Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ژن ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌رده‌وام گومانی لێده‌کرێت

ژن ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌رده‌وام گومانی لێده‌کرێت

Closed
by August 27, 2010 ژنان

 


لەوکاتەوەى مرۆڤایەتى گەیشتوە بەهۆشیارى و توانیویەتى هەوڵى خۆناسى و دەوروبەر ناسى بدات … سنورەکانى سانسۆرو هاتوەتە بوون و کارى لەسەر سایکۆلۆژیەتى تاکەکان کردوەو ، بووەتە هۆکارى بەرهەم هێنانى گومان . هەڵبەتە گومان تایبەت نیە ، بەتاکێکى دیارى کراوەوە ، زۆرینەى مرۆڤەکان هەڵگرى گومانن لەبەرامبەر و گومانیش ڕەهەندى جیاوازى هەیەو لەیەک ڕوانگەوە تەماشا ناکرێ . کاتێک فەیلەسوفێک گومان دەکات ، لەتێزێکى فەلسەفى ، بەومانایە نی یە بیەوێت واتایەکى مۆڕاڵى ببەخشێتە تێزێکى فەلسەفى تر ، بەڵکو بەدواى داهێنانى زیاترەوەیە ، ئەم جۆرە گومان کردنە بەقازانجى هۆشیارى زیاترى مرۆڤایەتیە . مەبەستى ئەم نووسینەش شیکارکردنى تەواوى ڕوانینەکان و ئاڕاستەکانى گومان کردن نى یە ، بەقەدەر ئەوەى دەمەوێت لایەنێکى گومان هەڵبژێرم و ڕاڤەى بکەم ، ئەویش گومان کردنە لەڕەگەزى مێینە . ئەمەش بەومانایە نى یە کەمێینە گومان لەپیاوان ناکەن .
 بۆچى لەدواى ئاوابوونى خۆرى دایک سالاریەوە ، مەسەلەى گومان لاى پیاوان سەرهەڵدەدات و دەبێتە بەشێکى گرنگ لەبیرکردنەوەیان سەبارەت بە ژنان ؟
بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ زەمەنى هۆشیار بوونەوەى ئینسانەکان و جۆرى پەیوەندیەکان . ئەگەر لەسەردەمى کۆمۆنەى سەرەتایى دا ، مەسەلەى سێکس کارێکى سروشتى بووەو هێشتا سنورێک بۆ سێکس کردن لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا نەهاتبوە بوون ، ژن و پیاوەکان بەتێکەڵى سێکسیان دەکرد ، بەمانایەکى تر هاوسەرگیرى بەکۆمەڵ بوونى هەبوو ، بەمانایەکى تر ژیانى تاک هاوسەرى  نەهاتبوە بوون . لەوسەردەمەدا گومان بیرى مرۆڤەکانى داگیر نەکردبوو ، بەڵام کاتێک هۆشیارى پەرەى سەندو دەسەڵات کەوتە دەست پیاوان ، ئیدى سنورێک بۆهاوسەرگیرى بەکۆمەڵ دانراو ژنێک بۆى هەبوو تەنها یەک پیاوى هەبێت و ناشبێت لەفەرمانەکانى دەربچێت . بەڵام پیاوان بۆیان هەبوو لەیەک ژن زیاتریان هەبێت ، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ، لەئایینەکان و فەلسەفەش دا ڕەنگى داوەتەوە . ئەمە سەربارى ئەوەى سزاى توندیان بۆئەو ژنانە دانا بوو ، کەپەیوەندى لەدەرەوەى هاوسەرگیرى دروست دەکەن . ئەوەش لەیاساکانى ئاسمان و زەمیندا ڕەنگى داوەتەوەو کارى لەسەر کراوەو بووەتە عەقڵیەت … بەبوونى سزاى توند بۆژنان ، بەڵام عەقڵیەتى پیاوسالارى لەگومان کردنى خۆیان لەژنان دەست بەردار نەبوون ، بەردەوام بەچاوى گومانەوە سەیرى ژنانیان دەکردوو