌ و ده‌ترسام بزری بكه‌م، له‌ له‌ وێستگه‌یه‌كی دی له‌ چاوه‌ڕوانی راوه‌ستا،راوه‌ستام ، هات و سوار بوو، له‌ سواربووندا رۆیشتن دیارناكه‌وێت، سواربووم، ئه‌وجاره‌  نزیك ده‌رگاجێی دانیشتنی به‌ركه‌وت، منیش ئه‌گه‌ر خێرا هه‌ڵكشابام له‌و سه‌ره‌وه‌ كورسی به‌تاڵ هه‌بوو، به‌ڵام خۆ شێت نیم بچم دانیشم، من پاسه‌وانم پاسه‌وانی ژنێك نازانم هه‌وه‌ یان نا، له‌ خۆم ده‌پرسی:
 ئێ با هه‌ویش بێ، پاسه‌وانی بۆچی! وه‌ڵامێكم نه‌بوو، راستی پێویستم به‌ وه‌ڵامی پرسیاری وا نه‌بوو، من له‌ سه‌رم بوو، نازانم بۆچی له‌ سه‌رم بوو كه‌ پێبكه‌وم ئه‌و ژنه‌ ئه‌و ژنه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌قامی پێڵاوانه‌وه‌ تا ئێره‌ی هێناوم!
نزیك له‌و له‌ پشتیه‌وه‌ راوه‌ستام، جار جار له‌ كه‌ڵێنی پیاوانه‌وه‌، له‌ كه‌لێنی ژنانه‌وه‌ لایه‌كی روویم ده‌دیت، مانگ نیوه‌ی به‌ ده‌ره‌وه‌ بوو..
زانیم نیازی دابه‌زینی هه‌یه‌ پێش وی خۆم هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌، دوعام كرد خواره‌وه‌ چۆل بێ، چۆڵ نه‌بوو، دیاره‌ بن عه‌رد وه‌ك سه‌ر عه‌رد نیه‌، له‌ بنی چۆل نابێ، دابه‌زی  توانیم له‌ كه‌لێنی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشایه‌كی رووی بكه‌م، له‌و ته‌ماشاكردنه‌وه‌ نازانم نه‌ كه‌مێك فێنك بوومه‌وه‌ نه‌ به‌ ته‌واوی ئاگرم گرت.. ئێستا روو مه‌به‌ست نیه‌، دواوه‌، دواوه‌، له‌ دواوه‌ ته‌ماشاكردن، هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت له‌ دواوه‌ رۆیشتنی ئه‌و ژنه‌ ببینم بزانم هه‌وه‌ یان نا، پاڕامه‌وه‌ له‌ خوداوه‌ندی بن عه‌ردی پاڕامه‌وه‌ كه‌ هیمه‌تێ بكاو به‌ خێرا  خۆی په‌رته‌ به‌ خه‌ڵكی بن عه‌رد بكات..
رۆیشت، كه‌وتمه‌ دوای، ژنه‌كان، پیاوه‌كان خودای بن عه‌رد بیانگرێ، دوایانبڕێ له‌ نێوان من ئه‌و كه‌لێنێك ناكه‌نه‌وه‌، تا له‌نجه‌وو لاری ببینم و بیناسمه‌وه‌، له‌ وێستگه‌یه‌كی دی وه‌ستاو سواربۆوه‌، بچێته‌ ئاسمانیش له‌ دووی نابمه‌وه‌، جێی دانیشتن نیه‌، كه‌مێك لێم دووره‌ چه‌ندی ته‌كانم دا شه‌پۆلی ژن و پیاوانی به‌ پێوه‌ وه‌ستاو رێگربوون، نه‌یگه‌یشتمێ، به‌لام باشه‌ ناوه‌ ناوه‌ له‌ كه‌لێنانه‌وه‌ چه‌فیه‌ ته‌نكه‌كه‌ی ده‌بینم.. له‌ خۆم پرسی:
باشه‌ ئه‌و ژنه‌ ده‌بێت بۆ كوێ بچێ! باشه‌ بن عه‌ردی تاران هێنده‌ گه‌وره‌یه‌، نه‌گه‌یشتینه‌ هیچ كوێ! باشه‌ من ده‌بێت شێت نه‌بووبم به‌ دوای ژنێك كه‌وتووم، ژنێك یان پتر! خوداوه‌ند ئه‌گه‌ر ده‌زانی تێكچووم و هۆشم له‌ ده‌ست داوه‌، بۆم بگێڕه‌وه‌، ژنه‌كه‌م، منداڵه‌كه‌م له‌ مێوانخانه‌یه‌كی سه‌ر عه‌رد چاوه‌ڕێمن.. ئێستا زۆر تینووی ئه‌و ژنه‌م، نازانم بۆ رووی له‌ لای من نیه‌، به‌س رووی وه‌رگێرێ ده‌بێت هێند ته‌ماشای كه‌م هێند ته‌ماشای بكه‌م تا هه‌موو جوانیه‌كه‌ی برژێنمه‌ چاومه‌وه‌، خۆم سه‌ررێژ بكه‌م له‌ جوانیی ئه‌و، له‌ ده‌ستمچوو ئه‌و ده‌مه‌ی نێوانمان هه‌ر بستێك ده‌بوو، گوێم له‌ ده‌نگی هه‌ناسه‌ی ده‌بوو، چاوم له‌ چاوی نه‌بڕی و تێر له‌ جوانیه‌كه‌یم نه‌خوارده‌وه‌، راوه‌سته‌ با دابه‌زین، ده‌بێ بایی ته‌مه‌نێك ته‌ماشای بكه‌م..