پێیان وابوو ، ئەوکاتانەى ئەمان لەدەرەوەى ماڵەکانیانن ژنەکانیان دەچن بۆلاى دۆستەکانیان ، ئەم عەقڵیەتە واى لەپیاوانى یۆنانى کۆن کردبوو ، کەدەچوونە دەرەوە دەرگاى ماڵەکانیان بەقفڵ لەسەر ژنەکانیان دادەخست . لەکاتێکدا خۆیان ئازادبوون لەوەى ، لەدەرەوەى ماڵەکانیان بەئارەزووى خۆیان ، ژنەکانیشیان بۆیان نەبوو هیچ جۆرە ناڕەزایەتیەک دەربڕن ، چونکە خانمى سەلار ئەوەیە گوێ ڕایەڵى فەرمانى هاوسەرەکەى بێت و جەستەشى زیندانى بکات تۆکید یدز دەڵێت (1) (دەبێت ناوى خانمى بێگەردى تێدا زیندانى بێت . وەکو ئەوەى جەستەشى تێدا زیندانیە ) . پیاوى یۆنانى هێندە سێکسانى بیریان کردوەتەوە ، ژنانیان وەک دیل لەچوارچێوەى ماڵەوە زیندانى کردووە هەموو ئازادیەکانیان لێ زەوت کردوون ، ئەمەش هەمووى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوڕوانینە گوماناویەى پیاوان ، کەژن وەک ئالەیەکى سێکسى بۆ پیاوان سەیر دەکەن .
فەیلەسوفەکانى یۆنانى کۆن دەورى کارایان گێڕاوە ، لەدرووست کردنى هەستى گومان لەلاى پیاوان ،  بەوەى کەژنان بەردەوام بەشوێن کارى سێکسیەوەن ، بۆیە گەورەترین سزایان بەڕەوازانیوە بۆ ئەو ژنانەى سەرپێچى دەکەن ، یاخود گومانى سەرپێچى کردنیان لەسەرە . بەڵام بۆ پیاوان سروشتى یە ، چونکە پیاوان ڕێگە پێدراوە . فیساگورسى دەڵێت (1)  (پێویستە لەسەر ئافرەت بەرگەى هەموو ناخۆشیەکانى پیاوەکەى بگرێت ، جا ئەگەر بێبەخت بێت ، یان هەڵەبکات و نەخۆش بکەوێت ، یان مەشروب خۆربێت و لەگەڵ ئافرەتانى تردا ڕابوێرێت ، چونکە ئەو جۆرە هەڵانە بۆ پیاوان ئاساییەو ڕێگاپێدراون ، بەڵام بۆ ئافرەتان قەدەغەیە و هەرئافرەتێکیش کارێکى وابکات دەبێت چاوەڕوانى سزاى توندبێت ) . شەرعیەت دان بەپیاو بۆ ئەوەى هەموو مافێکى هەبێت بەسەر ژنداو بەئارەزووى خۆى سزاى بدات . بوە عەقڵیەتى گشتگیرو نەک تەنها لاى یۆنانیەکان ، بەڵکو زۆرینەى کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتى و دەستوور وئایینەکانى گرتەوەو ژنان بوونە کۆیلەیەکى بەردەوامى تێرکردنى ئارەزوەکانى پیاو ، بەمانایەکى تر ژن لەبوونەوەرێکى کۆمەڵایەتى کاراوە ، بوە بونەوەرێکى دیل کراوو کار لەسەر کراو .
پیاوان بەئارەزووى خۆیان یاسایان بەسەردا دەسەپاندن و بۆ هەرسەرپێچیەک سزاى توند دەدران و هیچ یاساو دەستورێک نەبوو بەرگریان لێ بکات ، هەموو ئەو سزادانەش لەعەقڵیەتى گومانخوازى پیاوەوە سەرچاوەى گرتبوو .