دیسان دابه‌زین، ئه‌وجاره‌ش له‌ پێش وی دابه‌زیم، بن عه‌رد له‌ خه‌ڵك ته‌نك ببوو، تیژ تێپه‌ڕی، كه‌وتمه‌ دوای، هه‌ڵكشا، سه‌ره‌و سه‌ر عه‌رد هه‌ڵكشا، زۆر تیژ هه‌ڵده‌كشا پێم هه‌ڵێنا چه‌ندی ده‌مكرد نه‌یده‌گه‌یشتمێ، هه‌رده‌بێ بیگه‌مێ، خه‌یاڵم هه‌ر لای چاوه‌ سێگۆشه‌ییه‌كانی بوون، ئای ئه‌وجاره‌ش رووی ئه‌و ژنه‌ تارانیه‌ بن عه‌ردیه‌م دیتبا، چم نه‌ده‌ویست، وا خه‌ریكه‌ ده‌گه‌ینه‌وه‌ سه‌ر عه‌رد، هه‌ر نه‌یگه‌یشتمێ و روویم نه‌دی..
ئێستا له‌ سه‌ر عه‌ردین، زۆری نه‌ماوه‌ بیگه‌مێ، زۆری نه‌ماوه‌ ئه‌و روخساره‌ی له‌ بن عه‌رد دیتم له‌ سه‌ر عه‌ردیش بیبینمه‌وه‌، تامه‌زرۆم به‌راوردێكی نێوان  رووخساری سه‌ر عه‌ردی و رووخساری بن عه‌ردی بكه‌م، ئه‌ها..! ئه‌و تاكسیه‌، بۆ وی رایگرت! سوار بوو، هێشتا پێیه‌كی له‌ عه‌رد بوو، به‌ بیرمهاته‌وه‌، له‌نجه‌ولاری چه‌فیه‌ ته‌نكم به‌ بیرهاته‌وه‌، بیرچوونه‌وه‌م به‌بیرهاته‌وه‌، خۆ ماوه‌یه‌كی پێش له‌ پێش منه‌وه‌ رۆیشت، ئه‌دی من به‌ رۆیشتن نه‌مده‌مناسیه‌وه‌! ئای! له‌نجه‌ولاری چۆن بوو، ئه‌وه‌ی شه‌قامی پێڵاوفرۆشان نه‌بوو، حه‌یف! له‌ ده‌ستمچوو له‌ رۆیشتنی رامێنم.. سوار بوو، رۆیشت و روویم نه‌دیته‌وه‌، پچڕا..
ئێره‌ كوێی سه‌ر زه‌ویه‌ وا  سه‌رگێژیی لێوه‌ سه‌رده‌كات، له‌ بن دره‌ختێك پشووێكم دا، دره‌نگ پێكه‌وتم ئێره‌ كه‌ره‌جه‌، ئه‌و جێگه‌ی لێی دانیشتم له‌ چاوی منه‌وه‌ زۆر له‌ نه‌بی ونس ده‌چوو، به‌ دڵشكاوی گه‌ڕامه‌وه‌به‌ سه‌ر عه‌ردی گه‌ڕامه‌وه‌ تاران، له‌ رێیێ له‌ به‌رخۆمه‌وه‌ ده‌مگوت:
  ئه‌رێ من به‌ دوای چه‌ند ژن كه‌وتم!
 گه‌ڕامه‌وه‌ شه‌قامی پێڵاوان، چاوم گێڕا..

Previous
Next

Leave a Reply