ئەو ڕوانینە لەیۆنانى کۆن و پێش ئەویشەوە بۆ ژنان بوونى هەبوەو تائێستاش کاریگەرى قورسى لەسەر بیرکردنەوەى پیاوان هەیەو بەشێوەیەک ، لەشێوەکان بەسەر ژناندا جێ بەجێ دەکەن . ئەو ڕاستیەش لەئێستاى سەردەمى پێشکەوتن و بەشدارى کاراى ژنان ، لەکاروبارى سیاسى و ئیدارى و کۆمەڵایەتى دا گەیشتوون بەئاستە بەرزەکانى دەسەڵات ، بەڵام ئەوڕوانینە کاڵ نەبوەتەوە و پیاوان هەر بەچاوى گومانەوە ، لەژنان و پەیوەندیەکانیان دەڕوانن . ژنان ئازاد نین لەجۆرى پەیوەندى و هاوڕێەتى دا ، کەم نین ئەو ژن و کچانەى بەگومانى پەیوەندى ژیانیان لێ زەوت دەکرێت ، ئەکردارەش بەناوى شۆردنەوەى شەرەفەوە ئەنجام دەدەن ، بەپێ ئامارەکان زۆرینەى کۆمەڵگا تەقلیدیەکات زۆرترین ڕێژەى توندوتیژى ساڵانە تیایدا تۆمار دەکرێت ، هەموو بیانوەکانیش ناموس پەرستیە ، یاخود گومان کردنەلەوەى ، ئەو ژنە ، یاخود ئەو کچە پەیوەندى هاوڕێیەتى ، یان سێکسى هەبێت ، ئەوەش بەسە بۆکۆتایی هێنان بەژیانى ئەو تاکە .
کۆمەڵگاى کوردى ، یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەى بێبەش نى یە، لەبەکارهێنانى توندوتیژى بەرامبەر بەژنان و کوشتنیان بەبیانوى ناموس پەرستى ، کەبەشێکى زۆرى ئەوکوشتنانە تەنها گومان کردن بووە بەبوونى پەیوەندیەک . لەکاتێکدا پیاوى کۆمەڵگاى کوردى دەستى واڵایە بۆ دروستکردنى پەیوەندى و ڕابواردن و هیچ سزایەکى بەرناکەوێت . بەپێى ئامارەکان تائێستا هەزاران ژن ، لەکۆمەڵگاى ئێمەدا بوونەتە قوربانى دەستى عەقڵیەتى ناموس پەرستى و پیاوانیش ، وەک بەرزەکى بانان بۆى دەرچون ، گەرچى ماوەى چەند ساڵێکە بەڕێوەبەرێتى بەدواداچونى توندوتیژى دژى ژنان هاتوەتە بوون ، بەڵام ئامارەکان هەر زیاد دەکەن ، کەخودى گرفتەکە لێرەدایە ، چونکە بەشێک لەدەسەڵات داران مەکانەکانیان بەکار دەهێنن بۆ ئیستغلال کردنى ژنان ، لەژێر ناوى دامەزراندن و بەرزکردنەوەى پلەو پارەدا تاکارى خۆیان دەکەن ، دواتر فڕێدەدرێنە بەر ڕحمەتى کوشتن . تائەو جێگایەى ئێمە بەگومانەوە ، لەژنان بڕوانین و پێمان وابێت ژن بوونەوەرێکە تەنها بۆ سێکس دروست کراوە ، ئەوا بەدڵنیاییەوە نابینە ئینسانێکى مۆدێرن و مافى ئینسانى بوون بۆ ڕەگەزى مێ بەڕەوا نازانین و عەقڵیەتى ڕاوکردنى ژنان کۆتایى نایەت و ئامارى بەقوربانیەکانى ئەوانیش زیاد دەکات … بۆئەوەى لەپەتاى گومان کردن ڕزگارمان بێت ، دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین ژیانى ئینسانەکان تایبەت مەند بێت بەخۆیان و تاکەکان  ئازاد بن ، لەوەى جۆرى پەیوەندیەکانیان دیارى بکەن و کەسیش دەست نەخاتە نێوان پەیوەندیە تایبەتیەکان ، ئێمە تانەگەین بەوجۆرە بیرکردنەوە و عەقڵیەتە ، لە نەخۆشى و پەتاى گومان ڕزگارمان نابێت و زۆر جاریش دەبینە هۆکارى کوشتنى ژیان دۆستى و مەرگ دۆستى تەواوى بوونمان داگیر دەکات .

سەرچاوەکان:
1- ئەفلاتۆن و ئافرەت – ن/ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام – و / ئەژین عەبولخالق لا15
2- ئەفلاتۆن و ئافرەت – ن/ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام – و / ئەژین عەبولخالق لا40

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.